ئەجیندای وتووێژی كوردستان و عێراق تەنیا پرسی سەربەخۆییە

ئەجیندای وتووێژی كوردستان و عێراق تەنیا پرسی سەربەخۆییە
لەسەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە، عەرەبی شیعە بڕوای بە دەوڵەتداریی مەدەنی نەبووەو لە چاوەڕوانی هاتنی (ئیمام مەهدی)دا، دەسەڵاتی دەوڵەتداری بۆ كەمینەی عەرەبی سوننە رەتكردۆتەوە، بەڵام لە حەفتاكانی سەدەی رابردووەوە و لەژێر كاریگەریی فیكری (ویلایەتی فەقیه) كە ئایەتوڵا خومەینی رێبەرایەتی دەكرد، هەندێك حزبی سیاسی و شیعەی عەرەب دامەزراون كە هەوڵیان بۆ ئەوە بووە لە دژی رژێمی سەدام حوسێن خەبات بكەن، بەڵام لەناوچەكانی خۆیان كاریگەرییان نەبووە، هەر بۆیە كاتێك ناچار بوون رووبكەنە خەباتی چەكداری، لە بری ئەوەی لە ناوچەكانی خۆیانەوە شۆڕش بەرپا بكەن، روویان كردۆتە كوردستان و لە ناوچەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستاندا خەباتی چەكدارییان كردووە.
لەدوای دامەزراندنی كۆماری ئیسلامی و دەستپێكردنی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران، خەباتی عەرەبی شیعە دژی رژێمی سەدام حوسێن فراوان بوو، بەڵام ئەم فراوانبوونە كاریگەریی ئەو حزبە سیاسییە شیعانە نەبوو كە دروست ببوون، بەڵكو بەهۆی ئەو شەڕەوە بوو كە ژمارەیەكی ئیجگار زۆری سەربازی شیعەی عێراق بەدیلی كەوتنە دەستی سوپای ئێران و پاشان كۆماری ئیسلامی ئازادی كردن و وەك ئۆپۆزسیۆن دژی رژێمی سەدام حوسێن رێكیخستن، بەڵام وێڕای ئەم هەموو پشتگیرییەش لەلایەن كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بۆ لایەنە سیاسییەكانی شیعەی عێراق، كەچی نەیانتوانی لە ناوچەكانی خۆیان كاریگەری دروست بكەن و بوونیان هەبێت، هەربۆیە زۆربەی زۆری سیاسەتمەدارانی عەرەبی شیعەی عێراق، تەنیا نموونەیەكی دەوڵەتداری، كە شارەزاییان لەسەری هەبێت و بیانەوێت لاسایی بكەنەوە، نموونەی دەوڵەتداریی كۆماری ئیسلامیی ئێرانە، دیارە ئەم نموونەیەش لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە كە دەوڵەت بخرێتە خزمەتی مەزهەبی شیعەوەو لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە دەوڵەتییەكان بونیاد بنرێتەوە، پاشانیش لە رێگەی دامەزراندنی سوپایەكەوە هاوشانی سوپای نیزامیی وڵات كە لە ئێران بە سوپای پاسداران ناو دەبرێت، دەست بگیرێت بەسەر پرۆسەی سیاسیی وڵات و تەواوی جومگە گرنگەكانی دەوڵەتدا.


ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كە لە ساڵی 2003 ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی عێراق و رووخانی رژێمی سەدام حوسێن-ی كردە ستراتیژیەتی ئیدارەكەی، لەسەر بنەمای ئەوەی ئەو زەمینەیەی لە ساڵی 1979 بۆ دامەزراندنی كۆماری ئیسلامی لە ئێران بوونی هەبوو، ئێستا هەمان زەمینە بۆ دامەزراندنی كۆماری ئیسلامی شیعە لە عێراقدا بوونی نییە، پشتی بەست بە چەند سیاسەتمەدارێكی شیعەی عەلمانی، یان ئەوانەی بڕوایان بە دەوڵەتی مەدەنی هەیە، نەك دەوڵەتی ئیسلامی، بەڵام هەر لەدوای تەوابوونی ماوەی دەسەڵاتی پۆل بریمەر-ی حاكمی مەدەنیی عێراق و دامەزراندنی حكومەتی كاتیی عێراق لە چوارچێوەی یاسای كاتی بۆ دەوڵەتی عێراق، د. ئەیاد عەلاوی كرایە سەرۆك وەزیران بەو حیسابەی لەماوەی ساڵێكدا زەمینەیەك بڕەخسێت بۆ ئەوەی لە یەكەم هەڵبژاردنی ئازاد لە عێراقدا، بەرەو دەوڵەتێكی مەدەنی هەنگاو هەڵبگیرێت، بەڵام ئاكامی یەكەمین هەڵبژاردن دەریخست كە عەرەبی شیعەی عێراق دەنگیان بەو لایەنە سیاسییانە داوە كە حزبی ئیسلامیی شیعەن و ئامانجیشیان دامەزراندنی كۆمارێكی ئیسلامی هاوشێوەی كۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
لەماوەی ساڵانی 2005 – 2011 كە ئەمریكا زیاتر لە 130 هەزار سەربازی لەسەر خاكی عێراق هەبوو، هەر چۆنێك بوو توانی رێگە لە وەرچەرخانی دەوڵەتی فیدڕاڵی عێراق بۆ كۆماری ئیسلامی هاوشێوەی ئێران لە عێراقدا بگرێت، بەڵام كە ئەمریكا لە كۆتایی 2011 هێزەكانی لە عێراق كێشایەوە و جڵەو بۆ نوری مالیكی شل كرا بۆ ئەوەی نموونەیەكی حوكمڕانی لە دەوڵەتێكی مەدەنیمان پیشان بدات، ئەوا هەر لە مانگی یەكەمی ساڵی 2012، نوری مالیكی هەموو بنەماكانی دەوڵەتێكی مەدەنی لە عێراقدا گۆڕی بۆ دەوڵەتێك بە هاوشێوەی كۆماری ئیسلامی ئێران و لەمەش زیاتر بە هاوشێوەی بنەماكانی كۆماری ئیسلامی، تەواوی دەوڵەتی عێراقی خستە خزمەتی مەزهەبی شیعە و باڵادەستیی شیعە لە عێراقدا.


ئەم ئاراستەیەی شێوازی حوكمڕانی نوری مالیكی لە ماوەی ساڵانی 2011-2014 كە ئامانج لێی ئەوە بوو یەكەمجار چاوی كوردستان بشكێنێت بە بڕینی بودجە و مووچە، دیارە ئامانجی دووەمی ئەوە بوو كە هەموو سەركردەكانی عەرەبی سوننەی عێراق لەژێر پەردەی تیرۆردا تەسفیە و پاشانیش جەماوەرەكەی دەستەمۆ بكات، بەڵام ئەنجامەكەی ئەوە بوو كە رێكخراوی تیرۆریستی داعش سەریهەڵدا، دوای ئەوەش موسڵ داگیركرا و خەلافەتی ئیسلامی داعش راگەیەندرا كە تائێستاش عێراق بەدەستیەوە دەناڵێنێت.


ئیدارەی ئۆباما لە دوای كەوتنی موسڵ، بەتەواوەتی گەیشتە ئەو قەناعەتەی كە سەرهەڵدانی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش و كەوتنی موسڵ و راگەیاندنی خەلافەتی ئیسلامیی داعش، هەموویان دەرهاویشتەی سیاسەتی هەڵەی حوكمڕانیی نوری مالیكی بووە، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا ئیدارەی ئەمریكا لە 2014 گەیشتە ئەو قەناعەتەی كە شەڕی داعش لە عێراقدا، شەڕی ناوخۆیی نێوان سوننە و شیعەیەو پێویست نییە ئەمریكا خۆی بكاتە بەشێك لە كێشەیەك كە پەیوەندیی پێیەوە نییە، بەڵام كاتێك داعش ئاراستەی هێرشەكەی خۆی گۆڕی بۆ سەر كوردستان و كوردستانیش لە بارودۆخێكی خراپدا بوو، لەبەر ئەوەی حكومەتی مالیكی ریگەی نەدابوو كە هێزی پێشمەرگە بە هاوشێوەی سوپای عێراق چەكدار بكرێت، لە هەمانكاتدا ماوەی نزیكەی 8 مانگیش بوو بودجە و مووچەی كوردستانی بڕیبوو، بۆیە ئەمریكا رایگەیاند كوردستان هێڵی سوورە و نابێت رێگە بدرێت، تیرۆریستانی داعش پێشڕەوی بكەن.


دیارە لەماوەی ئەو 100 رۆژەی كە پرۆسەی هەڵمەتی ریفراندۆم لە كوردستان بەڕێوەچوو، پەرلەمانتار و سیاسەتمەداری شیعەی عێراق باش لەوە حاڵیبوون كە جارێكی دیكە دەبێت خەونی دامەزراندنەوەی كۆماری ئیسلامیی عێراق لە گۆڕ بنێن، بۆیە زۆر جار كە قسە دەكەن، ئەوەمان پێ دەڵێن، ئەگەر كوردستان بەشێك نەبوایە لە عێراق، ئەوا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوكاریی سەربازی پێشكەشی پێشمەرگە نەدەكرد، لە وەڵامی ئەم قسە ئاست نزمانە، تەنیا ئەو دیكۆمێنتانە دەخەینەوە بەرچاویان، ئەگەر هەڵەی داعش نەبوایە كە هێرشی كردە سەر كوردستان، ئەوا لە چاوی جیهاندا خەلافەتە ئیسلامییەكەی ئەبوبەكر بەغدادی و كۆمارە ئیسلامییەكەی نوری مالیكی هیچ جیاوازییەكیان نەبووە، لەمەش زیاتر مەرجەعییەتی شیعەی عێراقیش كە ماوەی سێ ساڵە لەسەر بڕینی بودجەی مووچەی كوردستان بێدەنگە، باش دەزانێت لە سەرەتای داگیركردنی موسڵ و راگەیاندنی خەلافەتی ئیسلامیی داعش، چۆن كۆمارە ئیسلامییەكەی مالیكی هەموو شیعە و تەنانەت بەغداشی خستە مەترسییەوە و بەناچاری مەرجەعییەت فەتوای (نەفیر عام)ی بۆ شیعە دەركرد لەچوارچێوەی حەشدی شەعبی-دا، بۆیە عەرەبی شیعەی عێراق ئەگەر لەبەر هیچ شتێكی دی سوپاسگوزاری كوردستان نەبوایە، دەبوو لەبەر ئەوەی كوردستان بووە دەروازیەك بۆ ئەوەی عێراق ببێتە ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، سوپاسگوزاری كوردستان بوایە.
Top