چەند لە بەرواری ئەنجامدانی ریفراندۆم نزیك بینەوە هەولێر زیاتر دەبێتە ناوەندی دیپلۆماتیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی

چەند لە بەرواری ئەنجامدانی ریفراندۆم نزیك بینەوە هەولێر زیاتر دەبێتە ناوەندی دیپلۆماتیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی
مامەڵەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لەگەڵ دەوڵەتی ئەمری واقیعی كوردستان، لە مامەڵەی هاوپەیمانیی پرۆسەی ئازادكردنی عێراقی 2003 دەچێت لەگەڵ توركیا و ئیسپانیا، ئەوكات پەرلەمانی توركیا دژی ئەوە بوو كە دەوڵەتەكەی ببێتە ئەندامی ئەو هاوپەیمانییە و بەرەی شەڕی باكوور لە توركیا بۆ ئازادكردنی عێراق بكرێتەوە، هەروەها لە هەڵبژاردنەكانی ئیسپانیاشدا كە بە ماوەیەكی كەم دوای تەواوبوونی پرۆسەی ئازادكردنی عێراق ئەنجام درا، حزبی ركابەری حزبی دەسەڵات بەڵێنی بە ئیسپانییەكان دا، ئەگەر هەڵبژاردن بەرێتەوە، هێزەكانی ئیسپانیا لە عێراق دەكێشێتەوە، هەر واش دەرچوو، دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنەكان و دەرچوونی حزبی ركابەر، ئەوە بوو هێزەكانی ئیسپانیا لە عێراق كشانەوە، بەرامبەر ئەو دوو هەڵوێستەی گەلی توركیا و ئیسپانیا، ئەمریكا كە سەرۆكایەتی هاوپەیمانیی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی عێراقی دەكرد، لەسەر زاری سەرۆك جۆرج دەبلیو بوش-ـەوە بەو جۆرە وەڵامدرانەوە كە ئەوان رێز لە بڕیاری گەلی توركیاو ئیسپانیا دەگرن و ئەوەش هیچ كاریگەرییەك لەسەر پەیوەندییەكانی ئیسپانیا و توركیا لەگەڵ ئەمریكا و ناتۆ دروست ناكات.
بێگومان دەنگدانی پەرلەمانی توركیا دژی ئەوەی دەوڵەتەكەی ببێتە بەشێك لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی عێراق، نەك هەر بەدڵی ئەمریكا نەبوو، بەڵكو هەڵوێستی ئەمریكای لەو ئۆپەراسیۆنەدا بە جۆرێك ئیحراج كرد كە پشت بە هاوپەیمانیی هەرێمی كوردستان ببەستێت و بەرەی شەڕی باكوور لە كوردستانەوە بكاتەوە، هەروەها كشانەوەی هێزەكانی ئیسپانیاش لە كاتێكدا بوو كە تازە تیرۆریستانی قاعیدە خۆیان رێكخستبووەوە و بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكانیان لە بەغدا تەقاندبووەوە و محەمەد باقر حەكیم (سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە عێراق)دا تیرۆر كرابوو، بە مانایەكی دیكە ئەمریكا زۆر پێویستی بە هێزەكانی ئیسپانیا هەبوو بۆ ئەوەی لە عێراقدا بمێننەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی گەلی ئیسپانیا بڕیاری دابوو، ئەمریكا هیچ هەڵوێستێكی نەرێنی نە بەرامبەر توركیا و نە بەرامبەر ئیسپانیا وەرنەگرت.


بۆ ئێستای كوردستانیش كە بڕیارە لە 25ی ئەیلوولی داهاتوو ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان ئەنجام بدرێت، ئەگەر وەك چاودێرێكی بێلایەن سەیری زمانی دیپلۆماتیی ریكس تیلێرسۆن (وەزیری دەرەوەی ئەمریكا) بكەین، كە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەیدا لەگەڵ سەرۆكی كوردستان قسەی پێكردووە، هەست دەكەین زمانی دیپلۆماتیەتی ئەمریكا دیالۆگە لەگەڵ دەوڵەتێكی هاوپەیمان، نەك هاوپەیمانێكی لۆكاڵی لە ناو دەوڵەتێكدا كە خۆیان بە (Local Partner) ناوی دەبەن، هەر بۆیە كاتێك ریكس تیلێرسۆن بەو زمانە بە سەرۆكی كوردستان دەڵێت: «ئێمە پێمان باشە ریفراندۆم لەم كاتەدا ئەنجام نەدرێت.» ئەمە لە زمانی دیپلۆماتیەتی دەوڵەتانی دیموكراتی بەگشتی و دیپلۆماتیەتی ئەمریكا بەتایبەتی، ئەو مانایە دەگەیەنێت، هەتا ئەگەر ئێمەش وەك ئەمریكا ئەنجامدانی ریفراندۆممان لەم كاتە پێ باش نەبێت، ئەوا ئەگەر گەلی كوردستان بڕیاری خۆی بدات، ئێمە وەك گەل و حكومەتی ئەمریكا رێز لە بڕیاری گەلی كوردستان دەگرین. دیارە ئیدارەی ئەمریكی بە سەرۆكایەتی دۆناڵد ترامپ و ئەو ستافەی ترامپ بۆ ئەم ئیدارەیە دەستنیشانی كردوون، جیاوازییەكی گەورەی لەگەڵ ئیدارەكانی پێش خۆی هەیە و لەو كاتەوەی ئەم ئیدارەیە دەست بەكار بووە، بێجگە لە سعودیە و ئیسرائیل، تەنیا لەگەڵ كوردستان (كە دەوڵەتێكی خاوەن سەروەریی و دانپێدانراو نییە) بەو زمانە دیپلۆماتییە نەرمە قسەی كردووە.
كاردانەوەی زمانی دیپلۆماتیی تیلێرسۆن لەگەڵ سەرۆكی كوردستان، لە تێگەیشتنی نەتەوەیە یەكگرتووەكاندا لەسەر پرۆسەی ریفراندۆمی كوردستان زوو رەنگیدایەوە و هەر دوای ئەم گفتۆیە نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند، ئەوان نەیانگوتووە ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان یاسایی نییە، ئەم پەیامەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە رووی پرەنسیپەكانی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە ئەوەی لێدەخوێندرێتەوە كە دەوڵەتی ئەمری واقیع ئەو مافەی هەیە بڕیاری ریفراندۆم بدات و بڕیارەكەشی لە چوارچێوەی یاسایی نێودەوڵەتیدا وەك بڕیارێكی یاسایی مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت.



پێگە و شكۆی كوردستان راشكاوانەتر لە سەردانی جیمس ماتیس وەزیری بەرگری ئەمریكا و شاندە باڵاكەی یاوەری زیاتر رەنگی دایەوە، بەتایبەتی كە تەوەرێكی سەرەكیی كۆبوونەوەكانی وەزیری بەرگری ئەمریكا و سەرۆكی كوردستان، باسكردنی ئەنجامدانی ریفراندۆمی كوردستان بووە لەكاتی خۆیدا، بۆ ئەمەش وەك سەربەست لەزگین جێگری وەزیری پێشمەرگە و یەكێك لە ئامادەبووانی ئەو كۆبوونەوەیە لە دیمانەیەكدا بە گوڵانی راگەیاند، كە سەرۆك بارزانی و كۆسرەت رەسوڵ جێگری سەرۆكی كوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی كوردستانیش، راشكاوانە بە وەزیری بەرگری ئەمریكا و شاندە یاوەرەكەیان راگەیاندووە، ریفراندۆم بڕیاری گەلی كوردستانەو لەكاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت و تەنیا كاتێك قسە لەسەر دواخستنی ئەم پرۆسەیە دەكرێت كە گەرەنتییەكی نێودەوڵەتی بدرێتە كوردستان و چەندین دەوڵەت ببنە ناوبژیوان لە نێوان عێراق و كوردستاندا، ئەو كات باس لەوە دەكرێت بۆ ماوەیەكی دیاریكراو پرسی ریفراندۆم دوابخرێت. لەبەرامبەردا جیمس ماتیس سەرۆكی شاندی ئەمریكا بۆ كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی كوردستان، تێگەیشتنی خۆی بۆ ئەم بڕیارەی گەلی كوردستان پیشانداوە و داوای ئەوەی كردووە، بریاری ئەنجامدانی ریفراندۆم كاریگەری لەسەر شەڕی دژی داعش نەبێت، كە ئێستا ئەولەوییەتی كوردستان و ئەمریكا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعشیشە.


دیارە هەڵوێستی توركیا بۆ كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و پرسی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان بەتایبەتی، بایەخێكی زێدەگرنگی لای ئەمریكا و دەوڵەتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش هەیە، بەتایبەتی كە توركیا جیا لەوەی دەوڵەتێكی گرنگی گەورەی هاوپەیمانی ئەمریكایە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەندامێكی دێرینی هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسیشە، لە هەمانكاتدا ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشیشە، بۆیە كاتێك وەزیری دەرەوەی توركیا لە بەغداوە سەردانی كوردستان دەكات و راستەوخۆ راشكاوانە گفتوگۆ لەسەر پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆم لەگەڵ سەرۆكی كوردستان دەكات و پاشانیش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا رایدەگەیەنێت، ئەنجامدانی ریفراندۆم نابێتە هۆكاری ئەوەی پەیوەندیەكانمان لەگەڵ كوردستان بپچڕێت، یان سنوور دابخەین، ئەمە خوێندنەوەیەكی وردی دەوێت و دەبێت بزانین ئەگەر هەڵوێستی توركیا لەسەر پرسی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان گەیشتبیتە ئەو ئاستەی تەنیا بەوە دژایەتی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان بكات كە بڵێت، بریارێكی دروست نییە، یان كاتی ئەم بڕیارە نییە، ئەمە مانای ئەوەیە توركیا، ئەگەر لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانیش نەبێت، بەڵام ئەگەر ئەم دەوڵەتە بە بڕیاری گەلی كوردستان دامەزرا، ئەوا توركیا وەك ئەمری واقیع مامەڵە لەگەڵ كوردستان دەكات، لێرەدا گرنگە ئاماژە بەوە بكەین كە پێگەی پارتی دادو گەشەپێدان كە ئێستا لە دەسەڵاتدایە لە توركیا، لەدوای كودەتاكەی 15ی تەمووزی 2016 گۆڕانكاری بەسەردا هاتووەو لە هەندێك پرسدا وەك لە ریفراندۆمەكەی هەمواركردنی دەستووری توركیا لە نیسانی 2017 بینیمان بە ریژەی 51% سەركەتوو بوو، بەتەنیا مابووەوە، ئەوجا بۆ پرسی سەربەخۆیی كوردستان كە جەهەپە وەك پارتێكی كەمالیستی و مەهەپە وەك پارتێكی ناسیۆنالیستی توركی كە دژی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانن، ئەوا پارتی داد و گەشەپێدان لەمە زیاتری بەرامبەر سەربەخۆیی كوردستانی لێ چاوەڕوان ناكرێت.


فەڕەنسا كە بە جیاوازیی سەرۆكەكانیەوە لە فرانسۆ میتران-ـەوە تا دەگاتە ماكرۆن، وەك دەوڵەتێكی گەورەی جیهان پشتیوانی لە مافەكانی گەلی كوردستان كردووە، لە سەردانی وەزیری بەرگری و دەرەوەی فەڕەنسا بۆ كوردستان و كۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆكی كوردستان، جارێكی دیكە ئەوەی سەلماندەوە كە فەرەنسا نەك هەر لەچوارچێوەی پشتگیری هێزی پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش، پشتیوانیی هەرێمی كوردستان دەكات، بەڵكو لە رووی دیپلۆماتیشەوە پشتگیریی كوردستان دەكات و رێز لە بڕیاری خەڵكی كوردستان دەگرێت، دیارە سێرگی لاڤرۆڤی وەزیری دەرەوەی رووسیاش وەك لە دیمانەكەی لەگەڵ كەناڵی رووداو بینیمان، نەك هەر پشتگیری بۆ ریفراندۆمی خەڵكی كوردستان دەربڕی، بەڵكو ئامادەباشی وڵاتەكەشی پیشاندا بۆ ئەوەی هاوكاری كوردستان و عێراق بكات تا بە دیالۆگ و رێگەچارەی ئاشتییانە بگەنە رێككەوتنێكی هاوسەنگ.
لەگەڵ ئەوەی هەڵوێستی ئەمریكا رەنگدانەوەی دەوڵەتانی ئینگلیزی زمانە وەك (بەریتانیا و كەنداو ئوسترالیا) بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم پرسە لەگەڵ بەرپرسانی بەریتانییش راشكاوانە لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق باسكراوە، لەمەش زیاتر پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆم لەگەڵ باڵیۆزی یەكێتی ئەوروپا و باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق كراوە، ئاكامی هەموو ئەم دیدار و چاوپێكەوتنانەش بەو جۆرە بووە كە لە چوارچێوەی نەریتی دیپلۆماتییەت و رێزگرتن لە ئیرادە و بڕیاری گەلی كوردستان قسەی جددی لەبارەوە كراوە و رێز لەو بڕیارەی گەلی كوردستان گیراوە كە لە 25ی ئەیلوولی داهاتوو ریفراندۆم ئەنجامدەدات.
لێرەوە ئەگەر پێگەی كوردستان وەك دەوڵەتی ئەمری واقیع لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش وەك خۆی هەڵبسەنگێنین، یان لە چوارچێوەی ئامانجی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، گرنگی و بایەخی دەوڵەتی كوردستان هەڵبسەنگێنین، ئەوا جیا لەو گەواهییەی ئەمریكا و دەوڵەتانی ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەیدەن، بەوەی ئەگەر هێزی پێشمەرگەی كوردستان نەبووایە، شەڕی دژی داعش بەمجۆرە سەركەوتوو نەدەبوو، لە هەمانكاتدا ئەگەر كوردستان نەبێتە دەوڵەتێكی سەربەخۆ، ئەوا ئەو ئامانجەی شەڕی دژی داعش نایەتەدی كە سەرۆك ترەمپ بە لە ریشە هەڵكێشانی توندڕۆیی رادیكاڵیزمی ئیسلامی ناوی بردووە، ئەمەش راشكاوانە واتە توندڕۆیی ئیسلامی لە هەردوو مەزهەبی سوننە و شیعە پێكەوە .


لەوانەیە هەبن سەبارەت بە ئامانجی دووەمی شەڕی دژی داعش كە لە ریشە هەڵكێشانی توندڕۆیی رادیكاڵیزمی ئیسلامییە، ئەو پرسیارە بكەن، ئەگەر هێزی پێشمەرگە لەسەر زەوی ئەو هێزە بووبێت كە ئەفسانەی داعش تێكبشكێنێت، ئایا نهێنی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان بۆ لە ریشە هەڵكێشانی توندڕۆیی رادیكاڵیزمی ئیسلامی (سوننە و شیعە) لە چیدایە؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارە دەڵێین: دیاردەی ئەنتی ئەمریكا و رۆژئاوا، دیاردەیەكی باو و توندی گەلانی عەرەبی و ئیسلامییە لە ناو هەردوو مەزهەبی شیعە و سوننە، ئەمریكا و رۆژئاوا وەك شەیتانی گەورە سەیر دەكرێت و تەنانەت ئەم دیاردەیە لەنێو گەلانی دەوڵەتانی وەك (میسر، ئەردەن، سعودیە و دەوڵەتانی كەنداو و ئێران و عێراق و توركیاش) لە لوتكەدایە. توركیا كاتێك داوای رادەستكردنەوەی فەتحوڵا گولەن لە ئەمریكا دەكات، راشكاوانە ئەو پەیامە بە گوێی بەرپرسانی ئەمریكیدا دەدات كە خۆتان دەزانن ئاستی هەستی ئەنتی ئەمریكا لەناو رای گشتی توركیا چەند بەرزە، بۆیە گولەن-مان رادەست بكەنەوە، بۆ ئەوەی كێرڤی ئەنتی ئەمریكا بێتەخوارەوە، هەروەها ئەوەش ئاشكرایە كە یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكان بەهێزبوونی رێكخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدە دەگەڕێتەوە بۆ ناردنی هێزی ئەمریكا بۆ سعودیە لە پرۆسەی ئازادكردنی كوەیت لەساڵی 1991، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەگەر ئەمریكا بەو ئاستە بەرزەش لەگەڵ حكومەتی سعودیە هاوپەیمان بێت، ئەوا هەستی ئەنتی ئەمریكا لە سعودیە و دەوڵەتانی دیكەی عەرەبی بەو ئاستە بەرزە كە كارەساتی 11ی سێپتەمبەری 2001 لێبكەوێتەوە، ئەو كارەساتەش هێندە كاریگەر بوو كە بیرمەندانی ئەمریكا ئەو پرسیارە لە خۆیان بكەن (بۆچی رقتان لێمانە؟) ئەم پرسیارە ئەوەی لێ دەخوێندرێتەوە كە ئەمریكییەكان سەرسام بوون لەو رقەی كە لەناو چەند دەوڵەتێكەوە دروست دەبێت كە بە نزیكترین هاوپەیمانی ئەمریكا لەقەڵەم دەدەرێن.
بۆ ئێستای دوای گەرمەی شەڕی دژی داعش و كۆتایی شەڕی دژی داعش، بێجگە لە كوردستان لەناو هەموو دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسلامیدا، ئەمریكا و رۆژئاوا شوێنێك شك نابەن كە گەل و دەوڵەتەكەی خۆی بە هاوپەیمانی ئەمریكا و رۆژئاوا بزانێت، لەمەش زیاتر وەك لە راپۆرتی میونخی 2017 بۆ ئاسایشی جیهان راشكاوانە ئاماژەی پێكراوە، ئێستا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو قۆناخی پۆست رۆژئاوا دەچێت و ئەمریكا و رۆژئاوا دەستەوەستان بوون لە ئاستی كێشەو گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و هیچیان پێ ناكرێت، بۆیە لەناو ئەم ژینگە ئاڵۆزەی كە دەرهاویشتەی فیكری توندڕۆیی رادیكاڵیزمی ئیسلامی (شیعەو سوننە) دروستی كردووە، دەوڵەتی كوردستان تەنیا جوگرافیا و پێگەیە كە جارێكی دیكە رۆژئاواو ئەمریكا بتوانن، پێگەی خۆیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگێڕنەوە، ئەمەش ئەو راستییەمان بۆ ئاشكرا دەكات، كە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان بۆتە ئامانجی سەركەوتنی شەڕێكی جیهانی كە 68 دەوڵەت ئەندامی ئەو هاوپەیمانییەن و ئەگەر پشتگیریی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان نەكەن، ئەوا جیا لەوەی شەڕی دژی داعش و رادیكاڵیزمی ئیسلامی دەدۆڕێنن، لە هەمانكاتدا مەیدانی سەرەكیی كارە تیرۆریستییەكانی داعش و رێكخراوە تیرۆریستییەكانی دیكەش بەتەواوەتی دەگوازرێتەوە بۆ رۆژئاواو و رۆژ لەدوای رۆژیش ئەو فیكرە توندڕۆیی و تیرۆریستییە بە هاوشێوەی دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسلامی گەشەدەكات و بەها و كەلتووری رۆژئاوا دەخاتە مەترسییەوە.


ئەم واقیعە و سەردانی رۆژانەی شاندە باڵاكانی ئەمریكا و فەڕەنسا و دەوڵەتانی هاوپەیمانیی نیودەوڵەتیی دژی داعش بۆ هەولێر، ئەو پەیامە بە راشكاوانە بەخەڵكی كوردستان دەدەن، كە بە ئازادی لە 25ی ئەیلوولی داهاتوو بڕیاری یەكجارەكی خۆتان بدەن و هەموو جیهانیش رێز لە بڕیاری گەلی كوردستان دەگرێت و پشتیوانی لێ دەكات، لەمەش زیاتر دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان نەك نابێتە هەڕەشە و پشتگوێخستنی شەڕی دژی داعش وەك ئەولەوییەتی كوردستان و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، بەڵكو دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان دەبێتە نەخشەی رێگا بۆ لە ریشە هەڵكێشانی فیكری توندڕۆیی رادیكاڵیزمی ئیسلامی (سونە و شیعە) لەسەرتاسەری ناوچەكەو گێڕانەوەی هاوسەنگی و سەقامگیری بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
Top