ئینتیسار ئەلجبوری ڕاوێژكاری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق: ئامانجمان ئەوەیە مافەكانی ئافرەت و خێزان لەم یاسایەدا زیاتر دەستەبەر بكرێت نەك بە جۆرێك هەموار بكرێتەوە كە بگەڕێینەوە بۆ دواوە
ئینتیسار ئەلجبوری ڕاوێژكاری سەرۆكی پەرلەمانی عێراقە و پێشتریش ئەندامی پەرلەمانی عێراق بووە و یەكێكە لەو پارێزەرە بە ئەزموونانەی كە ماوەی زیاتر لە 20 ساڵە لە دادگاكانی پارێزگای نەینەوا كاری پاریزەرایەتی كردووە، خاوەنی ئەزموونێكی كەڵەكەبووی كێشەكانی ئافرەتان و خێزان و منداڵانە دوای جیابوونەوەی هاوسەرەكان، لە گفتوگۆی ئەم جارەدا «هەمواركردنی یاسای باری كەسیی عێراق و ئاكامەكانی» زۆر بە وردی لە ڕووی یاساییەوە دەرهاویشتە ئەرێنییەكانی ئەو پێشنیارەی بۆ هەمواركردنەوەی یاسای باری كەسیی عێراق كردووە دەستنیشان كرد و بەم جۆرە دیدو بۆچوون و پێشنیارەكانی خۆی خستە ڕوو.
زۆر سوپاس بۆ ڕێكخەرانی ئەم گفتوگۆ گرنگە، پشتگیری هەموو ئەو بۆچوونانە دەكەم كە لەم گفتوگۆیەدا بە ڕاشكاوانە خرانە ڕوو، بە بۆچوونەكانی د.هاشم ئەلكەندیشەوە كە لایەنگیری هەمواركردنەوەی یاساكەیە.
من لەم پرسەدا باس لە یاسا و جێبەجێكردنی یاسا دەكەم، لەبەر ئەوەی ماوەی زیاتر لە 20ساڵ كاری پارێزەریم كردووە، دواتریش لە ساڵی 2010 تێكەڵی كاری سیاسی بووم و بووم بە ئەندامی پەرلەمانی عێراق، هەتا ئێستا بەردەوام بەدواداچوونم لەسەر ئەو یاسایانە كردووە كە كە پەیوەندییان بە ئافرەتانەوە هەبووە و لەناو پەرلەمانیش سەرۆكی لیژنەی ئافرەتان بووم.
لێرەدا ئەگەر بەو پرسیارە دەست پێبكەم «ئایا یاسای باری كەسیی عێراق ژمارە 188ی ساڵی 1959 بە دەسكەوتێك بۆ ئافرەتان هەژمار دەكرێت؟ ئایا لە نێوان یاساكە و جێبەجێكردنی یاساكەدا بۆشایی هەیە؟ لەوەڵامی ئەم پرسیارانەدا دەڵێم، یاسای باری كەسی كە ئێستا هەمانە ماوەی 65 ساڵە كاری پێدەكرێت و بێجگە لە هەندێك هەمواركردنەوەی سادە دەستكاری نەكراوە، بۆیە ئامانجی ئێمە لە ئێستادا ئەوەیە مافەكانی ئافرەت و خێزان لەم یاسایەدا زیاتر دەستەبەر بكرێت نەك بە جۆرێك هەموار بكرێتەوە كە بگەڕێنەوە بۆ دواوە.
ئەم یاسایە خەرجی «نەفەقە» لە پیاوەكەوە بۆ ژنەكە گەرەنتی دەكات، بەڵام ئایا بە دانیشتنێك یان دوو دانیشتنی دادگا، ئافرەت دەتوانێت ئەو خەرجییە وەربگرێت؟ یان مەحاڵە و ئەم پرۆسەیە لە دادگا ماوەیەكی پێدەچێت هەتا ئەو مافە بۆ ئافرەت دەستەبەر دەكرێت، بۆیە ئێمە ناڵێین یاسای ژمارە 188 نموونەییە، بەڵكو یاسایەكە پێویستی بە هێزێكە بۆ ئەوەی بتوانرێت جێبەجێ بكرێت و، پێویستی بە هێزێكە بۆ ئەوەی ئەو مافانەی لەو یاسایەدا هاتوون بۆ ئافرەت بەدەست بهێنرێن، بەڵام لە جێبەجێكردنی ئەم یاسایەدا كە هەندێ جار درێژە دەكێشێت، زۆر جار ئافرەت تەنازول لە مافی خۆی دەكات تەنیا لە پێناوی ئەوەی لەو ژینگە توندوتیژییەی تێدا دەژی ڕزگاری ببێت.
پرسیاری دیكە ئەوەیە، ئایا ئێمە دەمانەوێت خێزان پێكەوە كۆ بكەینەوە یان ئامانجمان ئەوەیە خێزان لەبەریەك هەڵبوەشێنین؟
لە وەڵامی ئەم پرسیارەش دەڵێین، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری ئاماری مانگی تەممووزی ڕاگەیاند كە تیایدا ئاماژەی بەوە كردووە تەنیا لەو مانگەدا زیاتر لە 6200 حاڵەتی جیابوونەوە هەبووە، كە بەشی هەرە زۆری بەهۆی هاوسەرگیریی تەمەنی بچووك «زواج القاصرات» بووە، من لەگەڵ خاتوو ڕێزان شێخ دلێر پرسیارمان لە پەرلەمانتار حەسەن شەمەری كرد «كە پشتگیریی هەموارەكە دەكات»، ئایا تۆ كچەكەی خۆت بە تەمەنی نۆ ساڵی بەشوو دەدەیت؟ لەوەڵامدا گووتی نەخێر، بۆیە پێم گووت «باشە كێ كچی خۆی لەو تەمەنەدا بە شوو دەدات؟» بێگومان خەڵكی هەژار ئەو كارە دەكات، دەبێت ئەوە لەبەر چاوبگرین كە ڕێژەی 30% هاووڵاتیانی عێراق لە خوار هێڵی هەژارییەوەن، ئەو خێزانە هەژارانە ناچار دەبن كە كچەكانیان بە منداڵی بەشوو بدەن بۆ ئەوەی لە خەرجی بەخێوكردنی كچەكانیان ڕزگاریان ببێت.
هەر سەبارەت بەم هەمواركردنە كە داوا دەكات گرێبەستی هاوسەرگیری لەگەڵ شەرعدا یەك بگرێتەوە، ئەمە مانای ئەوەیە لە ماوەی 65 ساڵی ڕابردوو ئەو گرێبەستانەی بۆ هاوسەرگیری كراون، شەرعی نەبوون و ئێستا دەبێت ڕاستی بكەینەوە، كە بە ڕاستی ئەمەش شتێكی دروست نییە.
لە ئێستا مێرد لە پێدانی نەفەقەی دوای جیابوونەوە بە ئافرەتەكە هەڵدێت، ئەگەر ئەم هەمواركردنە تێبپەڕێت ئەوا پیاوەكە پەنا دەبات بۆ ئەو مەزهەبەی كە لە هەموو مافەكانی ئافرەت هەڵبێت و ئامادە نابێت مارەيی ئافرەت كە ئاڵتونە بیدات، هەروەها هەڵدێت لەوەی كە شوێنی نیشتەجێی بۆ دابین بكات بۆ ماوەی سێ ساڵە.
پرسێكی دیكە مەسەلەی هاوسەنگی و یەكسانی «التكافؤ»، ئایا كچی تەمەن خوار 18ساڵ «قاصر» هەتا ئەگەر تەمەنی 17ساڵیش بێت بیر لەوە دەكاتەوە ئەو پیاوەی شووی پێ دەكات بۆ ئەو هاوسەنگ و یەكسانە، كە ئەمە مەرجێكی ئیسلامە بۆ هاوسەرگیری؟ بۆیە ئەگەر ژنەكە دوای ئەوەی تەمەنی دەگاتە 18 بزانێت ئەوەی شووی پێ كردووە شایەنی ئەو نییە، ئەوە بە یاسا دەتوانێت داوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی هاوسەرگیری بكات.
یاسای باری كەسی ئێستا 188ی ساڵی 1959 لە خواستی ئافرەتاندا نییە، ئێمە ئومێدمان ئەوەیە ئەم یاسایە بە جۆرێك هەموار بكرێتەوە كە مافەكانی ئافرەت زیاد بێت و باشتر گەرەنتی بكات، ئێمە ئێستا لە ساڵی 2024 دەژین با سەیری دەوڵەتە عەرەبی و ئیسلامییەكان و دەوروبەرمان بكەین، سادەترین دەوڵەت ئوردن و تونسە، لە تونس ئەگەر ژنێك تەڵاق بدرێت، بێجگە لە مافەكانی خۆی كە پێی دەدرێت، نیوەی سامانی مێردەكەشی دەبێتە هی ژنەكە، ئەوجا ئەو سامانە لە ماوەی هاوسەرگیریدا بەدەست هاتبێت یان پێشتر. پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئافرەتی عێراقی چ جیاوازییەكی لەگەڵ ئافرەتی تونس هەیە؟ بۆچی ئافرەتی عێراق بەو جۆرە بێ ماف بێت؟
سەبارەت بە ماددە 57ی یاسای باری كەسی كە باسی سەرپەرشتیاری «حضانة» ی مناڵ دەكات دوای جیابوونەوە، ئێمە جەختمان لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە دەبێت سەرپەرشتیار و پەروەردەی منداڵ دوای جیابوونەوە هاوبەش بێت لە نێوان دایك و باوكەكاندا، ئێمە سەردانی بەڕێز فائق زێدان سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەریمان بۆ ئەم پرسە كرد و لە ڕێگەی دادگای فیدڕاڵییەوە ئەم پرسەمان چارەسەر كردووە، بەوەی باوك مافی خۆیەتی هەموو هەفتەیەك مناڵەكەی خۆی ببینێت، تەنانەت هەفتەی 2-3 ڕۆژیش لەلای باوكەكە بمێنێتەوە، ئەمەش بەو مانایانەی ئەو ڕۆژانەی هەفتە كە پشووە و قوتابخانە نییە باوك دەتوانێت مناڵەكەی لای خۆی بهێڵێتەوە.
سەبارەت بە كێشەی میرات، لە قورئاندا سوورەتی «النساء» زۆر بە ڕێكوپێكی باسی لە دابەشكردنی میرات و پشكی ئافرەت كردووە، لەو سوورەتەدا باسی ئەوە نەكراوە نابێت زەوی نەدرێت بە ئافرەت و لەبری زەوییەكە پارەی خەمڵێنراوی پێ بدرێت، لە قورئاندا ئەو شتە نییە، پرسیار ئەوەیە بەپێی كام دەقی قورئان فیقهی ئیسلامی ئەم مافە لە ئافرەتان زەوت دەكەن.
بۆ ئەم هەمواركردنەوەیە لایەنگرانی هەموارەكە باس لە ماددەی 41ی دەستوور دەكەن، ئەم ماددەیە كێشەی لەسەرە و چەندین جار خۆپیشاندانی لەسەر كراوە و داواكراوە لە هەندێك كاتدا ئەم ماددەیە سڕ بكرێت و كاری پێ نەكرێت.
لە دوماهیدا دەڵێم، ئێستا ئێمە لە سەردەمێكدا دەژین دەبێت بیر لەوە بكەینەوە خێزانەكان پێكەوە كۆ بكەینەوە و سیستمی خێزان لە عێراقدا پتەوتر بكەین نەك بەو ئاراستەیە كاربكەین كە خێزان لەبەر یەك هەڵبوەشێنینەوە، لە ئێستا كۆمەڵگەی عێراقی خەریكە لەناو ماددەی هۆشبەردا نقووم دەبێت، بۆ بیر لەوە ناكرێتەوە یاسایەكی بەهێز بۆ قەڵاچۆكردنی ماددەی هۆشبەر دەربكرێت، بۆ بیر لەوە ناكرێتەوە یاسایەك دەربكەین كە بژێوی و ئاستی ژیانی و ئاستی خوێندنی عێراقییەكان بەرز بكاتەوە، ئەمڕۆ یەكێك لەو كێشانەی ئافرەت لە عێراقدا ڕووبەڕووی دەبێتەوە، ئەوەیە لە قوتابخانە دەریان دەهێنن و بە شوویان دەدەن، كە چووە ماڵە مێردیش ئیتر ناتوانێت بخوێنێت، بەمەش ئافرەت هەر بە نەخوێندەواری دەمێنێتەوە.
لە ئێستا لەسەر ئاستی جیهان ڕێككەوتنێك هەیە پێی دەگوترێت «ڕێككەوتنی پارێزگاریكردن لە منداڵ» ئێمە لە پەرلەمانی عێراق زۆر هەوڵمان دا یاسایەك دابنێین كە منداڵ بپارێزیت، ئەم یاسایە لەگەڵ ئەوەی دوو خوێندنەوەشی بۆ كرا نەخرایە دەنگدان و تێنەپەڕێندرا.
لێرەوە گرنگەوە بگەڕێينەوە بۆ دەستوور كە خێزانی بە بونیادی سەرەكیی كۆمەڵگەی عێراق داناوە و ئەركی دەوڵەتە بیپارێزێت، ئەركی دەوڵەتە منداڵ بپارێزیت، ئێمە ئێستا لە كاتێكی زۆر ناسك و مەترسیدارین، بۆیە ناكرێت پەنا بۆ یاسایەك بەرین كە خێزان لەبەر یەك هەڵبوەشێنێتەوە، ئەم هەمواركردنەوەی یاسای باری كەسێتییە خزمەتی پێكەوە گرێدانەوەی خێزان ناكات بەڵكو زەمینەیەك دروست دەكات بۆ ئەوەی لەبەریەك هەڵیبوەشێنێتەوە، بۆیە ڕەتی دەكەینەوە و پشتگیریی لێ ناكەین.