یه‌كێتی و گۆڕان رێككه‌وتن یان رێكیانخستن؟!

یه‌كێتی و گۆڕان رێككه‌وتن یان رێكیانخستن؟!

رێككه‌وتنی نێوان یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان دوو به‌شه‌ و هه‌ر به‌شه‌ی ئامانجێكی دیاریكراوی له‌ پشته‌، ئه‌و به‌شه‌ی به‌ ئاماده‌ بوونی وه‌فدی هه‌ر دوولا واژۆ كرا و ناوه‌رۆكه‌كه‌ی‌ له‌ ئاهه‌نگی رێككه‌وتنه‌كه‌ خوێندرایه‌وه‌ و له‌ راگه‌یاندنه‌كان بڵاو كرایه‌وه، ئه‌و به‌شه‌یه‌ كه‌ ئامانجی چه‌واشه‌كاری و خۆڵ كردنه‌ چاوی خه‌ڵك و شاردنه‌وه‌ی ئامانجی رێككه‌وتنه‌ دوو قۆڵیه‌كه‌ی نێوان نه‌وشیروان مسته‌فا و هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌دی له‌ پشته‌، مه‌ترسی ئه‌و به‌شه‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا و هێرۆ ئیبراهیم كردوویانه‌ته‌ چاوبه‌ستی هه‌وادارانی خۆیان و په‌رده‌ی شاردنه‌وه‌ی مه‌ترسیه‌كانی به‌شی دووه‌می رێككه‌وتنه‌كه‌.
نه‌وشیروان مسته‌فا و هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د به‌ راگه‌یاندنی به‌شی یه‌كه‌می رێككه‌وتنه‌كه‌ و ئه‌و هه‌را میدیایه‌ی بۆی ساز كرا، ناوه‌ركی به‌شی دووه‌می رێككه‌وتنه‌كه‌یان له‌ مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركرایه‌تی یه‌كێتی و جڤاتی گشتی و نیشتیمانی گۆڕان و جه‌وماوه‌ر هه‌ر دوو حزب شاردۆته‌وه‌، ئه‌گه‌رنا له‌ راستیدا به‌شی یه‌كه‌می رێككه‌وتنه‌كه‌ وه‌ك (سووب)ی پێش خواردنی چێشتخانه‌ راقیه‌كانه‌ و بۆ گه‌رم كردنی بازاڕ و ده‌نگدانه‌وه‌ی ناو و ناوبانگ پێشكه‌ش به‌ موشته‌ریه‌كان كراوه‌.
ئه‌گه‌ر خوێندنه‌وه‌یه‌كی ورد بۆ رووداوه‌كانی ناوچه‌كه‌ بكه‌ین، ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و راستییه‌ی كه‌ دابه‌ش بوونی عێراق بۆته‌ ئه‌مری واقع، له‌ ئه‌گه‌ری دابه‌ش بوونی عێراقیش كورد له‌ باشووری كوردستان وه‌ك پێكهاته‌یه‌كی چه‌وساوه‌ی ناو عێراق، ئه‌و مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییانه‌ی وه‌رده‌گرێته‌وه‌ كه‌ ده‌وڵه‌تی كوردییه‌ و ماوه‌ی (100) ساڵه‌ لێی زه‌وت كراوه‌، پێداگری سه‌رۆك بارزانی له‌سه‌ر پرسی گشتپرسی راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردی و ته‌نگاو بوونی ئێران بۆ پێشگرتن به‌ هه‌وڵه‌كانی ئه‌و پێداگریه‌، رێككه‌وتنه‌ نه‌هێنیه‌كه‌ی نێوان نه‌وشیروان مسته‌فا و هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌دی به‌ دوای خۆیدا هێاوه‌.
ئێران له‌ رێكخستنی نه‌وشیروان مسته‌فا و هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د دوو ئامانجی تایه‌تی خۆی هه‌ن، ئامانجی یه‌كه‌میان: وه‌ك پێشتر ئاماژه‌م پێدا، رێگرییه‌ له‌ هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆك بارزانی و ئه‌گه‌ری راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی و درووست كردنی ده‌وڵه‌تی كوردی، دووه‌میشیان كورد گوته‌نی: خه‌ساره‌ له‌ نیوه‌ی وه‌گه‌ڕێ، ئه‌گه‌ر هاتوو ئێران ئه‌وه‌ی پێنه‌كرا و له‌و هه‌وڵه‌ سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، ئه‌وا بۆ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تێكی لاواز له‌ هه‌ولێر و ده‌هۆك و به‌شێكی كه‌ركوك درووست ببێ، هه‌وڵده‌دات له‌ رێگه‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌ی نێوان نه‌وشیروان مسته‌فا و هێرۆ ئیبراهیم سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ و گه‌رمیان و له‌ كه‌ركوكیش چه‌ندی شیریان بڕكات له‌و ده‌وڵه‌ته‌ كوردیه‌ی داببڕن، به‌وه‌ش ئێران ئه‌وه‌ی له‌‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی رێككه‌وتننامه‌ی (سایكس ــ بیكۆ) له‌ ده‌ستی ده‌دات، به‌ رێكككه‌وتننامه‌ی (نه‌وشیروان ــ هێرۆ) ده‌توانێ به‌شێكی وه‌ربگرێته‌وه‌، بۆیه‌ به‌ر له‌ خه‌ڵك و حزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی تر، پیویسته‌ به‌رپرسانی دڵسۆز و كوردپه‌روه‌ری ناو یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و جه‌ماوه‌ری ئه‌و دوو حزبه‌ بێنه‌ ده‌نگ و به‌ نه‌وشیروان مستافا و هێرۆ ئیبراهیم بڵێن، به‌ڵێ بۆ به‌شی یه‌كه‌می رێككه‌وتنه‌كه‌ و نه‌خێر بۆ به‌شی دووه‌م و دوو قۆڵیه‌كه‌ی نێوانتان و مه‌رامه‌ شاراوه‌كانتان، به‌ڵێ بۆ رێككه‌وتنێك كه‌ له‌ ژێر چاودێری كوردایه‌تی بێ و یه‌كخستنی ناوماڵی كورد و ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له‌به‌ر چاو بگرێ، نه‌خێر بۆ رێككه‌وتنێك كه‌ له‌ ژێر چاودێری ئێران بێ و به‌رژه‌وه‌ندی دوو كه‌سی و له‌تكردنی كوردستان له‌به‌ر چاو بگرێ.
Top