پووكانەوەی حزبی سیاسی و خۆپێناسەكردنەوە لەناو بازنەی فراوانی نەتەوەیی و نیشتمانیدا

پووكانەوەی حزبی سیاسی و خۆپێناسەكردنەوە لەناو بازنەی فراوانی نەتەوەیی و نیشتمانیدا
ستین رۆكان
زانای نەرویژی لە بواری سیاسەت و سۆسیۆلۆژی


جۆن بۆلتن كە ئێستا راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكایە، لە نۆڤەمبەری 2016 و دوای دەرچوونی دۆناڵد ترەمپ بە شێوەیەكی سەرسوڕهێنەر لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیی ئەمریكادا، لە وتارێكیدا نووسیبووی: «رۆناڵد ریگان كاندیدی حزبی كۆماری لە هەڵبژاردنەكانی نۆڤەمبەری 1980 توانی سەركەوتنێكی گەورە بە سەر جیمی كارتەر-ی كاندیدی حزبی دیموكراتی بەدەست بهێنێت، لەبەر ئەوەی ریگان توانی دەنگی كۆمارییەكانی ناو حزبی دیموكراتی بەدەست بهێنێتەوە، ئەمجارەش كە دۆناڵد ترەمپ ئەم سەركەوتنە گەورە و سەرسوڕهێنەرەی بەدەستهێناوە، جارێكی دیكە دەنگی كۆمارییەكانی ناو حزبی دیموكراتی بەدەستهێناوەتەوە..» ئەم قسەیەی بۆلتن لەوانەیە لە رووكەشەوە جۆرێك لێكچوونی لە نێوان ریگان و ترەمپ لەخۆی گرتبێت، لەبەر ئەوەی لە دوای ریگانەوە هیچ كاندیدێكی سەرۆكایەتیی ئەمریكا نەیتوانیوە سەركەوتنی وا گەورە بە سەر ركابەرەكەیدا بەدەست بهێنێت، لەمەش زیاتر ترەمپ توانی لە ریگان-یش زیاتر دەنگ بهێنێت.
بەڵام پرسیاری سەرەكی لێرەدا ئەوەیە: ئەگەر ترەمپ بە هاوشێوەی ریگان دەنگی كۆمارییەكانی ناو حزبی دیموكراتی دووبارە هێنابێتەوە، ئایا ئەو دەنگانەی كە لەناو حزبی كۆماریدا دژایەتیی ترەمپ-یان دەكرد، چوون بۆ كوێ؟ ئاشكراشە لە میانەی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیی ئەمریكادا، چەندین سیناتۆر و كۆنگریسمانی حزبی كۆماری، نەك هەر دژایەتیی خۆیان بۆ كاندیدكردنی ترەمپ نەشاردەوە، بەڵكو بەشێكیان لە دژی كاندیدكردنی ترەمپ دەستیان لە كاركێشایەوە، تەنانەت سیناتۆر جۆن ماكین كە لە ساڵی 1987 نوێنەرایەتی ویلایەتی ئەریزۆنای كرد تا ئەو رۆژەی كۆچی دوایی كرد، دوایین وەسیەتی ئەوە بوو كە دۆناڵد ترەمپ وەك سەرۆكی ئەمریكا بەشداری لە رێوڕەسمی پرسەكەیدا نەكات.
كەواتە ئەم واقیعە پێمان دەڵێت: كاندیدكردنی ترەمپ لە ساڵی 2016 بۆ سەرۆكایەتیی ئەمریكا بووە هۆكاری ئەوەی یەكڕیزی نێوماڵی حزبی كۆماری تێكبچێت و، بەپێچەوانەوە بەشێكی دەنگەكانی كۆمارییەكانیش كە دژی كاندیدكردنی ترەمپ بوون، راشكاوانە چوون بۆ ركابەرەكەی كە هیلاری كلینتۆن بوو، نەك دەنگی كۆمارییەكانی ناو حزبی دیموكراتی هێنابێتەوە، ئەم واقیعە سیاسییە تازەیە كە لە سەرەتاوە شێوە لوغزێك لەخۆی دەگرێت، ئەو پرسیارە سەیرە دەورووژێنێت، ئەگەر تەواوی لایەنگرانی خودی حزبی كۆمارییش دەنگیان بە ترەمپ نەدابێت بۆ سەرۆكایەتیی ئەمریكا، ئایا ترەمپ چۆن ئەو سەركەوتنە گەورەیەی بەدەست هێنا؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پەنا دەبەینە بەر سیناتۆر مایك لۆفگرن كە ماوەی 28 ساڵ سیناتۆر بووە و لە ساڵی 2012 كتێبی (كۆتایی حزب – The Partyisover)ی بڵاوكردەوە، لۆفگرن لەسەر بەرگی دووەمی ئەم كتێبە چەند وشەیەكی نووسیوە و دەڵێت: «چۆن حزبی كۆماری شێت بووە، حزبی دیموكراتی بۆتە ئامرازێك كاری پێ ناكرێت، چینی ناوەڕاستیش لەبەریەك هەڵوەشاوە..»، ئەگەر سەرنج لەم چەند وشەیەی لۆفگرن بدەین، لەوە تێدەگەین كە هەردوو حزبەكە (دیموكراتی و كۆماری)ی ئەمریكا لەو كاتەوەی لە ساڵی 2008 خۆپیشاندەران هەڵیانكوتایە سەر بۆرسەكانی وۆڵ ستریت و سووتاندیان و نەیانتوانی چارەسەری ئەو بێئومێدییەی هاووڵاتیانی ئەمریكا بكەن، ئەوا لەو كاتەوە هەردوو حزبەكە پووكاونەتەوە و كۆتاییان هاتووە و، بەپێی بۆچوونەكانی لۆفگرن، تەنیا رێگا بۆ رزگاربوونی هەر دوو حزبەكە ئەوەیە كە بتوانن جارێكی دیكە لە بازنەی نەتەوەیی و نیشتمانیی ئەمریكادا خۆیان پێناسە بكەنەوە. بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە: ئایا هەردوو حزبی (كۆماری و دیموكراتی) توانییان لە بازنەی تەسكی دەستەبژێری حزبی بێنە دەرەوە و لە بازنەیەكی فراوانی نەتەوەیی و نیشتمانیدا خۆیان پێناسە بكەنەوە؟ بێگومان هەر لۆفگرن لە كتێبی (دەوڵەتی قووڵ) كە ساڵی 2016 بڵاوی كردووەتەوە، وەڵاممان دەداتەوە كە نووسیویەتی: «ئێستا دەوڵەتی قووڵ ئەمریكا بەڕێوەدەبات، لەمەش خراپتر ئەوەیە دامەزراوەكانی دەوڵەتی ئەمریكا (كۆنگرێس و ئیدارە) خۆیان بوونەتە بەشێك لەو دەوڵەتە قووڵە و بۆشاییەكی گەورەیان لە نێوان دەوڵەت و هاووڵاتی دروستكردووە و، دەستووری ئەمریكا بۆتە كتێبێكی بێ ناوەڕۆك ..»
ئەوجا لێرەوە ئەگەر ناوەڕۆكی هەردوو كتێبەكەی لۆفگرن (كۆتاییهاتنی حزب و دەوڵەتی قووڵ) پێكەوە گرێ بدەینەوە، ئەوا ئەو راستییەمان بۆ ئاشكرا دەكات: (كاتێك حزبی سیاسی لە بازنەی فراوانی بیركردنەوەی نەتەوەیی و نیشتمانی دێتە دەرەوە و لە بازنەیەكی تەسكی دەستەبژێری حزبیدا بانگەشە بۆ دروشمی بریقەداری گلۆباڵی دەكات، ئەوا ئەو حزبە بەرەو پووكانەوە دەچێت و لەناو پرۆسە سیاسییە نیشتمانییەكەدا ناتوانێت هیچ رۆڵێك بگێڕێت و رێگەچارە بۆ كێشەكانی خەڵك بدۆزێتەوە، لەمەش زیاتر مانەوەی حزبی سیاسی بەم حاڵەتەیەوە لەناو پرۆسەی سیاسیی دەوڵەتدا، ئەوا دەوڵەتی نیشتمانی وەردەچەرخێنێت بۆ دەوڵەتی قووڵ و بۆشاییەكی گەورە لە نێوان هاووڵاتی و دەوڵەت دروست دەكات.) بەڵام لێرەدا پرسیاری دیكە ئەوەیە: لوفگرن خۆی سیناتۆری كۆمارییەكانە، لەبەر چی حاڵەتی حزبی كۆماری بە (شێتبوون) وەسف دەكات؟ بێگومان وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە گرێ دراوەتەوە بە مێژووی دامەزراندنی حزبی كۆماری لەسەر دەستی ئەبراهام لینكۆڵن، ئەم حزبە سیاسییە لە سەرەتا بۆ ئەوە دروست بووە كە پرۆسەی سیاسی لە ئەمریكا راست بكاتەوە و دووبارە دەستوور و بەیانی سەربەخۆیی ئەمریكا لە بازنەیەكی فراوانی نەتەوەیی و نیشتمانیی ئەمریكادا پێناسە بكاتەوە، راشكاوانەتر لینكۆڵن ئامانجی لە دامەزراندنی حزبی كۆماری ئەوە بوو، مانا بداتەوە بە دەستوور و بەیانی سەربەخۆیی ئەمریكا كە ئەو دوو دیكۆمێنتە ئەمریكا وەك كۆمارێكی (ئازاد) پێناسە دەكات، بەڵام دیاردەی كۆیلایەتیش بە كردەیی لە واقیعی سیاسیی ئەو كاتی ئەمریكادا بوونی هەبووە، بۆیە لۆفگرن كاتێك دەبینێت، سەركردەكانی حزبی كۆماری لە ئاستی بێ مانابوون و پووكانەوەی (حزبی كۆماری) بێدەنگ و دەستەوەستانن، ئەوا ئەم حاڵەتە بە شێتبوونی (حزبی كۆماری) وەسف دەكات.
لەناو ئەم واقیعە سیاسییەدا كە بەشێكی بەرچاو لە حزبی كۆماری-یش دژی كاندیدكردنی ترەمپ بوون بۆ سەرۆكایەتیی ئەمریكا، ترەمپ چۆن كاندید كراو چۆن ئەو رێژە زۆرەی دەنگەكانیشی بەدەست هێنا؟ وەڵامی ئەم پرسیارە ئەوەیە كە زۆرینە لەناو حزبی كۆماریی ئەمریكا گەیشتبوونە ئەو قەناعەتەی كە دەبێت حزبی كۆماری كە بە (حزبە گەورە و دێرینەكەی ئەمریكا) ناسراوە، جارێكی دیكە لەناو بازنەیەكی فراوانی نەتەوەیی و نیشتمانیی ئەمریكادا خۆی پێناسە بكاتەوە، گەیشتن بەم قەناعەتە كە هەتا كردنەوەی سندوقەكانی دەنگدانیش بە سەركێشییەكی گەورەی حزبی كۆماری لە قەڵەم دەدرا، لە هەمانكاتدا دوای كردنەوەی سندوقەكانی دەنگدانیش هێدمەیەكی گەورەی سیاسی لەسەر ئاستی ناوخۆی ئەمریكا و جیهان دروست كرد.
ئەوجا ئەگەر لێرەوە هەڵوەستە لەسەر ئەوە بكەین و بگەڕێینەوە بۆ لێدوانەكەی جۆن بۆلتن كە بەو شێوەیە شرۆڤەی سەركەوتنەكەی ترەمپی كردبوو، بەوەی دەنگی كۆمارییەكانی ناو حزبی دیموكراتی گێڕاوەتەوە، ئایا بە كردەیی هۆكاری ئەو سەركەوتنە سەرسوڕهێنەرەی ترەمپ لە هەڵبژاردنەكان بۆ گێڕانەوەی ئەو دەنگانەی كۆمارییەكانە لەناو حزبی دیموكراتیدا؟ یان ئایا مەبەستی بۆڵتن لە دەنگی كۆمارییەكان لە ناو حزبی دیموكراتیدا چییە؟ ئاشكرایە بۆڵتن مەبەستی لە دەنگی كۆمارییەكانی ناو حزبی دیموكراتی ئەوەیە كە لەناو دەنگدەرانی حزبی دیموكراتیدا خەڵكانێكی زۆر هەبوون كە لەگەڵ بەرنامەی حزبی دیموكراتی نەبوون، بۆیە لەم حاڵەتەدا دەنگیان بە بەرنامەی كۆمارییەكان داوە، بەڵام ئەوەی جێگەی هەڵوەستەیە لە هەڵبژاردنەكانی 2016دا واقیعەكە پێچەوانە بووە و، بەشێكی بەرچاوی دەنگدەرانی حزبی كۆماری نەك هەر لەگەڵ بەرنامەی حزبەكە نەبوون، بەڵكو هەر لە بنەڕەتەوە كاندیدكردنی ترەمپ-یان رەتكردۆتەوە، ئەمە مانای ئەوەیە ئەو هاوكێشە سیاسییەی كە هەڵبژاردنەكانی 2016ی بۆ بەرژەوەندیی ترەمپ یەكلایی كردۆتەوە، هاوكێشەیەكی جیاوازە و كاندیدكردنی ترەمپ بۆتە هۆكاری ئەوەی كە وەرچەرخانێكی گەورە لەنێو دەنگدەرانی هەردوو حزبی كۆماری و دیموكراتی دروست بكات، راشكاوانەتر هەموو ئەو دەنگدەرانەی حزبی كۆماری كە وەك دەنگدەرانی حزبی دیموكراتی بیریان كردۆتەوە، ناردوونیەوە بۆ حزبی دیموكراتی و هەموو ئەو دەنگدەدرانەی حزبی دیموكراتی-یش كە مەبەستیان گێڕانەوەی شكۆی ئەمریكا بووە لە گەڵ دەنگدەرانی حزبی دیموكراتی كۆكردووەتەوە.
حاڵەتی سەركەوتنی ترەمپ لە هەڵبژاردنەكانی 2016، تەنیا وانەیەك نییە بۆ حزبی سیاسی لە ئەمریكا، بەڵكو وانەیەكە بۆ هەموو ئەو حزبە سیاسییانەی كە لە ئێستادا لە ژێر پەردەی دیموكراتی بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی وڵاتی خۆیان دەكەن، گرنگە سوود لەم رێكارە تازەیە وەربگرن و بگەنە ئەو راستییەیەی كاتێك حزبی سیاسی لە بازنەی فراوانی نەتەوەیی و نیشتمانی دێتە دەرەوە و دەیەوێت بەرژەوەندیی نەتەوەیی و نیشتمانی لە بازنەی دەستەبژێرێكی حزبی پێناسە بكاتەوە، ئەو حزبە هەر حزبێك بێت و چەند خاوەنی جەماوەر بێت، چارەنووسی هەر پووكانەوە و نەمانی لەناو پرۆسە سیاسییەكە دەبێت.
Top