كردنەوەی كۆدەكانی مەدی شیعەگەرایی و پرۆكسیەكانی ئێران لەدژی ریفراندۆم و پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان
July 26, 2017
راپۆرتەکان
مەرجەعییەتی شیعەی نەجەف، جیاواز لە مەرجەعییەتی شیعەی قوم، هەتا ئێستا بە فەرمی بڕوایان بە دامەزراندنی كۆمارێكی ئیسلامی هاوشێوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراقدا دەڕنەبریوە و، وایان پیشانداوە لە نێوان مەرجەعییەتی نەجەف و دەوڵەتداریدا مسافەیەك هەیە و مەرجەعییەت خۆی نایەوێت تێكەڵییەكی راستەوخۆ لەگەڵ كاروباری دەوڵەت بكات، یان راستەوخۆ پشتگیری لایەنێكی سیاسیی شیعە دژ بە لایەنێكی دیكەی شیعە ناكات، ئەم شێوازی مامەڵەیەی مەرجەعییەتی نەجەف لەگەڵ پرۆسەی سیاسیی لە عێراقدا، هەتا ئێستاش لەلایەن دەوڵەتانی ئەمریكا و یەكێتی ئەوروپا بە چاوێكی ئەرێنی سەیردەكرێت و هەر لەم چوارچێوەیەشدایە كە وەك دەوڵەتێكی مەدەنی مامەڵە لەگەڵ عێراق دەكرێت.
بەڵام لە حوزەیرانی 2014وە كە موسڵ كەوتە دەست داعش و مەترسی بۆ سەر بەغدا دروست بوو، ئایەتوڵا عەلی سیستانی وەك مەرجەعی شیعە لە نەجەف فەتوای دامەزراندنی حەشدی شەعبی دا، ئیدی جۆرە تێكەڵییەك لەنێوان كاروباری دەوڵەت و فەتوای مەرجەعییەتی شیعە هاتەئاراوە، ئەوجا لەگەڵ ئەوەی مەرجەعییەتی شیعە، رێكخستن و بەڕێوەبردنی هێزی حەشدی شەعبی رووبەڕووی پەرلەمان و حكومەتی عێراق كردەوە، بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی یاسایی و لە چوارچێوەی هێزەكانی ئاسایشی عێراقدا جێگەیان بۆ بكرێتەوە، بەڵام بێ سەروبەریی دامەزراوەكانی حكومەت و پەرتەوازەیی هێزەكانی ئاسایش و سوپای عێراق، بۆشاییەكی ئەوتۆی دروستكرد كە فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بە سەرۆكایەتی قاسم سولێمانی رۆڵێكی كردەیی و كاریگەر لە بری حكومەتی عێراق لەناو هێزەكانی حەشدی شەعبی بگێڕن، ئەمەش واتە لەبری ئەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی لەژیر چاودێری و فەرماندەیی حكومەتی عێراقدا بن، بەشێكی هێجگار زۆریان كەوتنە ژێر كاریگەری و فەرماندەیی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە ئێستا لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا نەك هەر تەنیا جۆرێك لە تێكەڵیی لەنێوان حكومەت و مەرجەعییەتی شیعەی نەجەف هەیە، لەهەمانكاتدا سیاسەتی سوپای پاسداران تێكەڵیی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا بووە و ئامانجی سیاسەتی سوپای پاسدارانیش ئەوەیە كە هێزی حەشدی شەعبی بە هاوشێوەی سوپای پاسدارانی ئێران، هێزێكی كاریگەری سەربازی بێت لە دەرەوەی سوپای عێراق و كاریگەریی راستەوخۆی لە داڕشتنەوەی سیاسەتی شیعەگەرایی لە عێراقدا هەبێت و هەر ئەم سیاسەتەش ببێتە نەخشەی رێگە بۆ رێكخستنەوەی پرۆسەی سیاسی لە نێوان عەرەبی شیعە و سوننە و پاشانیش مامەڵەكردنی دەوڵەتی عێراق لەگەڵ كوردستاندا.
ئاشكرایە كۆماری ئیسلامیی ئێران وەك چۆن لە هەموو جوگرافیای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پرۆكسی جیاوازی هەیە، هەوڵیداوە لە پرۆسەی سیاسیی كوردستانیشدا جۆرێك لە پرۆكسی بۆ پەكخستنی پرۆسەی سیاسی دروست بكات، ئەمەش بەو ئامانجەی كە ئاراستەی پرۆسەی سیاسی لە كوردستان لەگەڵ ئەو ئاراستە پرۆكسیە پرۆ ئێرانییە یەكبگرێتەوە كە ئێستا بە كردەیی لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا بوونیان هەیە، لە هەمانكاتیشدا لە رەفتار و بیروبۆچوونیشیان بەرامبەر ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان لەگەڵ پرۆكسی و پرۆ ئێرانییەكان لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا یەكبگرنەوە، ئێران هەتا ئێستا نەیتوانیوە بەهەمان ئاستی كاریگەرییەكانی لەناو پرۆسەی سیاسیی عێراقدا كاریگەری لەسەر پرۆسەی سیاسیی كوردستان هەبێت، هەر بۆیە هەوڵەكانی فراوانتر كردووە و خۆی وەك دەوڵەت دەیەوێت راستەوخۆ لەگەڵ حكومەت و هێزە سیاسییەكانی كوردستاندا قسە بكات و كاریگەریی خۆی زیاتر بكات، بەڵام ئاستەنگی سەرەكی لەبەردەم كاریگەریی ئێران لەسەر پرۆسەی سیاسیی كوردستان ئەوەیە، كە ئێران زۆر سەرسەختانە دژایەتی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان دەكات، ئەمەش وایكردووە كە خەڵكی كوردستان پشتگیری لە سەركردایەتی سیاسیی خۆی بكات، نەك بكەوێتە ژێر كاریگەری ئەو سیاسەتانەی كە هێز و لایەنە پرۆ ئێرانییەكان دەیانەوێت جێبەجێی بكەن.
بەپێی ئەو دیراسەت و لێكۆڵینەوانەی كە توێژەرانی ئامۆژگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەمریكا پێشكەشیان كردووە و توێژەرەكان خۆیان سەردانی عێراقیان كردووە و دیداریان لەگەڵ سەركردەكانی حەشدی شەعبی كردووە، هێزەكانی حەشدی شەعبی ئێستا لە نێوان 200- 300 هەزار چەكدارن و زیاتر لە 50%یان خۆیان نەیانشاردۆتەوە كە هێزێكی پرۆ ئێرانین و ئامادەن وەك پرۆكسی فەرمانەكانی ئێران جێبەجێ بكەن. دیارە سیاسەتی ئێرانیش بەرامبەر هێزەكانی حەشدی شەعبی وەك هێزێك لەدەرەوەی سوپای عێراق بەو جۆرەیە كە ئەم هێزانە لە میانەی پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی عێراق (پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكان) ببنە بەشێكی سەرەكی لە پرۆسەی سیاسیی عێراق و ئەم هێزە كاریگەری لەسەر ئەو بڕیار و یاسایانە هەبێت كە دواتر لەلایەن پەرلەمان عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاكان دەردەچن، ئاشكرایە لەناو جەماوەری شیعەی عێراقیشدا سەركردەكانی حەشدی شەعبی وەك پاڵەوانی سەركەوتووی شەڕ و پارێزەری شیعە سەیر دەكرێن، بۆیە چانسی ئەوان بۆ بردنەوەی هەڵبژاردن و تێكەڵیبوونیان لەناو پرۆسەی سیاسیدا لەهەر سەركردەیەكی دیكەی مەدەنی لەناو لایەنە سیاسییەكانی شیعە زیاتر دەبێت، بەمەش ئێران لە رێگەی پرۆكسیەكانیەوە كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر ئاراستەی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا دەبێت.
حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی د.حەیدەر عەبادی پلانی كەمكردنەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی خستۆتەكارو بەرنامەی خۆیەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی مەترسییەكانی داعش كۆتایی نەهاتوون و هێزە پرۆ ئێرانییەكانی ناو حەشدی شەعبی لە پێشێلكاری بەرامبەر عەرەبی سوننە لەژێر پەردەی داعش بەردەوامن، ئەمە وایكردووە، نە ئایەتوڵا سیستانی بتوانێت فەتوایەكی دیكە دەربكات بۆ ئەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی كەم بكرێنەوە، یان هەڵبوەشێندرێنەوە، نە د.حەیدەر عەبادیش لە ترسی كاریگەری هێزە پرۆ ئێرانییەكان دەتوانێت بڕیارەكەی خۆی بۆ كەمكردنەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی جێبەجێ بكات، بەپێی بۆچوونی پسپۆڕان ئەگەر حەیدەر عەبادی پێداگیری لەسەر كەمكردنەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی بكات، ئەوا دوور نییە حكومەتەكەی رووبەڕووی كودەتایەكی سەربازی ببێتەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە جیا لەوەی هێزە پرۆ ئێرانییەكانی ناو حەشدی شەعبی دەبنە دژی حكومەتی عێراق، لەهەمانكاتدا ئەو بەشەی هێزەكانی حەشدی شەعبییش كە سەر بە موقتەدا سەدرن وەك (سەرایای سەلام) و ئەوەشی سەر بە ئایەتوڵا سیستانین، بۆ دژایەتی حكومەت و رووخاندنی لە خاڵێكدا یەكدەگرنەوە. ئەمەش وایكردووە هاوكێشەی هێز لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا بەلای جێبەجێكردنی سیاسەتی پرۆ ئێرانیدا بشكێتەوەو عێراقی دوای ئازادكردنەوەی موسڵیش بەرەو چارەنووسێكی نادیار هەنگاو هەڵبگرێت و لە چوارچێوەی شەڕی شاراوەو ئاشكرای نێوان ئەمریكا و ئێراندا بخوێندرێتەوە.
ئەو كۆدانەی عەرەبی شیعە و كوردی پرۆ ئێرانی دژایەتی ریفراندۆم و سەربەخۆیی پێدەكەن
كۆماری ئیسلامیی ئێران میراتگری ئەزموونێكە كە ئەزموونی هەزار ساڵەی حوكمڕانی و دیپلۆماتیەتی ئیمپراتۆریەتێك بووە، لەمەش زیاتر میراتگری ئەزموونێكی حوكمڕانی و دیپلۆماتیەتی سەركەوتووشەو هەرگیز ئێران ئەوجا چ ئیمپراتۆریەت بووبێت، یان دەوڵەت، موجازەفە و موغامەرەی نەكردووە، هەر بۆیە ئەم مێژووە پێمان دەڵێت، ئێستا كۆماری ئیسلامیی ئێران كە لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كاریگەری لەسەر رەسمی هەموو سیاسەتی ناوچەكە هەیە، باش دەزانێت پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان وەك ئاكامێكی ئەمری واقیعی دوای شەڕی دژی داعش لە ستراتیژیەتی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی شەڕی دژی داعش كۆتایی هاتووەو هیچ هێزێكی دەرەكی ناتوانێت ببێتە هەڕەشە، یان مەترسی لەسەر ئایندەی ئەو دەوڵەتە دروست بكات، لەمەش زیاتر كۆماری ئیسلامیی ئێران باش دەزانێت كە هیچ كام لە دەوڵەتانی دراوسێی كوردستان ناتوانن كارتی فشاری ئابووری، یان سەپاندنی گەمارۆ بەرامبەر كوردستان بەكار بهێنن، ئەمەش لەبەر ئەوەیە جیا لەوەی لە پەنابردن بۆ كارێكی لەو جۆرە خۆیان لە كوردستان زیاتر زیان دەكەن، لە هەمانكاتدا كوردستان چیدیكە دەوڵەتێكی داخراو نییە و خاوەنی بەندەرێكی گەورەی ئاسمانییە، بەندەرێكی ئاسمانیی ئەوتۆ بە هاوشێوەی بەندەرە ئاسمانییەكانی دەوڵەتانی كەنداو كە هیچ بایەخێكیان بۆ بەندەرە ئاوییەكان نەهێشتۆتەوە.
لایەنێكی دیكە كە جێگەی هەڵوەستە لەسەركردن و وردبوونەوەیە، ئەوەیە كە كۆماری ئیسلامیی ئێران كاتێك دژایەتی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان دەكات، لەبەرامبەردا پلان، یان بەرنامەیەكی دیكەی نییە بۆ ئەوەی بیخاتە بەردەمی سەركردایەتی سیاسیی كوردستان و خۆی ببێتە ناوبژیوان بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای واقیعی ئێستای نێوان كوردستان و عێراق قسەی لەسەر بكرێت. هەربۆیە كاتێك ئێران لەبەرامبەر پرۆسەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستاندا بەرنامەیەكی بەدیل و ئاشكرای نەبێت و نەیەوێت خۆی بكاتە ناوبژیوان لە نێوان كوردستان و عێراق، ئەمە مانای ئەوەیە، لە بەرژەوەندی كۆماری ئیسلامدا نییە، عێراقی دوای داعش دەوڵەتێكی مەدەنی و دیموكراتی و پەرلەمانی ( فیدڕاڵی یان كۆنفیدڕاڵی) بێت، بەڵكو ئەو دەیەوێت پرۆسەی سیاسیی داهاتوو لە عێراقدا كۆپی سیستمی ولایەتی فەقیهی ئێرانی بێت و بەتەواوی كۆمارێكی دیكەی ئیسلامی شیعە دابمەزرێنێت، لەم چوارچێوەیەدا كۆماری ئیسلامیی ئێران دەزانێت بۆی ناكرێت و بۆشی ناچێتەسەر كە كوردستان بكاتە بەشێك لە كۆمارێكی ئیسلامی شیعەی هاوشێوەی كۆماری ئیسلامی، بۆیە هەوڵەكانی بۆ ئەوەیە دەوڵەتی كوردستان دەوڵەتێكی پرۆ ئێرانی بێت و لەخزمەتی مەدی شیعەگەرایی ئێران بێت بۆ بەستنەوەی تەنگەی هورمز بە كەنداوی عەقەبەوە.
لەبەرامبەر ئەم خواستەی ئێراندا، بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی گەلی كوردستان لەوەدایە، دەڵەوتی كوردستان دەوڵەتێكی مەدەنی و دیموكراتی و پەرلەمانی بێت و لەسەر بنەمای یاسا نێودەوڵەتییەكان و پرەنسیپی دراوسێیەتی باش مامەڵە لەگەڵ دراوسێكانی و دەوڵەتانی ناوچەكە و جیهان بكات، ئەم پرەنسیپەی سەركردایەتی سیاسیی كوردستان بۆ سەروەریی دەوڵەتی كوردستان بە كردەیی هەنگاوی بۆ هەڵدەگرێت، لە زۆر پرسی گرنگ بۆ ستراتیژیەتی سیاسەتی ئێرانی لەسەر ئاستی ناوچەكە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەك ناگرێتەوە، راشكاوانەتر ئاستەنگێكی گەورە بۆ سیاسەتی بازنە و هیلالی شیعی دروست دەبێت و بوارێك دەڕەخسێت كە جارێكی دیكە هاوسەنگیی هێز بۆ ناوچەكە بگەڕێتەوە.
كۆماری ئیسلامیی ئێران راشكاوانە دژایەتی خۆی بۆ دەوڵەتی كوردستان لە ئامانجە ستراتیژیەكانی خۆیدا ئاشكرا ناكات، لەبەر ئەوەی سیاسەتی نێودەوڵەتی و ستراتیژیەتی هاوپەیمانی دەوڵەتانی دژی داعش، لێی قبووڵ ناكەن، بۆیە بەوجۆرە پاكانە بۆ ئەو دژایەتییەی خۆی دەكات، بەوەی گوایە ئەگەر كوردستان دەوڵەت رابگەیەنێت، ئاڵۆزییەكی گەورەی ناسەقامگیری سەرهەڵدەدات و لەوانەیە بەرەو شەڕێكی خوێناوی هەنگاو هەڵبگرێت.
بێگومان ئەم پەیامەی كۆماری ئیسلامیی ئێران ئاراستەی كوردستانی دەكات، كۆدێكی شاراوەی تێدایە و هەتا ئەو كۆدە نەكرێتەوە، ناتوانرێت دیوە شاراوەكەی ئەو پەیامە تێبگەین، لەمەش راشكاوانەتر بۆ كردنەوەی ئەو كۆدە ئەوەیە، ئەگەر ئێران وەك دەوڵەت نەتوانێت راستەوخۆ هەڕەشەی سەربازی لە كوردستان بكات، هەروەها نەشتوانێت پەنا بۆ كارتی گوشاری گەمارۆی ئابووری ببات، ئایا مەزندەكردنی بۆ ئەوەی دوای راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان، ناسەقامگیری و شەڕ دروست دەبێت، لەسەر چ بنەمایەكە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە نهێنی ئەو مەزندەیەی ئێران ئاشكرا دەكات، ئەویش بوونی زیاتر 150-200 هەزار هێزی حەشدی شەعبی پرۆ ئێرانییە كە لە عێراقدا ئامادەن سیاسەت و ستراتیژیەتی ئێرانی جێبەجێ بكەن و هیچ حیسابێكیش بۆ حكومەتی حەیدەر عەبادی نەكەن، لە ئێستادا هەوڵی كۆماری ئیسلامیی ئێران بەو جۆرەیە كە هێزە پرۆ ئێرانییەكانی حەشدی شەعبی و ئەو هێزە كوردستانییانەشی هاوپەیمانی هێزە پرۆ ئێرانییەكانی شیعەن، بارودۆخێكی ئاڵۆز و ترس و نیگەرانیی ئەوتۆ لە كوردستان دروست بكەن، كە رێگە نەدەن بە سەركەوتوویی پرۆسەی ریفراندۆم ئەنجام بدرێت، ئەم هەوڵانە بە ئاشكرا لە میانەی هەڕەشە و گوڕەشەی سەركردە پرۆ ئێرانییەكانی حەشدی شەعبی و لایەنە شیعەكانی عێراقەوە دژ بە كوردستان رۆژانە گوێبیستی دەبین و لەناو كوردستانیشدا رۆژانە گوێبیستی ئەو بڕوبیانووە بێ بنەمایانە دەبینەوە كە هەوڵدەدەن ئاستەنگ و كۆسپ بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆیی دروست بكەن.
گرەوی گەورەی كۆماری ئیسلامی لەسەر ئەوەیە كە بەهەر نرخێك بێت، رێگە نەدات پرۆسەی ریفراندۆم لە كوردستاندا ئەنجام بدرێت، بۆ ئەمەش هەموو هەوڵی بۆ ئەوەیە ژینگەی سیاسیی كوردستان بە ئاستێك ئاڵۆز بكات كە دەرفەتی ئەوە نەبێت ریفراندۆم ئەنجام بدرێت، بەڵام بۆ هێوركردنەوەی ژینگەی سیاسی و بوار نەهێشتنەوە بۆ بڕو بیانووی بێ بنەما بۆ دژایەتی ریفراندۆم و سەربەخۆیی، پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر رێنمایی سەرۆك بارزانی دەستپێشخەرییەكی بوێرانەی ئاراستەی بزووتنەوەی گۆڕان كردووە، بەوەی بێ هیچ مەرجێك پەرلەمانی كوردستان كارابكرێتەوەو ئامادەباشی پیشانداوە بۆ ئەوەی بە دیالۆگ هەموو كێشە سیاسییەكان چارەسەر بكرێت.
پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە، ئایا ئەم دەستپێشخەرییەی پارتی لەسەر رێنمایی سەرۆك بارزانی، دەبێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی كێشە سیاسییە ناخۆییەكان چارەسەر بكرێت و یەكڕیزی و یەكدەنگی بۆ پرۆسەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی لەنێوان هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكان دروست بێت؟ سەبارەت بە وەڵامی ئەم پرسیارە لەگەڵ ئەوەی زۆربەی شارەزایان و چاودێرانی سیاسی ئومیدی ئەوە دەخوازن گەشبینانە وەڵامی ئەم پرسیارە بدەنەوەو بەوەی ئەم دەستپێشخەرییە ببێتە سەرەتای كۆتاییهێنان بە هەموو كێشە ناوخۆییەكان، بەڵام ئەگەر ئەو لایەنانە هەر بەردەوام بوون لەسەر هێنانەوەی بڕوبیانووی دیكە بۆ پرۆسەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی، ئەوا لەبری یەكڕیزی لە نێوان تەواوی لایەنە سیاسییەكان، یەكڕیزی لە نێوان لایەنە سیاسییەكانی بەرەی سەربەخۆیی و تەواوی جەماوەری كوردستان دروست دەبێت، ئەو لایەنە پرۆ ئێرانییانەش كە لەسەر هەڵوێستی خۆیان سوور دەبن، پێگەیەكی ئەوتۆیان نامێنێت كە كاریگەرییان لەسەر رەوتی پرۆسەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی هەبێت.
ئەم ئاماژەیە بۆ كاریگەری پەیام و دەستپێشخەرییەكی پارتی بە كاراكردنەوەی بێ مەرجی پەرلەمان و رێكخستنەوەی پرۆسەی سیاسی لە كوردستان و چارەسەركردنی كێشەكان، كە هاوكاتە لەگەڵ پەیامەكەی سەرۆك مسعود بارزانی بۆ هەڕەشە و گوڕەشەكانی هێزە پرۆ ئێرانییەكانی شیعەی عێراق بۆ دژایەتی سەربەخۆیی كوردستان، جۆرێك لە گۆڕانكاری لە زمانی گوتار و لێدوانی سەركردە شیعەكانی عێراق هێناوەتەئاراوە، بەتایبەتی وەك دوایین لێدوانی نوری مالیكی كە دەڵێت: «كوردستان ئەگەر ریفراندۆمیش ئەنجام بدات، ناتوانێت دەوڵەت رابگەیەنێت، لەبەر ئەوەی دەستووری عێراق رێگەیان پێ نادات.» ئەم وەرچەرخانەی لە گوتاری نوری مالیكی بەرامبەر ئەنجامدانی ریفراندۆم لە كوردستان دروست بووە، جۆرێك لە بێئومیدییەكی گەورەی شیعەی پرۆ ئێرانی لێدەخوێندرێتەوە، بەوەی چیتر ناتوانن گرەو لەسەر ئەو دەنگانە بكەن كە لە كوردستاندا بازاڕگەرمی بۆ دژایەتی سەربەخۆیی كوردستان دەكەن، هەروەها زۆر باشیش لە پەیامەكەی سەرۆك بارزانی تێگەیشتوون كە ئاشكرا پێی راگەیاندن «ئەو سەردەمە بەسەرچوو بە زمانی هەرەشە و گوڕەشە لەگەڵ كوردستان قسە بكرێت.»
بەشە عەرەبییەكەی عێراقی دوای داعش
دەبێتە زۆنگاو بۆ ئەمریكا یان ئێران
لەسەر ئاستی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش كە ئەمریكا سەرۆكایەتی دەكات، پرۆسەی ئازادكردنەوەی موسڵ وەك سەركەوتنی هەموو دەوڵەتانی هاوپەیمانی دژی داعش بە سەرۆكایەتی ئەمریكا دەخوێندرێتەوە، لەسەر ئاستی شەقامی سیاسی شیعەش كۆماری ئیسلامیی ئێران هەوڵێكی خستۆتەگەڕ بۆ ئەوەی پرۆسەی ئازادكردنەوەی موسڵ وەك سەركەوتنی هێزەكانی حەشدی شەعبی پرۆ ئێرانی بخوێندرێتەوە و پێداگیری لەسەر ئەوەش دەكەن بەرهەمی ئەم سەركەوتنە هەر بۆ هێزەكانی حەشدی شەعبی بێت و ئەم هێزە میلیشیایە ببێتە بەشێكی سەرەكی لە پرۆسەی سیاسی عێراق.
ئەم دوو وێنە جیاوازە لەدوای ئازادكردنەوەی موسڵ هەم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و هەم لەسەر ئاستی ناوخۆی عێراق دوو وێنەی بەرچاون كە بوونیان هەیە، بەڵام پرسیاری سەرەكی لێرەدا ئەوەیە، لەكاتێكدا ئەمریكا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە هەوڵی ئەوەدان پرۆسەی ئازادكردنەوەی موسڵ بكەنە بردنەوەی تەواوی شەڕی دژی داعش، ئایا ئەم سەركەوتنە لەسەر سینییەكی زێر بۆ ئێران بەجێدەهێڵدرێت، یان پێشكەشی ئێران دەكرێت؟ یان ئەگەر بەدیوێكی دیكەدا پرسیارەكە ئاوەژوو بكەینەوە و بپرسین: ئایا كۆماری ئیسلامیی ئێران دەستەوەستان دەبێت ئەو هەموو هەوڵ و وەربەرهێنانەی لە دروستكردنی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كردبێت، ئێستا رازی دەبێت لەسەر رێنمایی ئەمریكا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە بڕیارێكی حكومەتی عێراق ئەم هێزە هەڵبوەشێندرێتەوە، یان تەنیا نزیكەی 80 هەزاریان وەك هێزێكی ئاسایشی دوور لە پرۆسەی سیاسی بمێنێتەوە و مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت؟ وەڵامدانەوەی ئەم دوو پرسیارە نەك تەنیا بۆ چاودێرێكی سیاسی قورسە، بەڵكو وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە بۆ ناوەندەكانی فیكر و لێكۆڵینەوەی ستراتیژی لەسەر ئاستی جیهان، هەروەها بڕیارسازانی ئەمریكاش قورسەو هێشتا ئاماژەیەكی ئەوتۆ لەبەردەست نییە كە رەهەندە گشتییەكانی سیاسەتی ئەمریكا بۆ واقیعی دوای داعش و رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ سیاسەتی ئێرانیدا بەرجەستە بكاتەوە. بەڵام وەك پێشبینی، یان مەزندەكردنێك بۆ سیاسەتی ئەمریكا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەگەڵ عێراقی دوای داعش، چەند سیناریۆیەك خراونەتەڕوو، ئەوجا لەگەڵ ئەوەی سیناریۆكان لەیەكتر جیاوازن، بەڵام رەهەندی گشتی هەر هەموویان لەسەر چەند خاڵێك یەكدەگرێتەوە، كە بریتییە لەوەی نابێت عێراقی دوای داعش پاشكۆی سیاسەت و ستراتیژیەتی كۆماری ئیسلامیی ئێران بێت، بەڵكو پێویستە عێراق بەوجۆرە بونیاد بنرێتەوە كە ئێران نەتوانێت سوود لەو پرۆسەی هەڵبژاردنانە وەربگرێت كە دەبێتە هۆكاری ئەوەی پرۆكسیەكانی لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا جێی خۆیان بگرن. بۆ ئەمەش خاڵە گشتییەكانی سیناریۆكان بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ عێراقی دوای داعش ئەم خاڵانە لەخۆیان دەگرن:
1. هەموو سیناریۆكان جەخت لەوە دەكەنەوە كە ناكرێت وەك عێراقێكی یەكگرتوو سیستمی سیاسیی ئەو وڵاتە رێكبخرێتەوە، بەڵكو پێویستە سیستمی سیاسیی عێراقی عەرەبی و رێكخستنەوەی پەیوەندی نێوان عەرەبی سوننە و شیعە بەجیا بكرێت و پاشان بیر لە میكانیزمێك بكرێتەوە بۆ رێكخستنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان كوردستان و عێراق، ئەمەش مانای ئەوەیە لە قۆناخی یەكەمدا بۆ رێكخستنەوەی پرۆسەی سیاسی لە بەشە عەرەبییەكەی عێراق، ئەمریكا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هەماهەنگ و هاریكار دەبن لەگەڵ حكومەتی عێراق بۆ ئەوەی لەسەر بناخەیەكی راست سیستمێكی سیاسی لەسەر بنەمای لامەركەزییەتی ئاسایش لەنێوان عەرەبی شیعە و سوننە دابمەزرێننەوە، پاشان دەبنە ناوبژیوان لەنێوان كوردستان و عێراق بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر پەیوەندیی داهاتوویان بدەن، ئەم پەیوەندییە پشت دەبەستێت بەو رێككەوتنە كە هەردوولا (عێراق و كوردستان) لەسەری رێكدەكەون.
2. جەخت لەوە دەكرێتەوە، كە ئازادكردنی موسڵ و رووخانی خەلافەتی ئیسلامی داعش، مانای كۆتاییهاتنی داعش و لە ریشە هەڵكێشانی داعشییەكان نییە، بەڵكو فاكتەری سەرەكی بۆ كۆتاییهاتن و لە ریشە هەڵكێشانی داعش بەوە دەكرێت كۆتایی بە سیاسەتی مەزهەبگەرایی شیعە و پڕۆ ئێرانی بهێندرێت، هێزەكانی حەشدی شەعبی هەڵبوەشێندرێنەوە، یان كەم بكرێنەوە و لەناو هێزەكانی ئاسایشی عێراق جێگەیان بۆ بكرێتەوە و رێگەیان پێ نەدرێت تیكەڵی پرۆسەی سیاسی بن. بەوجۆرە بێت كە عەرەبی سوننە هەست بە دڵنیایی بكات و هەست بكات لەناو پرۆسەی سیاسی پەراوێز نەخراوە، ئەم حاڵەتەش كاتێك دروست دەبێت كە هێزە پرۆ ئێرانییەكانی حەشدی شەعبی هەڵوەشێندرابێتنەوە و نەتوانن ئەو پێشێلكارییەی ئێستا لەژێر پەردەی شەڕی داعش دژ بە عەرەبی سوننە ئەنجامی دەدەن، بەردەوام بێت.
3. هەندێك لە سیناریۆكان ئاماژە بەوە دەكەن ئەگەر ئێران بۆ جێبەجێكردنی ئامانجەكانی پشت بەهێزی لۆكاڵیی ئەو وڵات و كۆمەڵگەیانە ببەستێت كە مەبەستێتی بۆ ئامانجەكانی خۆی بەكاریان بهێنێت، ئەوا پێویستە ئەمریكا و هاوپەیمانانیش پشتگیری ئەو هێزە لۆكاڵانە بكەن كە دەبنە بەربەست لەبەردەم ئامانجە فراوانخوازییەكانی ئێران، هەر بۆ نموونە ئەگەر ئێران پشتگیری ئەو میلیشیا شیعانە بكات بۆ ئەوەی درێژە بە سیاسەتی مەزهەبگەرایی شیعە بدەن دژی عەرەبی سوننە، ئەوا گرنگە ئەمریكاو هاوپەیمانانیش پشتگیری ئەو گرووپە لۆكاڵانەی سوننە بكەن كە دەبنە قوربانیی ئەو ستراتیژیەتەی ئێران، لەمەش زیاتر نابێت ستراتیژیەتی ئەمریكا لەشەڕی دژی داعش بەو جۆرە بێت سەرەنجام بۆ بەرژەوەندی سیاسەتەكانی ئێران تەواو بێت.
4. هەموو سیناریۆكان جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە نابێت ئەمریكاو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەیەك شێوە مامەڵە لەگەڵ شەڕی داعش لە سووریا و عێراق بكەن، ئەگەر ئامانجی لەناوبردنی داعش لە عێراقدا بۆ بەهێزكردنی حكومەتی عێراقی بێت بە پشتگیری ئەمریكا، ئەوا دەبێت ستراتیژیەتی شەڕی داعش لە سووریا هۆكارێك بۆ نەمانی رژێمی ئەسەد و سنوورداركردنی ئەو میلیشیایانە بێت كە راستەوخۆ سەر بە ئێرانن، یان شەڕی بەوەكالەت بۆ ئێران دەكەن.
5. ئەگەر كۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام بێت لەسەر بەكارهێنانی وەكیلەكانی بۆ شەڕ و ناسەقامگیری لەتەواوی ناوچەكەدا و دروستكردنی هەڕەشە لەسەر هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەوا كارێكی ئاسان دەبێت كە ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی ئەوانیش بەشێوازی دیكە ناسەقامگیری بخەنە ناو ئێرانەوە و هانی پێكهاتەكانی ئێران بدەن كە داوای گۆڕینی سیستمی حوكمڕانی لەناو خۆدا بكەن.
ئەم خاڵە هاوبەشانەی ناو سیناریۆ جیاوازەكان، ئاماژەن بۆ هەوڵەكانی ئەمریكا بۆ ئەوەی نفووزی ئێرانی لە عێراقی دوای داعش سنووردار بكرێت، بەڵام پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە: ئایا كاردانەوەی ئێران بەرامبەر ئەم هەوڵانەی ئەمریكا چۆن دەبێت؟ بێگومان وەك ئێستا لە لێدوانەكانی ئەو سەركردانەی حەشدی شەعبی-ی سەر بە ئێران گوێمان لێ دەبێت، هەموویان بەو ئاراستەیە لێدوان دەدەن بەوەی پێویستە هێزەكانی ئەمریكا دوای تەواوبوونی شەڕی داعش لە عێراق بكشێنەوە، بەپێچەوانە ئەوا میلیشیا پرۆ ئێرانییەكانی حەشدی شەعبی وەك هێزێكی داگیركەر مامەڵە لەگەڵ هێزەكانی ئەمریكا دەكەن، بەڵام ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە ئەو راپۆرتە مەیدانییانەی لەسەر ئایندەی عێراقی دوای داعش ئەنجام دراون، لەمیانەی ئەو چاوپێكەوتننانەی كە لە ناو عێراقدا لەگەڵ عەرەبی شیعەو سوننە كراون، بەشی زۆری هێزە سیاسییەكانی سوننە و بەشێكی عەرەبی شیعەش جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە پێویستە هێزەكانی ئەمریكا لەدوای شەڕی داعش لە عێراقدا بمێننەوە بۆ ئەوەی زەمینەیەكی سەقامگیری ئەوتۆ دروست بێت، كە بتوانرێت پرۆسەی سیاسی رێكبخرێتەوە، ئەم ئاماژانە گرنگن بۆ خوێندنەوەی هەنگاوەكانی ئەمریكا و دەوڵەتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعش، بۆ قۆناخی دووبارە بونیادنانەوەی عێراق و رێكخستنەوەی پرۆسەی سیاسی لەنێوان عەرەبی شیعە و سوننەدا، ئەمەش بەو مانایەی كە سنوورێك بۆ هەموو هەوڵەكانی ئێران بەگشتی لەناوچەكە و بەتایبەتی لە عێراقدا دابنرێت، بەپێچەوانەشەوە ئەگەر ئەم ئاراستەیە نەیتوانی ئامانجەكەی خۆی بپێكێت، ئەوا وەك تۆماس فریدمان رۆژنامەنووسی بەناوبانگی نیویۆرك تایمز پێشنیاری كردووە، دەبێت ئەمریكا سیاسەتی شەڕی ئیستنزاف لەگەڵ ئێران پیادە بكات و زۆنگاوێكی بۆ دروست بكات كە بە ئاسانی لێی دەرباز نەبێت، هەروەك چۆن لە هەشتاكانی سەدەی رابردوودا هەمان شەڕی دژی سۆڤیەتی پێشان پیادەكردو پاشان سۆڤیەت ناچار بوو لە ئەفغانستان بكشێتەوە.
گێڕانەوەی هاوسەنگیی هێز
بۆ سعودیە و كەنداو بەرامبەر بە ئێران
گەورەترین ئاستەنگ كە بۆتە هۆكاری ئەوەی چارەسەری كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگاتە ئاستی مەحاڵ، باڵادەستی و نفووز و كاریگەریی ئێرانە لە عێراقدا كە بۆتە هۆكاری ئەوەی هاوسەنگیی هێز لە نێوان سعودیەو ئێراندا گۆڕانكاری بەسەردا بێت، بۆیە لەم گۆشەنیگایەوە ئەگەر ئامانجی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعش دووبارە گێڕانەوەی ئاشتی و سەقامگیری بێت بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوا هەنگاوی یەكەمی ئەم ستراتیژ و ئامانجە بەوە دەست پێدەكات، نفووز و كاریگەریی ئێران لەسەر عێراق كۆتایی بێت و عێراق وەك دەوڵەتێك بەرژەوەندییەكانی لەگەڵ دەوڵەتانی ئەنجومەنی هاریكاری كەنداو گرێبدرێتەوە.
لەماوەی كابینە حكوومییەكەی د.حەیدەر عەبادی، پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ سعودیە وەرچەرخانێكی بەسەردا هاتووە و جۆرێك لە هێوربوونەوەی تێدا روویداوە، هەروەها جۆرێك لە پەیوەندیی ئابووری و بارزگانیش دەستی پێكردووە، ئەم هەنگاوانە كە بە دەستپێشخەری سعودیە و پشتگیری ئەمریكا دەستی پێكردووە، زەحمەتە درێژەی پێ بدرێت، ئەگەر ئەمریكا بەشێوەیەكی باشتر پشتگیری لە حكومەتەكەی عەبادی نەكات. ئەم پشتگیرییەش بەوە دەكرێت كە ئەمریكا هەم هێزێكی كاریگەری لە عێراقدا بوونی هەبێت، هەمیش كاریگەریی دیپلۆماتی و دارایی خۆی بخاتەگەڕ بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو ئاستەنگانەی ئێران بۆ ئەو هەوڵانەی دروست دەكات كاریگەری نەبێت.
دوای سەردانەكەی دۆناڵد ترەمپ بۆ سعودیە، عەرەبستانی سعودیە هەوڵەكانی خۆی بە تەواوەتی خستۆتەگەڕ بۆ ئەوەی دەوڵەتانی كەنداو یەك هەڵوێست بن بەرامبەر بە ئێران و یەك كاردانەوەیان هەبێت، بۆ ئەمەش گەمارۆیان خستۆتە سەر دەوڵەتی قەتەر بۆ ئەوەی ئەویش هەمان هەڵوێستی یەكگرتووی لەگەڵ دەوڵەتانی دیكەی كەنداو بەرامبەر بە ئێران هەبێت، لەم چوارچێوەیەدا بۆ یەكهەڵوێستیی قەتەر و سعودیە بەرامبەر بە ئێران، ئەمریكا دەتوانیت هەردوولایان لە خاڵیكدا بەیەك بگەیەنێت، بەڵام كێشەی نێوان قەتەر و سعودیە، تەنیا هاوهەڵوێستی نییە بەرامبەر بە ئێران، بەڵكو تێڕوانینی جیاوازی قەتەرە بەرامبەر گرووپە ئیسلامییەكان بەگشتی و ئیخوان موسلمین بەتایبەتی، لەم چوارچێوەیەدا راستە قەتەر لە سعودیە دووردەكەوێتەوە، بەڵام لەلایەكی دیكە لە توركیا زیاتر نزیك بۆتەوە.
ئامانج و ستراتیژیەتی سعودیە دوای دروستكردنی یەكهەڵوێستی لەگەڵ دەوڵەتانی كەنداو، هەوڵدانە بۆ گرێدانەوەی عێراق بە ئەنجومەنی هاریكاریی كەنداوەوە لە رووی ئابوورییەوە، بێگومان عێراقیش پێشتر لە هەندێك لە لیژنەكانی ئەم ئەنجومەنە وەك لیژنەكانی وەرزش و رۆشنبیری و تەندروستی ئەندام بووە، بەڵام ئێستا دەیانەوێت بوارەكە زیاتر لەبەردەمی عێراق فراوانتر بكەن و بوارەكانی بازرگانی و ئابووریش بگرێتەوە.
ئاشكرایە ئەو هێز و لایەنە سیاسییانەی شیعەی عێراق كە لەناو هاوپەیمانیی نیشتمانیی شیعەدا ئەندامن، هەموویان بە یەك ئاست بە پرۆ ئێرانی لەقەڵەم نادرێن، بەڵكو بەشێكیان دەیانەوێت عەرەبی شیعە بن، نەك تەنیا شیعەبن، بۆ ئەمەش خواستیان ئەوەیە پێڕەوی لە فەرمان و فەتواكانی مەرجەعییەتی شیعە لە نەجەف بكەن، نەك لە ئێرانەوە فەرمان وەربگرن، لەم دەرگایەشەوە دەیانەوێت خۆیان لەناو دەوڵەتانی عەرەبیدا ببیننەوە، نەك بەشێوەیەكی گۆشەگیر پاشكۆی ئێران بن، ئەم ئاراستەیە لە سیاسەتەكانی حەیدەر عەبادی لە حكومەتی عێراقیدا رەنگی داوەتەوەو ئەمریكاش پشتگیری لەم ئاراستەیە دەكات، بەڵام لە ئێستادا كە بەرژەوەندی گەیشتنە دەسەڵات لەناو هێز ولایەنە سیاسییەكانی شیعە بۆتە پرسی سەرەكیی ململانێ، ئەوا زۆر جار بەشێكیان ئەم ستراتیژە ون دەكەن و خۆیان لەناو نفووز و كاریگەریی ئێراندا دەبیننەوە، ئەمەش ئەو حاڵەتەیە كە پرۆسەی سیاسی لە هاوپەیمانی نیشتمانی شیعەدا جۆرێك لە پاشاگەردانی ئاشكرای دروستكردووە.
لایەنێكی دیكەی ئەم هاوكێشەیە كە بە پێویستی دەزانێت ئەمریكا بەشدارییەكی كارای لە سنووردانان بۆ نفووزی ئێران لە عێراقدا هەبێت لە پێناوی گێڕانەوەی هاوسەنگیی هێز لە نێوان ئێران و سعودیە، ئەوەیە كاتێك ئێران هەوڵدەدات ئارامی و سەقامگیری هاوپەیمانەكانی ئەمریكا بە رێگەی جۆراوجۆر بشێوێنێت، پێش ئەوەی ئەم كارانە تەحەددا بن بۆ هاوپەیمانەكانی ئەمریكا، تەحەددان بۆ بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا، بۆ ئەمەش باش لە چاوپۆشینەكانی ئەمریكای سەردەمی باراك ئۆباما دەگەن كە چۆن هەڕەشەكانی ئێران گەیشتە ئەو ئاستەی سوپای ئێرانی هێزە دەریاییەكانی ئەمریكا بەدیل بگرێت و بە شێوەیەكی زۆر ناجۆر مامەڵەیان لەگەڵدا بكات، هەر بۆیە لە هەفتەی یەكەمی دەستبەكاربوونی دۆناڵد ترەمپ وەك سەرۆك كۆماری ئەمریكا، راشكاوانە ئەوەی بە جیهان راگەیاند كە جارێكی دیكە ئەمریكا رێگە نادات هێزەكانی ئێران سەربازی ئەمریكی بەدیل بگرن.
لە ئێستا ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرقاڵی ئەوەیە سیاسەتێك بەرامبەر ئێران دابڕێژێت كە بتوانرێت سنوورێك بۆ هەڕەشەكانی ئێران دابنێت، بۆ ئەمە وەك هەنگاوی یەكەم هەوڵدرا چاو بە رێككەوتنی كاری هاوبەش و گشتگیری هاوبەش(JCPOA) بخشێندرێتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم رێككەوتنە لە نێوان ئێران و پێنح دەوڵەتە هەمیشەییەكەی ئەنجومەنی ئاسایش و ئەڵمانیا ئەنجام دراوە، لەوانەیە ئەمریكا نەتوانێت گۆڕانكاری بەسەر ناوەرۆكی رێككەوتنەكەدا بهێنێت، بۆیە بەدوای شێوازو رێگەچارەی دیكەدا دەگەڕێت كە هەوڵە فراوانخوازییەكانی ئێرانی پێ سنووردار بكات، پێشتر ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ ئێرانی خستە ناو ئەو وڵاتانەی كە نابێت سەردانی ئەمریكا بكەن، هەروەها لە نیسانی 2017 پاش ئەوەی مووشەكبارانی هێزەكانی سووریای كرد، ئەمە وەك پەیامێك بۆ ئێرانیش خوێندرایەوە كە ئیدارەی ترەمپ هەر كاتێك بیەوێت، بژارەی سەربازیش بەرامبەر بە ئێرانیش بەكار دەهێنێت، بەڵام لە ئێستا هەوڵەكانی چڕكردۆتەوە بۆ ئەوەی ئێران وەك سپۆنسەری تیرۆر و سوپای پاسداران و ئەو وەكیلانەی ئێرانیش كە راستەوخۆ لەلایەن سوپای پاسدارانەوە پشتگیری دەكرێن لە لیستی تیرۆردا تۆمار بكات، ئەم هەنگاوانە هەموویان لە پێناوی ئەوەن جارێكی دیكە هاوسەنگیی هێز لە ناوچەكە رێكبخرێتەوە و چیدیكە ئێران نەبێتە سەرچاوەی كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جێگەی خۆیەتی بۆ جددییەتی ئەمریكا بەرامبەر ئێران، ئاماژە بەو تویتەی ترەمپ بكەین كە دوای هێرشە تیرۆریستییەكەی مانگی حوزەیرانی رابردوو كرایە سەر تاران، نووسیبووی: «ئێران كە سپۆنسەری تیرۆرە، ئێستا خۆی بۆتە قوربانی بەدەست تیرۆرەوە»، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەگەر ئێران سپۆنسەریی گرووپە توندڕۆكان بكات و ناسەقامگیری لەناوچەكەدا دروست بكات، ئەوا هەمان ناسەقامگیری یەخەی خۆیشی دەگرێتەوە.