كۆماری فیدڕاڵی كوردستان جیهان پێشوازی لە دەوڵەتی پێشمەرگە دەكات
September 23, 2017
راپۆرتەکان
لایەنێكی دیكەی بەڕێوەچوونی پرۆسەی ریفراندۆم، دووپاتكردنەوەی چەند زاراوەیەكی تازەن لەناو سیاسەتی جیهانیدا كە بەفەرمی ئاراستەی كوردستان دەكرێت، ئەو زاراوانەش بریتین لەوەی (كاتی ریفراندۆم گونجاو نییە، یان ئەولەوییەتی ئێستای هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعشە)، لەماوەی نزیكەی ئەم سێ مانگەی كە هەڵمەتی پرۆسەی ریفراندۆم بەڕێوە دەچێت، خەریكە خەڵكی كوردستان تەواو تەواو لەم دوو زاراوە تازەیەی ناو سیاسەتی جیهانی بەرامبەر كوردستان تێدەگەن و گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی بەوەی پێویستە ئەولەوییەتی كوردستان وەك بەشێك لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، هاوشێوەی ئەولەوییەتی تەواوی دەوڵەتانی ناو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بێت، بەڵام ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە ئەوەیە كە راشكاوانە ئەوە دەركەوتووە كە ئەولەوییەتی بارزانی بۆ سەربەخۆیی لەگەڵ ئەولەوییەتی هاوپەیمانان بۆ تێكشكاندنی داعش هاودژی دروست ناكات، بەڵكو جۆرێك لە هەندێك لێكدانەوەی كورتمەودادا، جۆرێك لە ئیشكالییەت دروست دەكات، ئەمەش بەو مانایەی ترس لەوە هەیە راگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستان، تەركیزی كوردستان لە شەڕی دژی داعش كەمتر بكاتەوە، هەستكردن بەم ترسە لەلایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەگشتی و ماكگۆرك بەتایبەتی دەكرێت بە رۆڵی بەهێزی كوردستان لە شەڕی دژی داعش بخوێندرێتەوە و دانپێدانانە بەوەی كە كوردستان توانی ئەفسانەی داعش بەتاڵ بكاتەوەو تەنانەت لە ئازادكردنەوەی موسڵ وەك پایتەختی خەلافەتی داعش، دیسان ئەوە پێشمەرگە بوو دەروازەكانی خەلافەتی ئیسلامی تێكشكاندو پاشان بە نزیكەی 9 مانگ ئینجا سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لەژێر چەتری فڕۆكەكانی هاوپەیماناندا توانییان موسڵ ئازاد بكەنەوە، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا هاوپەیمانان كە دەڵێن كاتی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان نییە، ترسی ئەوەیان كە خەڵكی كوردستان و هێزی پێشمەرگە دوای راگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستان، بایەخیان لەسەر شەڕی دژی تیرۆریستانی دژی داعش كەم ببێتەوە، بەمەش ئاراستەی سەركەوتنەكان بەرەو خاوبوونەوە بچن.
بۆ روونكردنەوەی ئەم لایەنە كە لەوانەیە لای زۆربەی دەوڵەتانی هاوپەیمانی دژی داعش وەك خۆی روون و ئاشكرا نەبێت، راشكاوانە كارەساتی 11ی سێپتەمبەری 2001 بەبیر هەموو لایەك دەهێنینەوە، كاتێك سەرۆك جۆرج دەبلیو بوش لە یەكەمین پەیامیدا دوای ئەو كارەساتە بە جیهانی راگەیاند، دەبێت هەموو جیهان هەڵوێستی خۆی یەكلایی بكاتەوە، یان ئەوەیە دەبێت بەشێك بێت لەبەرەی دژی تیرۆر، یان وەك بەشێك لە بەرەی تیرۆر سەیر دەكرێت، لە وەڵامی ئەم پەیامەی سەرۆك بوشدا، سەرۆك بارزانی بە بۆنەی 40 ـەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوولەوە پەیامێكی راگەیاندو وەڵامی كوردستانی بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دایەوە، بەوەی گەلی كوردستان لە 11ی ئەیلوولی 1961 شەڕی خۆی دژی تیرۆریستان راگەیاندووە و چل ساڵ پێش كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی شەڕی تیرۆر دەكات و لەو پێناوەشدا بە دەیان هەزار قوربانی داوە. دیارە ئەم پەیامەی سەرۆك بارزانی كە 13ساڵ پێش سەرهەڵدانی داعش راگەیەندراوە، جارێكی دیكە لە ئابی 2014 بە كردەیی پیادەكرا و پێش ئەوەی دەوڵەتانی جیهان لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەكدا بۆ شەڕی دژی داعش بەرەیەك دروست بكەن، بارزانی بە تەنیا لە كوردستانەوە شەڕی (مان و نەمانی) دژی تیرۆریستانی داعش راگەیاند و هەر لە كوردستانیشەوە ئەفسانەی تیرۆریستانی داعش بەتاڵ كرایەوە. ئەمەش مانای ئەوەیە ئەگەر لە ساڵی 2001 سەرۆك جۆرج دەبلیو بۆش بە جۆرێك لە زمانی هەڕەشە جیهانی بۆ بەرەی دژی تیرۆر كۆكردبێتەوە، ئەوا سەرۆك بارزانی لە ئابی 2014 بە بڕیاری بوێرانە و بە جوامێری پێشمەرگە قارەمانەكان جیهانی بۆ شەڕی دژی داعش و كۆتاییهێنانی تیرۆریستان لە كوردستان كۆكردەوە.
بۆیە گرنگە دەوڵەتانی هاوپەیمانیی نیودەوڵەتی دژی داعش، ئەو ترسە لەدڵی خۆیان دەربكەن و لەوە دڵنیابن كە بڕیاری كوردستان بۆ شەڕی دژی تیرۆر، بڕیارێكی خۆڕسكانەی ئیرادەو ویژدانی گەلی كوردستانە بە تەواوی پێكهاتە جیاوازەكانیەوە، هەروەها شەرعیەتی راگەیاندنی شەڕی تیرۆر لە سەنگەری پێشمەرگەوە وەردەگرێت و چاوەڕێی بڕیاری نێودەوڵەتی ناكات، هەر بۆیە ئەگەر ئیرادەی سەرۆكی كوردستان و هێزی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان بەبێ بوونی سوپایەكی بەهێزی مۆدێرن و چەكی پێشكەتوو و مەشق و راهێنانی سەربازییانەی سەردەمییانە، لەو ئاستە بێت، تەنیا بە ئیرادەی خۆی بڕیاری شەڕی مان و نەمان دژی تیرۆریستان بدات، ئەوا كاتێك ئەم گەلە قارەمانە دەبێتە خاوەنی دەوڵەت و سوپا و چەكی پێویست، ئەوا دەبێتە سەرمەشقی نەك تەنیا تێكشكاندنی تیرۆریستان، بەڵكو لە ریشە هەڵكێشانی فیكری تیرۆر لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ماوەتەوە بڵێین، تاجی سەركەوتنی شەڕی دژی داعش و لە ریشە هەڵكێشانی فیكری توندڕۆیی ئیسلامی، بە دەوڵەتی كوردستان دەگاتە مەنزڵ، بۆیە وەك بیرمەندان لە پێناسەی ئەو دەوڵەتەی دەبێتە هۆكاری تێكشكاندنی تیرۆریستان و لە ریشە هەڵكێشانی فیكری تیرۆر ئاماژەیان پێكردووە، ئەوا دەوڵەتێك دەتوانێت تیرۆر لەناو ببات كە سوپایەكی بەهێزی هەبێت وەك پێشمەرگە لەسەر زەوی تیرۆریستان تێكبشكێنێت، سەرۆكێكی هەبێت وەك بارزانی كە بتوانێت پێكەوەژیان و لێبووردەیی لەنێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان دروست بكات، هەر دەوڵەتێك ئەم دوو تایبەتمەندییەی تێدا بێت، دەبێت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خۆی ببێتە مامان بۆ لەدایكبوونی، نەك خۆی بكاتە ئاستەنگ بۆ لەباربردنی.
لەماوەی ساڵانی 2014 – 2017، لەو كەوانەیەی پێی دەگوترێت كەوانەی تیرۆر لە پاكستانەو درێژ دەبێتەوە بۆ نەیجیریا، بێجگە لە كوردستان هیچ دەوڵەتێك ئەو دوو تایبەتمەندییەی تێدا نییە كە كوردستان هەیەتی، بۆیە دەبێت هەموو جیهان پێشوازی لە كۆماری فیدڕاڵی كوردستان بكات، وەك دەوڵەتی پێشمەرگەو نیشتمانی پێكەوە كۆكردنەوەی جیاوازییە نەتەوەیی و ئایینەكان.