ڕاپرسی بازنەی گفتوگۆ سەبارەت بە هەموارکردنی یاسای باری کەسیی عێڕاقی
ڕاپرسییەکە لە ڕێی سێرڤەرئۆنلاینی (Kobotoolbox)ی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە هەرێمی کوردستان بەشێوەی ئۆنلاین ئەنجامدراوە؛ 510 هاووڵاتی 18 ساڵی و بەسەرەوە نموونەی ڕاپرسییەکە بوونەو لەمیانەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک و گروپەکانی تیلیگرام و وەتسئەپ و ڤایبەر لینکی ڕاپرسییەکەیان بۆ نێردراوە و وەڵامی پرسیارەکانیان داوەتەوە لە ماوەی 8/20 تا 2024/8/30. نموونەی ڕاپرسییەکە فرەدەستە و فرەجۆر بووە لە ڕووی ڕەگەزەوە %28 لە ڕەگەزی می و %72 لە ڕەگەزی نێرن، لەرووی تەمەن و باری خێزانداری و ئاستی خوێندەواریشەوە بە ئەندازەی پێویست فرە ئاست و دەستەیە. ڕاپرسییەکە توێژینەوە و سۆراخکارییەک بووە سەبارەت بە تێڕوانینی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەرامبەر بە ئەو پێشنیازانەی بۆ هەموارکردنی یاسای باری کەسیی عێڕاق دراونەتە پەرلەمان و ئاکامەکانی چی دەبن ئەگەر پەسند و جێبەجێ بکرێت. لەم بارەیەوەش ئەم پرسیارانەیان ئاراستە کراوە:
داتاکانی نێو شێوەی داتای سەرەوە نیشانی دەدەن، کە بەڕێژەی 46% تا 83%ی بەشداربووانی ڕاپرسییەکە بەشوودانی کچ لە تەمەنی ٩ ساڵی، گەڕاندنەوەی دەسەڵات بۆ پیاوانی ئایینی لە گرێبەستی هاوسەرگیری و جیابوونەوەی هاوسەراندا لەتەک دەسەڵاتی دادگاکان، کەمکردنەوەی مافی بەخێوکردنی منداڵ لەلایەن دایکییەوە دوا جیابوونەوە، فرەژنی، کاکردن بە مەزهەبی پیاو لە پرۆسەکانی هاوسەرگیری و جیابوونەوەدا، سپاردنی مافی بەخێوکردنی منداڵ دوای جیابوونەوەی باوانی بە باپیری منداڵەکە دوای تەمەنی ٧ ساڵیان پێشنیازی خراپن و هەموارکردنی دەقە یاساییەکانی پەیوەست بەو بڕگانەیان بەلاوە پێویست نییە. بەڕێژەی 11% تا 30%شیان ئەم پێشنیاز و هەموارکردنانەیان پێ باش و خراپە؛ بەڕێژەی 6% تا 24%یش پێشنیازی هەمواکردنەکانیان پێ باش و پێویستە... ئەوەی مایەی هەڵوەستەیە، کە پێشنیازی بەشودانی کچ لە تەمەنی زوودا لە هەموان زیاتر جێی نیگەرانیی بەشداربووانی ڕاپرسییەکەوە بووە؛ لە بەرامبەردا فرەژنی هێشتاش یەکێکە لەو پرسانەی نزیکەی نیوەی بەشداربووانی ڕاپرسییەکە پاڵپشتی لێوە دەکەن. بە گشتی جگە لە پێشنیازی پەیوەست بە مانەوەی فرەژنی، هەموو پێشنیازەکانیتر بە لای دوو تا سێ لەسەر چواری نموونەی ڕاپرسییەکە ڕەتکراونەتەوە و لەگەڵیاندا نین.
بەپێی زانیارییەکانی نێو شێوە داتای سەرەوە، بەڕێژەی 53% تا 71%ی بەشداربووانی ڕاپرسییەکە
پێیانوایە، کە ئەگەر ئەو هەموارکردنە پێشنیازکراوانە لە پەرلەمان پەسند بکرێن و بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوا دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی فرەژنی و جیابوونەوە، زیادبوونی نەگونجان و کێشە خێزانییەکان، کەمبوونەوەی ماف و ئازادییەکانی ئافرەتان و منداڵان، زیادبوونی کێشە لەنێوان پێکهاتە مەزهەبی و ئایینی و ئیتنییەکان و ئەو هەموارکردنانە نامۆن بە دابونەریت و کولتوورمان. بەڕێژەی 21% تا 35% ئەوانەن، کە تاڕاددەیەک لەگەڵ ئەو ئاکامە پێشبینیکراوانەدان. بەڕێژەیەکی زۆر کەم و لەنێوان 8% تا 14%ش پێیانوایە ئەو ئاکامانەی ئەگەری چاوەڕوانکراو نین لەو لە حاڵی جێبەجێکردنی ئەو هەموارکردنانەی پێشنیازکراون.
سەبارەت بەوەی ئایا هاووڵاتیان هەرێم کوردستان لەگەڵ جێبەجێکردنی یاساکەدان ئەگەر هەموارکردنەکەی پەسند کراو و خرایە بواری جێبەجێکردنەوە، بەپێی ئەنجامەکانی ڕاپرسییەکە زۆرینەی بەشداربووان بەڕێژەی 67% بە نەخێر، 16% بە تاڕادەیەک و 17% بە بەڵێ وەڵامیان داوەتەوە؛ بەو واتایەش زۆرینەی بەشداربووان دژی جێبەجێکردنی ئەو هەموارکردنانەن لە هەرێمی کوردستاندا، کە بۆ یاسای باری کەسی پێشنیاز کراون.
سەبارەت بە ئەنجامەکان بەپێی گۆڕاوەکان، ئەوەی بۆ ئێمە مایەی هەڵوەستەیە ئەوەیە، کە بەشداربووانی ڕاپرسییەکە لە ڕەگەزی مێ بەڕێژەیەکی زیاتر و بە ئاستێکی ئاماژە ئاماری زیاتر لەگەڵ بەشوودانی کچان دان لە تەمەنی زوودا، بەڵام لەمەڕ کەمکردنەوەی ماوەی بەخێوکردنی منداڵ لەلایەن دایکەوە دوای جیابوونەوەیان سپاردنی بەخێوکردنی منداڵەکە بە باپیری ئەگەر باوکی لە ژیاندا نەمابێت، هاوکات بەردەوامبوونی فرەژنی، پێدانی دەسەڵات بە پیاوانی ئایینی و کارکردن بە مەزهەبی پیاوەکە لە گرێبەستی هاوسەرگیری و جیابوونەوەی هاوسەراندا، بەپێچەوانەوە بیر دەکەنەوە و بەشداربووانی پیاو زیاتر لەگەڵ ئەو هەموارکردنانە دان و ئافرەتان ڕەتی دەکەنەوە.
دەربارەی ئەنجامەکان بەپێی تەمەن، لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا، تەنها لە بە شوودانی کچان لە تەمەنی زوودا و گەڕاندنەوەی دەسەڵات بۆ پیاوان لە گرێبەستی هاوسەرگیری و جیابوونەوەدا جیاوازی ئاماژە ئامارییە هەیە و بە کارێکی خراپ و ناپێویست سەیر دەکرێت؛ واتا نزیکەی یەک لەسەر سێی ئەوانەی تەمەنیان لەنێوان ١٨ تا ٢٧ ساڵە لەگەڵ بەشوودان کچان لە تەمەنی ٩ ساڵی و دەسەڵاتی پیاوانی ئاینیدان لە گرێبەستی هاوسەرگیری و جیابوونەوەدا.
سەبارەت کاریگەریی باری هاوسەرگیری، ئەنجامەکان ئەوەیان نیشاندا، کە لەمەڕ بەشوودانی کچ لەتەمەنی زوو و دەسەڵاتی پیاوانی ئایینی لە گرێبەستی هاوسەرگیری و جیابوونەوە و ماف و ماوەی بەخێوکردنی منداڵ لەلایەن داکێکی جیابووەوە، جیاوازی ئاماژە ئاماری لەنێوان توێژەکاندا هەیە بەجۆرێک ئەوانەی خێزاندارن و بەڕێژەیەکی کەمتر لەوانیش ئەوانەی، کە جیابوونەتەوە نیگەرانن لە پێشنیازانەی لەمبارەیەوە بۆ هەموارکردن پێشکەش کراون.
بەپێی ئاستی خوێندەواریش بەشداربووانی ڕاپرسییەکە، تەنها لە بەشووانی کچان لە تەمەنی پێشنیازکراودا و ماوەی مانەوەی منداڵ لە لای دایکێکی جیابووەوە، جیاوازییەکە لەنێوان ئاستەکانی خوێندەواریدا ئاماژە ئامارییە و پێ بە پێ لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی خوێندەواریدا پاڵپشتیکردن لە هەموارکردنەکە کەمتر دەبێتەوە.
سەبارەت بە ئاکامە مەزندەکراوەکانی هەموارکردنەکە بەپێی ڕەگەز، تەنها لەمەڕ بەرزبوونەوەی ڕێژەی جیابوونەوە جیاوازییەکی ئاماژە ئامارییە هەیە بەجۆرێک ئافرەتان زیاتر پێیانوایە هەموارکردنە دەبێتە زیادبوونی ڕێژەی جیابوونەوە. لەڕووی تەمەنیشەوە لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا جیاوازیی لە تێڕوانینی بەشداربوواندا بەدی دەکرێت بەتایبەت لە دروستبوونی کێشە لە نێوان ئیتن و گروپەکان و نامۆبوونی ئەو هەموارکردنانە بە دابونەریت و کولتورمان.
لەڕووی باری خێزانداریشەوە تەنها ئەوانەی خێزاندارن لەوەدا جیاوازن لەگەڵ ئەوانەی سەڵت و جیابوونەتەوە، کە هەموارکردنەکە دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشەی زیاتر لەنێوان ئیتن وگروپەکانی عێڕاقدا. تێڕوانینی بەشداربووان بۆ ئاکامە مەزندەکراوەکانی هەموارکردنی یاساکە بەپێی ئاستی خوێندەواری لە یەکەوە نزیکە و جیاوازییەکی ئەوتۆ لەنێوان بەشداربووانی ڕاپرسییەکەدا نییە.
سەبارەت بە خواستی جێبەجێکردنی یاساکە ئەگەر هەموارکرا لە هەرێمی کوردستان، ئەنجامەکان بەپێی گۆڕاوەکان نیشاندا، کە تەنها بەپێی تەمەن جیاوازی لەنێوان بەشداربووانی ڕاپرسییەکە هەیە بەجۆرێك، کە پێ بە پێ لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا خواستی جێبەجێکردنی یاساکە دوای هەموارکردنی لە هەرێمی کوردستاندا کەمتر دەبێتەوە.