دەوڵەتی كوردستان دەروازەی یەكەم بۆ گەڕانەوەی رۆڵ و پێگەی رۆژئاوا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا

دەوڵەتی كوردستان دەروازەی یەكەم بۆ گەڕانەوەی رۆڵ و پێگەی رۆژئاوا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا
لەوانەیە پێداگریی بیرێت ماكگۆرك نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا بۆ شەڕی دژی داعش لەسەر مانەوەی عێراق بە یەكپارچەیی، بۆ دوو خاڵی گرنگ بگەڕێتەوە:
1. سەركەوتنی ستراتیژیەتی ئیدارەی ئۆباما لە شەڕی دژی داعش، پاش ئەوەی داعش هێرشی كردە سەر كوردستان لە دوای مانگی ئابی 2014.
2. مانەوەی ئەم دیپلۆماتكارە لەهەمان پۆستی خۆی لە ئیدارەی تازەی ترەمپدا.
ئەم دووخاڵە هەم بۆ ماكگۆرك وەك دیپلۆماتكارێك و هەمیش بۆ پارتی دیموكراتی ئەمریكا گرنگە، بەتایبەتی كە گواستنەوەی ئەمجارەی دەسەڵات لە پارتی دیموكراتەوە بۆ پارتی كۆماری لە ئەمریكا، وەك سەرۆك ترەمپ لە گوتاری دەستبەكاربوونی وەك سەرۆك ئاماژەی پێكردو گوتی: ئەمجارە دەستاودەستكردنی ئاشتییانەی دەسەڵات نییە لە نێوان دوو پارتدا، بەڵكو گێڕانەوەی دەسەڵاتە لە واشنتۆنەوە بۆ هەموو گەلی ئەمریكا، ئەمەش مانای ئەوەیە لەدوای كۆتاییهاتنی جەنگی دووەمی جیهانییەوە، ئەمە یەكەمجارە لە پرۆسەی دەستاودەستكردنی دەسەڵات لەنێوان هەردوو پارتی كۆماری و دیموكراتی، جیاوازییەكی هێندە گەورە هەبێت و سەرۆكی هەڵبژێردراو هەموو بوارەكانی سیاسەتی ئیدارەی پێش خۆی بە هەڵە بزانێت و سەرلەنوێ سیاسەتی تازە دابڕێژێتەوە، بۆیە لەناو ئەو جیاوازییە گەورەی سیاسەتی دیموكراتەكان و كۆمارییەكان لەسەر هەموو شتێك، تەنیا شتێك كە هەتا ئێستا سەرۆك ترەمپ نەیگۆڕیوە، درێژەدانە بە ستراتیژیەتی كۆتایی ساڵی 2014ی ئیدارەی ئۆباما بۆ شەڕی دژی داعش، لەمەش زیاتر تەنانەت ئەو دیپلۆماتكارەشی نەگۆڕیوە كە نوێنەرایەتی سەرۆكی ئەمریكای لەم شەڕەدا كردووە، بۆیە لە رووی سایكۆلۆژی و سایكۆپۆلیتیك-یشەوە، بێگومان ماكگۆرك ئەوە بە شانازی بۆ خۆی و پارتی كۆماری دەزانێت كە ئەم ستراتیژە سەركەوتنی بەدەست هێناوە. بەڵام ئەم تەنیا خاڵەش كە لە دوو ئیدارەی ئۆبامادا وەك خاڵێكی سەركەوتوو هەژمار دەكرێت، ئایا بەبێ سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و تێكشكاندنی داعش لەسەر دەستی پێشمەرگە بوونی دەبوو؟ بێگومان نەخێر و تەنانەت دوای ئەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان پێشڕەوییەكانی داعشی راگرت و دەستی بە هێرشی پێچەوانە كرد بۆ ئازادكردنەوەی ناوچەكانی زوممار و سەدەی موسڵ، ئەوجا ئەمریكا بە تەواوەتی گەیشتە ئەو قەناعەتەی كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئەو هێزەیە كە دەتوانێت ئەفسانەی تیرۆریستانی داعش بەتاڵ بكاتەوە، هەر لەم چوارچێوەیەدا زۆر گرنگە ئاماژە بە هەنگاوێكی دیكەی سەرۆك ئۆباما بكەین لە سووریا بەگشتی و لە شەڕی ئازادكردنەوەی كۆبانێ، بێگومان هەموو جیهان دەزانیت كە سەرۆك ئۆباما لەساڵی 2011 تا كۆتایی 2014 نەیتوانیوە هیچ بڕیارێك بۆ سووریا پەسەند بكات، تەنانەت لە 2013 هەموو تاقیگەكان سەلماندیان كە رژێمی ئەسەد چەكی كیمایی دژی هاووڵاتیانی سڤیل بەكار هێناوە، ئەوجا سەرۆك ئۆباما نەیتوانی بڕیار بدات و گورزێك لە رژێمی ئەسەد بوەشێنێت، بەڵام كاتێك سەرۆك بارزانی بڕیاری دا هێزی پێشمەرگەی كوردستان بنێرێتە كۆبانێ، لەبەر ئەوەی ئۆباما دڵنیا بوو كە چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ ئاراستەی شەڕەكە لە دژی داعش پێچەوانە دەكاتەوە، خۆی هاتە سەرخەت و بە تەلەفۆن تەكلیفی لە رەجەب تەیب ئەرۆدگان سەرۆكی توركیا كرد، بەوەی دەبێت هێزی پێشمەرگە بەناو خاكی توركیا بچێتە كۆبانێ و كۆبانێ لە كەوتن رزگار بكرێت، بۆیە دەبوو ماكگۆرك كە نوێنەری شەڕی دژی داعشە، ئەو راستییەی لەبەر چاو بوایە، تەنیا سەركەوتنێك لە دوو ئیدارەی لەسەر یەكی دیموكراتەكان كە بەدەست هاتووە، بەهۆی قارەمانیەتی هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە بووە، دەبوو ئەوەی لەبەر چاوبگرتایە كە سەركەوتنی تەواوەتی لە شەڕی دژی داعش بەندە بەوەی كوردستان ببێتە دەوڵەتێكی سەربەخۆ و تیكەڵی عێراق نەكرێتەوە.


پسپۆڕان و سیاسەتسازانی ئەمریكا، لەگەڵ ئەوەی جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە بەوەی پێویستە ئیدارەی ترەمپ درێژە بە هەمان ستراتیژیەتی كۆتایی ساڵی 2014ی ئیدارەی ئۆباما بدات بۆ درێژەدان بە شەڕی دژی داعش، لەمەشدا مەبەستیان ئەوەیە بەردەوام بێت لە بەهێزكردنی هاوبەشە لۆكاڵەكەی كە هەرێمی كوردستانە (Local partner)، لە هەمانكاتدا پێویستە ئەولەوییەتی خۆی لە شێوازی درێژەدان بە شەڕەكە و كۆتایی پێهێنانی بگۆڕێت.
لەسەر ئەم گۆڕانكارییەی كە پێویستە ئیدارەی ترەمپ لە ستراتیژیەتی خۆی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆرێت، هەردوو توێژەر مایكل دۆڕەن و پیتەر رەف لە توێژینەوەیەكیاندا بە ناونیشانی (دەبێت ئەمریكا بۆ داهاتوو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چی بكات؟) كە لە ئامۆژگای هەدسۆن بڵاوكراوەتەوە، هەردووكیان جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە، پێویستە ئەمریكا لەنێوان ئەم سێ بژارەدا باشترینیان هەڵبژێرێت:
1. یان دەبێت ئەمریكا هێزی تەواو بنێرێتە ناوچەكەو خۆی راستەوخۆ شەڕەكە بكات و سەركەوتوو بێت.
2. یان دەبێت پشت بە هاوپەیمانەكانی ببەستێت و بەهێزیان بكات.
3. یان ئەوەیە دەبێت وەك ئیدارەی ئۆباما پشت بە ئێران و رووسیا ببەستێت.



سەبارەت بەم سێ خاڵە پێشنیاری ئەو پسپۆڕانە ئەوەیە كە ئیدارەی ترەمپ بە تەواوەتی لە بژارەی سێیەم دوور بكەوێتەوە و هەوڵبدات كە هەردوو بژارەی یەكەم و دووەم كە بوونی هێزی راستەوخۆی ئەمریكایە لەگەڵ پشتبەستن بە هاوپەیمانەكانی وەك بژارەیەكی سەركەوتوو بۆ بردنەوەی شەڕی دژی داعش، ئەمەش واتە بردنەوەی شەڕەكە بەشێوەیەكی سەربازی و پاشان رێكخستنەوەی ناوچەكە لە چوارچێوەی پرۆسەیەكی سیاسیی سەركەوتوودا.
ئەم دیراسەتە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كاتێك ترەمپ بووە سەرۆكی ئەمریكا، شەڕی موسڵ دەستی پێكردبوو، بەڵام رێڕەوی سەركەوتنەكانی شەڕەكە هەر هەموو بەو ئاراستەیە بوو كە ببێتە دەستكەوتێكی بەلاش بۆ ئێران، هەر بۆیە ئیدارەی ترەمپ هەوڵیدا پرۆسەكە خاوبكاتەوە بۆ ئەوەی رێگەیەكی دیكە بدۆزێتەوە كە ئاكامی شەڕەكە بۆ بەرژەوەندی ئێران تەواو نەبێت، ئەم گۆڕانكارییە لە شەڕی ئازادكردنەوەی تەلەعفەر رەنگدانەوەی هەبوو، پێشبینی دەكرێت لە شەڕی ئازادكردنەوەی حەویجە زیاتر بەرجەستە ببێتەوە.


ئەم گۆڕانكارییە ئەوەمان پیشاندەدا، كە ئیدارەی ترەمپ لە درێژەدانی بە شەڕەكە بۆ كۆتاییهێنان بە داعش و باڵادەستی و نفووزی ئێران لە ناوچەكەو لغاوگیركردنی ئەو هێزانەی حەشدی شەعبی كە بەوەكالەتی ئێران شەڕدەكەن، پێویستی بەوەیە كە زیاتر پشتگیری هەرێمی كوردستان بكات و هێزی خۆیشی لەو ناوچانە جێگیر بكات كە دەبنە هاوسنوور لەگەڵ كوردستاندا.


كەواتە ئەوەی ماكگۆرك ئامانجیەتی ئەوەیە كە شەڕی داعش لە عێراقدا لە چوارچێوەی ئەو ستراتیژە كۆتایی پێبهێنێت كە ئیدارەی ئۆباما بۆ شەڕی دژی داعش دایڕشتبوو، بەڵام ستافی ئیدارەی ترەمپ كە بەشی زۆری ئەوەی پەیوەندیدارن بە سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر عێراق و شەڕی دژی تیرۆر لە عێراقدا، لەو ستافەی ئیدارەی ئۆباما بە شێوەیەكی مەیدانی شارەزاترن، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئامانجی ئیدارەی ئۆباما كۆتاییهێنان بوو بە شەڕی عێراق، بەڵام ئامانجی ئیدارەی جۆرج دەبلیو بوش، سەركەوتن بوو لەعێراقدا، بۆیە ئەو ستافەی ئێستا لە رووی سیاسی و سەربازییەوە لە ئیدارەی ترەمپ كاردەكەن زۆر لە ستافەكەی ئۆباما باشتر لە گرنگی و بایەخی كوردستان بۆ سەركەوتنی شەڕەكە تێدەگەن و هەرگیز گرەو لەسەر ئەوە ناكەن كە سیاسەتی یەك عێراق وەك سیاسەتێكی نەگۆڕ سەیربكەن.


دیارە كۆنگرێسی ئەمریكا هەر لە سەرەتای ساڵی2015وە گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی كە پێڕەوكردنی سیاسەتی یەك عێراق لەلایەن ئیدارەی ئەمریكاوە، دەبێتە هۆكاری ئەوەی خۆری بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاوا بێت، هەر لەسەر ئەم بنەمایەش بوو كە لە سەرەتای ساڵی 2015 كۆنگرێس پرۆژە یاسایەكی ئامادەكرد كە راستەوخۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان پڕچەك بكرێت و لەمەش زیاتر كۆنگرێس داوای لە ئیدارەی ئەمریكی كرد بەوەی پێویستە ئەمریكا راستەوخۆ چەك بە كوردستان بفرۆشێت، پاشان كە لە ئایاری 2015 سەرۆك مسعود بارزانی و شاندی یاوەری سەردانی كۆشكی سپی كرد و لەگەڵ سەرۆك ئۆباما كۆبوونەوە، سەرۆك ئۆباما بە شەخسی داوای لە سەرۆك بارزانی كرد كە رازی بن بەوەی كە لە رێگەی بەغداوە چەك بگاتە دەستی پێشمەرگە، دیارە سەرۆك بارزانی لە وەڵامی سەرۆك ئۆبامادا راشكاوانەی ئەوەی پێ راگەیاندبوو، لە ئێستا پێشمەرگە پێویستی بە چەكە، گرنگ ئەوەیە چەكەكان بگاتە دەستی پێشمەرگە، ئەوجا راستەوخۆ بێت، یان بە رێگەی بەغدا بێت، لەسەر ئەم هەڵوێستەی سەرۆك بارزانی، مایكل نایتس توێژەری باڵای كاروباری ئاسایش و سەربازی لە ئامۆژگای واشنتۆن بۆ دیراسەتی رۆژهەڵاتی نزیك، لە وتارێكیدا كە لە ماڵپەڕی هەمان ئامۆژگا بڵاوی كردۆتەوە، ئەوەی نووسیبوو، بارزانی بەم هەڵوێستەی توانی چەك بۆ پێشمەرگە دابین بكات و ئیدارەی ئۆباماش لە ئیحراجییەكی گەورە رزگار بكات.


لە پێكەوە گرێدانەوەی ئەم گۆڕانكارییانەی لە میانەی شەڕی داعش لە پێگە و رۆڵی كوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دروست بووە، راستە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان بۆ ئێمەی خەڵكی كوردستان، وەك بەرهەمی سەدان ساڵەی خەبات و قوربانیی نەتەوەیەك و سەدان هەزار شەهید سەیری دەكەین و مافی خۆمانە دوای ئەو هەموو نەهامەتی و قوربانیدانە ببینە خاوەنی دەوڵەتی خۆمان، بەڵام ئەگەر لە روانگەی بەرژەوەندییەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە سەیری بكەین، ئەوا دەوڵەتی كوردستان پێداویستییەكە بۆ ستراتیژیەتی سەركەوتنی شەڕی دژی داعش و گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ قۆناخی پۆست داعش، بەڵام وەك بیرنارد هنری لیڤی لە دوایین وتاریدا سەبارەت بە سەربەخۆیی كوردستان نووسیویەتی و گۆڤاری فۆرین پۆلیسی لە فەرەنسییەوە كردوویەتی بە ئینگلیزی و بڵاوی كردۆتەوە، بەراوردێك لە نێوان هەڵوێستێكی شارل دیگۆڵ لە شەڕی دووەمی جیهانی دەكات، كە ئەولەوییەتی ئەوكاتی هێزەكانی هاوپەیمانان تێكشكاندنی نازی بووە، نەك ئازادكردنەوەی پاریس، بەڵام شارل دیگۆل لە روانگەی بەرژەوەندیی فەرەنساوە ئەولەوییەتی هاوپەیمانانی گۆڕی بۆ ئازادكردنەوەی پاریس، ئەمەش لەبەر ئەوەی ئەم شانازییە بە فەرەنسیەكان ببڕێت، بۆیە بیرنارد هنری لیڤی ئەم هەنگاوەی سەرۆك مسعود بارزانی وەك هەمان هەنگاوی شارل دیگۆل بەراورد دەكات و پێمان دەڵێت: راستە ئەولەوییەتی ئێستای هاوپەیمانی دژی داعش، تێكشكاندنی داعشە، بەڵام ئەولەوییەتی مسعود بارزانی راگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستانە بۆ ئەوەی ئەم شانازییە بە خەڵكی كوردستان ببڕێت.

لەم بەراوردەی هنری لیڤی ئەوە دەخوێندرێتەوە، چۆن یەكێك لە ئامانجەكانی هاوپەیمانان لە شەڕی دووەمی جیهاندا بێگومان دوای تێكشكاندی نازی رزگاركردنی فەرەنسا بووە، بەڵام لای شارل دیگۆل رزگاركردنی فەرەنسا پێش تێكشكاندنی نازیەت بووە، ئەمەش مانای ئەوەیە دیگۆل نەیویستووە ئازادكردنەوەی فەرەنسا ببێتە ئاستەنگ بۆ تێكشكاندنی نازیەت، بەڵكو ئامانجی ئەوە بووە، فەرەنسای ئازادیش بەشدار بێت لە تێكشكاندنی نازیەت، نەك تێكشكاندنی نازیەت وەك دەرەنجام فەرەنسا ئازاد بێت و هیچ شانازیەكی بۆ گەلی فەرەنسا تیا نەبێت، لە ئێستاشدا كە سەرۆك مسعود بارزانی بە هاوشێوەی دیگۆل دەیەوێت سەربەخۆیی كوردستان بكاتە ئەولەوییەت وەك هاوپەیمانێك لەناو شەڕی دژی داعشدا، بێگومان ئامانجی بارزانی ئەوەیە كوردستان وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ بەشێك بێت لە تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش، نەك هۆكارێك بێت بۆ ئەوەی تەركیز لەسەر شەڕەكە كەم بكاتەوە، لەمەش زیاتر هێزی پێشمەرگەی كوردستان تەنیا هێز بووە لەسەر زەوی تیرۆریستانی داعشی تێكشكاندووەو شایەنی ئەوەیە شانازیی راگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستانی پێ ببڕدرێت.
ئەم پێكەوە گرێدانەوەی رزگاكردنەوەی فەرەنسا لە شەڕی دووەمی جیهانی و سەربەخۆیی كوردستان لە شەڕی دژی داعش، ئەوەمان پێدەڵێت، تەواوی دەوڵەتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی كە گێڕانەوەی رۆڵ و شكۆی رۆژئاوا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دەوڵەتی كوردستانەوە دەست پێ دەكات، بەڵام جیاوازیی نێوان ستراتیژیەتی بارزانی و ستراتیژیەتی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش تەنیا ئەوەندەیە، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ئەوەی كردووە بە ئەولەوییەت كە شەڕی دژی داعش كۆتایی بێت و سەربەخۆیی كوردستان ببێتە ئاكامی شەڕەكە، بەڵام بارزانی وەك دیگۆل دەیەوێت شانازیی راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان بە گەلەكەی خۆی بدرێت.
Top