خوێندنەوەیەكی ئەركیۆلۆژییانە پارتی وەك (حزب) یان رەشماڵێكی گەورەی بیری نەتەوەیی
August 16, 2017
راپۆرتەکان
***
نیچە.. ئەم پەرەگرافە لە كتێبی (فەلسەفە هونەری ژیان)ی عەبدولسەلام بنعەبدعالی وەرگیراوە.
پارتی وەك
چەمكێكی بیستراو، نەك نووسراو
هەتا ئەمڕۆ 71 ساڵ بە سەر تەمەنی پارتی دیموكراتی كوردستان تێدەپەڕێت، ئەم مێژووە دوورودرێژە بۆتە مێژووی ئەو چەمكەی كە پێی دەگوترێت: «پارتی»، بەڵام چەمكێكی گوتراو و بیستراو، هەر بۆیە كاتێك دەگوترێت «پارتی» و ئەم چەمكە دەبیسترێت، وێنایەك لەناخماندا دروست دەبێت كە پارتی تەنیا بریتی نییە لە حزبێك، یان ئایدێولۆژیەتێكی دیاریكراو، بەڵكو «پارتی» وەك چەمكێك، بە گەڕانەوە بۆ مێژووەكەی، بۆ ئەم بۆچوون و بیركردنەوانەی بە درێژایی ئەم مێژووە لەسەری كەڵەكە بوون، بە راڤەكردنی ئەم چەمكە لەناو فەزای تایبەتی خۆی، بە وەرچەرخان و تۆڕێك لە بۆچوونی جیاواز و تا ئاستێك تەمومژاوی دەناسرێتەوە.
ئەم خەسڵەت و تایبەتمەندییانەی لەسەر پارتی وەك (چەمك) دروست دەبن، تێگەیشتنی تەواو لێی، كارێكی ئاسان نابێت، نیچە گوتەنی، دەبێت بۆ تێگەیشتنی تەواو لە چەمكەكان خوێندنەوە بگاتە ئاستی هونەرێك لە هونەرەكان، دەبێت مرۆڤ پێش هەموو شت خاوەنی ئەو توانایە بێت كە هەموو ئەو بۆچوونانەی ئەمڕۆ چوونەتە خانەی لەبیرچوونەوە، جارێكی دیكە بەبیریان بێنێتەوە، دەبێت مرۆڤ ئەو توانایەی هەبێت گاسن بەدوای خۆیدا رابكێشێت و ناودێرەكان بكێڵێت و مانا شاراوەكانی چەمكەكە ئاشكرا بكات.
ئەگەر بیرمەندێكی وەك نیچە بەم ئاستە هەستی بە قورسی و گرانیی خوێندنەوە و تەفسیر و لێكدانەوەی چەمكەكان كردبێت، ئەمە مانای ئەوەیە ئەو هەستی بە مەترسیی مامەڵەكردن لەگەڵ چەمكەكان كردووە، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەو مانایەی چەمك وەك هێما پیشانمانی دەدات، لەگەڵ ئەو مانایانەی دەیشارێتەوە، یان پەردەپۆشی دەكات، مەودایەك لە نێوانیان هەیە، ئەو مەودایەش بوار بۆ تێگەیشتن و تەفسیر و لێكدانەوە دروست دەكات و دەبێتە فاكتەری ئەوەی خوێندنەوە بكاتە هونەرێك لە هونەرەكان بۆ ئەوەی هەوڵەكانی بەو ئاراستەیە بێت، بەشێك لەو مانا و لێكدانەوە شاراوانە بخاتەڕوو كە چەمك لەناو خودی خۆیدا دەیشارێتەوە.
بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو (چەمك)ـانەی وەك هێما ئاماژە بۆ شتێك دەكەن و لەناو خودی خۆشیدا كۆمەڵێك مانا و لێكدانەوەی دیكە پەرەدەپۆش دەكات، میشێل فۆكۆ لە ئەركیولۆژیای مەعریفەدا، رێنمایی ئەوەمان دەكات، دەبێت خوێندنەوەیەكی ئەبستمۆلۆژییانەی بۆ بكەین، ئەمەش واتە هەڵكۆڵین لە چوارچێوەی (سیستمێكی مەعریفیدا) بۆ ئەوەی لەناو مێژووی ئەو چەمكەدا تەواوی ئەو پەیوەندییانە پێكەوە گرێ بدەینەوە كە ئەو چەمكە پێكەوە گرێیان دەداتەوە، لەم راستەوە ئەم جۆرە خوێندنەوەیە، جۆرێكی دیاریكراوی مەعریفە، یان میتۆدێك نییە كە زانستێك لە زانستەكانی تێپەڕاندبێت، بەڵكو ئاشكراكردنی تەواوی ئەو پەیوەندییانەیە كە لەسەردەمێكی مێژووی دیاریكراودا دروست بوون و، لەسەر شێوازی رێكخستن، یان دروستكردنی گوتارێك شرۆڤەی لەسەر دەكەین.
كەواتە كاتێك دەگەڕێنەوە بۆ چەمكی (پارتی)، دەبێت ئەو پرسیارە لە خۆمان بكەین، ئەم پێنج پیتە كە پێكەوە دەبنە ناوی (پارتی)، ئایا دەكرێت بەبێ شرۆڤەكردنی وەك بابەتێكی رۆشنبیری و تەفسیركردنی بە شێوەیەكی مەنهەجی، بە تەواوی بەو مانایانە ئاشنامان بكات كە دەیبیستین، یان پێویستە ئەم پێنج پیتە جارێكی دیكە بخرێتەوە ناو سەروەریی مێژووی بۆ ئەوەی هەموو رەهەندە جیاوازەكانی دەربكەوێتەوە؟ ئەمەش بەو مانایەی بەم رێگەیە چەمك كاراكتەری سەرەكیی خۆی لە مێژوودا هەڵدەكۆڵێت و لەسەر ئەو مێژووە دەمێنێتەوە، بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە ئایا ئەم چەمكە (پارتی) وەك زەوییەكی ئۆرگانی هەموو شتێكی تێدا شین دەبێت، یان تەنیا ئەو گوتارەی تێدا بەرهەم دێت كە لەگەڵ گوتار و بۆچوونەكانی دیكە رووبەڕوو نەبێتەوە؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە هەوڵدانە بۆ تێگەیشتن لەو مانایانەی چەمكی (پارتی) دروستی دەكەن، بریتی دەبێت لەوەی چۆن ئەو سەردەم و مێژووە دیاری دەكەین كە پێداویستیی نەتەوە لە لاشعورەوە، دامەزراندنی پارتی كردۆتە شێوازێك لە ئومێد بۆ ئامانجی نەتەوەكەی.
مسعود بارزانی كە ئێستا رێبەرایەتی نەتەوە دەكات و بە كردەیی هەوڵ بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان دەدات، بەو جۆرە پێناسەی پارتی كردووە كە دەڵێت: «پارتی نائومێدی گۆڕی بۆ ئومێد.» ئەم پێناسەیە لە ناوەڕۆكدا پێمان دەڵێت: چەمكی پارتی لە مانای حزبێكی سیاسی گەورەترە و ئامانجی بیركردنەوەی مستەفا بارزانی لە دامەزراندنی پارتی تەنیا دامەزراندنی حزبێكی تەقلیدی هاوشێوەی ئەو حزبانە نەبووە كە لەو سەردەمەدا بوونی هەبووە، بەڵكو ئامانجەكەی ئەوە بووە كە رایەڵەیەك دروست بكات بۆ ئەوەی تەواوی ئەو حزبانەی لەو سەردەمە هەبوون و ناسنامەیان كوردستانی بووە، لەگەڵ تەواوی سەرۆك هۆز و كەسایەتی و ناوداران و سەرجەم چین و توێژەكانی كۆمەڵگەی كوردستان لەژێر یەك رەشماڵدا كۆبكاتەوە، بە ناوی پارتێكی تازە كە پارتی دیموكراتی كوردستانە.
كەواتە پارتی بۆتە ناوێك بۆ دیاردەیەكی مێژوویی، نەك دامەزراندنی حزبێكی تەقلیدی، هەروەها بۆتە ناوێك بۆ وەرچەرخانێك كە پێشتر ئەو وەرچەرخانە بوونی نەبووە. پارتی بۆتە سەردەمێكی دیاریكراو بۆ وەرچەرخان، بۆتە تۆڕێك لە بۆچوونی جیاواز و مانایەكی فرەڕەهەند، هەر بۆیە ئەگەر لەناو فەزای بیركردنەوەی نەتەوەیدا مامەڵەی لەگەڵ نەكرێت، ماناكەی وەك خۆی دەرناكەوێت.
ئەگەر لەسەر ئەم میتۆدەوە بگەڕێینەوە بۆ ناو فیكر و بیركردنەوەی مستەفا بارزانی كە پارتی دامەزراند، ئەوا ئەو راستییانە دەردەكەون كە بیركردنەوەی مستەفا بارزانی بۆ دامەزراندنی پارتی تەواو جیاوازە لە بیركردنەوە تەقلیدییەكانی ئەو سەردەمە بۆ دامەزراندنی حزبی سیاسی، لەمەش زیاتر چەمكی پارتی لە فیكری مستەفا بارزانی-دا، ئامرازێك بووە بۆ یەكخستنی هەموو تواناكانی نەتەوە، دروستكردنی فەزایەك بووە بۆ ئەوەی تاكەكانی نەتەوە بە ئازادی بیربكەنەوە، مۆدێلێكی جیاواز بووە بۆ شێوازی خەبات و مقاوەمەت لەسەر بنەمای یەكڕیزی و یەكدەنگی، نەك دامەزراندنی حزبێكی سیاسی تەقلیدی بووبێت بۆ نوێنەرایەتیكردنی چین و توێژێكی جیاوازی كۆمەڵگە، یان ئایین و ئایدیۆلۆژیەتێكی دیاریكراو، بەڵكو دامەزراندنی پارتی بۆ ئەوە بووە كوردستانییەكان بە جیاوازی ئایین و نەتەوەوە ببنە خاوەنی یەك ناسنامە كە ئەویش ناسنامەی كوردستانیبوونە، هەربۆیە ئەگەر وەك دیاردەیەكی مێژوویی خوێندنەوەیەكی مەنهەجییانە بۆ چەمكی پارتی بكەین، ئەوا لەناو سەروەریی ئەو مێژووەدا نەبێت، هەموو رەهەندەكانی ماناكانی پارتی دەرناكەون و لەوە تێناگەین بۆچی پارتی بۆتە ناوێك بۆ دیاردەیەكی مێژوویی، ناسینەوەی قۆناخێكی خەباتی نەتەوە، تۆڕێك لە بۆچوونی جیاواز. هەندیك جار ئەم بۆچوونانە دژ و یەكتربڕیش دەبن، وەرچەرخانێك كە دوو سەردەمی جیاواز (سەردەمی پێش دامەزراندن و دوای دامەزراندنی) پارتی لە یەكتری جیادەكاتەوەو، سەرەتای نائومێدی دەڕەوێنێتەوەو نەتەوە بە ئومێدەوە بەرەو خەبات و ئایندەیەكی گەش هەنگاو هەڵدەگرێت.
راشكاوانەتر ئەگەر راستگۆیانە لەناو مێژووی زیاتر لە 70 ساڵی خەبات و قوربانیدانی نەتەوەكەماندا، گوێ بۆ ماناكانی پارتی بگرین كە وەك چەمكێك بەر گوێمان دەكەوێت، ئەوا وێنایەك لە ناخماندا دروست دەبێت كە زۆر زەحمەتە وێنەكەی لە حزبێكی سیاسی تەقلیدی بچێت، تۆڕێك لە مانای پێكەوەگرێدراو دروست دەبێت كە زۆر زەحمەتە بتوانین رایەڵەكانی لە یەكتری جیابكەینەوە، جوگرافیایەكی سەرتاسەری و گشتگیر و پێكەوە گرێدراو وێنادەبێت كە زۆر زەحمەت دەبێت بتوانین ناوچەیەك لەناوچەیەكی دیكە، یان پارچەیەكی كوردستان لە پارچەیەكی دیكەی كوردستان جیابكەینەوە، ئەمە وایكردووە بەدوای ئەوەدا بگەڕێین، پارتی ناوە بۆ چ شتێك؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە ئەو ئیشكالیەتە دروست دەكات كە میشێل فۆكۆ لە كتێبی (وشە و شتەكان) هەموو رۆشنبیرانی جیهانی پێوە سەرقاڵ كردووە، لەگەڵ ئەوەی یەك كتێبی تەواوی بۆ پێناسەكردنی خوێندنەوەی ئەبستمۆلۆژی تەرخانكردووە، بەڵام بە تەواوی مانای ئەبستمۆلۆژیامان پێناڵیت، ئەوە نەبێت كە بیرمەندان بەوە پێناسەیان كردووە، خوێندنەوەی ئەبستمۆلۆژییانە مەرجێكە بۆ بارودۆخی مەعریفەیەكی تازە، قۆناخێكی دیاریكراوی مێژوو، وەرچەرخان و تۆڕێك لە بۆچوونی جیاواز كە كۆمەڵێك پەیوەندی پێكەوە گرێیان دەداتەوە، لەم چوارچێوەیەدا چەمكی پارتیش وەك چەمكێكی گوترا و بیستراو هەمان حاڵەتە و پارتی دیاردەیەكە بۆ مەعریفەیەكی تازە، بیركردنەوەیەكی تازە، وەرچەرخانێكی گەورە، كۆكردنەوەی هەموو بیروبۆچوونە جیاوازەكان، هەموو ئەمانەش پێكەوە لە فەزایەكدا ئاكامی دەبێت كە زەوییە ئۆرگانییەكەی یەكڕیزی و یەكدەنگیی هەموو نەتەوە پێكەوە كۆبكاتەوە.
چەمكی پارتی
دەركەوتنی ئیرادەی تاك لەناو فەزای بیری نەتەوەییدا
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی دروستبوونی حزبی سیاسی وەك پێداویستییەكی سەرەكیی كۆمەڵگەی دیموكراتی، ئەوا مێژوو ئەوەمان پێدەڵێت كە دروستبوونی حزبی سیاسی لەدوای دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی دەستی پێكردووە و پێش دروستبوونی دەوڵەتی نەتەوەیی حزبی سیاسی بوونی نەبووە، ئەمەش بەو مانایەی دوای ئازادبوونی نەتەوە، بۆ پارێزگاریكردن لە ئازادی حزبی سیاسی وەك نوێنەرایەتیكردنی چینێك، یان بەشێك لەنەتەوە دروست دەبێت، بۆ ئەوەی پارێزگاری لەو ئازادییە بكات كە نەتەوە بەرهەمی هێناوەو رێگەنەدات دەستەبژێرێك بۆ بەرژەوەندیی خۆیان ئەو ئازادییە بەلاڕیدا بەرن.
لە كۆمەڵگەكانی رۆژهەڵات و جیهانی عەرەبی و ئیسلامیش، بەشێكی زۆری ئەو حزبە سیاسیانەی دامەزراون، حزبی سیاسی هەناردەكراو بوون و مۆركێكی نێونەتەوەییان هەبووە، وەك حزبە ئیسلامییەكان بۆ نموونە (ئیخوان موسلمین)، یان حزبە چەپەكان بۆ نموونە (حزبە شیوعییەكان)، هەروەها چەند جۆری دیكەی حزبی سیاسی هەبوون كە زیاتر لاساییكردنەوەی حزبی قەومی و ناسیۆنالیستی شۆڤێنی بووە كە لە هەموو نەتەوەكاندا كەم تا زۆر ئەم دیاردەیە بەناوی جۆراوجۆر لاسایی كراوەتەوەو بوونی هەبووە، ئەوجا چ حزبە هاوردەكراوەكانی (ئیسلامی و شیوعی) بووبێت، یان حزبە قەومی و ناسیۆنالیستییەكان، هەموو كات ئامانج لە دروستكردنی حزب ئەوە بووە كە دەستەبژێرێكی دیاریكراو كە لە ناو ئەو حزبانە خۆیان بینیوەتەوە و هەوڵیاندا بەناوی (رۆشنبیركردنی حزبی) خەڵك بەو ئایدیۆلۆژیایە پەروەردە بكەن، یان رۆشنبیر بكەن كە حزبەكە ئامانجی بووە.
لەسەر ئەم باكگراوەندە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستان كە مستەفا بارزانی نەخشەڕێگەی دامەزراندنی بۆ داڕشتووە، هەست بەو راستییە دەكەین كە دوای دامەزراندنی كۆماری كوردستان لە (مەهاباد)، بیر لەوە دەكاتەوە كە پارتێكی دیموكراتی دابمەزرێت بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی هەموو چین و توێژە جیاوازەكانی كۆمەڵگەی كوردستان بكات.
پرسیاری گرنگ ئەوەیە، ئەگەر مۆدێلی حزب لە كۆمەڵگەی دیموكراتی دیاردەیەك بێت لەدوای دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەییەوە سەرهەڵبدات، ئایا هاودژییەك لەسەر ناوی پارتی دیموكراتی كوردستان دروست نابێت كە مستەفا بارزانی پێش دامەزراندنی دەوڵەت ئەم ناوەی بۆ پارتی دەستنیشان كردبێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارە لەناو مێژووی سەروەریی پارتی وەردەگیرێتەوە، لەبەر ئەوەی مستەفا بارزانی بیری لەوە كردۆتەوە چۆن پەرتەوازەیی بگۆڕێت بۆ یەكگرتوویی، چۆن ناوچەگەری بگۆڕێت بۆ كوردستانیبوون، چۆن جیاوازی نەتەوەیی و ئایینی بگۆڕێت بۆ هاونیشتمانیبوون، چۆن ئەم سێ فاكتەرە دەگۆڕێت بۆ سێ كۆڵەگەی گرنگ بۆ رزگاربوونی هاووڵاتیانی كوردستان لە كۆیلەیەتی و ژێردەستەیی.
مستەفا بارزانی لەگەڵ ئەوەی پێش دامەزراندنی پارتی، رێبەرایەتی شۆڕشی كوردستانی كردووە و بەشداری لە كۆماری كوردستاندا كردووە، بەڵام ئەزموون و مامەڵەی لەگەڵ تێكڕای حزبەكانی ئەو سەردەمەی كوردستان و عێراق هەبووە و بەشی هەرە زۆری حزبەكانی ئەو سەردەمەش پشتگیری ئەو شۆڕشەیان كردووە كە بارزانی مستەفا لە چلەكانی سەدەی رابردوو رێبەرایەتی كردووە، بەڵام خۆی بە فەرمی ئەندامی هیچ حزبێكی سیاسی نەبووە و حزبی سیاسیشی بە پێویستییەك زانیوە كە وەك ئامرازێك تواناكانی گەلی كوردستان رێكبخات و كۆیان بكاتەوە و بۆ خەبات جۆشیان بدات. ئەمە پێمان دەڵێت، پێش ئەوەی مستەفا بارزانی بیر لە دامەزراندنی پارتی بكاتەوە وەك رەشماڵێك بۆ كۆكردنەوەی سەرجەم بیروبۆچوونە سیاسییە جیاوازەكان و سەرجەم چین و توێژەكان و نەتەوەو ئایینە جیاوازەكانی كوردستان، فەزای بیركردنەوەی هەموو ئەو جیاوازییانەی كۆكردۆتەوە، ئەو فەزا فراوانەی بیركردنەوەی ئەویش بەرهەمی ئەو پەروەردەیە بووە كە رێبازی سەركردەكانی پێش خۆی لە شێخ عوبیدوڵای نەهرییەوە تا دەگاتە شێخ عەبدولسەلامی بارزانی و شێخ ئەحمەدی بارزانی وەك قوتابخانەیەك فێریان كردووە. بەدیوێكی دیكەدا بیركردنەوە لە دامەزراندنی پارتی لە فیكری بارزانیدا، هەوڵدان بووە بۆ پراكتیزەكردنی ئەو فەزا فراوانەی لە بیركردنەوەی خۆیدا بوونی هەبووە، بۆ ئەمەش وەك بیرمەندێك خۆی بۆتە پێشڕەو و رێبەری ئەو فیكرە و هەوڵیدا لەمیانەی هەڵسوكەوت و رەفتار و شێوازی ژیانی رۆژانەی ئەم بیركردنەوەیە لە چوارچێوەی پارتیدا بەرجەستە بكات. نیچە گوتەنی وەك بیرمەندێكی پێشڕەو، مستەفا بارزانی هەوڵیداوە وەك پێشمەرگەیەكی ناو كۆڕی خەبات رێبەرایەتیی ئەم فیكرەیە بكات، نەك بە رێگەی ئەوەی چی دەڵێت و چی نووسیوە، بۆیە ئەگەر سەرنج لە مێژووی رێبەرایەتی مستەفا بارزانی بدەین، دەبینین رێبەرایەتی مستەفا بارزانی ئەو چوارچێوەیە بە ئاشكرا بەرجەستە دەكات.
ئەوجا ئەگەر جارێكی دیكە بگەڕێینەوە بۆ دامەزراندنی پارتی لە بیركردنەوەی مستەفا بارزانیدا، ئەو راستییە بە راشكاوی بەرجەستە دەبێت كە لە بیركردنەوەی بارزانیدا گەلی كوردستان بە جیاوازی نەتەوە و ئایین و بیروبۆچوونی سیاسی و دابەشكردنی بەسەر چوار پارچەدا، هەموویان پێكەوە، وەك گەل و نەتەوە چەوسێندراونەتەوە و مافەكانیان پێشێل كراوە، ئەوجا بۆ ئەوەی چوارچێوەیەك بۆ خەبات و مقاوەمەت رێكبخرێت بۆ ئەوەی ئەم زوڵم و چەوسانەوەیە لەسەر ئەم گەلە نەمێنێت، پارتی بووە چوارچێوەیەك بۆ ئەوەی تواناكانی هەموو گەلی كوردستان بە هەموو جیاوازییەكانیەوە رێكبخات و جۆشیان بدات و لەیەك كاتدا دوو پرۆسەی گرنگ پێكەوە خەباتیان بۆ بكرێت، پرۆسەی یەكەمیان هەوڵدان بووە بۆ دروستكردنی كیانێك، ئەوەی لە زانستی سیاسەت پێی دەگوترێت دەوڵەت دروستكردن (state building)، پرۆسەی دووەمیشیان پرۆسەی بونیادنانی ئیرادەی نەتەوەیە هەم بۆ خەبات و هەم بۆ خۆبەڕێوەبردنیش، ئەمەشیان لە زانستی سیاسەت پێی دەگوترێت: نەتەوە دروستكردن (nation building).
رێبەرایەتی مستەفا بارزانی بۆ ئەم دیاردە نوێیە، لە خودی خۆیەوە دەست پێدەكات، ئەویش بریتییە لەوەی گەلی كوردستان توانای بڕیاردانی هەیە و چۆك بۆ ژێردەستەیی و چەوسانەوە دانادات، ئەم پەیامەشی دوای رووخانی كۆماری كوردستان بە گەلەكەی دا، پاش ئەوەی بڕیاری دا كاروانە مێژووییەكەی بۆ یەكێتی سۆڤیەت دەست پێبكات و لە ئاوی ئاراس پەڕییەوە، ئەم بڕیارەی بارزانی كە مانای ئەوە بوو گەلی كوردستان تەسلیمی ئیرادەی داگیركەرانی كوردستان نابێت، دیسان وەرچەرخانێكی دیكە بوو لە ئاستی بیری نەتەوەیی و ورەیەك بوو كرا بە بەری ئیرادەی شۆڕشگێریی خەڵكی كوردستانداو بووە بنەمای ئەوەی كە داگیركەرانی كوردستان بگەنە ئەو قەناعەتەی كە كێشەی كوردو كوردستان پێویستی بە چارەسەركردن هەیە و دەبێت چارەسەر بكرێت، ئەوە بوو لە دوای شۆڕشی چواردەی تەموزی 1958 لە نووسینەوەی دەستووری كاتیی عێراقدا، پێناسەی عێراق گۆڕا بۆ ئەوەی «عێراق نیشتمانی هاوبەشی كوردو عەرەبە»، بەڵام عەرەبە شۆڤێنییەكانی عێراق لە بری ئەوەی سوود لەو دەرفەتە وەربگرن و كێشەكانی كوردستان و عێراق چارەسەر بكەن، هاتن لەمە پەشێمان بوونەوە، بۆیە لە ئەیلوولی 1961 بڕیارێكی بەهێزتر و ئیرادەیەكی گەورەتر لە چوارچێوەی هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوولدا خۆی بەرجەستە كردەوەو لەو كاتەوە تا ئێستا ئیرادەی گەلی كوردستان بەردەوام لە سەنگەری خەبات و قوربانیدا بووە، تا ئەوەی ئێستا گەیشتۆتە ئەو ئاستەی لە سەردەمی رێبەرایەتی مسعود بارزانیدا، بڕیاری ریفراندۆم دراوەو گەلی كوردستان هەنگاو بەرەو سەربەخۆیی و سەرفرازیی یەكجارەكی هەڵدەگرێت.
لەم قۆناخەدا كە مسعود بارزانی ریبەرایەتی گەلی كوردستان دەكات، لەگەڵ ئەوەی دیاردەی فرەحزبی دیاردەیەكی جوان و بەرچاوی كوردستانەو پارتی بەو پەڕی سنگفراوانییەوە رێز لە هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و بیروبۆچوونە جیاوازەكان دەگرێت، بەڵام لە بیركردنەوەی سەرۆك مسعود بارزانی-دا، چەمكی پارتی هەمان ئەو دیاردە مێژووییەیە كە لە فیكری مستەفا بارزانی-دا مۆركی خۆی هەڵكۆڵیوە و هەمان پراكتیزەیە كە مستەفا بارزانی لە سەردەمی رێبەرایەتی خۆیدا پیادەی كردووە، هەر بۆیە كاتێك پارتی لەم قۆناخەدا وەك حزبێك لە لەناو ژینگەی فرەحزبی كوردستاندا دەیەوێت داكۆكی لەماف و ئیستیحقاقی هەڵبژاردنی خۆی بكات، ئەوا سەرۆك بارزانی زۆر جاران لە پێناوی پاراستنی یەكڕیزی و یەكدەنگی گەل و خاكی كوردستاندا سازش لەسەر مافەكانی پارتی دەكات.
لە گرێدانەوەی هەموو خەسڵەتەكانی پارتی پێكەوە و بە لەبەرچاوگرتنی شێوازی رێبەرایەتیكردنی پارتی لە سەردەمی مستەفا بارزانی و ئێستاش لە سەردەمی مسعود بارزانی-دا، دەبینین ئایدیۆلۆژیایەكی دیاریكراو بوونی نییە كە پێناسەی پارتی وەك ئەو دیاردە مێژووییە بكات، بەپێچەوانەوە ئەگەر توێژەرێك، یان ئەكادیمییەك بیەوێت جۆرێك لە لێكدانەوە و تەفسیر بۆ تێگەیشتن لەچەمكی پارتی بكات، ئەوا دەبێت هەوڵەكانی هەمووی بەو ئاراستەیە بخاتەگەڕ كە چۆن بتوانێت هەموو ئەو رایەڵانە بدۆزێتەوە كە تەواوی بیروبۆچوونە جیاوازەكانی گەلی كوردستان پێكەوە گرێدەداتەوە و چۆن بتوانێت لە مێژووی سەروەریی پارتیدا سەیری ئیرادەی تاك لەناو فەزای بیری نەتەوەییدا بكات و چۆن ئەو ئیرادەیە سەرنجی رادەكێشێت، بەڵام ئەگەر هەوڵبدات تەنیا وەك یەكێك لە حزبە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یان جیهانی عەرەبی و ئیسلامی، پێناسەیەك بۆ پارتی بدۆزێتەوە لە چوارچێوەی حزبێكی سیاسیدا، ئەوا نەك هەر لە خۆماندووكردنی بۆ پێناسەكردنی پارتی ماندوو دەبێت و رەنج بەخەسار دەبێت، ئەوا ئەو سەردەمە مێژووییەش لەبیردەكات كە پارتی تیایدا دامەزراوە و ناوی پارتی بۆتە ئەو دیاردەیەی كە هەموو ئیرادەی نەتەوە بە یەكەوە كۆدەكاتەوە.
پارتی لە قۆناخی ئەزموونی دەوڵەتداری و
ژینگەی فرەحزبی و ململانێی سیاسیدا
قۆناخی ئەزموونی دیموكراتیی كوردستان كە دەكرێت پێشی بڵێین قۆناخی ئەزموونی دەوڵەتداریی، بۆ پارتی قۆناخێكی هەستیار و ئاڵۆزی راگوزەری ئەوتۆیە كە نە ئەوەیە بووبینە دەوڵەتێكی خاوەن سەروەریی و ئەندام لە نەتەوە یەكگرتووەكان، بۆ ئەوەی هەست بكەین هیچ هەڕەشەیەكی دەرەكیمان لەسەر نییەو دەتوانین بە تەواوەتی گەمەی دیموكراتی و یاسای حزبایەتی رێكبخەینەوە، نە لە قۆناخی خەباتی شاخیشداین كە چاوپۆشی لەهەندێك مافی حزبی بكرێت و پاشان رووبەڕووی سندوقی دەنگدان نەبینەوە.
بۆیە لەم قۆناخەدا پارتی شانی داوەتە بەر دوو ئەركی گرنگ، یەكەمیان دریژەپێدانە بە پتەوكردنی قۆناخی ئەزموونی دەوڵەتداری و پاراستنی سەقامگیری و یەكڕیزی و یەكدەنگیی خەڵكی كوردستان، دووەمیشیان پاراستنی ژینگەی فرەحزبی و ململانێی سیاسییە لە چوارچێوەی رێساكانی دیموكراتیدا، لە هەردوو ئەركەكەشدا بارودۆخی كوردستان وایكردووە كە دەبێت پێش هەر لایەنێكی دیكە پارتی قوربانی بۆ پاراستنی هەردوو ئەركەكە بدات.
تێگەیشتن و بیركردنەوەی مسعود بارزانی وەك سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەلایەك و هەست بە بەرپرسیاریەتی بۆ ئەم قۆناخە وەك رێبەرێك لەلایەكی دیكەوە بەو جۆرەیە: ئەو كاتە پارتی و گەلی كوردستان سەركەوتوو دەبن، كە لە هەردوو ئەركی دەوڵەتداری و گەمەی دیموكراتی هاوسەنگی رابگیرێت و دەستكەوتە نیشتمانییەكان نەكرێت بە قوربانی سەركەوتنی حزبی، یان بردنەوەی سندوقەكانی هەڵبژاردن، بەداخەوە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم تێگەیشتن و بیركردنەوەی مسعود بارزانی بۆ ئایندەی ئەزموونی دەوڵەتداری و سەركەوتنی پرۆسەی دیموكراتی لە كوردستاندا، زۆر جاران بەو جۆرە بووە كە هەندێك لایەنی سیاسی هەڕەشە لە تێكدانی ئەو هاوسەنگییە بكەن لە پێناوی ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان زیاتر لەسەر مافەكانی خۆی سازش بكات و لە پێكهێنانی حكومەت و دامەزراوەكانی دەوڵەتدا رەچاوی ئەو ئیستحقاقە نەكرێت كە پارتی لە رێگەی سندوقی دەنگدانەوە بەدەستی هێناوە. بۆیە لە یەكەم هەڵبژاردنی كوردستانەوە لە ساڵی 1992ـەوە هەتا ئێستا، بەردەوام ئاكامەكانی هەڵبژاردن پێوەر نەبوون بۆ پێگەو شكۆی پارتی و بەردەوام پارتی لە پێناوی راگرتنی هاوسەنگی لە نیوان دەوڵەتداری و سەركەوتنی پرۆسەی دیموكراتیدا، لە مافەكانی سازشی كردووەو داكۆكی لەسەر نەكردووە. هەر ئەمەش بۆتە بنەمای رێككەوتنی ستراتیژی لە نێوان پارتی و یەكێتی كە وەك دوو هێزی گەورە پێكەوە حوكمڕانی بكەن و ئاشتی و سەقامگیری كوردستان بپارێزن و جارێكی دیكە شەڕی دەسەڵات و هەڵبژاردن دووبارە نەبێتەوە.
لەم روانگەیەوە و لەمیانەی شرۆڤەكردن بۆ رۆڵ و پێگەی پارتی دیموكراتی كوردستان لەم قۆناخە راگوزەرە هەستیارەدا، هەموو كات پارتی ئەركێكی زیاتری لە حزبێكی سیاسی لەناو پرۆسەی سیاسیی كوردستان لەسەر شان بووە و نەیتوانیوە وەك هەر حزبێكی سیاسیی دیكەی كوردستان بە تێڕوانینێكی موجەڕەددی حزبییانە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەكە بكات و تەنانەت ئەگەر لە كاتێكدا پارتی بۆ ماوەیەكیش وەك حزب پێداگیری لەسەر مافەكانی خۆی كردبێت، ئەوا كە قۆناخەكە پێویستی بە یەكڕیزی و یەكدەنگیی نێوماڵی كوردستان هەبووبێت، پارتی لەبەر رۆشنایی رێنمایەكانی سەرۆك بارزانی جارێكی دیكە دەستبەرداری مافەكانی خۆی بووە و لە پێناوی یەكڕیزی و یەكدەنگیدا نەرمی نواندووە.
لە ئێستادا كە بەرەو ریفراندۆم و سەربەخۆیی هەنگاو هەڵدەگرین و پارتی شانی داوەتەبەر بۆ ئەوەی لەگەڵ سەرجەم هێزە سیاسییەكانی كوردستان ئەم ئەركە نیشتمانییە بەرەو سەركەوتن بەرن، جارێكی دیكە لەگەڵ ئەوەی بەشە قورسەكەی ئەم ئەركە كەوتۆتە سەر شانی پارتی، بەڵام لە هەمانكاتدا، بەداخەوە هەندێك لایەنی سیاسی ئەم واقیعەیان بۆ بەرژەوەندیی حزبی بە فرسەت وەرگرتووە و پێداگیری دەكەن بۆ ئەوەی گوشار لە پارتی بكەن و مەرامە حزبییەكانی خۆیان بەدەست بهێنن، بەڵام لەبەر ئەوەی پارتی بە درێژایی مێژووی خۆی هەر بەو جۆرە رەفتاری كردووە كە بەرژەوەندیی پارتی بكات بە قوربانیی بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی، ئەوا ئەمجارەش لە پێناوی ئەوەی یەكڕیزی و یەكدەنگی بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان لە ناوماڵی كوردستاندا دروست ببێتەوە، وازی لەهەموو مافەكانی خۆی هێناوەو مەرج و داواكاری لایەنەكانی دیكەی قبووڵ كردووە.
پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە ئایا بە سازشكردنی پارتی لەسەر مافەكانی خۆی تاسەر، ئەم پرۆسەیە هاوسەنگ دەبێت و دەتوانین ئەو قۆناخە راگوزەرە بە سەركەوتوویی تێپەڕێنین؟ وەڵامی ئەم پرسیارە لە لای پسپۆڕانی زانستی سیاسەت بەو جۆرەیە، رەگ و ریشەی كێبڕكێ و ململانێی نێوان حزبە سیاسییەكانی كۆمەڵگەی دیموكراتی، بە راهاتن و فێربوونی جێبەجێكردنی رێساكانی گەمەی دیموكراتی دەپارێزرێت و دەبێت هەموو لایەنە سیاسییەكان پابەندی رێساكانی گەمەی دیموكراتی بن، ئەوجا هاوسەنگی لەناو سیستمە دیموكراتییەكە دروست دەبێت، بەڵام وەڵامی هەمان پرسیار لای پارتی بەگشتی و شەخسی سەرۆك مسعود بارزانی بەو جۆرەیە، هەتا كۆمەڵگەی ئێمەش وەك كۆمەڵگەكانی دیكەی جیهان دەگاتە ئەو ئاستەی پابەندی رێساكانی گەمەی دیموكراتی بن، باشترە بیر لەكاری پێكەوەیی و نزیككردنەوەی خاڵە هاوبەشەكانمان بكەینەوە، بۆ ئەوەی بتوانین پرۆسەی بونیادنانی دەوڵەت و دیموكراتی پێكەوە سەركەوتوو بن.
تێگەیشتن و لێكدانەوەی پارتی بۆ ئەم قۆناخەی ئەمڕۆ كوردستانی پێدا تێدەپەڕێت، ئەركی سەرشانی ئەندام و لایەنگر و جەماوەری پارتی لە لایەنەكانی دیكە قورستر كردووەو دەبێت سنگفراوانەتر لەگەڵ ئەو بارودۆخە مامەڵە بكەن و زیاتر خۆیان ماندوو بكەن بۆ ئەوەی لە چەمكی (پارتی) وەك رەشماڵێكی فراوانی بیری نەتەوەیی تێبگەن و شان بدەنە بەر ئەوەی كە ئەركی پارتی، لە ئەركی هەر حزبێكی سیاسیی دیكەی كوردستان قورسترە، هەروەها دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ئەو چوارچێوەیەی كە فیكری بارزانی پارتی كردۆتە سەروەرییەكی مێژوویی بۆ بەدیهێنانی ئامانجێك كە ئەویش رزگاربوونی نەتەوەیەكە لە ژێردەستەیی و كۆیلەیی، ئەوجا ئەگەر پشكی شێر لەم رێگەیەدا و بۆ گەیشتن بۆ ئەو ئامانجە بەر پارتی بكەوێت، ئەوا دەبێت لەوە دڵنیابین كە پشكی پارتی لە دەستكەوتەكانی ئەم پرۆسەیە لە هەمووان كەمتر دەبێت و وەك سەرۆك بارزانی چەندین جار ئەمەی پێ راگەیاندووین: پارتی بۆ قوربانیدان هەموو كات لە پێشی پێشەوە دەبێت بۆ دەستكەوتەكانیش باكی نییە ئەگەر لەدوای دواشەوە بێت.