ریفراندۆم كەرنەڤاڵێكی میللی بوو پێش 25ی ئەیلوول جیهان ئاكامەكەی بینی
September 24, 2017
راپۆرتەکان
پێش 25ی ئەیلوول جیهان ئاكامەكەی بینی
ئەگەر رێز لە ئیرادەی خەڵكی كوردستان نەگیرێت
عێراق لە دەوڵەتێكی شكستخواردووەوە. دەبێتە بەڵا بۆ هەموو ناوچەكە
رۆژی 22ی ئەیلوول كە دواڕۆژی بانگەشەی ریفراندۆم بوو لە كوردستاندا، خەڵكی كوردستان لە هەولێری پایتەختەوە ئاكامی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانی راگەیاند، هەر دوابەدوای ئەم ئەم كەرنەڤاڵە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی راگەیەندراوێكی لەبارەی ریفراندۆمی كوردستان بڵاوكردۆتەوە و تێیدا راشكاوانە دان بەوەدا نراوە كە خەڵكی كوردستان سوورە لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم و لەمەش زیاتر راگەیەندراوەكە لەسەر ئاكامی ریفراندۆمەكە هەڵوێستی خۆی پیشان داوە، بەوەی ئەم ریفراندۆمە كاریگەری لەسەر شەڕی دژی داعش و گەڕانەوەی ئاوارەكان دەبێت كە بە سێ ملیۆن ئاوارە مەزندە دەكرێت. دیارە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئەو هەڵوێستەی كە لەسەر ئاكامی ریفراندۆمی كوردستان دەریبڕی، مانای وایە لێی روونە كە خەڵكی كوردستان بە (بەڵێ بۆ سەربەخۆیی) دەنگ دەدەن، ئەگەرنا، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەبوو لە رۆژانی 26 و 27 ئەیلوول دوای ئەوەی ئاكامی ریفراندۆمەكە ئاشكرا دەكرێت، بە راگەیەندراوێك هەڵوێستی خۆی پیشان بدات، نەك چەند رۆژێك پێش ئەوەی خەڵكی كوردستان دەنگی خۆیان بدەن.
ئەم راگەیەندراوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دوابەدوای راگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكایە لەسەر هەمان پرسی ریفراندۆمی كوردستان، كە بە ئاشكرا لەسەر ئاكامی ریفراندۆمەكە قسە دەكات و راشكاوانە بە خەڵكی كوردستان دەڵێت، ئەوەی مەبەست بوو لە ئەنجامدانی ریفراندۆم بەدەستتان هێنا، ئیدی پێویست ناكات بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان.
توركیا دوای ئەوەی بێ ئومێد بوو لەوەی كە ئەنجومەنی ئاسایش و دەوڵەتانی ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ناتوانن دژی ئیرادەی خەڵكی كوردستان رابوەستن، هەر بۆیە رۆژی 23ی ئەیلوول بینالی یەڵدرمی سەرۆك وەزیرانی توركیا وەك ئەوەی رای فەرمیی حكومەتەكەی لەبارەی ئاكامی ریفراندۆمەكەوە دەرببڕێت، راشكاوانە رایگەیاند كە ئەنجامی ریفراندۆم دڵخۆشكەر نابێت، ئەمەش مانای ئەوەیە پێش وادەی دەنگدانی فەرمی خەڵكی كوردستان، توركیاش لێی مەعلوومە كە خەڵكی كوردستان بە (بەڵێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان) دەنگ دەدات و هیچ لایەنێكی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی و عێراقی چاوەڕێی ئەوە ناكات كە سندوقەكانی دەنگدان بكرێنەوە و بزانن خەڵكی كوردستان، ئاخۆ سەربەخۆیی دەوێت، یان بڕیاردەدات لە چوارچێوەی عێراقدا بمێنێتەوە.
كۆماری ئیسلامی ئێران كە لەهەر لایەنێكی دیكە زیاتر دژی پرۆسەی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانە، باش لەوە تێگەیشتووە كە ئەم پرۆسەیە چۆتە سەر سكەی خۆی و بە هیچ هێزێك پاشەكشەی پێناكرێت، بۆیە گرەوی ئێران زیاتر لەسەر ئەوە بوو كە یەكڕیزی و یەكدەنگیی خەڵكی كوردستان لە بەرامبەر پرسی ریفراندۆم دوو لەت بكات، بەڵام كە سلێمانی بە جۆش و خرۆشەوە بڕیاری دا (بەڵێ بۆ سەربەخۆیی)، ئیدی ئێرانیش لەدوای كەرنەڤاڵی سەربەخۆیی سلێمانییەوە بە فەرمی لەسەر ئاكامی ریفراندۆمەكە هەڵوێستی خۆی دەردەبڕێت، پاشانیش كە لە 22ی ئەیلوول، هەولێر تاجی سەركەوتنی كردە سەری ریفراندۆم، ئەوا ئیدی بە جارێك ئێران لەوە دڵنیا بوو، بۆیە هەموو هەوڵەكانی چڕكردۆتەوە بۆ ئەوەی لە قاڵبی بیركردنەوەیەكی كۆندا، خۆسەپێنێ بەسەر ئیرادەی كورددا فەرز بكات، بەڵام خۆی پێش هەمووان ئەو راستییە دەزانێت كە جارێكی دیكە خۆسەپێنی ئیقلیمی بەسەر ئیرادەی خەڵكی كوردستاندا فەرز ناكرێت.
عەرەبی شیعەی عێراق كە ئێستا جڵەوی حوكمڕانیی عێراقیان بەشێوەیەكی مەزهەبگەرایی بەدەستەوە گرتووە، ناتوانرێت وەك حكومەت و دامەزراوەی سیاسی و یاسایی هەڵوێستەكانیان بخوێندرێتەوە، یان شرۆڤەی لەسەر بكرێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئێستا لە عێراقی عەرەبیدا، حكومەت دەسەڵاتی بەسەر هەموو شتێكدا ناشكێت، هەر بۆیە ناتوانرێت پشت بە هیچ هەڵوێستێكی ببەسترێت.
لەناو عەرەبی شیعەی عێراقدا كەمینەیەكی ئاقڵمەند هەن كە دەزانن جارێكی دیكە عێراق ناگەڕێتەوە بۆ پێش ساڵی 2014، هەروەها ئەگەر ئاراستەی سیاسەتی حوكمڕانی لە عێراقدا راست نەكرێتەوەو لە هەژموون و باڵادەستیی ئێران و فیكری كۆماری ئیسلامی بۆ حوكمڕانی رزگاریان نەبێت، ئەوا عێراقی عەرەبی جیا لەوەی دەبێتە دەوڵەتێكی گۆشەگیركراوی هاوشێوەی ئێران لە هەمانكاتدا لە موحیتە عەرەبییەكەی دادەبرێت و لەوانەیە هێندەی دیكە پارچە پارچە بێت و نەتوانرێت لە چوارچێوەی قەومی عەرەبیدا و بەبێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازیی تائیفی پێكەوە كۆبكرێنەوە، بەمەش رێگە بۆ ئەوە خۆش دەبێت كە عەرەبی سوننەش بیر لە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی بكاتەوە.
دیارە جۆش و خرۆشی خەڵكی كوردستان لە پرۆسەی ریفراندۆمدا، ئەگەر لەسەرەتادا جۆرێك لە نیگەرانی لای وڵاتە گەورەو زلهێزەكان و ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دروست كردبێت، بەوەی ئەم هەنگاوەی كوردستان كاریگەری لەسەر شەڕی دژی داعش، یان تێكدانی سەقامگیری و گەڕانەوەی ئاوارەكان دەبێت، بەڵام خواستی خەڵكی كوردستان لە میانەی پرۆسەی ریفراندۆم كۆمەڵێك راستیی پێشكەشی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد كە خزمەت بە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و تەواوی ناوچەكە و قۆناخی پۆست داعش دەكات، ئەو راستییانەش ئەوەیە كە خەڵكی كوردستان لە رۆژانی پێش 25ی ئەیلوول چ داخوازی و خواستێكی هەبووە، ئێستا دوای 25ی ئەیلوولیش هەمان خواست و داخوازی هەیە كە بریتییە لەوەی عێراقی دوای داعش بە جۆرێك رێكبخرێتەوە كە وەڵامدەرەوەی خواستی پێكهاتەكانی بێت (بە كوردو شیعە و سوننەوە)، رێگەی راست بۆ سەقامگیری و ئاشتی تەنیا ئەو رێگەیەیە كە رێز لە ئیرادەی خەڵكی كوردستان و تەواوی پێكهاتەكانی عێراق بگیرێت، لەبەر ئەوەی ماوەی 100 ساڵە عێراق بە زەبری هێز بە یەكگرتوویی هێشتراوەتەوە، ئەگەر تەنیا رێگەیەكیش بۆ مانەوەی دەوڵەتێك ئەوە بێت بە زەبری هێز بە یەكەوە بهێڵدرێتەوە، ئەوا ئەو دەوڵەتە شایەنی ئەوە نییە كە بە یەكگرتوویی بمێنێتەوە.
ئەجیندای وتووێژی كوردستان و عێراق
تەنیا پرسی سەربەخۆییە
لەسەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە، عەرەبی شیعە بڕوای بە دەوڵەتداریی مەدەنی نەبووەو لە چاوەڕوانی هاتنی (ئیمام مەهدی)دا، دەسەڵاتی دەوڵەتداری بۆ كەمینەی عەرەبی سوننە رەتكردۆتەوە، بەڵام لە حەفتاكانی سەدەی رابردووەوە و لەژێر كاریگەریی فیكری (ویلایەتی فەقیه) كە ئایەتوڵا خومەینی رێبەرایەتی دەكرد، هەندێك حزبی سیاسی و شیعەی عەرەب دامەزراون كە هەوڵیان بۆ ئەوە بووە لە دژی رژێمی سەدام حوسێن خەبات بكەن، بەڵام لەناوچەكانی خۆیان كاریگەرییان نەبووە، هەر بۆیە كاتێك ناچار بوون رووبكەنە خەباتی چەكداری، لە بری ئەوەی لە ناوچەكانی خۆیانەوە شۆڕش بەرپا بكەن، روویان كردۆتە كوردستان و لە ناوچەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستاندا خەباتی چەكدارییان كردووە.
لەدوای دامەزراندنی كۆماری ئیسلامی و دەستپێكردنی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران، خەباتی عەرەبی شیعە دژی رژێمی سەدام حوسێن فراوان بوو، بەڵام ئەم فراوانبوونە كاریگەریی ئەو حزبە سیاسییە شیعانە نەبوو كە دروست ببوون، بەڵكو بەهۆی ئەو شەڕەوە بوو كە ژمارەیەكی ئیجگار زۆری سەربازی شیعەی عێراق بەدیلی كەوتنە دەستی سوپای ئێران و پاشان كۆماری ئیسلامی ئازادی كردن و وەك ئۆپۆزسیۆن دژی رژێمی سەدام حوسێن رێكیخستن، بەڵام وێڕای ئەم هەموو پشتگیرییەش لەلایەن كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بۆ لایەنە سیاسییەكانی شیعەی عێراق، كەچی نەیانتوانی لە ناوچەكانی خۆیان كاریگەری دروست بكەن و بوونیان هەبێت، هەربۆیە زۆربەی زۆری سیاسەتمەدارانی عەرەبی شیعەی عێراق، تەنیا نموونەیەكی دەوڵەتداری، كە شارەزاییان لەسەری هەبێت و بیانەوێت لاسایی بكەنەوە، نموونەی دەوڵەتداریی كۆماری ئیسلامیی ئێرانە، دیارە ئەم نموونەیەش لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە كە دەوڵەت بخرێتە خزمەتی مەزهەبی شیعەوەو لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە دەوڵەتییەكان بونیاد بنرێتەوە، پاشانیش لە رێگەی دامەزراندنی سوپایەكەوە هاوشانی سوپای نیزامیی وڵات كە لە ئێران بە سوپای پاسداران ناو دەبرێت، دەست بگیرێت بەسەر پرۆسەی سیاسیی وڵات و تەواوی جومگە گرنگەكانی دەوڵەتدا.
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كە لە ساڵی 2003 ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی عێراق و رووخانی رژێمی سەدام حوسێن-ی كردە ستراتیژیەتی ئیدارەكەی، لەسەر بنەمای ئەوەی ئەو زەمینەیەی لە ساڵی 1979 بۆ دامەزراندنی كۆماری ئیسلامی لە ئێران بوونی هەبوو، ئێستا هەمان زەمینە بۆ دامەزراندنی كۆماری ئیسلامی شیعە لە عێراقدا بوونی نییە، پشتی بەست بە چەند سیاسەتمەدارێكی شیعەی عەلمانی، یان ئەوانەی بڕوایان بە دەوڵەتی مەدەنی هەیە، نەك دەوڵەتی ئیسلامی، بەڵام هەر لەدوای تەوابوونی ماوەی دەسەڵاتی پۆل بریمەر-ی حاكمی مەدەنیی عێراق و دامەزراندنی حكومەتی كاتیی عێراق لە چوارچێوەی یاسای كاتی بۆ دەوڵەتی عێراق، د. ئەیاد عەلاوی كرایە سەرۆك وەزیران بەو حیسابەی لەماوەی ساڵێكدا زەمینەیەك بڕەخسێت بۆ ئەوەی لە یەكەم هەڵبژاردنی ئازاد لە عێراقدا، بەرەو دەوڵەتێكی مەدەنی هەنگاو هەڵبگیرێت، بەڵام ئاكامی یەكەمین هەڵبژاردن دەریخست كە عەرەبی شیعەی عێراق دەنگیان بەو لایەنە سیاسییانە داوە كە حزبی ئیسلامیی شیعەن و ئامانجیشیان دامەزراندنی كۆمارێكی ئیسلامی هاوشێوەی كۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
لەماوەی ساڵانی 2005 – 2011 كە ئەمریكا زیاتر لە 130 هەزار سەربازی لەسەر خاكی عێراق هەبوو، هەر چۆنێك بوو توانی رێگە لە وەرچەرخانی دەوڵەتی فیدڕاڵی عێراق بۆ كۆماری ئیسلامی هاوشێوەی ئێران لە عێراقدا بگرێت، بەڵام كە ئەمریكا لە كۆتایی 2011 هێزەكانی لە عێراق كێشایەوە و جڵەو بۆ نوری مالیكی شل كرا بۆ ئەوەی نموونەیەكی حوكمڕانی لە دەوڵەتێكی مەدەنیمان پیشان بدات، ئەوا هەر لە مانگی یەكەمی ساڵی 2012، نوری مالیكی هەموو بنەماكانی دەوڵەتێكی مەدەنی لە عێراقدا گۆڕی بۆ دەوڵەتێك بە هاوشێوەی كۆماری ئیسلامی ئێران و لەمەش زیاتر بە هاوشێوەی بنەماكانی كۆماری ئیسلامی، تەواوی دەوڵەتی عێراقی خستە خزمەتی مەزهەبی شیعە و باڵادەستیی شیعە لە عێراقدا.
ئەم ئاراستەیەی شێوازی حوكمڕانی نوری مالیكی لە ماوەی ساڵانی 2011-2014 كە ئامانج لێی ئەوە بوو یەكەمجار چاوی كوردستان بشكێنێت بە بڕینی بودجە و مووچە، دیارە ئامانجی دووەمی ئەوە بوو كە هەموو سەركردەكانی عەرەبی سوننەی عێراق لەژێر پەردەی تیرۆردا تەسفیە و پاشانیش جەماوەرەكەی دەستەمۆ بكات، بەڵام ئەنجامەكەی ئەوە بوو كە رێكخراوی تیرۆریستی داعش سەریهەڵدا، دوای ئەوەش موسڵ داگیركرا و خەلافەتی ئیسلامی داعش راگەیەندرا كە تائێستاش عێراق بەدەستیەوە دەناڵێنێت.
ئیدارەی ئۆباما لە دوای كەوتنی موسڵ، بەتەواوەتی گەیشتە ئەو قەناعەتەی كە سەرهەڵدانی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش و كەوتنی موسڵ و راگەیاندنی خەلافەتی ئیسلامیی داعش، هەموویان دەرهاویشتەی سیاسەتی هەڵەی حوكمڕانیی نوری مالیكی بووە، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا ئیدارەی ئەمریكا لە 2014 گەیشتە ئەو قەناعەتەی كە شەڕی داعش لە عێراقدا، شەڕی ناوخۆیی نێوان سوننە و شیعەیەو پێویست نییە ئەمریكا خۆی بكاتە بەشێك لە كێشەیەك كە پەیوەندیی پێیەوە نییە، بەڵام كاتێك داعش ئاراستەی هێرشەكەی خۆی گۆڕی بۆ سەر كوردستان و كوردستانیش لە بارودۆخێكی خراپدا بوو، لەبەر ئەوەی حكومەتی مالیكی ریگەی نەدابوو كە هێزی پێشمەرگە بە هاوشێوەی سوپای عێراق چەكدار بكرێت، لە هەمانكاتدا ماوەی نزیكەی 8 مانگیش بوو بودجە و مووچەی كوردستانی بڕیبوو، بۆیە ئەمریكا رایگەیاند كوردستان هێڵی سوورە و نابێت رێگە بدرێت، تیرۆریستانی داعش پێشڕەوی بكەن.
دیارە لەماوەی ئەو 100 رۆژەی كە پرۆسەی هەڵمەتی ریفراندۆم لە كوردستان بەڕێوەچوو، پەرلەمانتار و سیاسەتمەداری شیعەی عێراق باش لەوە حاڵیبوون كە جارێكی دیكە دەبێت خەونی دامەزراندنەوەی كۆماری ئیسلامیی عێراق لە گۆڕ بنێن، بۆیە زۆر جار كە قسە دەكەن، ئەوەمان پێ دەڵێن، ئەگەر كوردستان بەشێك نەبوایە لە عێراق، ئەوا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوكاریی سەربازی پێشكەشی پێشمەرگە نەدەكرد، لە وەڵامی ئەم قسە ئاست نزمانە، تەنیا ئەو دیكۆمێنتانە دەخەینەوە بەرچاویان، ئەگەر هەڵەی داعش نەبوایە كە هێرشی كردە سەر كوردستان، ئەوا لە چاوی جیهاندا خەلافەتە ئیسلامییەكەی ئەبوبەكر بەغدادی و كۆمارە ئیسلامییەكەی نوری مالیكی هیچ جیاوازییەكیان نەبووە، لەمەش زیاتر مەرجەعییەتی شیعەی عێراقیش كە ماوەی سێ ساڵە لەسەر بڕینی بودجەی مووچەی كوردستان بێدەنگە، باش دەزانێت لە سەرەتای داگیركردنی موسڵ و راگەیاندنی خەلافەتی ئیسلامیی داعش، چۆن كۆمارە ئیسلامییەكەی مالیكی هەموو شیعە و تەنانەت بەغداشی خستە مەترسییەوە و بەناچاری مەرجەعییەت فەتوای (نەفیر عام)ی بۆ شیعە دەركرد لەچوارچێوەی حەشدی شەعبی-دا، بۆیە عەرەبی شیعەی عێراق ئەگەر لەبەر هیچ شتێكی دی سوپاسگوزاری كوردستان نەبوایە، دەبوو لەبەر ئەوەی كوردستان بووە دەروازیەك بۆ ئەوەی عێراق ببێتە ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، سوپاسگوزاری كوردستان بوایە.
ئەم باكگراوەندە بۆ ئەوە بوو كە دوو خاڵی گرنگ بخەینە روو:
1. دوای كەوتنی موسڵ و راگەیاندنی خەلافەتی ئیسلامی داعش، ئەمریكا بەتەواوەتی گەیشتە قەناعەت كە ئەمە شەڕی سوننە و شیعەیە، نەك دەوڵەتێكی دیموكراتی و گروپێكی تیرۆریستی، بۆیە هیچ جیاوازیەكی لەنێوان خەلافەتە ئیسلامییەكەی ئەبوبەكر بەغدادی و كۆمارە ئیسلامییەكەی نوری مالیكی نەكردو تەینا تەماشای كوشتوبڕی نێوانیانی دەركرد.
2. دوای ئەوەی داعش هێرشی كردە سەر كوردستان و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش دروست بوو، ئیدارەی سەرۆك ئۆباما مەرجی یەكەمی ئەوە بوو، كە نوری مالیكی لە پۆستی سەرۆك وەزیران دوور بخرێتەوە و لایەنی كوردستانی بكاتەوە شەریكی راستەقینە لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا، بەڵام ژینگەی سیاسیی عەرەبی شیعە بە هۆی باڵادەستی و نفووزی كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، لەوە دەرچووبوو كە هێزێكی دەرەكی بتوانێت لە دوورە و بەبێ بوونی نفووزێكی گەورەی سەربازی لەسەر زەوی، جارێكی دیكە پرۆسەی سیاسی رێكبخاتەوە، ئەمەش وایكرد حكومەتی عەبادی وەك حكومەتێكی لاواز ببێتە نوێنەری عێراق لەسەر ئاستی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، لەسەر ئەرزی واقیعیش حەشدی شەعبی دەسەڵاتداری سەرەكی بێت.
ئەگەر سەرنج لەم دووخاڵە بدەین، ئەوا دەگەینە ئەو ئاكامەی كە ئیدارەی ئۆباما زۆر بە باشی نەخۆشییەكانی پرۆسەی سیاسیی عێراقی دیاریكردووە كە بریتین لە:
ئەگەر عێراق تەسلیمی عەرەبی شیعەی عێراق بكرێت، ئەوا كۆمارێكی ئیسلامی بەرهەم دەهێنێت و دەرهاویشتەی ئەم كۆمارە ئیسلامییەش دەبێتە هۆی پشتگیریكردنی عەرەبی سوننە لە دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی لە عێراقدا.
ئەگەر هەوڵێك هەبێت بۆ ئەوەی بە هەر نرخێك بێت كە پرۆسەی سیاسیی عێراق رێكبخاتەوە، ئەوا ئەم هەوڵە پێویستی بەوەیە هێزیكی ئەمریكا كە ژمارەكەی لە 150 هەزار كەمتر نەبێت لە بەشە عەرەبییەكەی عێراق بوونی هەبێت و عێراق لە رووی سەربازییەوە ئەمریكا بەڕێوەی بەرێت، ئەمەش بۆ ستراتیژیەتی ئەوكاتی ئۆباما و ئێستای سەرۆك ترەمپ كارێكی مەحاڵە و ناتوانرێت ئەو هێزە لە عێراقدا بوونی هەبێت. بەڵام لەبەرامبەردا ئێران لەو ژمارەیە زیاتر هێزی بەشێوەی هێزی وەكیل لە عێراقدا هەیە كە ئەویش هێزەكانی حەشدی شەعبی-یە.
هەموو ئەوانەی لەسەر دۆسێی دووبارە رێكخستنەوەی عێراقی دوای داعش كاردەكەن و راپۆرتیان بۆ ئیدارەی ترەمپ ئامادە كردووە، زۆر باش لە كێشەكانی عێراقی عەرەبی لە ژێر حوكمڕانیی شیعە تێگەیشتوون و دەزانن، خاڵی لاوازی ئەمریكا لە عێراقدا ئەوەیە كە لە عێراقی عەرەبیدا، هێزی زەمینی ئەمریكا بوونی نییە، هەروەها هیچ هێزێكی زەمینیش لەناو عەرەبی شیعەی عێراقدا هاوپەیمانێكی پشت پێ بەستراوی ئەمریكا نین، بۆیە پێشنیاری هەموویان ئەوەیە كە دەبێت ئەمریكا هێزێكی دیاریكراوی لە عێراقدا هەبێت بۆ ئەوەی رۆڵی ئاشتیپارێز لە نێوان هێزی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی ببینێت، هەتا پرۆسەی سیاسی لە عێراقی عەرەبی رێكدەخرێتەوە و پاشان پەیوەندی داهاتووی نێوان كوردستان و عێراق دیاری دەكرێت.
ئەگەر بە وردی سەرنج لەسەر ئەم خاڵانە بدەین كە بوونە هۆكارێكی بەڵگەنەویستی سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر بە عێراق، ئەوا دەگەینە ئەو دەرەنجامەی كە سەربەخۆیی كوردستان نەك هەر تەنیا لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا دژبەر نییە، بەڵكو لەگەڵ ستراتیژیەتی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعشیش كێشە دروست ناكات، لە كاتێكدا ئەوان پێش 25ی ئەیلوول داوایان لێدەكردین راستەوخۆ دەست بە وتووێژ لەگەڵ بەغدا بكەین بۆ ئەوەی پەیوەندییەكانی داهاتووی عێراق و كوردستان بە دیالۆگ دیاری بكرێت، كوردستان وەك رێزگرتنێك لەم داوا نێودەوڵەتییە لە پێش 25ی ئەیلوول شاندی خۆی ناردە بەغداو ئێستاش كە دوای 25ی ئەیلوولە هەر لەسەر ئەو ئاراستەیە بەردەوام دەبێت، بەڵام یەك نەگۆڕ لە سیاسەتی كوردستاندا هەیە، ئەویش ئەوەیە تەنیا دۆسێی بۆ گفتوگۆ لە گەڵ عێراقدا بریتییە لە دانوستاندن لەگەڵ عێراق وەك دوو دراوسێی باش لەگەڵ یەكتریدا، بێجگە لەم دۆسێیە لەهەر چوارچێوەیەكدا دیالۆگ و دانوستاندن بكرێت، هیچ ئاكامێكی نابێت و ئەمریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش خۆیان پێش هەر لایەكی دیكە گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی ئەگەر بیانەوێت ئەزموونی كۆماری ئیسلامی لە عێراقدا دووبارە نەبێتەوە، دەبێت كوردستان سەربەخۆ بێت، بۆ ئەوەی عەرەبی شیعەی عێراق لەژێر پەردەی قەومی عەرەبیدا ئەم سیاسەتە بەسەر هەموو لایەكدا نەسەپێنن.
دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان
كۆدی سەركەوتنی داعش پێشكەشی هاوپەیمانان دەكات
ئەگەر بشێت بەو پەندە دەست پێبكەین كە دەڵێت: (بە هەزار حەكیم هێندەی دەردەدارێك نازانن)، ئەوا دەكرێت بڵێین: هیچ دەوڵەتێك لەم جیهانەدا هێندەی ئیسرائیل و عەرەبستانی سعودی لە هۆكارە ریشەییەكانی ئاژاوەو پاشاگەردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێنەگەیشتوون كە ناویان لێناوە مەدی شیعەگەرایی ئێران لە ژێر ناونیشانی هیلالی شیعە، یاخود بازنەی شیعیدا. هەر ئەم مەترسییەی كە ئێران لە پشتیەوەیەتی بۆسەر سعودیە وەك نوێنەری دەوڵەتانی عەرەبی سوننە و ئیسرائیل وەك دوژمنی تەقلیدیی ئێران، بۆتە هۆكاری ئەوەی لە بری ئەوەی ئێران و دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسلامی لە دەوری یەكتری كۆبكاتەوە لە دژی ئیسرائیل بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین، كەچی ئێستا دەوڵەتانی عەرەبی بە سەرۆكایەتی سعودیە بوونەتە باشترین هاوپەیمانی ئیسرائیل لە دژی ئێران و. تەنانەت لە ساڵی 2015 وەو لەوكاتەی كە بنیامین ناتانیاهۆ-ی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند: «رێگە بە دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین نادەین، لانیكەم هەتا من لە ژیاندا مابم»، یەك دوو رۆژ لەوەدوا شا سەلمانی پادشای سعودیە هاوپەیمانیی عەرەبی و ئیسلامی بەناوی گەردەلوولی (حەزم) لە دژی حوسییەكانی یەمەن راگەیاند، زۆر لە چاودێران مەزندەی ئەوەیان دەكرد دوای ئەو قسەیەی ناتانیاهۆ، ئەگەر دەوڵەتانی عەرەبی ئیسلامی هاوپەیمانییەكی سەربازی پێكبهێنن، ئەوا لە دژی ئیسرائیل پێكی دەهێنن، نەك دژی لایەنێكی دیكە، بەڵام دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسلامی دژی دەستێوەردانی ئێران لە یەمەن پێكیانهێنا.
ئامانجی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەو دروشمەی كە خۆی بەرزی كردۆتەوە بە ناوی (هەناردەكردنی شۆڕش بۆ دەرەوە)، ئەوەیە لە هەر شوێنێك پێكهاتەی مەزهەبی شیعە هەبێت، دەوڵەتی مەدەنی بگۆڕێت بۆ دەوڵەتێكی ئایینی، ئاكامی ئەم هەوڵانەی ئێران ئێستا بەرەیەكی ئایینی لە چوارچێوەی مەزهەبی شیعە لە سەنعاوە بۆ باشووری لوبنان دروست كردووەو لە رێگەی وەكیلەكانیەوە دەستتێوەردان لە تەواوی وڵاتانی ناوچەكە دەكات.
لەم بازنەیەدا كە ئێران رۆڵێكی كاریگەر لەسەر زەوی لەشەڕی دژی داعش لە سووریا و بەشە عەرەبییەكەی عێراق دەگێڕێت، شەڕی داعش بۆتە شەڕی ئایینیی نێوان شیعە و سوننە، لەمەش زیاتر ئەگەر ئەم شەڕە بەو لایەدا كۆتایی بێت كە لایەنی شیعە بە پشتگیری ئێران بوونیان هەیە، ئەمە مانای ئەوەیە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی وەك ئەوە وایە هیچی نەكردبێت و ئاكامی ئەم شەڕەی پێشكەشی ئێران و وەكیلەكانی لەناوچەكەدا كردبێت.
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، هەتا ئێستا كۆماری ئیسلامی ئێرانی وەك ئەندامی ئەو هاوپەیمانییە وەرنەگرتووە، ئەمە لەگەڵ ئەوەی ئێران هەموو هەوڵی لەماوەی سێ ساڵی رابردوو بۆ ئەوە بووە كە ببێتە ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بۆ ئەوەی شەرعییەتێك بۆ خۆی وەك لایەنی براوەی شەڕەكە مسۆگەر بكات و پارێزگاری بەو دەوڵەتە ئایینانەوە بكات كە دروستی دەكات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی نەیتوانیوە لە سووریا و بەشە عەرەبییەكەی عێراق بەدیلی هێزی زەمینی بۆ ئێران دروست بكات، ئەوا ئیدارەی سەرۆك ئۆباما بەناچاری لەو دوو ناوچەیە پشتی بە هێزە زەمینییەكانی ئێران بەستبوو، هێزە ئاسمانییەكانی هاوپەیمانانیش وەك چەترێكی ئاسمانی لەم شەڕەدا بەرگری لێكردوون، بۆیە ئێستا لەسەردەمی ئیدارەی سەرۆك ترەمپ، هەموو هەوڵەكان بۆ ئەوەن ئاراستەی شەڕی دژی داعش بەو جۆرە بگۆڕن كە سەرەنجام ئێران و وەكیلەكانی نەبنە براوەی شەڕەكە، بەڵكو تێكشكاندنی داعش ببێتە سەركەوتن بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و هەر ئەوانیش لە دوای تێكشكاندنی داعش وەك براوەی شەڕەكە، قۆناخی پۆست داعش لەناوچەكە دووبارە دابڕێژنەوە.
لەناو ئەم هاوكێشە ئاڵۆزەی شەڕی دژی داعشدا، تەنیا شوێنێك كە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەگشتی و ئەمریكا بەتایبەتی خاوەنی هاوپەیمانێكی پشت پێ بەستراوی ئەوتۆ بێت كە هێزێكی كاریگەری لەسەر زەوی هەبێت، تەنیا هەرێمی كوردستانە، هەر ئەم هێزەشە كە دەتوانرێت پشتی پێ ببەسترێت و رێگە نادات ئاراستەی شەڕی دژی داعش لە شەڕی نێوان جیهانی ئازاد و تیرۆریستاندا، بگۆرێت بۆ شەڕێكی دیكەی ئایینی یاخود شەڕی نێوان شیعە و سوننە.
كێشەی سەرەكیی ئەمریكا لە شەڕی دژی داعش ئەوەیە كە بێجگە لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان، هیچ هێزێكی پشت پێ بەستراوی لەسەر زەوی نییە، تەنانەت ئەو هێزانەشی وەك حەشدی شەعبی و سوپای عێراق لەبەرەی شەڕی دژی داعش لە عێراق و ئەو هێزانەشی لە سووریا لە ژێر ناوی هێزی سووریای ئازاد پشتگیرییان دەكات، وەك چاودێران و توێژەران جەختی لەسەر دەكەنەوە، سەرەنجام هەر هەموویان خۆیان لەبەرەی ئێراندا دەبێننەوە بە هێزەكانی (یەپەگە)شەوە كە ئێستا وەك بڕبڕەی پشتی هێزی سووریای ئازاد لەقەڵەم دەدرێن، ئەو بەشەشی كە لە هێزی سووریای ئازاد دەمێنێتەوە كە بریتین لە هۆزە عەرەبەكانی سووریا و بەنیازن دوای ئەوەی رەققە ئازاد دەكرێتەوە، رادەستی ئەوانی بكاتەوە، ئەوانەش راستە زیاتر بەرەی فەتحی شامی ئێستا و نوسرەی پێشان نزیكترن، بەڵام ئەوانیش خۆیان بە شوێنكەوتووی ئەلقاعیدە دەزانن و لە باشترین حاڵەتدا دەكەونە چوارچێوەی ئەو هێزانەی لەلایەن توركیاوە پشتگیرییان لێدەكرێت، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا ئەگەر هێزی هاوپەیمانان پشتیوانی لە هێزی پێشمەرگە و كوردستان دەكەن، لە بەر ئەوەیە لەم جوگرافیایەدا دەوڵەتێكی ئەمری واقیع دەبینن كە بەرەو دەڵەوتێكی مەدەنی و خاوەن سەروەریی لەسەر بنەمای مافی هاووڵاتیبوون هەنگاو هەڵدەگرێت، بەپێچەوانەی ئەوەی كە جگە لە كوردستان لەهەموو ئەو جوگرافیایەی شەڕی دژی داعشی تێدا دەكرێت و هاوپەیمانان بە سەرۆكایەتی ئەمریكا هاوكارییان دەكەن، ئەوا ئاكامی شەڕەكە بۆ هاوپەیمانان بەو جۆرەیە كە یان دەبێتە دەستكەوت بۆ ئێران، یان دەبێتە دەستكەوت بۆ ئەو هێزانەی ئێستا خۆیان بە پاشكۆی تیرۆریستان و ئەلقاعیدە دەزانن.
لەم چوارچێوەیەدا ئەگەر سەیری بایەخ و گرنگیی پرۆسەی ریفراندۆمی كوردستان بكەین، لەكۆی ئەو پرۆسەیە خواستێك بەدی دەكرێت كە نایەوێت ببێتە بەشێك لەو ستراتیژەی كە بە دژی ستراتیژیەتی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بشكێتەوە، بەڵام بەداخەوە وەك لەچەند رۆژی رابردوو بینیمان لەبەرامبەر ئەم خواستە پاكەی نەتەوەیەك كە بە فیعلی دەیەوێت تیرۆریستان تیكبشكێت و پاشان دەوڵەتێك دابمەزرێت كە ببێتە ژینگەیەكی تەندروست بۆ پێكەوەژیان و لێبوردەیی لە نێوان ئایین و نەتەوە جیاوازەكان دروست بكات، هەڵوێستێكی زۆر هەڵەیان وەرگرت و هەموو هەوڵیان بۆ ئەوە بوو كە ئاستەنگ بۆ پرۆسەی ریفراندۆمی كوردستان دروست بكەن، ئەمانە هەمووی لە كاتێكدا بوون كە گەلی كوردستان پێش 25ی ئەیلوول و لەمیانەی جۆش و خرۆشی هەڵمەتەكەدا ئاكامی ریفراندۆمەكەی راگەیاندبوو.
لەئێستاوە كە دوای 25ی ئەیلوولی 2017 یەو لەگەڵ ئەو هەڵوێستە نادروستانەش كە بەرامبەر پرۆسەی ریفراندۆمی كوردستان گیرانەبەر، بەڵام هەڵوێستی كوردستان و سەركردایەتییە سیاسییەكەی لە بەرامبەر شەڕی دژی داعش هەر هەمان هەڵوێستی پێش 25ی ئەیلوولە، بۆیە هاوكات كە پرۆسەی دانوستاندن لەگەڵ حكومەتی عێراق لەسەر ئاكامی ریفراندۆم دەستی پێكردووە، هەقە وتووێژێكی راستگۆیانەو راشكاوانەش لەگەڵ هەموو دۆستەكانمان لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەست پێ بكەین و زەمینیەك بۆ ئەوە خۆش بكەین كە لە كۆی سەركەوتنی شەڕی دژی داعشدا، كۆی رەهەندەكانی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان هەڵسەنگاندنی بۆ بكرێت و ئەو پرسیارەیان لێ بكەین، ئەگەر رێگری لە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان بكەن، ئایا ئاكامی ئەم شەڕە بە كۆێ دەگات؟ گریمان هاوپەیمانی نێودەوڵەتی توانی لە رووی سەربازییەوە تیرۆریستانی داعش تێكبشكێنێت، بەڵام ئایا بەبێ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان چ لایەنێك دەبێتە براوەی شەڕەكە و كێ دەستكەوتەكانی دەچنێتەوە؟ بۆیە لەم چوارچێوەیەدا و وەك شارەزایان و كوردستانناسەكانی رۆژئاوا جەختی لەسەر دەكەنەوە، كوردستان تەنیا هاوپەیمانی پشت پێ بەستراو و باوەڕپێكراوی رۆژئاواو جیهانی ئازادە، ئەگەر پشتگیری ئەم هاوپەیمانە نەكرێت، خۆری ئەمریكا و رۆژئاوا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاوا دەبێت و ئەگەر لە رووی سەربازییەوە لەشەڕی دژی تیرۆریستانی داعشیش سەركەوتوو بین، ئەوا ئەم ناوچەیە دەبێتە ژینگەیەكی لەبارتر بۆ گەشەكردنی فیكری رادیكاڵی ئیسلامی لە ناو هەردوو مەزهەبی شیعە و سوننە، چەندین رێكخراوی تیرۆریستی هاوشێوەی داعش لەژێر ناوی جۆراوجۆری دیكەدا دروست دەبنەوە، بۆ ئەوەی ئەم مەترسییە لە سەرجەم مرۆڤایەتی و جیهانی ئازاد دووربخرێتەوە، بێجگە لە پشتگیرییەكی راشكاوانەو راستگۆیانە بۆ دەوڵەتی كوردستان ریگەیەكی دیكە بوونی نییە.