ناسەقامگیری ڤایرۆسی نەخۆشكەوتنی دیموكراتییە كاتێك دیموكراتی نەخۆش دەكەوێت حكومەت لاواز دەبێت و ئایندەی ئازادی دەكەوێتە مەترسییەوە
August 31, 2017
راپۆرتەکان
كەواتە ئەم مێژووە ئەوەمان پێدەڵێت، سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی بەرهەمی دەوڵەتی نەتەوەیی، یان نیشتمانی (Nation State)یە، كە ئەمیش بەرهەمی رێككەوتنی ویستفالیای ساڵی 1648ـە، بەڵام پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە ئایا بیرمەندانی سیاسی و سیسیۆلۆژی چۆن پێناسەی دەوڵەتیان كردووە؟ یان ئایا پێویستە سیفەتەكانی دەوڵەت چۆن بن بۆ ئەوەی سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی تێیدا بونیاد بنرێت؟ سەبارەت بە پێناسەی دەوڵەت، بیرمەندی گەورەی ئەڵمانی ماكس ڤێبەر دەڵێت: دەوڵەت بریتییە لە شەرعییەتی خوڵقاندنی هێز و شەرعییەتی بەكارهێنانی هێز بۆ پاراستنی خاكەكەی و پاراستنی سەقامگیری لە هەڕەشەكانی ناوەوە و دەرەوە)، ئەم پێناسەیەی ماكس ڤێبەر بۆ دەوڵەت و زەمینە رەخساندن بۆ دامەزراندنی سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی، ئەوا دوو مەرجی گرنگمان وەك زەمینەی گونجاو بۆ دامەرزاندنی سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی بۆ ئاشكرا دەكات كە بریتین لە:
1. بەبێ دەوڵەت بەگشتی و دەوڵەتی نەتەوەیی نیشتمانی یان نەتەوەیی بەتایبەتی، سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی بونیاد نانرێت و ئەگەر هەر هەوڵێكیش بۆ بونیادی ئەم سیستمە بخرێتە گەڕ بێجگە لە سیستمێكی دیموكراتی نەخۆش (Illiberal Democracy) كە دەكرێت پێی بگوترێت سیستمێكی دیموكراتی بەتاڵ، شتێكی دیكەی لێ بەرهەم نایەت.
2. دەوڵەتیش دەبێت ئەو دەوڵەتە بێت كە توانای ئەوەی هەبێت لە چوارچێوەی رێزگرتن لە گەلەكەی، یان گەلانی ناو دەوڵەتەكەی ماف و ئازادییەكان بە یەكسانی وەك هاووڵاتی پلەیەك بۆ هاووڵاتیانی بەبێ جیاوازی دابین بكات، ئەوجا ئەو دەوڵەتە زەمینەیەك فەراهەم دەكات بۆ ئەوەی بتوانرێت سیستمی دیموكراتی تێدا بونیاد بنرێت.
ئەوجا بۆ ئەوەی ئەم سیستمە بە سەركەوتوویی بمێنێتەوە و بتوانێت چالاكانە هەڵبسووڕێت و دوچاری لەبەریەكهەڵوەشانی سیاسی (Political Decay) نەبێتەوە، ئەوا فرانیسس فۆكۆیاما لە كتێبی (لەبەریەكهەڵوەشانی سیستمی سیاسی) جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، ریگرتن لە بەریەكهەڵوەشانی سیاسی، پێویستی بە بەرەوپێشەوەچوون، یان پەرەپێدانی سیاسی هەیە، ئەم پرۆسەیەش پرۆسەیەكی سەربەخۆیە و پەیوەندی بە گەشەی ئابووری و كۆمەڵایەتییەوە نییە و پێش ئەوەی كیانێكی سیاسی ببێتە دیموكراتی پێویستە سیستمێكی سیاسی هەبێت.
فۆكۆیاما لەم دەستنیشانكردنە وردەی بۆ پرۆسەی پەرەپێدانی سیاسی و جیاكردنەوەی لە گەشەی ئابووری و كۆمەڵایەتی، مەبەستی ئەوەیە ئەو ڤایرۆسەی دەبێتە هۆكاری لەبەریەكهەڵوەشانی سیستمی سیاسی، یان سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی دەكاتە سیستمی دیموكراتیی نەخۆش و بەتاڵ، لەهەموو سیستمە لیبڕاڵ دیموكراتییەكاندا بوونی هەیە، ئەگەر ئەم ڤایرۆسە لە رووسیا بریتی بێت لە بێ بایەخكردنی هەڵبژاردنەكان و قۆرخكردنی دەسەڵات، ئەوا لە ئەمریكا ئەم ڤایرۆسە بریتییە لەوەی كە دەسەتەبژێرێك كۆنتڕۆڵی حوكمڕانییان كردووە و یاساكان بۆ بەرژەوەندی خۆیان دەردەكەن، بەهەمان شێوە لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیش، ڤایرۆسی لەبەر یەكهەڵوەشانی سیستمی سیاسی نەبوونی ئەو دەوڵەتەیە كە بتوانێت سەقامگیری و مافی هاووڵاتیبوون بۆ خەڵكەكەی دابین بكات.
لاری دایمۆند كە ئەویش یەكێكە لەو بیرمەندانەی كار لەسەر دەوڵەت و دیموكراتی دەكات، لە توێژینەوەیەكدا سەبارەت بە نەبوونی ژینگەی دامەزراندنی سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بە گشتی و دەوڵەتانی عەرەبی بەتایبەتی ئەو پرسیارە دەكات، بۆچی لە سێ شەپۆلی گرنگی بڵاوبوونەوەی دیموكراتیدا، ئەم باهۆزە هەموو دەوڵەتانی جیهانی گرتەوە، بەڵام دەوڵەتانی عەرەبی بەتایبەتی و ئیسلامی بەگشتی نەگرتەوە؟ دایمۆند لە وەڵامی ئەم پرسیارە دەڵێت: كاتێك سەیری هەندێك لەدەوڵەتانی ئیسلامی دەكەین بۆ نموونە ( توركیا و مالیزیا) دەگەینە ئەو قەناعەتەی تا رادەیەك ئیسلام رێگر نییە لە بونیادی سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی، بەڵام كاتێك سەیری دەوڵەتانی عەرەبی دەكەین، دەگەینە ئەو قەناعەتەی كەلتووری عەرەبی هاودژی لەگەڵ ئەم سیستمە دروست بكات و نەتوانرێت لە ژینگەی كەلتووری عەرەبیدا سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی بونیاد بنرێت.
ئەوەی پشتگیری لەم دەرەنجامەی دایمۆند دەكات، راپەڕینەكانی دەوڵەتانی عەرەبییە لە ساڵی 2011 كە لە سەرەتادا ناویان لێنا بەهاری عەرەبی، بەو مانایەی شەپۆلی تازەی دیموكراتی، ئەمجارەیان دەوڵەتانی عەرەبی دەگرێتەوە، بەڵام ئەوە ماوەی شەش ساڵ بەسەر ئەو راپەڕینانەدا تێدەپەڕێت، نەك هەر ئەو دەوڵەتانە نەبوونە دەوڵەتێكی دیموكراتی، بەڵكو شكستی بە كۆمەڵی تەواوی ئەو دەوڵەتانە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیای كردۆتە ناوچەیەكی فاشیل و ئێستا هەموو جیهان بەدوای ئەوەدا وێڵن، چۆن سەقامگیری و تەناهی بۆ ئەو ناوچەیە بگێڕنەوە، بەڵام پێدەچێت هەوڵەكان بۆ گێڕانەوەی سەقامگیری و تەناهی بۆ ئەم ناوچە شكستخواردووە، پێویستی بە رێككەوتنێكی دیكەی ویستفالیای ساڵی 1648ی ئەوروپا هەبێت كە بە دامەزراندنەوەی چەند دەوڵەتێكی نەتەوەیی هاوچەرخ كۆتاییان بەشەڕی 30 ساڵەی ئایینی هێنا و سەقامگیری بۆ ئەوروپا گەڕایەوە.
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەدوای رووخانی دیواری بەرلین و هەڵوەشانەوەی یەكێتی سۆڤیەتی پێشان، زۆر غروورانە گەیشتبووە ئەو قەناعەتەی كە دەتوانێت بە رێگەی كۆپیكردنەوەی دامەزراوەكانی رۆژئاواو پشتگیریكردن لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەتوانێت سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی لە هەموو دەوڵەتانی جیهاندا پیادە بكات، لە ساڵی 1996 و لە كاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی دەوڵەتانی ناوچەی بەلكان و یوگسلافیای پێشوو، فەرید زەكەریا (سەرنووسەری ئەوكاتی گۆڤاری نیوزویك) وەك رۆژنامەنووسێك رووماڵی ئەو هەڵبژاردنانەی كردووە و لە توێژینەوەیەكدا كە لەساڵی 1997 بە ناونیشانی (لیبڕاڵ دیموكراتی و لیبڕاڵ دیموكراتیی نەخۆش) لە گۆڤاری فرین ئەفێرز بڵاوی كردۆتەوە، تێیدا نووسیویەتی: «كاتێك ئاكامی سندوقەكانی دەنگدانمان بینی، من و ریچارد هۆلبرۆك (نێردراوی ئەمریكای ئەوكات بۆ ناوچەی بەلكان) پێكەوە بووین كە سەیری ئاكامی سندوقەكانی دەنگدانمان كرد، بینیمان ئاكامی سندوقەكانی دەنگدان لە بری ئەوەی یەكبوون و یەكێتی لەنێوان گەلانی ئەو ناوچەیە دروست بكات، كەچی لێكدووركەوتنەوەی پیشان دەداین، بۆیە هەر ئەوكات بە سەرسوڕمانەوە پرسیمان، ئایا بۆ دەبێت ئاكامی سندوقەكانی دەنگدان بەم شێوەیە بێت؟ بۆیە لەم ئاكامەوە گەیشتمە ئەو قەناعەتەی ئەگەر هەڵبژاردن لە زەمینەیەكی لەباردا نەكرێت، كە تیایدا دەوڵەت لەسەر بنەمای رێزگرتنی پێكهاتەكانی سەقامگیری و تەناهی دابین نەكردبێت، ئەوا لەبری ئەوەی سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی بەرهەم بێت، سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتیی نەخۆش یان بەتاڵی لێ دروست دەبێت.
لەكۆی ئەم دێڕانە ئەوە بەرجەستە دەبێت كە بونیادی سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی پێش هەموو شت پێویستی بە دەڵەوتە، ئەو دەوڵەتەش دەبێت توانای دابینكردنی سەقامگیری هەبێت، كاتێك سەقامگیر بگۆڕێت بۆ ناسەقامگیری، یان لایەنە سیاسییەكانی ناو پرۆسەی سیاسی هەوڵەكانیان بۆ ئەوە بێت ناسەقامگیریی سیاسی دروست بكەن، ئەوا لەو حاڵەتە سیستمی دیموكراتی دەبێتە سیستمێكی نەخۆش و سیستمەكە شەرعیەت و ئەهلییەتی نامێنێت و بۆ راستكردنەوەی سیستەمە سیاسییەكەش بێجگە لە هەوڵدان بۆ گێڕانەوەی سەقامگیری سیاسی و بڕوابوونی حزبەكانی ناو پرۆسەی سیاسی بە گرنگی و بایەخی سەقامگیری بۆ بونیادی دیموكراتی، ئەوا سیستمی دیموكراتی دەبێتە پاشاگەردانی و بۆ ئەم حاڵەتەش لەوانەیە نموونەی حەماس لە فەلەستین نموونەیەك بێت لە جێگەی خۆیدا بێت.
كوردستان و
ڤایرۆسەكانی نەخۆش كەوتنی دیموكراتی
كاتێك دەڵێن بونیادنانی سیستمی دیموكراتی بەبێ بوونی دەوڵەت بێجگە لە خەیاڵ شتێكی دیكە نییە، زۆر كەس ئەو پرسیارە دەورووژێنن و دەڵێن، كوردستانی باشوور دەوڵەتیش نییە و هەنگاوی بۆ ئەزموونێكی دیموكراتی هەڵگرتووەو، ئەگەر ئەم ئەزموونە كەموكورتیشی هەبێت، بەڵام بۆچی هەروەك هەنگاوێك بۆ بونیادی سیستمی دیموكراتی لەسەر ئاستی جیهان مامەڵەی لەگەڵ كراوە؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەڵێین: ئەگەر دوای كۆڕەوەكەی ساڵی 1991و دەرچوونی بڕیاری 688ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، رژێمی بەعس دامەزراوە دەوڵەتییەكانی لە كوردستان نەكێشابایەتەوە، كورد نەیدەتوانی بڕیاری هەڵبژاردن بۆ دامەزراندنی پەرلەمان و حكومەتی كوردستان بدات، ئەمەش بەو مانایەی دوای ئەوەی رژێمی بەعس وەك دروستكردنی گوشارێك بۆ سەر كوردستان، دامەزراوە دەوڵەتییەكانی كشاندەوە، راشكاوانە پێی گوتین: فەرموون ئێوە ببن بە دەوڵەت و خۆتان خۆتان بەڕێوە بەرن، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا، بناخەی سەرەكی بۆ بونیادی سیستمی دیموكراتی، یان ئەزموونی دیموكراتی لە ژینگەی دەوڵەتی ئەمری واقیعی كوردستان دەستی پێكردووە، ئەگەر كوردستان بە ئەمری واقیع نەبوایەتە دەوڵەت، ئەم ئەزموونە دەستی پێنەدەكرد.
بەڕێز مسعود بارزانی كە ئەوكات سەرۆكی بەرەی كوردستانی بوو، هەموو هەوڵ و توانای خۆی خستەگەڕ بۆ ئەوەی سەركردایەتی بەرەی كوردستانی بەوە رازی بكات، باشترین میكانیزم بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە ئیدارییەی رژێمی بەعس لە كوردستان دروستی كردووە، ئەوەیە كە خەڵكی كوردستان هەڵبژاردن ئەنجام بدات و گەلی كوردستان خۆیان ببنە سەرچاوەی دەسەڵات و دەوڵەتی قانوون دابمەزرێت، رازیبوونی بەرەی كوردستانی بەم بژارەیە هەنگاوێكی مێژوویی و گەورە بوو، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە كامڵنەبوونی سیاسی لە حزبە سیاسیەكاندا وایكرد كە ئەم پرۆسەیە وەك ئەوەی نەخشەی بۆ كێشرابوو بەسەلامەتی لەدایك نەبێت، هەربۆیە لەبری ئەوەی هەڵبژاردنی كوردستان ئەزموونی سیستمێكی لیبڕاڵ دیموكراتی سەقامگیر بەرهەم بهێنێت، شتێكی سەیری لێ بەرهەم هات كە ناویان لێنا حوكمڕانیی (فیفتی – فیفتی).
پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە، ئایا بێجگە لە پەسەندكردنی بژارەی (فیفتی- فیفتی)، بژارەی بەدیلی دیكە نەبوو كە پەنای بۆ ببرێت و نیشانەی پرسیار نەكەوێتە شەر بونیادی ئەم ئەزموونە دیموكراتییە؟ بێگومان ئەوانەی چاودێریی بارودۆخی ئەو كاتە بوون و لەناو پرۆسە سیاسییەكەدا كاراكتەری چالاك بوون، وەڵامی ئەم پرسیارە بەو جۆرە دەدەنەوە، كە بژارەی رازیبوون بە (فیفتی – فیفتی) لەبەرامبەر هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ و تێكدانی سەقامگیری كوردستان و لەباربردنی ئاكامەكانی هەڵبژاردن بووە، بۆیە لەنێوان ئەم دوو بژارەیە سەركردەی خاوەن لۆژیك و بەرپرسیار بەرامبەر ئایندەی نەتەوەكەی (فیفتی – فیفتی) هەڵدەبژێرێت، هەربۆیەش لەسەر ئەم بنەمایە بەڕێز مسعود بارزانی بەوە رازی بوو كە ئاكامی هەڵبژاردن وەك خۆی رابگەیەندرێت، بەڵام پەرلەمان و حكومەت لەسەر بنەمای (فیفتی – فیفتی) پێكبهێنرێت.
ئاماژەكردن بۆ دەستپێكی بونیادنانی ئەزموونی دیموكراتی لە كوردستاندا، كای كۆن بە باكردن نییە، بەڵكو هەوڵدانە بۆ دەستنیشانكردنی ڤایرۆسی هەڕەشەی تێكدانی سەقامگیریی كوردستان، كە لەماوەی 25 ساڵی ئەزموونی حوكمڕانیدا، بواری ئەوەی نەداوە دیموكراتییەكی ساغلەم لە كوردستاندا بێتەئاراوە. ئەوجا لەبەر ئەوەی هەر لە سەرەتاوە مەرجی درێژەپێدان بە ئەزموونی دیموكراتی لە كوردستان بەوە گرێدرایەوە كە نابێت هیچ كام لە دوو حزبە سەرەكییەكە (پارتی و یەكێتی) لە هەڵبژاردن براوە و دۆڕاو بێت، ئەوا كاتێك هەوڵی ئەوە درا كە سندوقی دەنگدان ببێتە میكانیزمی یەكلاكردنەوەی دەسەڵات، ئەوا لەبری ئەوەی هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، چەند جەولەیەكی شەڕی ناوخۆ لە كوردستان هەڵگیرساو سەرەنجامیش لەگەڵ ئەوەی هەوڵە ناوخۆییەكان نەیانتوانی سەركەوتوو بن، بەڵام ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە ساڵی 1998 و لە چوارچێوەی رێككەوتنی واشنتۆن پارتی و یەكێتی كۆكردەوەو بۆ ئەوەی پێش هەموو شت سەقامگیری لە هەردوو ئیدارەی (هەولێر و سلێمانی) بەردەوام بێت و پاشان هەنگاو بۆ ئەوە هەڵبگیرێت كە پارتی و یەكێتی پێكەوە بەرپرسیاریەتی ئەم قۆناخە هەڵبگرن و پێكەوە بە یەك لیست داببەزن و ئیدارەی هەرێمی كوردستان بكەن، ئەم هەنگاوانە دوای رووخانی رژێمی بەعس لە 2003 و نووسینەوەی دەستووری عێراق و پاشانیش بەشداری كورد لە حكومەتی فیدرالی عێراق، هەنگاوی بۆ رێككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەكێتی هەڵگرت.
ئامانج لە رێككەوتنی ستراتیژی و دابەشكردنی دەسەڵات و پشكەكانی كوردستان لە حكومەتی فیدرالی عێراق لە نێوان پارتی و یەكێتی، پێش ئەوەی ئامانج لێی پەرەپێدانی دیموكراتی بێت، ئامانجی سەرەكیی پاراستنی سەقامگیریی كوردستان بووە، ئەمەش بەو مانایەی ئەگەر سەقامگیری بوونی نەبوو، دیموكراتییش بوونی نابێت، هەروەها دەكرێت لەسەر زەمیەنەیەكی سەقامگیر هەنگاو بۆ بونیادی دیموكراتی هەڵبگیرێت، بەڵام بە دیموكراتی ناتوانرێت پاشاگەردانی و بێ نیزامی بگۆڕێت بۆ سیستمێكی دیموكراتی.
ئەم هەموو هەوڵە خرانەگەڕ بۆ ئەوەی زەمینەیەك دروست بێت، هەردوو ئیدارەی هەولێر و سلێمانی لە چوارچێوەی كابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان یەك بگرنەوە، لەگەڵ ئەوەی توانرا بە كابینەیەكی 42 وەزارەتی پرۆسەیەكی سەركەوتوو بۆ ئەم یەكگرتنەوەیە ئەنجام بدرێت، بەڵام مخابن لەو رۆژەوەی كابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستبەكار بوو، خوالێخۆشبوو نەوشیروان مستەفا لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان جیابۆوە و لێكترازانێكی گەورەی لەناو ماڵی یەكێتی دروست كردو سەقامگیری سیاسیی ناو یەكێتی گۆڕی بۆ ناسەقامگیرییەكی تەواو، هەروەها هەموو هەوڵی خۆی خستەگەڕ بۆ ئەوەی رێككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەكێتی هەڵبوەشێنێتەوە.
بێگومان هەتا ئەو كاتەی جەنابی مام جەلال نەخۆش نەكەوتبوو، خوالێخۆشبوو نەوشیروان مستەفا نەیتوانی درز و كەلێن بخاتە رێككەوتنی ستراتیژی و مام جەلال زۆر بە دەنگی بەرز جەختی لەسەر ئەوە دەكردەوە، رێككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەكێتی موقەدەسە و دەبێت وەك بیلبیلەی چاو بپارێزرێت، بەڵام مخابن كاتێك جەنابی مام جەلال نەخۆش كەوت، یەكێتی نیشتمانی لەژیر گوشاری بزووتنەوەی گۆڕان و گوشاری شەخسی خوالێخۆشبوو نەوشیروان مستەفا لە 2013 بەكردەیی لەیەكێك لە خاڵە گرنگەكانی رێككەوتنی ستراتیژی هاتەدەرەوە كە ئەویش دابەزینی پارتی و یەكێتی بوو بە لیستێكی هاوبەش لە هەڵبژاردنەكانی كوردستان و عێراقدا، بەڵام وێڕای ئەوەی یەكێتی كەلێنێكی گەورەی خستە ناو رێككەوتنی ستراتیژی، كەچی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبەر رۆشنایی رێنماییەكانی سەرۆك بارزانی و تێگەیشتنی لە گرنگیی ئەم رێككەوتنە بۆ سەقامگیری كوردستان، لای خۆیەوە پێوەی پابەندبوو، جەختیشی لە سەركردایەتی یەكێتی دەكردەوە بەم رێككەوتنەوە پابەند بن.
لەدوای هەڵبژاردنەكانی 2013، بزووتنەوەی گۆڕان و خوالێخۆشبوو نەوشیروان مستەفا، دروشمی چوارساڵ ئارامییان بەرزكردەوەو لە چوارچێوەی ئەم دروشمەدا پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان بۆ بەشداریكردن لە كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان رێككەوت، بەپێی ئەم رێككەوتنەش بزووتنەوەی گۆران هەر مەرجێكی هەبوو لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە پەسەند كرا و لەسەر ئاستی بەشداریی كوردیش لە حكومەتی بەغدا، دیسان پارتی سازشی لەسەر جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كرد كە بەركەوتەی هەڵبژاردنی خۆی بوو، تەنیا لەپێناوی ئەوەی سەقامگیری بگەڕێتەوە ناو پرۆسەی سیاسی و كوردستان بتوانێت رووبەڕووی هەڕەشە و تەحەدداكان ببێتەوە.
ئەگەر تەنیا سەرنجی ماوەی یەك ساڵی سەقامگیریی پرۆسەی سیاسیی كوردستان بدەین لە ئایاری 2014 – ئایاری 2015، بە راشكاوی دەبینین كە كوردستان لەماوەی ئەم ساڵەدا رووبەڕووی ئەو هەموو كارەسات و نەهامەتییە بووەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی فاكتەری ناسەقامگیری بوونی نەمابوو، لەهەموویاندا بە سەركەوتوویی دەرچووین لەوانە:
لە ساڵی 2014 حكومەتی نوری مالیكی بوودجە و مووچەی خەڵكی كوردستانی بڕی.
لە حوزەیرانی 2014 رێكخراوی تیرۆریستی داعش موسڵی داگیركرد و كوردستان رووبەڕووی شەڕێكی گەورە بووەوە و پاشانیش لە ئابی 2014 داعش هێرشی كردە سەر كوردستان و شنگال و چەندین ناوچەی دیكەی كوردستانی داگیركرد.
بەهۆی هاتنی نزیكەی 1.8 ملیۆن ئاوارەی ناوخۆ و كوردانی سووریا بۆ كوردستان، دیموگرافیای كوردستان زۆر بە كتوپڕی بە رێژەی 30% زیادی كرد.
هێزی پێشمەرگەی كوردستان وێڕای ئەوەی پاشەكشەی بە تیرۆریستانی داعش لە باشووری كوردستان كرد، لە هەمانكاتدا پەرلەمان بڕیاری دا كە هێزی پێشمەرگە بنێرێت بۆ هاوكاری رۆژئاوا و كۆبانێ لە كەوتن رزگاری بوو.
شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی بارزانی سەردانی كۆشكی سپی كردو زۆر بە راشكاوانە باسی پرۆسەی سەربەخۆیی لەگەڵ سەرۆك ئۆباما كراو ئەمریكا راشكاوانە بە شاندەكەی راگەیاندبوو كە ئەوان دژی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان نین.
خەڵكی كوردستان وێڕای بێ مووچەیی و شەڕێكی نەخوازراوی گەورە، بەڵام دەستە دەستە روویان لە بەرەكانی شەڕ دەكردو بەرگرییان لە كوردستان دەكرد، بە شێوەیەكی گشتی سەقامگیری پرۆسەی سیاسی ببووە هۆكاری ئەوەی ئیرادەی خەڵكی كوردستان بارتەقای هەموو ئەو هەڕەشە و تەحەددییانە بوەستێتەوە، بەسەر هەمووشیاندا زاڵ بێت.
بەڵام مخابن، لەپڕ و بەبێ ئەوەی هیچ هۆكارێكی موقنیع و پێویست بوونی هەبێت، لەژێر پەردەی هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، جارێكی دیكە شەخسی خوالێخۆشبوو نەوشیروان مستەفا و بزووتنەوەی گۆڕان، باری سەقامگیریی سیاسیی كوردستانیان تێكداو جارێكی دیكە خەریك بوو كوردستان بگەڕێتەوە بۆ ناو بازنەی پاشاگەردانی و شەڕی ناوخۆ، بەڵام ئەمجارەیان پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاری دا بەهەر نرخێك بێت، رێگە لە ناسەقامگیری و پاشاگەردانی بگرێت، بۆیە رێككەوتنەكەی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆران هەڵوەشاندەوە.
ئەگەر بێ لایانەنانە سەیری پرۆسەی ئەزموونی دیموكراتی هەرێمی كوردستان بكەین لە ماوەی 25 ساڵی رابردوودا، دەبینین ڤایرۆسی ترسناك لە جەستەی ئەم ئەزموونە دیموكراتییە، ئەو هەوڵانەیە كە بۆ ناسەقامگیری سیاسی دراون، بەپێچەوانەوە ئەگەر ناسەقامگیری سیاسی بوونی نەبووبێت، ئەوا كوردستان رووبەڕووی هەر كێشە و كارەساتێك بووبێتەوە، ئیرادەی خەڵكی كوردستان لە هەموو كێشەو كارەساتەكان گەورەتر بووە .
پرۆسەی ریفراندۆم و هەندێك هەوڵی نەزۆك
بۆ تێكدانی سەقامگیریی كوردستان
بۆ ئەوەی راشكاوانە قسە لەسەر ئەو خەڵكانە بكەین كە بەناوی گروپەوە بانگەشە بۆ دەنگی (نەخێر بۆ سەربەخۆیی كوردستان) دەكەن، ئەوا دەبێت زۆر راستگۆیانە باس لەوە بكەین كە بانگەشەی ئەو گرووپە ناكەوێتە چوارچێوەی ئازادیی رادەربڕین لەناو سیستمێكی دیموكراتیدا، ئەمەش لەبەر ئەوەیە بانگەشەی ئەو گرووپە سەرلێشێواوە ناكەوێتە بانگەشەی (بەڵێ و نەخێر) لە پرۆسەی ریفراندۆمی تەواوی ئەو گەلانەی هەتا ئێستا ریفراندۆمیان بۆ سەربەخۆیی ئەنجام داوە.
بانگەشەی (بەڵێ و نەخێر)ی پرۆسەی ریفراندۆم لە ئەزموونی هەموو ئەو گەلانەی ئەم پرۆسەیان بۆ سەربەخۆیی ئەنجام داوە، بریتی نییە لەوەی گرووپێك بەرببێتە گیانی گەل و حكومەتی خۆی و بە یەك وشەش باس لە بەرژەوەندی و مافەكانی نەتەوەكەی نەكات كە لەلایەن حكومەتی نەتەوەی سەردەستەوە پێشێل كراون.
لێرەوە ئەگەر بێینە سەر ئەو پرسیارە كە ئایا بژارەی (بەڵێ و نەخێر) لە پرۆسەی ریفراندۆم و ئەزموونی نەتەوەكان لە چییەوە سەرچاوە دەگرێت؟ لە وەڵامدا دەبێت بڵێین: بێگومان بانگەشەی بەڵێ یان نەخێر، گوتارێك نییە ئاراستەی حكومەت، یان پەرلەمانی ئەو هەرێمە بكرێت كە دەیەوێت بڕیاری سەربەخۆیی بدات، بەڵكو بژارەی (بەڵی و نەخێر) موخاتەبەی حكومەتی نەتەوەی سەردەستە بەوەی تاچەند ئەو هەرێمە لە چوارچێوەی مانەوەی لەو دەوڵەتەدا سوودمەند دەبێت، وەك لەوەی بڕیاری جیابوونەوە بدات. بەڵام كاتێك حكومەتی عێراق خۆی پیلانی بۆ نەمانی هەرێمی كوردستان داڕشتبێت و لە شەڕی دژی داعشدا سەروەریی خاكی كوردستانی بە سەروەریی عێراق نەزانیبێت و بێباك بووبێت لەوەی ئەم هەرێمە لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە داگیربكرێت و لەسەرووی هەمووشیانەوە بودجە و مووچەی كوردستانی وەك هەرێمێك لە چوارچێوەی عێراقدا بڕیبێت، ئیدی چۆن و بە چ لۆژیكێك، كەسانێك هەبن كە بانگەشە بە (نەخێر بۆ سەربەخۆیی كوردستان) بكەن و پشت لەهەموو پێشێلكارییەكانی حكومەتی عێراق دژ بە خەڵكی كوردستان بكەن و هەموو هەوڵی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ ئەوەی لە حكومەتی خۆیان بەربن.
بارودۆخی ئێستای پەیوەندییەكانی نێوان كوردستان و عێراق، لە بارودۆخی پەیوەندیی نێوان هیچ دەوڵەتێكی فیدرالی و هەرێمێك لەناو دەوڵەتە فیدرالییەكە ناچێت، هەر بۆیە بەراوردكردنی ریفراندۆمی كوردستان بە ریفراندۆمی جیابوونەوەی كیوبیك لە كەنەدا، یاخود جیابوونەوەی سكۆتلەندا لە ئینگلتەرا، تەنانەت لە ریفراندۆمی جیابوونەوەی كەتەلۆنیاش لە ئیسپانیا ناچێت، هۆكاری سەرەكی بۆ جیاوازی نێوان پرۆسەی ریفراندۆمی كوردستان و هەریەك لە پرۆسەكانی ریفراندۆمی كویبیك و سكۆتلەنداو كەتەلۆنیا ئەوەیە، لەژێر هیچ بارودۆخێكدا پەیوەدنی نێوان سكۆتلەنداو بەریتانیا، كیوبیك و كەندا، كەتەلۆنیاو ئیسپانیا، چوارچێوەی دەستووری فیدرالیی ئەو دەوڵەتانەی نەبەزاندووە و حكومەتی فیدرالی ئەو دەوڵەتانە خۆی لە پابەندبوونەكانی هەرێمە فیدرالییەكەی دانەماڵیوە، بۆیە ئەگەر بەشێك لە هاووڵاتیانی كیوبیك، یان كەتەلۆنیا، یان ئۆسكۆتلەندا، داكۆكی لەو مافانە بكەن كە لە چوارچێوەی دەوڵەتانی فیدرالی كەندا و بەریتانیا و ئیسپانیا بۆ گەلەكانیان دابین كراوە، ئەوە مافی خۆیانە لە روانگەی بەرژەوەندی باڵای نیشتمانییەوە بڵێن نەخێر جیانابینەوە و بەشێك دەبین لەو دەوڵەتانە، بەڵام كاتێك حكومەتی بەغدا بە تەنیا یەك ماددەی دەستووری دەوڵەتی فیدرالی عێراقەوە پابەند نەبێت و كوردستان وەك بەشێك لە عێراق سەیر نەكات، ئایا بەچ هەقێك خەڵكانێك بانگەشە بۆ نەخێر بكەن و پاشانیش بە پێوەری ئەزموونی كەنەداو بەریتانیاو ئیسپانیا، بە ئازادیی رادەربڕین لە چوارچێوەی سیستمێكی دیموكراتیدا بۆیان لە قەڵەم بدرێت؟!
كەواتە بانگەشەكردن بۆ نەخێر ناكەوێتە بازنەی ئازادیی رادەربڕینی بژارەی (بەڵی و نەخێر)ی ئەزموونی پرۆسەی ریفراندۆمی گەلانی جیهانەوە، بەڵكو دەكەوێتە بازنەی هەوڵێكی نەزۆكەوە بۆ ئەوەی سەقامگیریی كوردستان بشێوێنێت.
بەپێی ئەو توێژینەوانەی لەسەر هۆكارەكانی لاوازیی حكومەت و هەڵنەسووڕانی دامەزراوەكان وەك ئەوەی پێویستە كراون، حكومەتی لاواز لە سیستمی دیموكراتیدا ئەو حكومەتەیە كە خۆی پاپەند دەكات بە فرەحزبییەكی سەپاوی نابەرپرسیارەوە، ئەم خۆپابەندكردنە بەم فرەحزبییەوە، دەبێتە هۆكاری ئەوەی حكومەت نەتوانێت هیچ بڕیارێك بدات، لەمەش زیاتر نەتوانێت راستگۆیانە كێشەوگرفتی حكومەتەكەی لەگەڵ هاووڵاتیانی خۆی باس بكات و چارەسەری بۆ بدۆزێتەوە، بۆیە ئەمە وادەكات لەسەر ئاستەكانی حوكمڕانی، سیاسەتی ئابووری، پرۆسەی سیاسی، ناسەقامگیرییەكی فرەڕەهەند بێتەئاراوەو لەمەش خراپتر ئەوەیە كاتێك ئەم ناسەقامگیرییە فرەڕەهەندە دروست دەبێت، ئەوا ئەگەر مەحاڵیش نەبێت، كارێكی ئاسان نابێت كە حكومەت بتوانێت بە ئاسانی ئەم ناسەقامگیربیە فرەڕەهەندییە بگێڕێتەوە بۆ سەقامگیرییەكی تەواو.
ئەو نەتەوانەی بە پەتای ناسەقامگیریی فرەحزبیی نابەرپرسیاردا تێپەڕیون، باش دەزانن، خۆ پابەندكردن بەو فرەحزبیە نابەرپرسیارەوە كێشەكان هێندەی دیكە ئاڵۆز دەكات و تەنانەت شكۆی نەتەوە و دەوڵەتە دەخاتە مەترسیەوە، هەر وەك چۆن فەڕەنسا لە ماوەی كۆماری چوارەم (1946-1958) گەیشتە ئەو ئاستەی كە بكەوێتە دووڕیانی مان و نەمانەوە، هەر بۆیە لەمجۆرە حاڵەتەدا دەبێت رێگایەك بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی ئەو فرەحزبییە نابەرپرسیارە بگۆڕێت بۆ فرەحزبییەكی بەرپرسیار، ئەم پرۆسەیەش بە دیالۆگی نێوان حزبەكان دروست نابێت، بەڵكو دەبێت فەزایەكی عامی ئەوتۆی بۆ دروست بكرێت كە راستەوخۆ لەگەڵ تەواوی تاكەكانی گەلدا بۆچوونەكان لەسەر سەقامگیری و پاشاگەردانی تاوتوێ بكرێت. دیگۆل بۆ ئەوەی فەڕەنسا لە گێژاوی فرەحزبیی نابەرپرسیار رزگاربكات، ماوەی 12 ساڵ هەوڵیدا بۆ ئەوەی گەلی فەڕەنسا بگەنە ئەو قەناعەتەی كە ئەم فرەحزبییە نابەرپرسیارە، فەڕەنسا بەرەو ئایندەیەكی نادیار دەبات، بۆیە كاتێك فرەحزبیی نابەرپرسیار كۆتایی هات و دیگۆل كۆماری پێنجەمی راگەیاند، نەك هەر تەنیا كۆماری پێنجەم شكۆی بۆ گەل و دەوڵەتی فەڕەنسا گێڕایەوە، بەڵكو فەڕەنسا بەردی بناخەی یەكێتی ئەوروپای داناو بووە ئەو دەوڵەتەی كە بتوانێت هەموو ئەوروپای رۆژئاوا ئاراستە بكات.
بۆ ئێستای كوردستانی باشوور، كە دیاردەی فرەحزبیی نابەرپرسیار گەیشتۆتە ئەو ئاستەی هەریەكەو بە جۆرێك باسی كێشەكانی كوردستان بكات، بەڵام پرۆسەی سیاسی و سیستمی سیاسیی كوردستانی باشوور، بێجگە لە مەترسی و هەڕەشەی فرەحزبیی نابەرپرسیار و دروستكردنی ناسەقامگیریی سیاسی، هیچ كێشەیەكی دیكەی نییە، ئەوجا ئەم دیاردەی دروستكردنی ناسەقامگیری سیاسییە بە جۆرێك رەگ و ریشەی لەو بەشەی كوردستانی باشوور داكوتاوە، كە ماناو چەمكی سیاسەتكردنی لە (سیاسەت وەك هونەری مومكینات بۆ چارەسەركردنی كێشەكان)ی گۆڕیوە بۆ (تەرخانكردنی هەموو هەوڵەكان بۆ دروستكردنی كێشە و ناسەقامگیری سیاسی)، لەمەش خراپتر ئەم دیاردەیە لە پیشەی حزبە نابەرپرسیارەكان دەرچووەو گواستراوەتەوە بۆ ئەو خەڵكانەی كە دەیانەوێت لاسایی حزبەكان بكەنەوە، دروست وەك ئەو دیاردەیە ئێستا لە رۆژئاوا دروست بووە و پێیان دەڵێن ( گورگە تەنیاكان- Lone Wolf)، ئەمەش بەو خەڵكانە دەگوترێت كە هاوشێوەی تیرۆریستانی داعش و ئەلقاعیدە كاری تیرۆریستی و خۆكوژی ئەنجام دەدەن، بەڵام هیچ كام لەو خەڵكانە نە ئەندامی داعش و قاعیدەن، نە ئەندامی هیچ رێكخراوێكی تیرۆریستین، بەهەمان شێوە لە ئێستای بارودۆخی سیاسیی كوردستانیشدا، هەوڵەكان بۆ دروستكردنی ناسەقامگیری و شێواندنی بارودۆخی كوردستان لەلایەن خەڵكانێكەوە برەوی پێدەرێت كە خۆیان بانگەشە بۆ ئەوە دەكەن ئەندامی هیچ حزبێكی سیاسی نین، بەڵام هەوڵدەدەن لاسایی ئەو حزبە سیاسییانە بكەنەوە كە ئامانجیان دروستكردنی ناسەقامگیرییە لەكوردستاندا.
لە ئێستادا كە بەرەو پرۆسەی ریفراندۆم لە 25ی ئەیلوول هەنگاو هەڵدەگرین، تا رادەیەكی زۆر فرەحزبیی بەرپرسیارانە لە فرەحزبی نابەرپرسیارانە جیابۆتەوە، بەڵام هێشتا متمانەی نێوان ئەو فرەحزبیی بەرپرسیارانە نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی بە گوتارێكی بوێرانە سنوورێك بۆ فرەحزبیی نابەرپرسیارانە دابنرێت، لە هەمانكاتدا بەرژەوەندیی ئەو حزبانەی سوود لە فرەحزبیی نابەرپرسیارانە وەردەگرن، بە ئاستێكە كە (گورگە تەنیاكانی دژی سەقامگیری) زۆر بە ئاسانی سوود لەو ژینگەیە وەربگرن كە میتۆدی فرەحزبیی نابەرپرسیارانەی ئەو حزبانە دروستی دەكەن.
لەم جۆرە ژینگە سیاسییەی كە فرەحزبیی نابەرپرسیار دروستی دەكات، ئەو حزبانە بچووك دەبنەوە بۆ دەستەبژێرێك لە چوارچێوەی ئامانجێكی شاراوەدا و دەیانەوێت لە رێگەی ئەو دەستەبژێرەوە رای گشتی ئاراستە بكەن، بۆیە ئەگەر فەزایەكی عامی فراوان دروست بكرێت و خەڵك ئازادانە لەسەر ئامانجی شاراوەی دروستكردنی ناسەقامگیریی سیاسی لە كوردستاندا قسە بكەن، ئەوا لەبری ئەوەی گوتاری دەستەبژێرێك ئاراستەی رای گشتی بكات، ئەوا گوتارێكی میللی دروست دەبێت كە گوتاری ئەو دەستەبژێرە ریسوا بكات و بیناخاتە پەراوێزەوە، هەر بۆیە لە ئێستا كە بەرەو ریفراندۆم دەچین و ریفراندۆمیش پرۆسەیەكی نیشتمانیی هەر تاكێكی كوردستانە، گرنگە بازنەی گوتاری میللی لە فەزای عامی كوردستاندا بە رادەیەك فراوان بكرێت كە ئەو دەستەبژێرەی هەندێك حزب كە دەیانەوێت ناسەقامگیری دروست بكەن، نەتوانن لەژێر پەردەی ئامانجێكی شاراوەدا ناسەقامگیری دروست بكەن، یان بە بیانووی ئەوەی ئەم وڵات سنوورمان لێ دادەخات و ئەو وڵات هەڕەشەمان لێ دەكات، ترس و دڵەڕاوكێ لەناو خەڵكیدا بڵاو بكەنەوە.