پارتی پەیامەکەی بارزانی چۆن دەگەیەنرێت

پارتی پەیامەکەی بارزانی چۆن دەگەیەنرێت
روون و ڕاشکاوانە "مەسعود بارزانی"، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، خاوەنی پرۆژەی ڕیفراندۆمە، هەڵبەتە گشگیریەک و پشگیریەکی بەهێز بۆ پرۆژەکەی بارزانی هەیە، بەڵام شێوەی کۆکردنەوە و رێکخستنی ئەو پشگیریە لە چوار چێوەی فۆرمێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئامادەکاری پێویستە، واتە چۆن دەکرێت ئەو پشگیریە جەماوەرییە فۆڕمیلە بکرێت؟، هەڵبەتە بەشێوەیەکی دیکە دەکرێت بڵێن پەیامی بارزانی لەبارەی ڕیفراندۆمەوە چۆن دەگەیەنرێت، پێش هەمووشتێک دەبێت ئەوە لەیەکێتی و گۆڕان و هێزە کوردستانییەکانی دیکە بگەیەنرێت کە ئەم پرۆژەیە دواجار لەخزمەتی هەموو تاکی کورد دەبێت، بۆئەم مەبەستە دەکرێت راستەوخۆ مەکتەبی سیاسی پارتی گەرێکی دیکەی کۆبوونەوە لەگەڵ هێزە کوردستانییەکان ئەنجام بدات بەو پێیەی پارتی لە ئاستە سیاسییەکە پشگیری سەرەکی پرۆژەکە، بەتایبەتی لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان بەڕوون و راشکاوانە پێیان بگوترێن کە گرنگی پرۆژەکە لەچی دایە، بۆئەوەی لەئاستی جەماوەری ئەوانیش کاربکەن بۆ فۆڕمیلەکردنی ئەو پرسە.
دواجار بمانەوێت و نەمانەوێت ئەم پرۆژە پێویستی بە کۆدەنگی و تەوافوقی نیشتیمانی هەیە، هەڵبەتە لەدەرەوەی هێزە کوردستانییەکانیش دەبێت پرسی ئەم پرۆژەیە کە بارزانی پێشکەشی کردووە بگەیەنرێتە هێزە عەرەب و تورکمان و لایەنەکانی دیکەی ناو کوردستان و دەرەوەی سنووری ئیدارەی هەرێمی کوردستان.
ئێستا لەگەڵ ئەوەی کە بزووتنەوەی گۆڕان لە شێوەی مامەڵەکردنی لە پەرلەمانی کوردستان ناعاقڵانە بووە و یەکێتیش سواری شەپۆلی جەماوەری خۆی بوو، بەڵام بۆ پارتی گفتووگۆکردنەوە لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان دواجار پەیامەکە گەورەتر دەگەیەنێت، چونکە پرۆژەی ریفراندۆم لە گفتووگۆی حزبەکانیش گەورەترە، واتە دەبێت هەموو ئاڵۆزیە سیاسییەکان لەپێناوی پرۆژەکە بخرێتە لاوە، چونکە ئەگەر بێت و لایەنەکان بەوە نیگەران بن کە ئەوەی لە کوردستان روودەکات نەسازان و نەگونجانی سیاسییە دواجار دەبێت لەو پەیامە تێبگەن کە ئەوەی لەبەغدا ڕوودەدات کارەساتە، نازانرێت شەڕی شیعە و شیعە سوننە و سوننە سوننە و شیعە عێراق بەرەو کام ڕێگا دەبات!! دەبێت هەموو لایەک لەوە تێ بگەن کە گەرەنتی ئەوە دەکرێت بەمانەوەی کورد لە بەغدا و لکاندنی بە عێراقەوە بەو ئارامییەی ئێستا بمێنێتەوە؟ لەدوای داعش چی زیندوو دەبێتەوە؟؟ کە ئەمە پەیامێکی گرنگە بۆ لایەنە کوردستانییەکان بەوەی دەکرێت هەرچی زووە کاربکەن بۆ ڕیفراندۆم.
دەبێت پارتی باش لەوە تێبگات کە پەیامی مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان چۆن دەگەیەنرێت، ناکرێت هیچ حزبێک خۆی بکاتە خاوەنی پرۆژە بەڵکو گرەو لەسەر ئەوەیە کە کام حزب دەتوانێت باشترین پاڵپشت بۆ پرۆەکە بێت، هەڵبەتە تائێستا ئەوەی گرەوەکەی بردوەتەوە پارتی بووە، بەڵام دەکرێت ئەگەر پارتی حەزبکات ئەم پرۆژەکە پشگیری زیاتری هەبێت، دەبێت رێگای جۆراو جۆر بۆ گەیاندنی پەیامەکەی بارزانی بگرێتە بەر کە گرنگترین کاریان فراوانکردنی پرۆژەکەیە لە ئاستی جەماوەری لە رێگای ناوەندە زانستیەکانەوە، دروستکردنی هەڵمەتێکی فراوان بۆ هۆشیاکردنەوەی خەڵک لەسەر بەدەستهێنانی مافەکانیان لە چوار چێوەی کوردستان، رێگایەکی دیکە بۆ گەیاندنی پەیامی بارزانی، دڵنیایی بدرێتە لایەنەکان ئەوەی دەکرێت لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستانە لەبەرژەوەندی سەرجەم هێزە سیاسییەکانە هەڵبەتە گرنگە میکانیزمی گەیاندنی پەیامەکە چی دەبێت؟؟ چونکە ئامادەکارییەک هەیە جۆرێک لە قایل بوون هەیە لەلایەن حزبەکانەوە بەڵام شێوەی میکانزیمی هەڵبژاردنی پەیامەکەیان پێ نەگەیشتووە.
بەشی دووەمی لایەنی بابەتی ڕیفراندۆم لەوە دەچێت پەیویەندی بە خودی "مەسعود بارزانی"، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە هەبێت راستە لەماوەی رابردوو چەندین دەستپێشخەری کردووە بۆ هێزە سیاسییەکان کە بەشێکیان ئامادە نەبوون بەو دەستپێشخەریە، بەڵام ئەو کاتەی دەستپێشخەری کرا دۆخەکە وەک ئێستا نەبوو ئەوکاتە پەرلەمانی کوردستان پەکخرابوو پەرلەمانی عێراق کارابوو ئەو کاتە ئەگەر رێگری لەسەرۆکی پەرلەمان کرابێت، ئێستا لەپەرلەمانی عێراق هەڕەشەی کوشتنی لێدەکرێت واتە ئەو بیرۆکەی هێزە سیاسییەکان پێشووتر هەیان بوو لەدوای ڕووداوەکەی ٣٠\٤ و داگیرکردنی پەرلەمانی عێراق گۆڕاوە، چونکە ئەوانیش باش لەوە گەیشتوون عێراقی یەکگرتوو و دیموکرات و شەراکەت نەماوە.
لایەنی دیکەش دەتوانن دووبارە چاوخشانەوەیەک بە سیاسەتی خۆیان بکەن، چونکە ئێستا داواکاریەکانی گۆڕاون هەڵوێستی بزووتنەوەی گۆڕان وەک پێش ڕێککەوتن لەگەڵ یەکێتی نییە ئێستا ئەگەر بریاربێت هەڵوێستێکیان هەبێت دەبێت بەهاوبەشی بێت، کە ئەمە کارئاسانی دەکات و لایەنەکانیش دیکەش بەتایبەتی کۆمەڵی ئیسلامی دەبێت لە واقعی ئێستا کوردستان تێبگات لەوەش بگات ئەو شەڕەی ئێستا دەیکات شەری ئەو نییە.
Top