دیالۆگی ریفراندم لەنێوان نەتەوەی بێ دەوڵەت و دەوڵەتی مەركەزیدایە

دیالۆگی ریفراندم لەنێوان نەتەوەی بێ دەوڵەت و دەوڵەتی مەركەزیدایە
لەو كاتەوەی رۆژی 25ی ئەیلوولی داهاتوو بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم دەستنیشانكراوە، گروپێك لە هەرزەكاریی سیاسی بانگێشە بۆ نەخێر دەكەن، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە لەبری ئەوەی ئاراستەی قسەكانیان وەك بەشێك لە نەتەوەیەكی بێ دەوڵەت لەگەڵ دەوڵەتی مەركەزی عێراقدا بێت، زۆر هەرزانە كەوتوونەتە وێزەی حكومەتی خۆیان كە حكومەتی كوردستانە و هەموو هەوڵیان بۆ ئەوەیە بە خەڵكی كوردستان بڵێن دەوڵەتی مەركەزی عێراق هیچ كەموكورتییەكی نییە و ئەوەی خراپە خەڵك وگەلی كوردستان و حكومەتەكەیەتی.
لە مێژووی پێكەوەژیانی ئارەزوومەندانەدا، هیچ یەكێتییەكی فیدرالی هێندەی فیدرالیەتی نێوان سكۆتلەندا و ئینگلتەرا دێرین و سەركەوتوو نەبووە، گەلی سكۆتلەندا و ئینگلیز ماوەی 307 ساڵە لەچوارچێوەی شانشینی بەریتانیادا بەیەكەوە دەژین، ئەو مافەی سكۆتلەندییەكان هەیانە، مافی دەوڵەتێكی سەربەخۆیە، سكۆتلەندا جیا لەوەی مافی ئەوەی هەیە دراوی نەختینەی خۆی چاپ بكات، لە هەمانكاتدا لە پاڵەوانییەتەكانی جیهاندا، هەڵبژاردەی سكۆتلەندا نوێنەرایەتیی سكۆتلەندییەكان دەكات و ئینگلتەرا، نوێنەرایەتیی ئینگلتەرا دەكات، هەر بۆیە ئەگەر سەرنج بدەن، هەرگیز لە جامی جیهانیی تۆپی پێدا، هەڵبژاردەی ئینگلتەرا وەك هەڵبژاردەی شانشینی یەكگرتووی بەریتانیا بەشداری ناكات بەڵكو وەك تەنیا وەك هەڵبژاردەی ئینگلتەرا.
ئاماژەكردن بە تایبەتمەندێتی بۆ بوونی دراوی نەختینە و هەڵبژاردەی وەرزشیی سكۆتلەندی بۆ ئەوەیە تێبگەین، بۆچی سكۆتلەندییەكان لە ساڵی 2014 ریفراندۆمیان بۆ سەربەخۆیی ئەنجامدا؟ ئایا بۆچی رۆژی 18ی ئابی 2017 جارێكی دیكە سەرۆك وەزیرانی سكۆتلەندا داوای لە حكومەتی لەندەن كردووە كە جارێكی دیكە سكۆتلەندا ریفراندۆم ئەنجامدەدات و وادەكەشی دیاری كردووە، تەنیا دوو رۆژ دوای ئەوەی بەریتانیا بە فەرمی لەیەكێتیی ئەورپا جیادەبێتەوە؟ دیارە لەساڵی 2014 كاتێك دەنگی نەخێر بەسەر بەڵێ بۆ سەربەخۆیی سەركەوت، لەبەر ئەوەبوو دێڤید كامیرۆنی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا دەرگای بۆ سكۆتلەندییەكان خستە سەر پشت، ئەوەی ئەوان لە مافی دەوڵەتێكی سەربەخۆ بۆ خۆیان بە كەمی دەزانن، ئامادەیە هەمووی پڕبكاتەوە، هەروەها كێشەیەكی دیكە ئەوەبوو، ئەگەر سكۆتلەندا لە بەریتانیا جیابێتەوە، ئایا هەمان ئەو پێگەیەی دەبێت كە ئێستا لە چوارچێوەی شانشینی یەكگرتوو لە یەكێتیی ئەوروپا هەیەتی، یان ئایا پاوەندی ئیستەرلینی هەمان ئەو بەهایەی ئێستای بۆ دەمێنێتەوە كە بەشێكە لە شانشینی یەكگرتوو بە هاوشانی پاوەندی ئینگلتەرا، ئەمەش مانای ئەوەیە بژارەی سەربەخۆیی و بژارەی مانەوە لەناو شانشینی یەكگرتوودا، دوو بژارەی هاوشانی یەكتری بوون، هاووڵاتیانی سكۆتلەندا لەبەر رۆشنایی ئەم دوو بژارەیە بڕیاری خۆیان داوە، بەڵام ئێستا كە بەریتانیا ریفراندۆمی ئەنجامداوە بۆ ئەوەی لەیەكێتیی ئەوروپا بێتە دەرەوە، ئەوا سكۆتلەندییەكان جارێكی دیكە داوای ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی دەكەن تەنیا دوو رۆژ دوای ئەوەی بەریتانیا لە یەكێتیی ئەوروپا دێتە دەرەوە.


ئەم داواكارییە تازەیەی سكۆتلەندا، ئەوەمان پێدەڵێت پاش ئەوەی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا دێتە دەرەوە، ئیدی هیچ هۆكارێك بۆ ئەوە نامێنێتەوە كە سكۆتلەندا وەك بەشێك لە شانشینی یەكگرتوو بمێنیتەوە، بۆیە لە وڵاتێكی وەك سكۆتلەندا، ئەگەر دوو بەرەش هەبێت یەكیان بە بەڵی و ئەوی دیكەیان بۆ نەخێر، ئەوا هەردوو بەرەی (بەڵێ و نەخێر) بۆ داكۆكیكردنە لە بەرژەوەندییە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی گەلی سكۆتلەندا، بەڵام لە حاڵەتێكی وەك كوردستان و عێراقدا، كە جگە لە بژارەی سەربەخۆیی حكومەتی عێراق هیچ بژارەیەكی دیكەی لەبەردەم گەلی كوردستاندا نەهێشتۆتەوە و تەنانەت حكومەتی بەغدا ئامادە نییە گوێ لە داوای چەند ساڵەی گەلی كوردستان بگرێت بۆ ئەوەی خۆی راستبكاتەوە، ئەوا بانگێشەكردن بۆ (نەخێر) بێجگە لە جاشایەتی بۆ دیكتاتۆریەتی سەپاندنی دەسەڵاتی شیعەگەرایی، لە هەموو هەستێكی نیشتمانی و نەتەوەیی داماڵراوە و ناچێتە چوارچێوەی رای جیاواز، یان بەراوردكردنی كوردستان بە سكۆتلەندا یان تەنانەت كیبوبیكییەكانی ناو كەنەداوە، كە ئەوانیش لە ساڵی 1995 بڕیاریان دا لەچوارچێوەی یەكێتیی كەنەدادا بمێننەوە.


لایەنێكی سەیر و سەمەرە لە قسەی ئەو هەرزەكارانە كە بەحساب بۆ (نەخێر) دەكەن، راشكاوانەتر دەیانەوێت بڵێن مانەوە لەگەڵ عێراق لە سەربەخۆیی كوردستان باشترە، ئەوەیە، هیچكام لەو هەرزەكارانە توانای ئەوەیان نییە، باسی لایەنە باشەكانی مانەوەی كوردستان وەك بەشێك لە عێراق بۆ خەڵكی كوردستان بكەن، لەمەش زیاتر حكومەتەكەی حەیدەر عەبادیش هەتا ئێستا ئیعتوباری ئەوەی بۆ دانەناون كە دەستپێشخەرییەكیان پێشكەش بكات یان تەنانەت بە فەرمیش دەستخۆشی یان پشتگیریان لێ بكات، بۆیە كاتێك كۆمەڵێك هەرزەكار دەیانەوێت رووی خۆیان رەش بكەن بۆ ئەوەی رووی حكومەتی عێراق سپی بكەنەوە، ئەوا حكومەتی عێراق خۆی زۆر باش دەزانێت كارێكی هێندە باشی بەرامبەر كوردستان نەكردووە هەتا رووی بەوان سپی بكرێتەوە، هەروەها دەشزانێت ئەگەر پشتگیری ئەو گروپە هەرزەكارە بكات هێندەی دیكە رقی خەڵكی كوردستان بەرامبەر عێراق زیاتر دەكات.

لە یەك دوو رۆژی دادێ كە بەفەرمی لیژنەی باڵای ریفراندۆمی كوردستان، هەڵمەتەكانی بۆ ماوەی مانگێك بۆ هاندان و جۆشدانی جەماوەری كوردستان بۆ (بەڵێ) بۆ سەربەخۆیی دەست پێدەكات، لەوانەی بەدەستی دەرەكی و پشتگیریی ئەملاو ئەولا هەوڵێك بدرێت لەسەر ئاستی میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، دەنگی ئەو گروپە هەرزەكارە گەورەبكرێت و وەك بەرەی نەخێر رەنگ بداتەوە، بەڵام چەند لە رۆژەكانی هەڵمەتی بەڵێ بۆ سەربەخۆیی نزیكبینەوە و دەست بەهەڵمەتی بەڵێ بۆ سەربەخۆیی بكرێت، بازنەی ئەو گروپە هەرزەكارە بەجۆرێك بچووك دەبێتەوە كە نەوێرن خۆیان پیشانی رای گشتیی كوردستان بدەن، تەنیا ئەوەندە نەبێت لەناو ستۆدیۆی ئەو كەناڵەی بۆیان دیاریكراوە یان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە خۆیان نمایش دەكەن، بۆ هەموو لایەك خەریكە بەتەواوەتی روون دەبێتەوە كە دەنگی نەخێر بۆ ریفراندۆمی سەروەریی و سەربەخۆیی، هەرگیز ناچێتە خانەی بیروڕای جیاوازە یان لەگەڵ وڵاتانی دیموكراتی هاوشێوەی كەنەدا و بەریتانیا بەراورد ناكرێت، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا گەلی كوردستان هۆشیارە و ئەوانەشی بیانەوێت ژینگەی كەرنەڤاڵی ریفراندۆمی سەربەخۆیی بشێوێنن، یان پشێوی و ئاڵۆزی بۆ مەبەستی جیاواز دروست بكەن، گەلی كوردستانیش هیچی لە گەلی فەرەنسا كەمتر نییە، كە دوای دامركاندنەوەی ئاژاوەگێڕییەكانی ئایاری 1968ی فەرەنسا، سەرانی ئاژاوەگێڕیی وڵات بەدەر كرد و رەگەزنامەی فەرەنسی لێسەندنەوە، ئەوە بڕیاری گەلی فەرەنسا بوو نەك حكومەتی فەرەنسا، ئەمجارەش گەلی كوردستان بڕیار دەدات نەك حكومەتی كوردستان.
Top