حزبی كوردی و پرسی ریفراندۆم

حزبی كوردی و پرسی ریفراندۆم
له‌ دونیای سیاسه‌تدا و به‌ تایبه‌تیش له‌سه‌ر ئه‌و پرسانه‌ی كه‌ ره‌هه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیان هه‌یه‌، ‌كاتێك له‌ناو حزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كاندا كێشه‌ و راوبۆچوونی جیاواز درووست ده‌بێ، بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان و یه‌كخستنی جیاوازیه‌كان پێوسته‌ لایه‌نه‌كان ملكه‌چی رای جه‌ماوه‌ر بن و دوا بڕیار بدرێته‌وه‌ ده‌ستی خه‌ڵك، ئێستا رووداوه‌كانی ناوچه‌كه‌ به‌ گشتی و بارودۆخی شڵه‌ژاوی عێراق به‌ تایبه‌تی راوبۆچوونی جیاوازی له‌ناو حزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی باشووری كوردستان درووست كردووه‌، هه‌ندێ لایه‌ن پێیانوایه‌ له‌ قۆناغێكی هه‌ستیاری وه‌ك ئێستادا گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ عێراق و دانوستان و گفتوگۆ باشترین چاره‌سه‌ره‌ و هیچ جێگره‌وه‌یه‌كی نییه‌، له‌ به‌رامبه‌ردا راوبۆچوونێكی تر هه‌یه‌ و ئه‌و راوبۆچوونه‌ش پێیوایه‌ رووداوه‌كانی ناوچه‌كه‌ و دۆخی شڵه‌ژاوی عێراق و بوونی داعش و شه‌ڕی نێوان شیعه‌ و سوننه‌ و ناكۆكیه‌كانی ناو ماڵی شیعه‌ و زۆر پێشهاتی تر، ده‌رفه‌تێكی له‌باره‌ و بۆ راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردی و رزگار بوون له‌و دۆزه‌خه‌ی كه‌ له‌ به ‌زۆر لكاندنی باشووری كوردستان به‌ عێراقی عه‌ره‌بیه‌وه‌ دووچاری بووه‌ ده‌رگای به‌ رووی كورددا كردۆته‌وه‌، ئه‌و دوو راوبۆچوونه‌ جیاوازه‌ هه‌ڵوێست و كۆده‌نگی نه‌ته‌وه‌ییان به‌سه‌ر دوو ئاراسته‌ و دوو هێڵی جیاوازدا دابه‌ش كردووه‌، ئه‌وه‌ش جگه‌ له‌وه‌ی ئاسته‌نگی له‌به‌رده‌م بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ درووست كردووه‌، ده‌رفه‌تیشی بۆ دوژمنان ‌ڕه‌خساندووه‌ تا لێوه‌ی دزه‌ بكنه‌ ناو ماڵی كورد و جیاوازیه‌كان به‌ ئاقاری ململانێ و دژایه‌تی كردنی یه‌كتریدا به‌رن، جا بۆ ئه‌وه‌ی كۆده‌نگی و هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی له‌ هه‌مبه‌ر رووداوه‌كان درووست بكرێ و رێگه‌ش له‌وه‌ بگیرێ دوژمنان دزه‌ بكه‌نه‌ ناوماڵی كورد، پێویسته‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان بۆ بڕیار و رای خه‌ڵك بگه‌ڕێنه‌وه‌ و ریفراندۆم ئه‌نجام بدرێ.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا بۆته‌ پرسیار حزبه‌كان بێ جیاوازی له‌ راگه‌یاندنه‌كان سه‌ری زمان و بنی زمانیان بانگه‌شه‌ی دیموكراسی و رێز گرتنه‌ له‌ ئیراده‌ و بڕیاری جه‌ماوه‌ر، كه‌چی ئه‌و حزبانه‌ی له‌ بانگه‌شه‌كانی هه‌ڵبژاردن باشترین نمایشی نه‌ته‌وه‌یی ده‌كه‌ن، ئێستا به‌ بیانوی لاوازی وه‌ك نه‌بوونی زه‌مینه‌سازی و وه‌رنه‌گرتنی ره‌زامه‌ندی دوژمنان و داگیركارانی كوردستان، وه‌ك نامه‌یه‌ك بۆ پابه‌ند بوون به‌ رێككه‌وتنه‌ نه‌هێنیه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئه‌م دوژمن و ئه‌و دوژمنی كورد، ده‌یانه‌وێ خۆیان له‌ پرسی ریفراندۆم بدزنه‌وه‌ و له‌ باتی خه‌ڵك بڕیار بده‌ن، ئه‌وه‌ش جیا له‌وه‌ی رێز نه‌گرتنه‌ له‌ ئیراده‌ی كۆمه‌ڵگا و رێگری كردنه‌ له‌ به‌شداری كردنی خه‌ڵك له‌ بریاردانی چاره‌نووسی خۆی، هه‌وڵدانه‌ بۆ سه‌پاندنی رای حزب به‌سه‌ر خواست و ئامانجه‌كانی گه‌لدا، ته‌نانه‌ت له‌وه‌ش خراپتر هه‌ندێك حزب به‌ ناوهێنانی پرسی ریفراندۆم قه‌ڵس و تووڕه‌ش ده‌بن، بۆیه‌ پێویسته‌ لێره‌وه‌ خه‌ڵك هه‌ڵوێست وه‌ربگرێ و به‌ حزبه‌كان بڵێ: نا بۆ سه‌پاندنی را و بڕیاری حزب، به‌ڵێ بۆ ریفراندۆم و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ را و بڕیاری خه‌ڵك.
Top