عەرەبستانی سعودیە. ئەسەپە دۆڕاوەكەی سیاسەتی ئەمریكا لە رۆهەڵاتی ناوەڕاستدا

عەرەبستانی سعودیە. ئەسەپە دۆڕاوەكەی سیاسەتی ئەمریكا لە رۆهەڵاتی ناوەڕاستدا
عەرەبستانی سعودیە دەوڵەتێكی زۆر دەوڵەمەندە، بەڵام لەسەر ئاستی پێكهاتەی كۆمەڵایەتی و سیاسەتی ناوخۆی لەرزۆك و لەبەریەك هەڵوەشاوەیە، هەر بۆیە هەتا هاتنی شا سەلمان و دەركەوتنی شازادە محەمەد سەلمان هەرگیز بیری لەوە نەكردۆتەوە كە سەركردایەتی سیاسەتی عەرەبی بكات، بەڵكو زیاتر عێراق و سووریا و میسر هەوڵیانداوە لە سیاسەتی دەوڵەتانی عەرەبیدا رۆڵ و پێگەی دیاریان هەبێت، بەڵام بە هۆی شەڕی یەكەم و دووەمی كەنداو، عێراق ئەو توانایەی نەما و لە دوای راپەڕینەكانی وڵاتانی عەرەبی، دیارە میسریش هەم بە هۆی راپەڕینەكان و دواتریش كە ناچار بوو بە كودەتا حوكمڕانیی ئیخوان موسلمین بڕووخێنێت، پێگەی جارانی نەماوە، سووریاش بە هۆی شەڕی ناوخۆەوە نەك هەر بڕستی لێ بڕاوە، بەڵكو توانای پاراستنی خاكەكەی خۆیشی نەماوە و وڵاتانی دیكە (ئێران و رووسیا) بەشێكی بۆ دەپارێزن.
لەم بارودۆخە ئاڵۆزەدا، بە رۆڵ و كاریگەریی شازادە محەمەد سەلمان، سعودیە بیری لەوە كردەوە كە سەركردایەتیی سیاسەتی عەرەبی بكات، بەڵام سەركردایەتییەكی شەڕانگێزانە و سەپاندنی ئیرادەی سەربازیی خۆی بە سەر ناوچەكەدا، ئەم حاڵەتە كە پێچەوانەی حاڵەتی سرووشتی دەوڵەتی سعودیە بوو، وایكرد كە سیاسەتی دەرەوەی سعودیە پاشەكشە بكات و نەتوانێت بە شێوەیەكی دروست مامەڵە لەگەڵ چارەسەركردنی كێشەكان بكات.
عەرەبستانی سعودی لە ئێستادا هەموو ئومێدی خۆی خستۆتە سەر هێزی ئیسڕائیل وەك هاوپەیمانێكی نهێنی و سەرەكی بۆ جڵەوگیریی نفووزی ئێران لە ناوچەكەدا، بەڵام رۆژێك لە رۆژان ناتوانێت بە شێوەیەكی ئاشكرا هاوپەیمانیی خۆی لەگەڵ دەوڵەتی جوو رابگەیەنێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەگەر هاوپەیمانی لەگەڵ ئیسڕائیل ئاشكرا بكات، ئەوا جیا لەوەی لەلایەن تەواوی دەوڵەتانی ئیسلامییەوە بە هەڵگەڕاوە و موڕتەد لەقەڵەم دەدرێت، لە هەمانكاتدا لەسەر ئاستی ناوخۆش پەرتەوازەیی بە راددەیەك دروست دەبێت، كە بنەماڵەی پادشایەتی حوكمڕانیی سعودیە لەدەست بدەن.
لایەنێكی دیكەی لاوازیی سیاسەتی دەرەوە و دیپلۆماسییەتی سعودی لەوە رەنگی داوەتەوە، كە سعودیە ئەگەرچی بانگەشە بۆ سەركردایەتیی سیاسەتی عەرەبی دەكات، بەڵام نەك هەر توانای ئەوەی نییە لەگەڵ شەش دەوڵەتە ئەندامەكەی ئەنجومەنی كەنداو خۆی بگونجێنێت، بەڵكو بە هۆی سەپاندنی سزا بە سەر دەوڵەتی قەتەر و داواكاریی زیاد لە پێویست لە دەوڵەتەكانی دیكە، بۆتە هۆكاری ئەوەی ئەو ئەنجومەنە دابەش ببێت و كە پێدەچێت ئەم دابەشبوونە بەردەوامی هەبێت و بەرەو لەبەریەك هەڵوەشانەوەی تەواوی ئەنجومەنەكە بچێت.
لەسەر ئاستی سیاسەتی سعودیە بەرامبەر سووریا و رژێمی بەشار ئەسەد، لەگەڵ ئەوەی نەیتوانی هیچ گۆڕانكارییەك دروست بكات، لە هەمانكاتدا لە بەردەم هەوڵەكانی ئێران و توركیا لە ناو سووریا پاشەكشەی كردو نەیتوانی خۆی رابگرێت. دیارە لەو كاتەوەش كە هاوپەیمانیی (حەزم)ی بۆ دەستتێوەردان لە یەمەن و شەڕ لە دژی حوسییەكانی دامەزراندووە، سعودیە نەك هەر نەیتوانیوە شەڕەكە بۆ بەرژەوەندیی خۆی یەكلایی بكاتەوە و هێزی حوسییەكان لاواز بكات، یان تێكیان بشكێنێت، بەڵكو جیا لەوەی كارەساتێكی گەورەی مرۆیی بە چەكی ئەمریكی لەناو هاووڵاتیانی سڤیلی یەمەن دروست كردووە، لە هەمانكاتدا ئێستا هێزی حوسییەكان لەو كاتە بەهێزترن كە سعودیە دەستتێوەردانی كردو شەڕی دەست پێ كرد. لەسەر ئاستی بەرەنگاربوونەوەی دەنگە ناڕازییەكانیش، كوشتنی رۆژنامەنووس جەمال خاشقچی لە كونسوڵخانەی سعودیە لە ئەستەنبوڵ، ئەمە نەك ئاماژەیەكی راشكاوانە بوو بۆ هەرزەكاریی محەمەد سەلمان لە سیاسەت و شكستی سیاسەتی سعودیە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە، بەڵكو بووە هۆكاری ئەوەی كە رووی حوكمڕانیی ئێستای سعودیە لە دیدی جیهانەوە لەكەیەكی گەورەی بكەوێتە سەر، ئەوجا لەگەڵ ئەوەی لە سەرەتاوە ترەمپ رێگەی نەدا ئەندامانی كۆنگرێس زانیاریی زۆر وردی هەواڵگرییان لە شێوازی كوشتنەكەی خاشقچی دەست بكەوێت، بەڵام دواتر كێشەكانی محەمەد سەلمان لەناو خودی بنەماڵەی پادشایی و گوشارە نێودەوڵەتییەكان وایكرد، ترەمپ، محەمەد سەلمان ناچار بكات، بەوەی بەرپرسیاریەتیی كوشتنی خاشقچی بگرێتە ئەستۆ.
لێرەوە ئەگەر ئاكامە خراپەكانی سیاسەتی ئەم چەند ساڵەی سعودیە چڕبكەینەوە لە چەند خاڵیكدا دەتوانین بڵێین:
1. عەرەبستانی سعودیە، شەڕی یەمەنی كردە شەڕێكی خراپی بێ كۆتایی، هەروەها نەیتوانی هێزی میلیشیایی حوسییەكان لاواز بكات، كە بە حیساب ئەو هێزە، هێزێكە بە هاوشێوەی حزبوڵای لوبنانی و دەستكردی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێرانە.
2. لە هەوڵەكانی بۆ جڵەوگیری نفووزی ئێران لە ناوچەكە و هەڕەشەكانی بۆ سەر سعودیە، نەك هەر سەركەوتوو نەبوو، بەڵكو بێجگە لە ئیماراتی عەرەبی، هیچ دەوڵەتێكی ئەندامی ئەنجومەنی كەنداو بە تەواوەتی هاوپەیمانی نییە، لەسەر دەوڵەتانی دیكەی عەرەبی ئەگەر پشتگیرییەك هەبێت، ئەوا زیاتر پشتگیریی ئیعلامییە.
3. عەرەبستانی سعودی هەموو كات سیاسەتی بەو جۆرە بووە كە پشتگیری لە چارەسەری ئاشتیی نێوان ئیسڕائیل و فەلەستین بكات، چوارچێوەی پرۆسەكەش بەو شێوەیە بێت كە قودس پایتەختی دەوڵەتی فەڵەستین بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەی شازادە محەمەد سەلمان هەوڵیدا پرۆسەكە بگۆڕێت بۆ پرۆسەی ئاشتی بە مەرجەكانی ترەمپ، بەڵام نەیتوانی بەم هەوڵەی مەحموود عەباسی سەرۆكی دەسەڵاتی فەلەستینی قەناعەت پێ بكات، نەیشیتوانی ئەم هەوڵەی وەك دیارییەك پێشكەشی دەوڵەتی ئیسڕائیل و سیاسەتی ترەمپ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بكات.
4. پەنابردن بۆ سزا خستنە سەر قەتەر، دیارییەك بوو لە سەر سینەیەكی زێڕ، سعودیە پێشكەشی ئێرانی كرد، ئەمەش لەبەر ئەوە بوو كە قەتەر بێجگە لە پەنابردنی بۆ ئاسمانی ئێران، هیچ رێگەیەكی دیكەی نەمابوو كە پەیوەندی لەگەڵ دەرەوە بكات، ئێرانیش ئەم داوایەی قەتەری بە سنگفراوانییەوە قبووڵ كرد و كردیە وەبەرهێنانێكی گەورە بۆ فراوانبوونی دەسەڵات و نفووزی خۆی لە ناوچەكەدا، ئەمەش لە كاتێكدایە كە قەتەر بنكەی (عەدید)ی سەربازیی ئەمریكای لێیە كە گەورەترین بنكەی سەربازیی ئەمریكایە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
لێرەوە ئەگەر سەرنج لە شێوازی سیاسەتی دەرەوەی ئەم چەند ساڵەی دوایی سعودیە بدەین، دەبینین بەشی هەرە زۆری سیاسەت موجازەفەكانی سعودیە بە پاڵپشتیی راستەوخۆی ترەمپ بووە، ئامانجی ترەمپ لە پشتگیریی سعودیە، ئەوە بوو سعودیە ببێتە ئەو ئەسپەی كە گەمەی سیستمی تازەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پێ بباتەوە، بەڵام دەركەوت سعودیە ئەو ئەسپە دەرنەچوو كە گرەوەكەی بۆ بباتەوە.
Top