دەوڵەتی كوردستان وەك راستكردنەوەی باڵانسی هێز لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
August 2, 2017
راپۆرتەکان
بۆ رێگرتن لەوەی بە هەر نرخێك بێت ئەمریكا شەڕەكەی عێراق نەدۆڕێنێت، سەرۆك جۆرج دەبلیو بوش، بڕیاری بەپەلەی ناردنی هێزی زیاتر (Surge)ی بۆ عێراق دەركردو هەوڵیدا ئەو هۆزە عەرەبانەی سوننە كە پشتگیری رێكخراوی قاعیدەی عێراقیان دەكرد، بیانكات بە گژی ئەو رێكخراوەدا، بۆ ئەمەش هێزێكی بەناوی هێزی (سەحوە) بۆ عەرەبی سوننەی عێراق دروستكرد و توانرا رێكخراوی قاعیدە تێكبشكێندرێت و سەقامگیرییەكی رێژەیی بۆ عێراق بگەڕێتەوە، لەم پێناوەشدا هاوكاری و پشتگیرییەكی گەورەی عێراق كرا، بۆ ئەوەی ببێتە خاوەنی سوپایەكی مۆدێرن و هێزێكی ئاسایشی بەهێز و بتوانێت پارێزگاری لە سەقامگیریی عێراق بكات، بەڵام بە هاتنی سەرۆك ئۆباما و هەوڵدانی بۆ ئەوەی بە هەر شێوەیەك بێت هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق پاشەكشە پێبكات، ئەوا ئەو سەركەوتنەی ئەمریكا لەماوەی ساڵانی 2008- 2011 بەدەستی هێنابوو، جارێكی دیكە نوری مالیكی توانی بیگێڕێتەوە بۆ ساتە خوێناوییەكانی شەڕی سوننە و شیعە لە ساڵانی 2006 و 2007دا، بۆیە ئەمجارەیان لە ساڵی 2014 بە سەرهەڵدانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش و پاشانیش بە خۆبەدەستەوەدانی زیاتر لە پێنج فیرقەی سوپای عێراق و پۆلیسی فیدڕاڵی بە تەواوەتی عێراق كۆتایی هات.
لە ساڵی 2008 ئەمریكا عێراقی لە تیرۆریستانی قاعیدە رزگار كردو تەسلیمی عەرەبی شیعەی كردو پاشانیش بووە دیارییەكی بەلاش لەسەر سینییەكی زێڕ بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران، وەك ئێستاش دەیبینین عێراق لە كۆتایی شەڕی داعش، نەك هەر بۆتە دیارییەكی بەلاشی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران، بەڵكو كۆماری ئیسلامی ئێران و هێزەكانی حەشدی شەعبی پرۆ ئێرانی، نكۆڵی لە رۆڵی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لەم سەركەوتنە دەكەن و خۆیان بە خاوەنی شەڕی تێكشكاندنی داعش دەزانن و وەك غەنیمەی ئەو شەڕەش مامەڵە لەگەڵ عێراقی دوای داعش دەكەن.
لەسەر ئەم واقیعەی كە ئێستا لە عێراقدا بوونی هەیە، ئەو خەڵكانەی بەشداری كۆنفڕانسەكەی كۆنگرێس بوون، سەبارەت بە ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان، بەشی هەرە زۆریان چ وەك دیپلۆمات و چ وەك فەرماندەی سەربازی كاریان لە عێراقدا كردووە و كوڕ و كچ و كەسوكاری نزیكیان لەشەڕی عێراقدا بوونە قوربانی، بۆیە كاتێك دەهاتنە سەر باسكردنی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەو عێراقدا، جەختی تەواویان لەسەر ئەوە دەكردەوە، كە بەشە عەرەبییەكەی عێراق ئێستا بۆتە غەنیمەی شەڕ بەدەستی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوەو ئەگەر ئەمریكا بیەوێت مامەڵەیەكی دروست لەگەڵ عێراقی دوای داعش بكات و هەمان هەڵەی ئیدارەی سەرۆك ئۆباما دووبارە نەبێتەوە، ئەوا دەبێت ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دەستبەرداری سیاسەتی (یەك عێراق) بێت و سیاسەتێكی راست و دروست بەرامبەر كوردستان پیادە بكات و پشتگیری سەربەخۆیی كوردستان بكات.
پڕۆفیسۆر رای تەكیە كە یەكێكە لە توێژەرە باڵاكانی سەنتەری ئەنجومەنی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەمریكاو تایبەتمەندە لەسەر سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كاریگەری كۆماری ئیسلامی لە ناوچەكە، لە پەنێڵێكدا كە ئەم مانگە ئامۆژگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ بەرەنگاربوونەوەی تەحەددییەكانی ئێران لەناوچەكە رێكیخستبوو، راشكاوانە دەستی خستە سەر كرۆكیی كێشەكە و رایگەیاند، كاتێك كۆماری ئیسلامی ئێران دەبێتە هەڕەشە لەسەر سعودیەو دەوڵەتانی كەنداو و لوبنان و ئیسرائیل، ئەوا ئەو رەفتارانەی كۆماری ئیسلامی ئێران راستەوخۆ تەحەددایە بۆ شكۆ و پێگەی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەوڵدانە بۆ لێدانی بنكە سەربازییەكان و بەرژەوەندییە ژیارییەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا، بۆیە كاتێك ئێران دەبێتە ئەو هەڕەشەیەی كە هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لاواز بكات، ئەوا خۆی لە خۆیدا هەوڵدانە بۆ لێدانی شكۆ و نفووز و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لەناوچەكەدا.
لەم چوارچێوەیەدا ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ هەموو هەوڵەكانی خۆی چڕكردۆتەوە بۆ ئەوەی سەرلەنوێ سیاسەتی خۆی بەرامبەر ناوچەكە دابڕێژێتەوە و سنوورێك بۆ هەڕەشەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران دابنێت، بەڵام وەك پسپۆڕان و توێژەران جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە، ئەگەر ئەم سیاسەتە تازەیەی ئەمریكا هۆكارێكی گرنگ نەبێت بۆ بەهێزكردنی هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لەناوچەكەدا، ئەوا چەند هەوڵبدرێت سەرەنجام بێ ئاكام دەبێت و پاشانیش بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا هەر لەبەردەم هەڕەشە و مەترسیدا دەبێت.
لە وردەكاری و خوێندنەوەی ئەم چوارچێوەیە بۆ سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باڵادەستبوونی نفووز و پێگەی كۆماری ئیسلامی لە بەشە عەرەبییەكەی عێراقدا، وەك سەرچاوەی سەرەكیی تەحەدداو هەڕەشە و تێكچوونی هاوسەنگیی هێز لەسەر ئاستی تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەیردەكرێت، ئەگەر عێراق بەمشێوەی ئێستا وەك پاشكۆی سیستمی ئێرانی بمێنێتەوە، ئەوا لەلایەك هاوپەیمانەكانی ئەمریكا هەر لە ژێر هەڕەشەدا دەمێننەوەو لاواز دەبن بەرامبەر هەوڵە فرانخوازییەكانی كۆماری ئیسلامی، لە لایكی دیكەشەوە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لەبەردەم مەترسیدا دەبێت. كەواتە ئەم ئاراستەیە ئەوەمان پێدەڵێت، هەنگاوی یەكەم بۆ راستكردنەوەی باڵانسی هێز و دووبارە گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ ناوچەكە لە عێراقی دوای داعشەوە دەست پێ دەكات، بەڵام واقیعی عێراقی دوای داعش بە جۆرێك كۆماری ئیسلامی ئێرانی تێكەڵی پرۆسەی سیاسیی عێراق كردووە كە زۆر زەحمەتە بتوانرێت ئەو هاوكێشەیە راست بكرێتەوە.
قۆناخی عێراقی عەرەبی دوای داعش، جیاوازترە لەهەموو قۆناخەكانی دیكەی عێراق لە دوای ساڵی 2003وە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە پێشتر كۆماری ئیسلامی ئێران وەك دەوڵەت لە دوورەوە كاریگەری لەسەر سیاسەتی عێراق هەبووە، بەڵام دوای دروستبوونی حەشدی شەعبی و بوونی بەشێكی گەورەی ئەم هێزە بە پاشكۆ و وەكیلی ئێران و رازینەبوون بە چوونە ژێر چەتری حكومەتی عێراق، وەك ئەوەی د.حەیدەر عەبادی دەیەوێت، ئەمە مانای ئەوەیە ئەم هێزەی حەشدی شەعبییە كە ئێران بە مەرجەعی خۆیان دەزانن، هەر لە ئێستاوە توانای ئەوەیان هەیە سوكانی پرۆسەی سیاسی بە خواستی خۆیان بسووڕێنن، پاشانیش ئەگەر ئەم بارودۆخە بەمشێوەیە درێژەی هەبێت، ئەوا لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراقدا، حەشدی شەعبی پرۆ ئێرانی دەبنە بەشێكی سەرەكی لە پرۆسەی سیاسی لە سەر ئاستی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراقدا، لەم حاڵەتەشدا راستە بەناو حكومەتەكە حكومەتی عێراقە، بەڵام ئەو سیاسەت و سیستمەی كە لەو حكومەتەدا پیادە دەكرێت، كۆپی سیاسەت و سیستمی كۆماری ئیسلامی ئێران دەبێت.
لەم چوارچێوەیەدا ئەو دیپلۆمات و سیناتۆر و كۆنگرێسمانانەی راستەخۆ چاودێری بارودۆخی عێراقیان كردووە، یان لە عێراقدا كاریان كردووە، حیسابێكی ورد بۆ مەترسی و تەحەدداكانی ئێران لەدوای داعش لە عێراقدا دەكەن، هەر بۆیە تەنیا رێگە و مەخرەج بەوە دەبینن كە پێویستە سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ لە سیاسەتی (یەك عێراقەوە) گۆڕانكاری بەسەردا بێت و پشتگیری لە سەربەخۆیی دەوڵەتی كوردستان بكەن.
جیابوونەوەی ئاشتییانەی عێراق و كوردستان وەرچەرخانێكی سەیر لە هاوكێشەی سیاسیی عێراقی پێش 2014 دروست دەكات، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەگەر كوردستان لە عێراق جیا ببێتەوە، ئەوا بۆ ئەمریكا پرۆسەكە ئاسانتر دەبێت كە بتوانێت نێوانی عەرەبی شیعە و سوننە باشتر رێكبخاتەوە. دیارە رێكخستنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان عەرەبی شیعە و سوننەش، پێویستی بە جۆرێك لە جیاكردنەوەی هێزەكانی شیعە و سوننە لە یەكتری هەیە و، دەبێت هێزەكانی حەشدی شەعبی بەتایبەتی هێزە پرۆ ئێرانییەكان لەناوچەكانی عەرەبی سوننە بكشێنەوەو ئاسایشی ئەو ناوچانە بدرێتەوە بە عەرەبی سوننە، ئەمەش لە بەرژەوەندی هەردوولایەنی عەرەبی شیعە و سوننەدا دەبێت، زەمینەیەكیش دەڕەخسێت كە ئایەتوڵا سیستانی بە فەتوایەكی دیكە هێزەكانی حەشدی شەعبی كەم بكاتەوە، یان هەڵیانبوەشێنێتەوە، بەمەش دەستی ئێران لەناو پرۆسەی سیاسیی عێراقدا كەم دەبێتەوە و دەروازەیەك دەكرێتەوە بۆ ئەوەی بە هاندانی عەرەبستانی سعودی عێراق لە رووی ئابووری و بارزگانییەوە زیاتر بە دەوڵەتانی ئەنجومەنی هاریكاری كەنداو گرێبدرێتەوە، بەمەش جارێكی دیكە عێراق لەناو سیاسەتی شیعەگەراییەوە دەگوازرێتەوە بۆ ناو دەوڵەتانی عەرەبی بەتایبەتی دەوڵەتانی كەنداو، بەمەش جۆرێك لەهاوسەنگیی هێز لە نێوان دەوڵەتانی كەنداو و سعودیە لەلایەك و ئێران لەلایەكی دیكە دروست دەبێتەوە.
كۆماری ئیسلامی ئێران وەك دەوڵەتێكی گەورەو كاریگەر لەناوچەكە، باش دەزانێت ئەگەر عێراقی لەدەست بچێت، سیاسەتی مەدی شیعەگەرایی و هیلالی شیعەش كۆتایی دێت، بۆیە لەم روانگەیەوە زۆر بە ئاشكرا دژایەتیی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان دەكات، بەڵام لەلایەكی دیكەشەوە ئێران لەوە ئاگادارە هەتا ئەگەر توانیشی رێگری لەدامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان بكات، ئایا سیاسەت و ستراتیژیەتی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، بۆ عێراقی دوای داعش، رێگە بەوە دەدەن ئەمجارە عێراق بكەوێتە ژێر كاریگەری نفووزی ئێرانییەوە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە ئامادەبووانی كۆنفڕانسەكەی كۆنگرێس دایانەوە، بەوەی كە ناكرێت هەمان هەڵەكانی رابردوو دووبارە بكەینەوە، مەبەستیشیان لە دووبارەكردنەوەی هەڵەكانی رابردوو سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر بە عێراق، پابەندبوون و خۆبەستنەوە بووە بە سیاسەتی یەك عێراق و داكۆكیكردن لەسەر پاراستنی یەكپارچەیی عێراق، هەر بۆیە ئەگەر ئەمریكا بیەوێت دووبارە سیاسەتی خۆی بەرامبەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابڕێژێتەوە، ئەوا دەبێت پێش هەموو شت بیر لە بەهێزكردنی هاوپەیمانەكانی و دروستكردنی هاوپەیمانی تازە لە ناوچەكەدا بكاتەوە، بێگومان كوردستانیش كە لەشەڕی دژی داعشدا ئەفسانەی داعشی پووچەڵ كردەوەو بووە نەخشەی رێگە بۆ سەركەوتنی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە شەڕی دژی داعشدا، ئەو هاوپەیمانە ستراتیژی و پشت پێ بەستووەش دەبێت لە قۆناخی دوای داعش ببێتە كلیلی دووبارە گێڕانەوەی سەقامگیری و گەشەپێدان بۆ تەواوی ناوچەكە، هەموو ئەمانەش لەو خاڵەوە دەست پێدەكەن كە پێش هەمووان ئەمریكا پاشان رۆژئاوا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگیری لە سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان بكەن.
رۆژی هەینی رێكەوتی 28ی 7ی 2017 لە بینایەی كۆنگرێس، رەیبێرن هاوس ئۆفیس، لە واشنگتۆنی پایتەخت لە ئەمریكا سیمپۆزیەمێك بۆ بەڕێزان مسرور بارزانی راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایش، و نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركووك، و بەیان سامی عەبدولڕەحمان، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمریكا ساز كرا. سیمپۆزیەمەكە بە ناونیشانی «هەرێمی كوردستان: هاوپەیمانێكی ستراتیژیی ئەمریكا لە دەوروبەرێكی سەختدا» بوو كە لە لایەن كوردستان 24 و واشنگتۆن تایمز ساز كرابوو.
«ئامانجی ئێمە بریتییە لە گواستنەوەیەكی ئاشتیخوازانە بۆ سەربەخۆیی و هیوادارین و پێشبینی دەكەین بەغداد بۆ ئەم مەبەستە كارمان لەگەڵ بكات»، مسرور بارزانی ئاوای وت لە وتارەكەیدا لە كۆنگرێس و جەختی كردەوە لەوەی گەلی كوردستان خۆی بڕیاری داوە لەوەی ریفراندۆم بكات، سەركردایەتیی سیاسیی كوردستانیش رێز لەو بڕیارەی گەلی كوردستان دەگرێت.
سیمپۆزیەمەكە لە كاتژمێر 9 ی بەیانی دەستی پێكردو تا 4ی ئێوارە بەردەوام بوو، ژمارەیەكی زۆریش لە ئەندامانی كۆنگرێس، و چاودێر و پسپۆڕانی سیاسی و میدیاكار و پسپۆڕانی كۆمەڵگەی مەدەنی و هەروەها ڕەوەندی كوردی ئامادەی بوون.
بەڕێز مسرور بارزانی، راوێژكاریی ئەنجومەنی ئاسایش، وتاری دەستپێكی پێشكەش كردو تیشكی خستەسەر سووربوونی گەلی كوردستان لە بەڕێوەبردنی ریفراندۆم و دەنگدان بۆ سەربەخۆیی كردەوەو وتی: «هەندێك كەس دەڵێن سەربەخۆیی كوردستان، عێراق ناسەقامگیر دەكات، بۆچی عێراق كەی سەقامگیر بووە؟»
سیمپۆزیەمەكە لە چوار پانێڵ پێكهاتبوو، كە كۆنگرێسمان و پسپۆڕ و ئەكادیمی و نوێنەری ئێزیدی و توركمانی لەخۆگرتبوو.
پانێڵی یەكەم بە ناونیشانی «ئاسایشی كوردستان: شەڕی دژی داعش، هاوپەیمانی ستراتیژی ئەمریكی و ژینگەی پاش داعش» بوو، كە بەڕێزان ژەنەڕاڵ رۆناڵد گریفیس و ژەنەڕاڵ جەی گارنەر و ژەنەڕاڵ ئێرنی ئۆدینۆ وتاریان تێدا پێشكەش كردو جەختیان لەوە كردەوە كە داعش و ئایدیۆلۆجیاكەی هەرگیز نەیتوانیوە ئاڵا رەشەكەیان لەسەر خاكی هەرێمی كوردستان بەرز بكەنەوە. لە كۆتایی پانێڵەكەشدا ئەندامی كۆنگرێسی ئەمریكی جۆو ویڵسن وتارێكی پێشكەش كردو جەختی لە پشتگیریی كوردستان كردەوە.
پانێڵی دووەم بە ناویشانی «ئایندەی كوردستان، ریفراندۆم و سەربەخۆیی» بوو، كە بەڕێزان دكتۆر نەجمەدین كەریم و باڵیۆز پیتەر گاڵبریس و دكتۆر برێندان ئۆلێری و پەرلەمانتار شێخ شامۆ نامۆ وتاریان پێشكەش كرد. لە كۆتایی پانێڵەكەشدا كۆنگرێسمان ترێن فرانكز وتارێكی پێشكەش كرد و پشتگیریی خۆی لە ریفراندۆم و سەربەخۆیی راگەیاند.
پاشان بەڕێز مسرور بارزانی راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم وتارێكی پێشكەش كردو هەروەها وەڵامی پرسیارەكانی رۆژنامەوان و ئامادەبووانی دایەوە. ئنجا كۆنگرێسمان ستیڤ كینگ وتارێكی پێشكەش كرد و پشتگیریی خۆی بۆ كوردستان دووبارە كردەوە.
پانێڵی سێیەم بە ناونیشانی «دەرفەتەكانی ئابووری و گەشەسەندن» بوو، كە بەڕێزان بەیان سامی عەبدولڕەحمان و ستیڤ لۆتز و دێڤید تێفوری و دۆگلاس لێیتن وتاریان پێشكەش كرد.
دواین پانێڵ، واتە پانێڵی چوارەم بە ناونیشانی «پەناگەی ئارام بۆ كەمە نەتەوەیی و كەمە ئایینییەكان» بوو، كە تێیدا بەڕێزان پەرلەمانتار ڤیان دەخیل و جەودەت ئەلنەجاڕ و باوكە دۆگلاس یوسف ئەلبازی و خانم ناۆمی كیكۆلەر و جێرمی باركەر وتاریان پێشكەش كرد.
جێی سەرنجە زیاتر لە 200 كەس ئامادەی سیمپۆزیەمەكە بوون و ژمارەی رۆژی هەینی 28/7ی واشنتگۆن تایمز تایبەت بوو بە ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان.