شەڕی دژی داعش بۆ پێشمەرگە پرۆڤەی پاراستنی دەوڵەتی هاوچەرخی كوردستان بوو

شەڕی دژی داعش بۆ پێشمەرگە پرۆڤەی پاراستنی دەوڵەتی هاوچەرخی كوردستان بوو
چارلس تیللی زانای بەناوبانگی زانستی سیسیۆلۆژی و سیاسەت دەڵێت: (دەوڵەتان شەڕ دروست دەكەن و شەڕیش دەوڵەت دروست دەكات)، ئەگەر ئەم قسەیە لە بواری زانستی سیاسەت بووبێتە ئەو نەگۆڕەی كە توێژەران بۆ راڤەكردنی بۆچوونەكانیان پشتی پێ ببەستن، ئەوا لەشەڕی دژی داعشدا، ئەم وتە بەناوبانگەی تیللی گۆڕانكاری بەسەردا هاتووەو دەبێتە ئەوەی كە بڵێین: (دەوڵەتی بەزۆر دروستكراوی دەستكرد دەبێتە سەرچاوەی سەرهەڵدانی فیكری تیرۆر و توندڕەوی و شەڕ دروست دەبێت، شەڕیش پێناسەی دەوڵەت دەكاتەوە).
ئاشكرایە سەرهەڵدانی داعش وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی و دڕندەی بێ وێنە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، دەرهاویشتەی كێشەی دەوڵەت و حوكمڕانیی فاشیلە لەناو عێراق بەگشتی و لە حوكمڕانیی نوری مالیكی-یەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەم دەستنیشانكردنە لەو خاڵەوە سەرچاوە دەگرێت كە داعش هەمان بەشێكە لە رێكخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدە – لقی عێراق، لەدوای ساڵی 2012- 2014 و لە ئاكامی سیاسەتە هەڵەكانی نوری مالیكی ئەم رێكخراوە ستراتیژیەتی خۆی گۆڕی و لە رێكخراوی قاعیدە جیابووەوەو خۆی وەك دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ( داعش) راگەیاند، پاشانیش هەر خۆبەدەستەوەدانی زیاتر لە پێنج فیرقەی سوپا و پۆلیسی فیدڕاڵیی عێراق بووە هۆكاری ئەوەی داعش بتوانێت لە موسڵەوە خەلافەتی ئیسلامی لە عێراق و سووریا رابگەیەنێت و لە رێكخراوێكی تیرۆریستی بچكۆلەوە بگۆڕێت بۆ دەوڵەتێكی دڕندەی تیرۆریستی.
هەر بۆیە ئەگەر شەڕەكانی سەدەی بیستەم، شەڕی نێوان زلهێزەكان بۆ فراوانكردنی نفووزی خۆیان و لە پاش تەواوبوونی شەڕەكانیش لەسەر حیسابی دۆڕاوەكانی شەڕ، بوار بەوە درابێت كە دەوڵەتی دیكە دروست بێت، ئەوا لە شەڕی دژی داعشدا كە شەڕی هەموو جیهانی ئازادە دژی بیری رادیكاڵیزمی ئیسلامی، ئەوا ئەمجارەیان ئاكامی ئەم شەڕە جیاواز دەبێت و ئامانجیش لەم شەڕە ئەوەیە كە تەنیا یەك بەرە دەمێنێت كە ئەویش سەركەوتنە بەسەر داعش و لە ریشە هەڵكێشانی فیكری داعش و بەرەی دووەم نامێنێتەوە كە بە شێوەیەك لە شێوەكان وەك ئاكامی شەڕەكانی دیكە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت. بۆیە ئاكامی شەڕی داعش وەك ئاكامی هیچ شەڕێكی دیكە نابێت و ئەو دەوڵەتەی نەتوانێت خۆی لەگەڵ واقیعی تازەی دوای داعش بگونجێنێت، ئەوا دەكەوێتە بەرەی دژی جیهانی ئازاد و ئەویش وەك داعش بوونی نامێنێت.


مانوێل دی ئەلمیدا كە پێشتر سەرنووسەری چاپی ئینگلیزی رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) بوو، دوای ئەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان توانییان چیای شنگال ئازاد بكەنەوە، لە وتارێكیدا ئاماژەی بەوە كردبوو كە هەڵەی گەورەی تیرۆریستانی داعش ئەوە بوو كە پەلاماری كوردستانیان دا، ئەمەش لەبەر ئەوە بوو، سەركردەكانی داعش هیچیان مەزندەی ئەوەیان نەكردبوو كە بەو جۆرە پێشمەرگە رووبەڕوویان دەبێتەوە، بۆیە شەڕی داعش دژی كوردستان بووە سەرەتای تێكشكاندنی داعش و پرۆڤەی پێشمەرگە بۆ پاراستنی سنوورەكانی كوردستان.

دیارە مەبەستی ئەم نووسەرە ئەوەیە ئەگەر رێكخراوی تیرۆریستیی داعش، هێرشی نەكردایەتە سەر كوردستان، ئەوا جیهان بە شێوەیەكی دیكە مامەڵەی لەگەڵ داعش دەكردو زۆر زەحمەتیش بوو كە هاوپەیمانییەكی نێودەوڵەتی دروست بێت بۆ تێكشكاندن و لە ریشەهەڵكێشانی فیكری داعش. ئەم چوونە لەسەر بنەمای ئەو راستییانە پشتڕاست دەبێتەوە كە لەماوەی ساڵانی 2011- هەتا ئێستاش، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی و رۆژئاوا بەتایبەتی نەیانتوانیوە هەڵوێستێكی پێویست بەرامبەر رژێمی بەشار ئەسەد وەربگرن، ئەمە لەكاتێكدا ئەوەی بەشار ئەسەد لەماوەی ئەو شەش ساڵەدا بە خەڵكی سووریای كردووە، شتێكی ئەوتۆی لە داعش كەمتر نییە، بەڵام لەبەر ئەوەی جێگرەوەكانی رژێمی ئەسەد لەروانگەی كۆمەڵگەی نیودەوڵەتی و رۆژئاواوە لە ئەسەد باشتر نین، ئەوا هەڵوێستی جیهانیش بەرامبەر رەفتارە دڕندەكانی رژێمی بەشار ئەسەد وەك ئەوەیە كە هەموو جیهان دەیبینێت. هەر ئەمەش بۆتە هۆكاری ئەوەی كە دەستتێوەردانی سەربازیی رووسیا بۆ هێشتنەوەی رژێمی ئەسەد لە دەسەڵاتدا بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ لەلایەن ئەمریكا و ئەوروپا پشتگیری لێدەكرێت.


پرسیاری دیكە لێرەدا ئەوەیە، ئایا هێزی پێشمەرگەی كوردستان دوای تەواوبوونی شەڕی دژی داعش، ئەو توانا و ئیمكانیاتەی هەیە كە بتوانێت هەمان شێوەی شەڕی دژی داعش، بەرپەرچی هەر هەڕەشەیەك بداتەوە ئەگەر كرایە سەر كوردستان وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ؟ وەڵامی ئەم پرسیارە ئامانج و ستراتیژیەتی شەڕی دژی داعش دەیداتەوە، ئەویش بەو مانایەی نابێت دوای نەمانی داعش، جۆرە دەوڵەتانێك بوونیان هەبێت كە نییەتی ئەوەیان هەبێت بە هەڕەشە و هێزی سەربازی ئاسایشی كوردستان بخەنە مەترسییەوە، بەپێچەوانە دەبێت پەیوەندی تازەی سیاسی و ئابووری و بارزگانی و سەربازی پەیوەندی نێوان دەوڵەتەكان رێكبخاتەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەگەر دوای نەمانی داعش دەسەڵاتدارانی عێراق یان ئەو هێزەی پێی دەگوترێت حەشدی شەعبی، خۆی وەك براوەی شەڕی دژی داعش پێناسە بكات و بەنیازی ئەوە بێت خۆی بكاتە هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر كوردستان، ئەوا دەبێت ئەو راستییە بزانن كە براوەی سەرەكی لە شەڕی دژی داعشدا هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعشە كە پایتەختی شەڕی جیهانی دژی داعش لە ئێستادا كوردستانە.


لایەنێكی دیكەی گرنگی سیمای دەوڵەتی داهاتووی كوردستان، ئەو لایەنەیە كە سەرۆك مسعود بارزانی زۆر راشكاوانە لە میانەی دیدارەكانی لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەكانی كوردستان لەچەند رۆژی رابردوو ئاماژەی پێكردووە كە دەوڵەتی داهاتووی كوردستان دەوڵەتێكی دیموكراتی و فیدڕاڵی دەبێت و نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان خۆیان حوكمڕانی خۆیان دەكەن و خۆیان بڕیار بەدەست دەبن و هەر خۆشیان بەشێك دەبن لە سوپای كوردستان و ناوچەكانی خۆشیان دەپارێزن، ئەم شێوازە تازەی دەوڵەت كە لە تەواوی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بێ وێنەیە، ئەو دەوڵەتە دەبێت كە گەلی كوردستان لە رۆژی 25ی ئەیلوولی ئەمساڵ بڕیاری لەسەر دەدات و وەك ئاكامی سەركەوتنی شەڕی دژی داعشیش، پێناسەی دەوڵەتی هاوچەرخ لە سەرتاسەری ناوچەكە دەكاتەوە.
Top