پێشمه‌رگه‌ و په‌رله‌مانتار

پێشمه‌رگه‌ و په‌رله‌مانتار
زۆر جاران له‌سه‌ر زاری پارله‌مانتاران گوێبیستی ئه‌وه‌ بووم و ده‌بم كه‌ باس له‌ نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵك ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن: ئێمه‌ نوێنه‌ری هه‌ڵبژێردراوی خه‌ڵكین و پێشمه‌رگه‌ش به‌ میلیشیای حزب ناو ده‌به‌ن، ئه‌و گوتنه‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ پاشخانێكی سیاسی كۆنی هه‌یه‌ و هه‌مان ئه‌و گوتنانه‌ن‌ كه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ دوای ناوه‌ڕاستی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو له‌ گۆڤاره‌ به‌دناوه‌كه‌ی رزگاری پێشمه‌رگه‌ی به‌ چه‌ته‌ی مه‌لا مسته‌فای بارزانی ده‌كردن و جاش و خیانه‌تكارانیشی به‌ پێشڕه‌وی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ناو ده‌بردن، ئه‌وه‌ش وایكرد به‌ دواداچوونێك بۆ ئه‌رك و مافی پێشمه‌رگه‌ و ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی گوتنه‌كانی ده‌یان ساڵی پێش ئێستای نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌جوونه‌وه‌ بكه‌م.
پێشمه‌رگه‌ به‌ شه‌ونخوونی و به‌خشینی گیانی خۆی شه‌ره‌فی نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵكی وه‌رگرتووه‌، په‌رله‌مانتار به‌ به‌ڵێنی درۆین و هاشوهووشی چه‌واشه‌كارانه‌ خۆیان به‌ نوێنه‌ری خه‌ڵك كردووه‌.
پێشمه‌رگه‌ پێش راپه‌ڕین و ئێستاش له‌و نوێنه‌رایه‌تیه‌دا خاوه‌نی جووتێ ئه‌دیداس و تفه‌نگی شانی بووه‌ و سه‌نگه‌ری به‌رگریشی به‌ كۆشك و ته‌لاری حه‌وانه‌وه‌ی خۆی و به‌خته‌وه‌ری گه‌ل كردووه‌، په‌رله‌مانتار به‌و نوێنه‌رایه‌تیه‌ سه‌یاره‌ی مۆدێل به‌رز و باخ و ڤێللای ده‌ستكه‌وتووه.‌
پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌وه‌ ئه‌نگوسته‌ چاوه‌كاندا ده‌چێته‌ ژوانی مه‌رگ، په‌رله‌ماتار له‌به‌ر رووناكی كاره‌با و به‌ جلی خه‌وه‌وه‌ به‌ (سكایب) ژوان له‌گه‌ڵ كچ و ژنی خه‌ڵك ده‌گرێ.
پێشمه‌رگه‌ بێ مووچه‌ ره‌وتی خواری مێژووی راست كرده‌وه‌ و ئه‌مڕۆی درووست كرد، په‌رله‌مانتار به‌ مووچه‌یه‌كی (8) ملیۆنی دیاری سواری ئه‌و ره‌ته‌ بووه‌ و سووكایه‌تیش به‌ مێژووه‌كه‌ی ده‌كات.
پێشمه‌رگه‌ مه‌حاڵ ده‌گۆڕێ و ناسنامه‌ی گیانبازی كورد ده‌باته‌ ناو فه‌رهه‌نگی سیاسی و سه‌ربازی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، په‌رله‌ماتار و سه‌رۆكه‌كه‌یان له‌ په‌رله‌مانی ئه‌وروپا هه‌وڵده‌ده‌ن په‌رده‌ی چه‌واشه‌كاری به‌سه‌ر گایانبازیه‌كانی هه‌ڵكێشن.
پێشمه‌رگه‌ شه‌ڕ بۆ كورد ده‌كات و كوردستانیش ده‌پارێزێ، په‌رله‌مانتار شه‌ڕ بۆ حزب ده‌كات و حزبیش ده‌پارێزێ.
پێشمه‌رگه‌ له‌ سه‌نگه‌ره‌وه‌ پرسی كورد و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌وێنێ، په‌رله‌ماتار له‌ناو ستدیۆی كه‌ناڵه‌كانه‌وه‌ بانگه‌شه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ باوه‌شی عرووبه‌ ده‌كا و پرسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان به‌ ره‌زامه‌ندی دوژمنان و دا‌گیركاران ده‌سپێرێ.
به‌و جیاوازیانه‌ و زۆر جیاوازی تریش پێشمه‌رگه‌ له‌ لوتكه‌ی شانازی و سه‌روه‌ری دایه‌ و په‌رله‌ماتار له‌ دامێنی لوتكه‌وه‌ په‌لاماری شانازی و سه‌روه‌ریه‌كانی ده‌دا، پێشمه‌رگه‌ له‌ لوتكه‌ی بڕوا به‌خۆ بوونه‌وه‌ چیرۆكی ئومێد بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوو ده‌نووسێته‌وه‌، په‌رله‌مانتار له‌ دامێنی بێ بڕواییه‌وه‌ ڤایرۆسی نائومێدی به‌ جه‌سته‌ و گیانی كوردایه‌تیدا بڵاو ده‌كاته‌وه‌، كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شد په‌رله‌ماتار په‌ند له‌ واقع وه‌رناگرێ و ده‌یه‌وێ له‌ دامێنه‌وه‌ به‌ نزمی شیو و دۆڵه‌كان ملمڵانێی به‌رزی باڵا له‌گه‌ڵ لوتكه‌ی سه‌ر له‌ناو هه‌وران بكات، هێشتا پێوایه‌ به‌ سواری ئه‌سپی له‌ڕی حزبی گره‌وی پێشبڕكێ له‌ سوارچاكانی ئه‌سپی كوردایه‌تی ده‌باته‌وه‌.
Top