كوردستان 24 و واشنتۆن تایمز دروستكردنی پردێك لەگەڵ كۆنگرێسدا
August 3, 2017
راپۆرتەکان
لێرەوە گرنگە هەڵوەستەیەكی جددی لەسەر پاشكۆیەكەی رۆژنامەی واشنتۆن تایمز لەسەر پرسی سەربەخۆیی كوردستان بكەین، لەبەر ئەوەی ئەم پاشكۆیە و ئەو نووسینانەی لەم پاشكۆیەدا لەماوەی ئەو چەند رۆژە بڵاوكراونەتەوە، بە دیدێكی ئەمریكی و رۆژئاوایانە پرسی سەربەخۆیی كوردستان هەڵسەنگێندراوەو خراونەتە بەردەم رای گشتیی ئەمریكا و رای گشتیی ئەمریكا و رۆژئاوا لەو راستییانە ئاگادار كراوەتەوە كە پشتگیریكردن لە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان تەنیا ئەوەندە نییە ئەمریكا و رۆژئاوا پشتگیری لە نەتەوەیەكی بێ دەوڵەت دەكەن، بەڵكو بەو جۆرە خراوەتەڕوو كە دەوڵەتی كوردستان دەبێتە كۆڵەگەی سەرەكیی راستكردنەوەی سیاسەتی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دیاریشە ئەوانەی ئاگاداری سیاسەتی نێودەوڵەتین، دەزانن پاشاگەردانی و ئاڵۆزییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چ بەربەستێكی گەورەی بۆ شكۆ و پێگەی ئەمریكا لە جیهان و بۆ مانەوەی سیستمی جیهانی دروستكردووە، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا كاتێك رۆژنامەیەكی بەناوبانگ و دێرینی وەك واشنتۆن تایمز بایەخێكی لەو جۆرە بە پرسی سەربەخۆیی كوردستان دەدات، ئەوا هیچ گومانی تێدا نییە، پرسی سەربەخۆیی كوردستان و گرێدانەوەی بە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكاوە، بەشێكی فراوان لە رای گشتیی ئەمریكا و رۆژئاوا و جیهان داگیردەكات.
بۆ ئێستای دووبارە داڕشتنەوەی سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێران، وەك دیپلۆماتكار و سیناتۆرەكان لە میانەی پەنێڵەكانی ناوەندەكانی فیكر و لێكۆڵینەوە جەختی لەسەر دەكەنەوە، هەتا ئێستا سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردنی لەگەڵ شەڕی دژی داعش و دوای داعش و چۆنیەتی مامەڵەكردنی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێراندا، هەر لەگەڵاڵەكردندایەو نەبۆتە سیاسەتێكی داڕێژراو بۆ ئەوەی ئیدارەی ترەمپ بۆ ماوەی چوار ساڵی داهاتوو پیادەی بكات، هەر بۆیە كاتێك لە ئەمریكییە بەشداربووەكانی كۆنفڕانسەكەی كۆنگریس راشكاوانە گوێبیستی ئەوە دەبووین كە خۆیان رەخنەیان لە سیاسەتی حكومەتی ئەمریكا دەگرت، بەوەی نابێت چیدیكە پێداگیری لەسەر (سیاسەتی یەك عێراق) لە سیاسەتی ئیدارەی ئەمریكی بەرامبەر عێراق بكرێتەوە، ئەمە مانای ئەوەیە، ئەم بۆچوونانە تێكەڵی سیاسەتی داهاتووی ئەمریكا بەرامبەر عێراق دەبێت، لەسەر بنەمای واقیعی تازەش مامەڵە لەگەڵ عێراقی پۆست داعش دەكرێت.