گێڕانەوەی هاوسەنگیی هێز بۆ سعودیە و كەنداو بەرامبەر بە ئێران
July 28, 2017
راپۆرتەکان
لەماوەی كابینە حكوومییەكەی د.حەیدەر عەبادی، پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ سعودیە وەرچەرخانێكی بەسەردا هاتووە و جۆرێك لە هێوربوونەوەی تێدا روویداوە، هەروەها جۆرێك لە پەیوەندیی ئابووری و بارزگانیش دەستی پێكردووە، ئەم هەنگاوانە كە بە دەستپێشخەری سعودیە و پشتگیری ئەمریكا دەستی پێكردووە، زەحمەتە درێژەی پێ بدرێت، ئەگەر ئەمریكا بەشێوەیەكی باشتر پشتگیری لە حكومەتەكەی عەبادی نەكات. ئەم پشتگیرییەش بەوە دەكرێت كە ئەمریكا هەم هێزێكی كاریگەری لە عێراقدا بوونی هەبێت، هەمیش كاریگەریی دیپلۆماتی و دارایی خۆی بخاتەگەڕ بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو ئاستەنگانەی ئێران بۆ ئەو هەوڵانەی دروست دەكات كاریگەری نەبێت.
دوای سەردانەكەی دۆناڵد ترەمپ بۆ سعودیە، عەرەبستانی سعودیە هەوڵەكانی خۆی بە تەواوەتی خستۆتەگەڕ بۆ ئەوەی دەوڵەتانی كەنداو یەك هەڵوێست بن بەرامبەر بە ئێران و یەك كاردانەوەیان هەبێت، بۆ ئەمەش گەمارۆیان خستۆتە سەر دەوڵەتی قەتەر بۆ ئەوەی ئەویش هەمان هەڵوێستی یەكگرتووی لەگەڵ دەوڵەتانی دیكەی كەنداو بەرامبەر بە ئێران هەبێت، لەم چوارچێوەیەدا بۆ یەكهەڵوێستیی قەتەر و سعودیە بەرامبەر بە ئێران، ئەمریكا دەتوانیت هەردوولایان لە خاڵیكدا بەیەك بگەیەنێت، بەڵام كێشەی نێوان قەتەر و سعودیە، تەنیا هاوهەڵوێستی نییە بەرامبەر بە ئێران، بەڵكو تێڕوانینی جیاوازی قەتەرە بەرامبەر گرووپە ئیسلامییەكان بەگشتی و ئیخوان موسلمین بەتایبەتی، لەم چوارچێوەیەدا راستە قەتەر لە سعودیە دووردەكەوێتەوە، بەڵام لەلایەكی دیكە لە توركیا زیاتر نزیك بۆتەوە.
ئامانج و ستراتیژیەتی سعودیە دوای دروستكردنی یەكهەڵوێستی لەگەڵ دەوڵەتانی كەنداو، هەوڵدانە بۆ گرێدانەوەی عێراق بە ئەنجومەنی هاریكاریی كەنداوەوە لە رووی ئابوورییەوە، بێگومان عێراقیش پێشتر لە هەندێك لە لیژنەكانی ئەم ئەنجومەنە وەك لیژنەكانی وەرزش و رۆشنبیری و تەندروستی ئەندام بووە، بەڵام ئێستا دەیانەوێت بوارەكە زیاتر لەبەردەمی عێراق فراوانتر بكەن و بوارەكانی بازرگانی و ئابووریش بگرێتەوە.
ئاشكرایە ئەو هێز و لایەنە سیاسییانەی شیعەی عێراق كە لەناو هاوپەیمانیی نیشتمانیی شیعەدا ئەندامن، هەموویان بە یەك ئاست بە پرۆ ئێرانی لەقەڵەم نادرێن، بەڵكو بەشێكیان دەیانەوێت عەرەبی شیعە بن، نەك تەنیا شیعەبن، بۆ ئەمەش خواستیان ئەوەیە پێڕەوی لە فەرمان و فەتواكانی مەرجەعییەتی شیعە لە نەجەف بكەن، نەك لە ئێرانەوە فەرمان وەربگرن، لەم دەرگایەشەوە دەیانەوێت خۆیان لەناو دەوڵەتانی عەرەبیدا ببیننەوە، نەك بەشێوەیەكی گۆشەگیر پاشكۆی ئێران بن، ئەم ئاراستەیە لە سیاسەتەكانی حەیدەر عەبادی لە حكومەتی عێراقیدا رەنگی داوەتەوەو ئەمریكاش پشتگیری لەم ئاراستەیە دەكات، بەڵام لە ئێستادا كە بەرژەوەندی گەیشتنە دەسەڵات لەناو هێز ولایەنە سیاسییەكانی شیعە بۆتە پرسی سەرەكیی ململانێ، ئەوا زۆر جار بەشێكیان ئەم ستراتیژە ون دەكەن و خۆیان لەناو نفووز و كاریگەریی ئێراندا دەبیننەوە، ئەمەش ئەو حاڵەتەیە كە پرۆسەی سیاسی لە هاوپەیمانی نیشتمانی شیعەدا جۆرێك لە پاشاگەردانی ئاشكرای دروستكردووە.
لایەنێكی دیكەی ئەم هاوكێشەیە كە بە پێویستی دەزانێت ئەمریكا بەشدارییەكی كارای لە سنووردانان بۆ نفووزی ئێران لە عێراقدا هەبێت لە پێناوی گێڕانەوەی هاوسەنگیی هێز لە نێوان ئێران و سعودیە، ئەوەیە كاتێك ئێران هەوڵدەدات ئارامی و سەقامگیری هاوپەیمانەكانی ئەمریكا بە رێگەی جۆراوجۆر بشێوێنێت، پێش ئەوەی ئەم كارانە تەحەددا بن بۆ هاوپەیمانەكانی ئەمریكا، تەحەددان بۆ بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا، بۆ ئەمەش باش لە چاوپۆشینەكانی ئەمریكای سەردەمی باراك ئۆباما دەگەن كە چۆن هەڕەشەكانی ئێران گەیشتە ئەو ئاستەی سوپای ئێرانی هێزە دەریاییەكانی ئەمریكا بەدیل بگرێت و بە شێوەیەكی زۆر ناجۆر مامەڵەیان لەگەڵدا بكات، هەر بۆیە لە هەفتەی یەكەمی دەستبەكاربوونی دۆناڵد ترەمپ وەك سەرۆك كۆماری ئەمریكا، راشكاوانە ئەوەی بە جیهان راگەیاند كە جارێكی دیكە ئەمریكا رێگە نادات هێزەكانی ئێران سەربازی ئەمریكی بەدیل بگرن.
لە ئێستا ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرقاڵی ئەوەیە سیاسەتێك بەرامبەر ئێران دابڕێژێت كە بتوانرێت سنوورێك بۆ هەڕەشەكانی ئێران دابنێت، بۆ ئەمە وەك هەنگاوی یەكەم هەوڵدرا چاو بە رێككەوتنی كاری هاوبەش و گشتگیری هاوبەش(JCPOA) بخشێندرێتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم رێككەوتنە لە نێوان ئێران و پێنح دەوڵەتە هەمیشەییەكەی ئەنجومەنی ئاسایش و ئەڵمانیا ئەنجام دراوە، لەوانەیە ئەمریكا نەتوانێت گۆڕانكاری بەسەر ناوەرۆكی رێككەوتنەكەدا بهێنێت، بۆیە بەدوای شێوازو رێگەچارەی دیكەدا دەگەڕێت كە هەوڵە فراوانخوازییەكانی ئێرانی پێ سنووردار بكات، پێشتر ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ ئێرانی خستە ناو ئەو وڵاتانەی كە نابێت سەردانی ئەمریكا بكەن، هەروەها لە نیسانی 2017 پاش ئەوەی مووشەكبارانی هێزەكانی سووریای كرد، ئەمە وەك پەیامێك بۆ ئێرانیش خوێندرایەوە كە ئیدارەی ترەمپ هەر كاتێك بیەوێت، بژارەی سەربازیش بەرامبەر بە ئێرانیش بەكار دەهێنێت، بەڵام لە ئێستا هەوڵەكانی چڕكردۆتەوە بۆ ئەوەی ئێران وەك سپۆنسەری تیرۆر و سوپای پاسداران و ئەو وەكیلانەی ئێرانیش كە راستەوخۆ لەلایەن سوپای پاسدارانەوە پشتگیری دەكرێن لە لیستی تیرۆردا تۆمار بكات، ئەم هەنگاوانە هەموویان لە پێناوی ئەوەن جارێكی دیكە هاوسەنگیی هێز لە ناوچەكە رێكبخرێتەوە و چیدیكە ئێران نەبێتە سەرچاوەی كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جێگەی خۆیەتی بۆ جددییەتی ئەمریكا بەرامبەر ئێران، ئاماژە بەو تویتەی ترەمپ بكەین كە دوای هێرشە تیرۆریستییەكەی مانگی حوزەیرانی رابردوو كرایە سەر تاران، نووسیبووی: «ئێران كە سپۆنسەری تیرۆرە، ئێستا خۆی بۆتە قوربانی بەدەست تیرۆرەوە»، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەگەر ئێران سپۆنسەریی گرووپە توندڕۆكان بكات و ناسەقامگیری لەناوچەكەدا دروست بكات، ئەوا هەمان ناسەقامگیری یەخەی خۆیشی دەگرێتەوە.