سەردانە دیپلۆماتییەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و دەستپێكی گەشبینییەكان بۆ قۆناخیكی نوێ

سەردانە دیپلۆماتییەكانی  سەرۆكی هەرێمی كوردستان و دەستپێكی گەشبینییەكان بۆ قۆناخیكی نوێ
نێچیرڤان بارزانی چەند رۆژێك پێش ئەوەی سوێندی یاسایی بخوات و بە فەرمی ببێتە سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە یەكەم پەیامیدا بە بۆنەی دەنگپێدانی لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە، پەیامێكی بڵاوكردەوەو، لەو پەیامەیدا نەخشەڕێگەی چوار ساڵی داهاتووی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان راگەیاند، كە ئەویش لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانیی كوردستانە، ئەمەشی هەر لە یەكەم رۆژی هەڵبژاردنیەوە جێبەجێ كرد و لەماوەی كەمتر لە هەفتەیەكدا ژینگەی ئاڵۆزی سیاسیی كوردستانی گۆڕی بۆ كەشێكی دۆستانە و ئەمەشی لە رۆژی سوێندخواردنەكەیدا وەك سەرۆكی هەرێم، پیشانی دۆست و دوژمن دا.
لەماوەی 10 رۆژی یەكەمیدا وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی جیا لەوەی مەرسوومی هەرێمیی بۆ مسرور بارزانی دەركرد و بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەم رایسپارد، لە هەمانكاتدا سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ هەر سێ سەرۆكایەتیی (پەرلەمان و وەزیران و كۆمار)ی عێراق كۆبووەوە، ئەم سەردانەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كاتێكدا بوو كە ژمارەیەك كوردزمان و نەیاری هەرێمی كوردستان لە ناو پرۆسەی سیاسیی عێراق، لە هەوڵی ئەوەدان كە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا تێك بدەن و ئەو ئاشتەواییەی لەنێوان هەرێم و بەغدا هەیە، بەرەو ئاراستەیەكی نەخوازراوی ببەن، بەڵام چوونی نێچیرڤان بارزانی و شاندی یاوەری بۆ بەغدا و دووبارە كاراكردنەوەی كۆی دۆسیەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و دەستپێكردنەوەی هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان، ئەو هەوڵانەی نەزۆك كرد كە بە ئاراستەی ئەوە بوون، جارێكی دیكە ئەو ئاشتەواییەی لەنێوان هەرێم و بەغدا دروست بووەتەوە، تێكی بدەن، بە دیوێكی دیكەدا ئەم سەردانەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر ئاشتەوایی و یەكهەڵوێستیی (پارتی و یەكێتی)یش لەسەر ئاستی دۆسێیەكانی هەرێمی كوردستان و بەغداش.
كەواتە جیا لەوەی ئەم سەردانەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بووە سەرەتایەكی دیكەی تازە بۆ دووبارە خستنەوە گەڕی هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، لەهەمانكاتدا جۆرێك لە دڵنیایی دایە خەڵكی كوردستان كە سەقامگیری و ئاشتیی كۆمەڵایەتیی كوردستان بەو هەوڵە نەزۆكانە تێكناچێت، كە هەندێك خەڵك بۆ بەرژەوەندیی حزبی و ئەملاوئەولا، چاویان بە خۆشگوزەرانیی خەڵكی كوردستاندا هەڵنایەت.
هاوكات لەگەڵ سەردانەكەی بۆ بەغدا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، وەڵامی ئەو بانگهێشتنامە فەرمییەی رەجەب تەیب ئەردۆگان-ی سەرۆك كۆماری توركیای دایەوە و سەردانی توركیای كرد و لەوێش وەك سەرۆكی هەر دەوڵەتێكی دیكە لە بە بەرزترین ئاستی پرۆتۆكۆڵی پێشوازیی لێكرا.
سەردانی نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا لەدوای بەغدا، ئەمەشیان ئاماژەیەكی دیكەیە، بەوەی ئەگەر هەرێمی كوردستان ئامانجی ئەوە بێت پەیوەندییەكی پتەو و بەهێزی لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی بەغدا هەبێت لەچوارچێوەی رێزگرتن لەو دەستوورەی كە زیاتر لە 85%ی خەڵكی عێراق دەنگیان پێ داوە، ئەوا سەردانەكەی بۆ توركیاش ئەو مانایەی لێ دەخوێندرێتەوە كە كوردستان خوازیاری ئەوەیە هەمان پەیوەندیی بەهێز و پتەوی لەگەڵ كۆماری توركیاش هەبێت، لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردوولا و رێزگرتن لەسەر بنەمای هاوسێیەتیی باش.
مەزندە و پێشبینییەكان بۆ هەنگاوەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەو ئاراستەیەن كە رۆژ لە دوای رۆژ هەم سەردانە دیپلۆماتییەكانی فراوانتر و كاریگەرتر دەبن، هەمیش كۆشكی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان رۆژانە پێشوازی لە شاندی وڵاتانی جیاواز دەكات، ئەم پێشبینییانە لەسەر ئەو بنەمایە دروست بوون، كە پەیوەندیی بەهێزی دیپلۆماتیی هەر دەوڵەتێك لەناو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، رەنگدانەوەی پێگە و شكۆی ئەو دەوڵەتەیە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، لە ئێستادا كە هەرێمی كوردستان بە فەرمی دەوڵەتیش نییە، بەڵام كاریگەریی لەسەر ئاستی ناوچەكە و جیهانیش لە دەوڵەتێكی سەربەخۆ كەمتر نییە، ئەوەشی ئەم بایەخ و گرنگییەی بۆ هەرێمی كوردستان دروست كردووە، بێگومان دوای شكۆ و پێگەی سەرۆك بارزانی، كاراكتەری سەرەكیی نێچیرڤان بارزانی- یە كە رۆڵێكی كاریگەری لە دروستكردنی ئەم پێگە و شكۆیەی هەرێمی كوردستاندا گێڕاوە، لەلای دەوڵەتانی جیهانیش رۆڵ و پێگەی نێچیرڤان بارزانی وەك دەوڵەتمەدارێكی سەركەتوو سەلمێندراوە و بۆتە خاوەنی ئەو متمانە نێودەوڵەتییەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وەك سەرۆكی دەوڵەت مامەڵەی لەگەڵ بكرێت.
پسپۆڕان و تایبەتمەندانی بواری حوكمڕانی، لە هەڵسەنگاندیان بۆ حوكمڕانیی سەركەوتوو بەگشتی و سەركەوتنی پرۆسەی حوكمڕانی لە كوردستاندا، سێ خاڵی سەرەكی بە مەرجی سەركەوتنی پڕۆسەی حوكمڕانی لە كوردستاندا دادەنێن، كە ئەوانیش بریتین لە:
1- بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەولێر لە چوارچێوەی جێبەجێكردن و رێزگرتن لە دەستووری عێراق.
2- بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
3- حوكمڕانییەكی بەهێز بۆ دابینكردنی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان.
ئەم سێ خاڵەی كە وەك پێش مەرج بۆ سەركەوتنی پڕۆسەی حوكمڕانی لە كوردستان دانراون، لە ماوەی 10 رۆژی یەكەمی دەستبەكاربوونی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ پەرلەمان و سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو لەسەر هەر سێكیان هاوتەریب كاری جددی و سەركەوتووی لەسەر كراوە و بەرەوپێشەوە براون، چاوەڕێ دەكرێت دوای پێكهێنانی كابینەی تازەش هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان هەر سێ سەرۆكایەتی (هەرێم و حكومەت و پەرلەمان) زیاتر رەنگدانەوەی هەبێت و كاریگەریی ئەرێنیی گەورەشی لەسەر كوردستان هەبێت.
Top