بۆچی دەبێت كوردستان ببێتە دەوڵەتێكی سەربەخۆ؟ وەڵامێك بۆ ئەوانەی چاویان بە شكۆی نیشتمانی خۆیاندا هەڵنایەت
September 14, 2017
راپۆرتەکان
بۆ بەرچاوڕوونیی خەڵك و وەڵامدانەوەی ئەو هەرزەكار و كۆڵكە سیاسییانە دەڵێین:
1. هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بۆ پاراستنی كوردستان دامەزراوە، سەرۆك ئۆباما پێش ئەوەی لە 10ی ئابی 2014 فەرمی بڕیار بدات دەبێتە بەشێك لە شەڕی دژی داعش، هەر دوای هێرشكردنی داعش بۆ سەر كوردستان فەرمانی بە هێزی ئاسمانی ئەمریكا كرد كە لە ئاسمانەوە هاوكاری هێزی پێشمەرگەی كوردستان بكەن و كوردستان بپارێزن.
2. ستراتیژیەتی شەڕی دژی داعش كە ئەیلوولی 2014 لەلایەن ئەمریكاوە راگەیەندرا، بریتییە لە تێكشكاندن و لە ریشە هەڵكێشانی فیكری داعش (degrade and destroy)، ئەو جوگرافیایەی كرا بە هێڵی پێشەوەی شەڕی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش كوردستان بوو، ئەو هێزەی بووە پێشەنگی سەنگەری تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش هێزی پێشمەرگە بوو، ئەمەش واتە كوردستان بووە پایتەختی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە شەڕی دژی داعش و هەر دوای راگەیاندنی ستراتیژیەتی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، فرانسۆ هۆلاند سەرۆكی فەرەنسا لە ئەیلوولی 2014 هاتە كوردستان و لە هەولێری پایتەخت لەبەردەم مارشی ئەی رەقیبدا سەری رێزی بۆ ئاڵای كوردستان دانەواند، هاتنی سەرۆكی فەرەنسا بۆ هەولێر، واتە هاتنی سەرۆكی هاوپەیمانیی باكووری ئەتڵەسی، لەبەر ئەوەی لە 2011ـەوە ناتۆ هەر ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی ئەنجام دابێت بە سەرۆكایەتی فەرەنسا بووە، هەروەها هاتنی سەرۆكی فەرەنسا بۆ هەولێر، واتە هێنانی ڤیتۆی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی كوردستان.
3. لەدوای راگەیاندنی ستراتیژیەتی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، ئەمریكا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هەر بڕیارێكیان بۆ شەڕی دژی داعش دابێت، ئەوجا ئەو بڕیارە تایبەت بووبێت بە شەڕی دژی داعش لە عێراق یا سووریا، بڕیارەكە لە كوردستانەوە دراوە، هەر ئاستەنگ و كۆسپێكیش بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە دروست كرابێت، ئەمریكا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ئەو ئاستەنگ و كۆسپانەی لابردووە. لە بیرتانە كاتێك داعش هێرشی كردە سەر كۆبانێ و نزیكەی 85% شاری كۆبانێی داگیر كردو هەر ئەو كاتیش رەجەب تەیب ئەردۆگان (سەرۆكی توركیا) رایگەیاند كۆبانێ كەوتە دەستە داعش و تەواو بووە، لەو كاتەدا كە هیچ سەرۆك دەوڵەتێكی ناو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لەو بڕوایەدا نەبوو، جارێكی دیكە كۆبانێ لەدەستی داعش دەربهێنرێت و هەموو هێزی ئاسمانیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەستەوەستان بوون كە پێشڕەوییەكانی داعش بۆ سەر كۆبانی رابگرن، لەو كاتەدا سەرۆكی كوردستان داوای لەپەرلەمانی كوردستان كرد، بڕیاری ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ پەسەند بكات، پاش پەسەندكردنی بڕیاری ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ، بۆ گەیشتنی پێشمەرگە بە كۆبانێ، پێوست بوو بە خاكی توركیادا تێپەڕێت، توركیا چەندی پێی كرا، دژایەتی ئەوەی كرد كە پێشمەرگە بە ئاڵای كوردستانەوە بەناو خاكی توركیا بچێتە كۆبانێ، بەڵام بینیتان چۆن توركیا رازی بوو، هەروەها بینیشتان چۆن پێشمەرگە لەناو خاكی توركیادا لەلایەن كوردانی باكوورەوە پێشوازی لێكراو پاشانیش بینیتان چۆن كۆبانێ ئازادكراو پێشمەرگەكانیش جارێكی دیكە بەناو خاكی توركیادا گەڕانەوە بۆ كوردستان.
4. لەدوای گرتنەوەی زوممار و بەنداوی موسڵ و چیای شنگال، ئەوجا ئەمریكا بیری لەوە كردەوە كە شێوازی هاوكاریكردنی پێشمەرگە بكاتە شێوازێك بۆ یارمەتی ئەو هێزانەی كە لە ناوچەكانی دیكەی عێراق و سووریا شەڕی دژی داعش دەكەن، هەروەها هەوڵیدا لەسەر شێوازی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، لە عێراق و سووریا هێزێكی هاوشێوەی پێشمەرگە دروست بكات، بۆ ئەوەی لەسەر زەوی شەڕی دژی داعش بكات، بەڵام لەم ئەزموونە سەركەوتوو نەبوو، نەیتوانی لە عێراق و سووریا هێزێكی هاوشێوەی پێشمەرگە دروست بكات، تەنانەت لە هاوكارییەكانی بۆ هێزە چەكدارەكانی رۆژئاوا، مەرجی ئەوە بوو كە دەبێت ناوی خۆیان لە یەپەگەوە بگۆڕن بۆ هێزی سووریای ئازاد، نەك وەك پێشمەرگەی باشووری كوردستان ببنە سوپایەك بۆ پاراستنی خاكی كوردستان.
5. لە تەموزی 2016 هەر لە سەردەمی سەرۆك ئۆبامادا، لێكتێگەیشتنی هاوبەش لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و پێنتاگۆن ئیمزا كرا، لە ئۆكتۆبەری 2016 رێككەوتنی سەربازی بە ناوبژیوانی و چاودێریی ئەمریكا لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ پرۆسەی ئازادكردنەوەی موسڵ ئیمزا كرا، لە 20ی دیسەمبەری 2016 سەرۆكی كوردستان رزگاركردنی تەواوی خاكی كوردستانی لە چوارچێوەی رێككەوتنی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی موسڵ راگەیاند، تەنیا دوو هەفتە دوای ئەم رووداوە جارێكی دیكە و لە سەرەتای ساڵی 2017 فرانسۆ هۆلاند سەرۆكی فەرەنسا سەردانی كوردستانی كرد و لەگەڵ سەرۆك بارزانی چوونە دوایین سەنگەری پێشمەرگە لە باشیك، ئەمەش مانای ئەوە بوو جارێكی دیكە فەرەنسا پەیامی ناتۆ و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش و ڤیتۆی ئەنجومەنی ئاسایشی هێنا بۆ كوردستان بۆ ئەوەی بە جیهان بڵێت، قۆناخی یەكەمی ستراتیژیەتی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە كوردستانەوە سەركەوتنی بەدەست هێنا.
6. لەو كاتەوەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دەست بەكار بووە، ئەگەر سەیری ئەجیندای سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ بكەین، بێجگە لە پشتگیریی هێزی پێشمەرگەو پاراستنی كوردستان، هیچ ئەجیندایەكی لە ئیدارەی ئۆباما ناچێت، بەڵام بە ئاشكرا رایدەگەیەنێت، ئەو ستراتیژیەتەی ئیدارەی ئۆباما لە 10ی ئابی 2014 بەرامبەر پێشمەرگە و كوردستان پیادەی كردووە، ئەو سیاسەتە بەردەوام دەبێت و زیاتریشی دەكەن، ئەمەش مانای ئەوەیە پشتگیریی پێشمەرگەو پاراستنی كوردستان ئەو هیڵە سوورەیە كە هیچ هێزێك ناتوانێت دەستكاری بكات، هەر دەستكارییەكی ئەم ئامانجە بكرێت، مانای ئەوەیە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش شەڕەكە دەدۆڕێنێت و ڤێتنامێكی دیكە دووبارە دەبێتەوە.
ئەم خاڵانەی ئاماژەمان پێكردن، هەر هەموویان بە دیكۆمێنتی فەرمیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و ئەمریكا پشتڕاست كراونەتەوەو هەمووشیان بە دیكیۆمێنت لەبەر دەستن، هەموو ئەم خاڵانەش بوونە مەرجی پێشینەی رێزلێگیراو بۆ هەر هەوڵێك كە بۆ دووبارە رێكخستنەوەی عێراق و ناوچەكە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەخرێنەگەڕ، بەڵام بەپێی ئەو پێشنیار و هەوڵانەی هەتا ئێستا بۆ رێكخستنەوەی عێراق و تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوكراونەتەوە، دووخاڵی گرنگ كراوەتە ئەولەوییەت كە ئەوانیش بریتین لە:
1. دوای شەڕی دژی داعش، باشترین ناوچە كە بكرێتە دەستپێك بۆ دووبارە رێكخستنەوەی تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست عێراقە.
2. دەبێت ئەمری واقیعی دەوڵەتی كوردستان وەك خۆی بپارێزرێت و تێكەڵی رێكخستنەوەی پرۆسەی سیاسیی عێراق نەكرێت، دوای ئەوەی پرۆسەی سیاسی لە عێراقی عەرەبی لەنێوان عەرەبی شیعە و سوننە رێكدەخرێتەوەو دەبێتەوە بە دەوڵەتێكی دیموكراتی و سەقامگیر، ئینجا پرۆسەی دیالۆگ و دانوستاندن لەنێوان عێراق و كوردستان دەست پێبكات بۆ ئەوەی هەردوولا خۆیان بڕیار لە پەیوەندی ئایندەی نێوان كوردستان و عێراق بدەن.
ئەگەر لەبەر رۆشنایی ئەم زانیارییانە كە بۆ هەر كەسێك لەبەردەستە ئەگەر مەبەستی بێت، پێگەی ئەمری واقیعی كوردستان بە واقیعییانە و بێ لایەنانە بخوێنینەوە، پاشان لەو پەرلەمانتارە هەرزەكار و كۆلكە سیاسییانە بپرسین، ئایا سووریا و عێراق و توركیا و ئێران لەم هاوكێشە تازەیەدا چۆن كوردستان دەبینن و پاشانیش كوردستان دەبێت چۆن سەیری ئەم دەوڵەتانەی چوار دەوری خۆی بكات؟ وەڵامی ئەم پرسیارە بە چەند خاڵێك دەدەینەوە:
كۆماری ئیسلامی ئێران كە لە هاوكێشەكەدا وا خۆی نمایش دەكات كە زۆر دژی ریفراندۆم و دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستانە، بەڵام لە هەر دەوڵەتێكی دیكە زیاتر پێویستی بەوەیە كە پەیوەندییەكانی لەگەڵ كوردستان باش بێت، ئەوجا كوردستان وەك ئێستا دەوڵەتی ئەمری واقیع بێت، یاخود سبەی كوردستان ببێتە دەوڵەتێكی سەربەخۆ، هۆكاری ئەمەش زۆر راشكاوانە دیارە، كۆماری ئیسلامی كە تاكە دەوڵەتە گەورەترین رۆڵی لە شەڕی دی داعشدا گێڕاوە، بەڵام ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش نییە، هۆكاری ئەندام نەبوونی كۆماری ئیسلامی ئێران لەو هاوپەیمانییە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، دیاردەی سەرهەڵدانی تیرۆریستانی داعش وەك دەرهاویشتەی سیاسەتی شیعەگەرایی ئێران سەیر دەكات، تەنیا رێگەیەك كە ئێران ماوەی سێ ساڵە دەیەوێت ئەو تۆمەتە لەسەر خۆی رەتبكاتەوە، پەیوەندییەكانیەتی لەگەڵ كوردستان، لەچەندین كۆڕو كۆبوونەوەشدا، وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ پاكانەكردنی لەوەی ئەوان شەڕی دژی داعش دەكەن، نەك شەڕی شیعە و سوننە، پەنای بۆ ئەوە بردووە كە كۆماری ئیسلامی ئێران یەكەم دەوڵەت بووە كە هاوكاریی كوردستانی كردووە لەو كاتەی داعش هێرشی كردۆتە سەری، بۆیە ئەگەر ئێران نەك هەوڵبدات دژایەتی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان بكات، تەنانەت ئەگەر بە فەرمی پەیوەندییەكانی لەگەڵ كوردستان تێكبدات، بە تەواوەتی دەكەوێتە بەرەی دژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، ئەمەش لەبەر ئەوەیە لە بنەڕەتدا هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بۆ پاراستنی كوردستان دامەزراوە، ستراتیژیەتی لە ریشەهەڵكێشانی فیكری داعش و تێكشكاندنی داعشیش، لەسەر ئەو بنەمایە داڕێژراوە بەوەی پێویستە ژینگەی سیاسیی كوردستان و قارەمانیەتیی هێزی پێشمەرگە بۆ دەوڵەتانی داهاتووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كۆپی بكەنەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە هێندەی ئێران پێویستی بەوەیە خۆی وەك دۆستی كوردستان پیشان بدات، هیچ وڵاتێكی دیكە هێندە پێویستی بە كوردستان نییە، بۆیە ئەو هەرزەكارانەی پێیانوایە ئێران گوشار دەخاتە سەر كوردستان و سنوور دادەخات، ئەوا نیشانەی بێ ئاگایی و نەشارەزاییانە، لەبەر ئەوەی ئێران خۆی زۆر باش دەزانێت، ئەگەر ئەم هەنگاوە دژی كوردستان هەڵبگرێت، ئەوا خۆی دووچاری خۆكوژیی سیاسی و دیپلۆماتی دەكات.
توركیا بە حوكمی ئەوەی زیاتر لە 50 ساڵە هاوپەیمانی ئەمریكا و رۆژئاوایەو ئەندامی ناتۆیە، لە هەر دەوڵەتێكی دیكە باشتر هەنگاوەكانی داهاتووی ناتۆ و رۆژئاوا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخوێنێتەوە، لە هەمانكاتدا توركیا ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعشە و دەشزانێت ئامانجی سەرەكیی هاوپەیمانیی دژی داعش پاراستنی كوردستانە، بۆیە توركیا لەگەڵ ئەوەی لەسەر ئاستی سیاسەتی لۆكاڵی خۆی هەندێك لێدوان رادەگەیەنێت، بەڵام وەك دەوڵەت كارێك ناكات پەیوەندییەكانی لەگەڵ كوردستان درز و كەلێنی گەورەی تێ بكەوێت، لەوانەیە هەندێك بێ ئاگا بڵێن، توركیا بەرژەوەندیی ئابووری لەگەڵ كوردستان هەیە، بەڵام بناخەی دروستبوونی ئەم پەیوەندییە بارزگانی و ئابوورییەی نێوان توركیا و كوردستان، بەرهەمی بیركردنەوەو لۆژیكی حكومەتی توركیا، یان پارتی دادو گەشەپێدان نییە، بەڵكو ئەمە بەرهەمی پرۆژەیەكی نێودەوڵەتیە كە توركیای گەیاندۆتە ئەو قەناعەتەی كە پێویستە توركیا ئاستی پەیوەندییە ئابووری و بارزگانییەكانی لەگەڵ كوردستان بگۆڕێت بۆ پەیوەندی سیاسی و دیپلۆماتی، ئەمەش لەبەر ئەوەیە دەبێت دوو هاوپەیمانی رۆژئاوا كە (توركیا و كوردستان)ـن متمانەو پەیوەندیی باش لەنێوانیاندا هەبێت، بۆ ئەمە حكومەتی توركیا هەوڵیداوە ساڵ لەدوای ساڵ پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماتییەكانی لەگەڵ كوردستان بباتە ئاستێكی باڵاتر، بۆیە توركیا لەگەڵ ئەوەی لە میانەی لێدوانە حكوومییەكانی بەشێوەیەك لە شێوەكان ریفراندۆم و هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركووك و بەم دواییەش بڕیاردانی كەركووك بۆ بەشداری لە راپرسی رەتدەكاتەوە، بەڵام رەتكردنەوەی توركیا لە لێدوان تێپەڕ ناكات و لەگەڵ ئەمری واقیعی كوردستان مامەڵە دەكات، تەنانەت ئەگەر دوای ریفراندۆم كوردستان دەوڵەتی سەربەخۆش رابگەیەنێت.
سەبارەت بە حكومەتی عێراق و بەتایبەتیش كابینەكەی د.حەیدەر عەبادی، دیارە د.حەیدەر عەبادی و حكومەتەكەی تاڵە مووی هاوپەیمانیی عێراقە لەگەڵ ئەمریكادا، هاوپەیمانیی نیشتمانیی شیعە زۆر باش ئەو راستییە دەزانن، ئەگەر لەو خەتە لابدەن كە حكومەتی عەبادی وەك تاڵە موویەك هاوپەیمانیی عێراقی لەگەڵ ئەمریكا هێشتۆتەوە، ئەوا عێراقی عەرەبی دەكەوێتە بەرەی ئێران و دژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بەڵام بە پابەندبوونی هاوپەیمانی شیعە بەگشتی و تەیاری سەدر بەتایبەتی بۆ حكومەتی عەبادی، ئەوا رۆژ لەدوای رۆژ عێراق لە هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لەناوچەكە نزیك دەبێتەوە، لەسەر هەمووشیانەوە عەرەبستانی سعودی.
لەم چوارچێوەیەدا رەفتاری حكومەتەكەی عەبادی لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەر چۆنێك بێت، ئەمە كاریگەری لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا نابێت و عەبادی پێش هەر سەركردەیەكی عێراقی زۆر باش دەزانێت، كە جارێكی دیكە كوردستان بەشێك نابێت لەناو دەوڵەتی عێراقدا، یان لە باشترین حاڵەتەدا بەشێك نابێت لە عێراقێكی دیموكراتی و فیدڕاڵی و پەرلەمانی، هەروەها دەشزانێت كە پەرلەمانی عێراق ئەو دەسەڵاتەی لێ سەندراوەتەوە كە بڕیار و یاسا بۆ هەرێمی كوردستان دەربكات و راشكاوانەتر كوردستان ئەو مافەی پێدراوە كە سەرپشك بێت لەوەی بڕیار و یاساكانی پەرلەمانی عێراق جێبەجێ دەكات، یاخود رەتی دەكاتەوە، د.حەیدەر عەبادی-یش راشكاوانە ئەمەی نەشاردۆتەوە.
كێشەی د.حەیدەر عەبادی لەگەڵ شێوازی پەیوەندی و مامەڵەی بەغدا نییە لەگەڵ هەولێر، بەڵكو كێشەی سەرەكیی عەبادی لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەكانی عەرەبی عێراقە بە شیعە و سوننەوە كە ناتوانێت بەو زمانە تازەیەی پەیوەندی نێوان كوردستان و عێراقی پێ رێكخراوەتەوە، بەهەمان زمان راشكاوانە لەحزب و لایەنە سیاسییەكانی عەرەبی شیعە و سوننە قسە بكات، بۆیە ئێستا د.حەیدەر عەبادی هەمان كێشەی حكومەتەكەی ئەردۆگانی پێش 2009ی هەیە كە نەیدەتوانی بە زمانی تازەی پەیوەندییەكانی نێوان كوردستان و توركیا راشكاوانە لەسەر ئاستی ناوخۆ قسە بكات.
كەواتە لەم قۆناخەی پەیوەندیی نێوان كوردستان و عێراق، هەردوولا پێویستیان بە پرۆژەیەكی نێودەوڵەتی هەیە بۆ ئەوەی متمانە لەنێوان كوردستان و عێراق دروست بكاتەوەو لەسەر بنەمای ئەم متمانەیە كۆمەڵێك پەیوەندیی سەربازی و بارزگانی و ئابووری لەنێوان عێراق و كوردستان دروست بكاتەوە، پاشان لەسەر بنەمای ئەم پەیوەندییانە عێراق و كوردستان بگەنە رێككەوتنێك لەسەر پەیوەندیی داهاتوویان، بۆ ئەمەش د.حەیدەر عەبادی توانیویەتی تا رادەیەكی زۆر باش حزب و لایەنە سیاسییەكانی شیعە بگەیەنێتە ئەو قەناعەتەی كە نەك هەر دەبێت ئەمری واقیعی كوردستان قبوڵ بكرێت، بەڵكو دەبێت لەسەر ئەو پەیوەندییانە رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ كوردستان ئیمزا بكرێت و رێز لە سەروەریی كوردستان بگیرێت، هەروەك چۆن ئێستا رێز لە هێزی پێشمەرگە دەگیرێت و رێككەوتنی سەربازی لەگەڵ سوپای عێراقدا ئیمزا كراوە، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا حكومەتی عێراقیش هەر دەبێت خۆی پابەند بكات بەو دەستوورەی كە خۆی پێوەی پابەند نەبووە، بەڵام كوردستانیش مافی خۆیەتی كە لەم چوارچێوەیە دانوستاندنی لەگەڵ عێراق بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی زەمینەیەك بڕەخسێت هەتا عەبادی بتوانێت هەنگاو بۆ دەستوورێكی تازەی عێراقی هەڵبگرێت، كە لەلایەك پرۆسەی سیاسیی عێراقی عەرەبی رێكبخاتەوە و لەلایەكی دیكەوە پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و كوردستان ئاسایی بكاتەوە، ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە، كۆماری ئیسلامیی ئێران بەم رێككەوتنەی نێوان كوردستان و عێراق رازییە .
سەبارەت بە سووریا، ئاشكرایە ئێستا رژێمی بەشار ئەسەد بێجگە لە داشێكی دامە بە دەستی رووسیاوە شتێكی دیكە نییە، بۆیە بۆ رژێمی بەشار ئەسەد، ئاسانترە كە هەڵویستی رووسیا بەرامبەر كوردستان و ریفراندۆم بزانین، لەسەر ئەم پرسە رووسیا لەسەر زاری وەزیری دەرەوەی راگەیاندووە كە نەك هەر دژی ریفراندۆمی كوردستان نییە، بەڵكو هەوڵەكانی خۆی دەخاتەگەڕ بۆ ئەوەی كوردستان و عێراق بگەنە رێككەوتنێكی هاوبەش.
ئەوەی لەم نووسینەدا ئاماژەی پێكراوە، نە شرۆڤەیە، نە تەفسیر، بەڵكو خستنە رووی كۆمەڵێك زانیارییە كە بۆ هەموو كەسێك لەبەردەستە ئەگەر خواستی بێت دەستی بكەوێت، بۆیە خستنە رووی ئەم زانیارییانە بۆ ئەوەیە خوێنەر خۆی شرۆڤە و تەفسیری لەسەر بكات بۆ ئەوەی بگاتە ئەو قەناعەتەی كە ئەمری واقیعی دەوڵەتی كوردستان بۆتە ئامانجی هەرە سەرەكیی شەڕی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، ئەگەر هەر دەسەڵات و دەوڵەت و لایەنێك دژی ئەم ئامانجە هەڵوێست وەربگرێت، ئەوا شەڕێكی جیهانی وەك شەڕی دژی داعش رووبەڕووی دۆڕاندنێكی گەورەی دەكاتەوە و سەرهەڵدانی دەیان گرووپی هاوشێوەی داعش لە ناو رادیكاڵیەتی توندڕۆی ئیسلامی (سوننە و شیعە) دروست دەبێت و ئاشتی و ئاسایشی جیهان دەخاتە بەر مەترسییەكی ئەوتۆ كە چارەسەركردنی مەحاڵ دەبێت.