كۆدی قارەمانیەتی پێشمەرگە بە رق و كینەی بێ بنەما دیكۆد ناكرێت

كۆدی قارەمانیەتی پێشمەرگە بە رق و كینەی بێ بنەما دیكۆد ناكرێت
ژەنەڕاڵە سەربازییەكانی ناتۆ و تەواوی بیرمەندانی بواری سیاسی و سەربازی و بەرگری لەسەر ئاستی جیهان، سەریان لە نهێنیی كۆدی قارەمانیەتی پێشمەرگە سوڕماوە، ئەوەشی لەمە زیاتر سەرسامی كردوون، ئەوەیە كە كۆدی قارەمانیەتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان نە بە هیچ كەس دەكرێتەوە، نە دەشتوانرێت لەناو هێزێكی دیكەی سەربازیدا كۆپی بكرێتەوە. بۆچی؟ لەبەر ئەوەی «ماكس بوت» كە یەكێكە لە گەورە توێژەرانی ستراتیژیەتی سەربازی و ئاسایش لە ئامۆژگای پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەمریكا «CFR» و خاوەنی كتێبی «سوپای نەبینراوە»، كاتێك داعش لە كۆبانێ پێشڕەوی كرد و، بەشێكی شارەكەی گرت، پێشنیاری ئەوەی بۆ باراك ئۆبامای سەرۆكی ئەو كاتی ئەمریكا كرد، «دەستبەرداری كۆبانێ بێت و هەمان رووداوی «خی سان»ی ڤێتنام دووبارە نەكاتەوە، كە پاش ئەوەی 77 رۆژ گەمارۆی دا و بۆمببارانی كرد، پاشان بە ناچاری بەجێی هێشت..»، بەڵام كە هێزی پێشمەرگە بەشێكی زۆری ناوچەكانی هەرێمی كوردستانی لە داعش پاك كردەوە و، پاشانیش لەسەر داوای سەرۆك بارزانی هێزی پێشمەرگە نێردران بۆ كۆبانێ و لە ماوەیەكی كورتدا كۆبانێ-یش ئازاد كرا، ئیدی هێزی پێشمەرگە لەسەر زەوی و لەسەر ئاستی جیهان نازناوی «بەتاڵكردنەوەی ئەفسانەی داعش»ی پێ درا، ئەم نازناوە لەسەر ئاستی جیهان بەگشتی و ناوەندەكانی ستراتیژیەتی سەربازی و ئاسایش بەتایبەتی، بووە ئەو پێوەرەی كە چ وڵاتێك هاوكاریی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كردووە، بۆ ئەوەی وەك هاوبەشێك لە سەركەوتنی شەڕی دژی داعش هەژمار بكرێت؟ هەر بۆیە كۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و لە كۆڕ و كۆڕبەندە نێودەوڵەتییەكان مەسەلەی هاوكاریكردنی هێزی پێشمەرگەی وەك كارتێك بەكار دەهێنا، بۆ ئەوەی جیهان شاهیدیی ئەوەی بۆ بدات، كە ئەم دەوڵەتەش لە تێكشكاندنی یەكەم سەنگەری تێرۆریستانی داعش، هاوكار و پاڵپشتی هێزی پێشمەرگە بووە، باشترین نموونەش بۆ ئەم حاڵەتە، بەكارهێنانی كارتی سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوو لەلایەن محەمەد جەواد زەریف لە بەردەم رای گشتیی ئەمریكادا، كە لێرەدا ئەو حاڵەتە وەك خۆی دەخەینە روو:


« لە كۆتایی ساڵی 2014 و لە سەروبەندی نزیكبوونەوەی ئێران و ئەمریكا بۆ رێككەوتنی وڵاتانی «5+1»لەگەڵ ئێران كە بە رێككەوتنی ئەتۆمی ناسراوە، محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران بانگهێشتی ئامۆژگای پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەمریكا كرابوو، بۆ ئەوەی پەنێڵێك لەسەر شەڕی دژی داعش و نزیكبوونەوەی ئێران و ئەمریكا لەسەر دۆسێی ئەتۆمی پێشكەش بكات. لەمیانەی ئەو پرسیارانەی لە زەریف كرا، یەكێكیان ئەوە بوو، «ئایا كۆماری ئیسلامیی ئێران هاوكاریی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كردووە لە تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعشدا؟» لە وەڵامدا جەواد زەریف گوتی: «پێش ئەوەی بێم بۆ واشنتۆن سەردانی بەرێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانم كردووە و لە كۆنفڕانسێكی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا، خۆی سوپاسی كۆماری ئیسلامیی ئێرانی كردووە بۆ هاوكارییەكانی».
بێگومان گرنگە ئاماژە بەوەش بكەین، كە كۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ ئەوەی لەسەر زەوی پشتگیریی میلیشیا شیعەكانی لە سووریا و عێراق دەكرد و، حزبوڵای لوبنانیشی هێنابووە ناو شەڕەكە لە هەردوو بەرەی «سووریا و عێراق»، بەڵام بە فەرمی وەك دەوڵەت، ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی شەڕی دژی داعش نەبوو، بۆیە گرنگە سەرنج لە پرسیارەكەی ئامۆژگای پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەمریكا و، وەڵامەكەی وەزیری دەرەوەی ئێران بدەین، ئەمەش لەو پەنێڵەدا و بە حزووری وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەوە راگەیەندرا كە «ئەو هێزەی پێشڕەوییەكانی تیرۆریستانی داعشی راگرت و، هەروەها لە ماوەیەكی كورتیشدا هێرشی پێچەوانەی دژی تیرۆریستانی داعش دەستپێكرد و لەسەر زەوی داعشی تێكشكاند، ئەو هێزە، هێزی پێشمەرگەی كوردستان بووە، نەك هێزێكی دیكە»، بێگومان ئەو كات وەزیری دەرەوەی ئێران، نكۆڵی لەم كارە نەكرد، بەڵام شانازیشی بە وڵاتەكەی كرد كە هاوكاریی سەربازیی پێشكەشی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كردووە، بۆ ئەوەی ئەم موعجیزەیە لەسەر زەوی دژی تیرۆریستانی داعش دروست بكات.
ئەوجا ئەگەر لێرەوە، بگەڕێینەوە سەر ئەو هەوڵە نەزۆكانەی وەك لەم دواییەدا هەوڵێك درابوو كە بە رێگەی فیلمێكی «ئەنیمەیشن» كۆدی قارەمانیەتی پێشمەرگە «دیكۆد» بكەن، ئەوە دەكرێت، ئەو هۆكارانە ئاشكرا بكەین كە لە پشت ئەم هەوڵە نەزۆكانەوە هەن:
كاتێك سوپا و پۆلیسی فیدڕاڵیی عێراق، لە بەردەم گرووپێگی چەند سەد كەسیی تیرۆریستانی داعش لە دەشتی نەینەوا تێكشكان و خۆیان دابەدەستەوە و، تیرۆریستانی داعش بە بێ شەڕ مووسڵیان داگیر كرد، مەرجەعییەتی نەجەف بە فەتوایەك بۆ جیهادی شیعە (حەشدی شەعبی) هەوڵیدا سوپایەكی بەدیل بۆ سوپا و پۆلیسی فیدڕاڵی عێراق دروست بكات و، رێگە لە هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ كۆمەڵكوژیی شیعە بگرێت، بەتایبەتی كە كۆمەڵكوژیی سەربازگەی «سپایكەر»یان بینیبوو، چۆن داعش زیاتر لە 2200 سەربازی عێراقی پێكەوە كۆمەڵكوژ كرد، هەموو هێزەكانی عێراقیش لە ئاستیدا دەستەوەستان بوون.
ئەم فەتوایەی مەرجەعییەتی نەجەف، بووە دەروازەیەك بۆ خوالێخۆشبوو قاسم سولەیمانی بۆ ئەوەی بە رێگەی راوێژكارە سەربازییەكانی سوپای پاسداران و راوێژكارە سەربازییەكانی حزبوڵای لوبنانی، «حەشدی شەعبی» وەك هێزێك هاوشێوەی «سوپای پاسداران و میلیشیاكانی حزبوڵای لوبنانی» دروست بكەنەوە، بێگومان وێڕای ئەوەی ئەمەشیان كرد، بەڵام نەیانتوانی «شەرەفی سەربازی بۆ سوپای عێراق بگێڕنەوە»، بۆیە كاتێك هێزی پێشمەرگە جوامێرانە تیرۆریستانی داعشی تێكشكاند، فەرماندە سەربازییەكانی حەشدی شەعبی و هێزەكانی سوپای پاسداران و حزبوڵای لوبنانی تووشی ئیحراجییەكی گەورە بوون و هەموو هەوڵیان بۆ ئەوە بوو، كۆدی جوامێریی و سەركەوتنەكانی پێشمەرگە «دیكۆد» بكەن، بەڵام ئەمەیان نەك هەر بۆ نەكرا، بەڵكو هەتا لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی كوردستان رێككەوتنیان واژۆ نەكرد، نەیانتوانی دەروازەیەك بۆ ئازادكردنی مووسڵ بكەنەوە.
بێگومان سوپای قودس و هێزە پرۆكسییەكانی سەر بە سوپای پاسداران وەك «حزبوڵای لوبنانی، لیواكانی فاتیمە و زەینەب لە سووریا، ئەو میلیشیا شیعانەی عێراق كە پێش دروستبوونی حەشدی شەعبی هەبوون، هێزی حوسییەكان ل ەیەمەن، زۆر هێزی دیكەش كە لە شوێنە جیاوازەكان لە پاكستانەوە تا نەیجیریا بوونیان هەیە»، لەو قەناعەتەدا بوون، ئەوان تەنیا هێزی سەر زەوین كە دەتوانن لە كەوانەی «پاكستان تا نەیجیریا» شەڕی تیرۆریستانی داعشیان پێ بكرێت، لەمەش زیاتر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناچار دەبێت، بە فەرمی هاوپەیمانی لەگەڵ ئەو میلیشیایانە بكات و، وەك هێزی سەر زەوی بۆ شەڕی دژی داعش مامەڵەیان لەگەڵ بكات، بەڵام كاتێك لە كەوانەی «پاكستان تا نەیجیریا» ئەم هێزە پرۆكسییانە نەیانتوانی لە هیچ بەرەیەكەوە نەك سەركەوتن تۆمار بكەن، بەڵكو پێشڕەوییەكانی داعش رابگرن، ئەوا كاتێك هێزی پێشمەرگە بەو ئیمكانیەتە كەمەی لەبەر دەستی بوو، توانی ئەو سەركەوتنە سەربازییە گەورانە بەسەر تیرۆریستانی داعش تۆمار بكات، ئەمە بۆ هەموو ئەو هێزانەی دیكە كە لەسەر زەوی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعشیان دەكرد، ئیحراجییەكی سەربازیی گەورەیانی بۆ دروست كردبوو، ئەم ئیحراجییە بووە ئەو رق و كینەیە بەرامبەر بە هێزی پێشمەرگە كە هەتا ئێستاش بەو ئازارەوە دەتلێنەوە و بەنیازن بە فیلمی «ئەنیمەیشن» شەرەفی سەربازی بۆ هێزەكانیان بگێڕنەوە، بەڵام ئەمە تازە رۆێی و لەدەستیان چوو.
Top