فرۆنت په‌یج مه‌گه‌زن: نێچیرڤان بارزانی بەردەوام دەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان...
July 22, 2017
راپۆرتەکان
میدیایەکی ئەمریکی سەردانی براوەی خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵ بۆ هەرێمی کوردستان بۆ گرنگیدانی ناوچەکە بە ڕۆڵی ژنان دەگێڕێتەوە. سایتی (فرۆنت په‌یج مه‌گه‌زن) كه به‌شێكه له سه‌نته‌ری ئازادی (ديفيد هورويتز) له كالیفۆرنیا ڕاپۆرتێكی ده‌رباره‌ی یه‌كسانیی ڕه‌گه‌زی له هه‌رێمی كوردستان و سه‌ردانه‌كه‌ی ئەم دواییه‌ی (مه‌لالا یوسف زی) چالاکوانی بواری ژنان لە پاکستان و براوەی خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵ بۆ هەرێمی كوردستان بڵاو كردووەته‌وه و تیایدا ئاماژه به‌وه كراوه كه سه‌ردانه‌كه‌ی مه‌لالا و گێڕانی ئاهه‌نگی له‌دایكبوونی ناوبراو له هەرێمی كوردستان مانای ئه‌وه‌یه كه له‌و ناوچەیە گرنگیی زیاتر به به‌هێزكردنی ڕۆڵ و پێگەی ژنان ده‌درێت.
ڕاپۆرته‌كه باسی لە دیدار و گفتوگۆی نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و مه‌لالا یوسف زی كردووە كه تایبەت بووە بە چۆنیەتیی یارمه‌تیدانی ژنان و كچانی ئاواره كه به‌هۆی شەڕی داعشەوە له پڕۆسەی خوێندن دابڕاون، کە بە ڕای نووسه‌ری بابەتەکە، چاوپێکەوتنی چالاکوانێکی دیاری بواری ئافرەتان، ڕەچاوکردن و بە گرنگ زانینی مافی ئافرەتانە لە هەرێمی کوردستان.
فرۆنت په‌یج مه‌گه‌زن، له به‌شیكی دیکەی ڕاپۆرته شیکارییەکەیدا باس له جیاوازی ڕێژه‌ی توندوتیژی كردووه به‌رامبه‌ر به ئافرەتان له نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌شه‌كانی دیکەی عێراقدا و لەو بارەیەوە، هەوڵەکانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانی وەبیرهێناوەتەوە سەبارەت بە یاسای ڕێگری‌کردن لە کوشتنی ژنان لەسەر شەرەف و دەڵێت کە لەو کاتە بەدواوە تاوانەکانی کوشتنی ژنان بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزینی بە خۆیەوە بینیوە، ئەوەش وەک ئامادەکاری ڕاپۆرتەکە خستوویەتەڕوو، ئاماژەیەکە بۆ دەرەنجامی ئەرێنیی یاساکە لە درێژماوەدا و باسی لە لێدوانێکی نێچیرڤان بارزانی کردووە کە دەڵێت یاساکان دەسەڵاتمان دەدەنێ كه هه‌نگاوی كرداری و سیسته‌ماتیك بنێین بۆ نه‌هێشتنی توندوتیژی دژی ژنان. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی یاسا هه‌یه بۆ ڕێگری له كوشتنی ژنان له‌هه‌مان كاتدا شێلتهریش هه‌یه بۆ پاراستنی ئه‌وانه‌ی له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌دان و دامه‌زراوه‌ی تایبه‌ت بۆ نه‌هێشتنی توندوتیژی دژی ژنان له هه‌رێمی كوردستان هه‌یه.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە بەشەکانی دیکەی عێراق یاسایه‌ك بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان نییه و به‌پێی ڕاپۆرتێكی سایتی (ئه‌لخه‌به‌ر) ته‌نیا له‌نێوان ساڵانی 2013-2015 (14 هه‌زار) حاڵەتی كوشتنی ئافرەتان له به‌شه‌كانی دیکەی عێراق تۆمار کراوە، پێده‌چێت ئه‌و داتایانه ڕێژه‌ی كه‌متری نیشان دابێت له‌وه‌ی هه‌یه چونكه له‌و ناوچانە ژن ده‌رفێندرێت، ده‌كوژرێت و ده‌ستدرێژی سێكسی ده‌كرێته سه‌ر له‌لایه‌ن داعش و جیهادییه‌كان و میلیشیا شیعه‌كانه‌وه، هه‌روه‌ها جیاواز له هه‌رێمی كوردستان، له كۆی 5 ژن، ژنێك له‌لایه‌ن مێرده‌كه‌یه‌وه لێی دەدرێت، له كۆتایدا ئه‌گه‌ر حكومه‌تی عێراق وه‌ك حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌نگاوی جددی هەڵنەگرێت بۆ وه‌ستانه‌وه لە بەرامبەر توندوتیژیی دژ به ژنان، ئه‌وه هیچ به‌ره‌وپێشچوونێكی له مافی ژنان نابێت.
ڕزگارکردنی کچان و ژنانی کوردی ئێزدی لە دەستی داعش، تەوەرێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەیە و لە بەشەدا ئاماژە بە کردنەوەی نووسینگەی تایبەت بە ئازادکردنی ئێزدییەکان کراوە لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کە تائێستا ئەو نووسینگەیە توانیویەتی (٣٦٠٠) کەس لە کچان و ژنانی ئێزدیی دیلی دەستی داعش ڕزگار بکات. ئەوەشی بۆ بەدواداچوون و گرنگیدانی نێچیرڤان بارزانی بە دۆسیەی ڕزگارکردنی ئێزدییەکان گەڕاندووەتەوە، بەشێوەیەک کە سەرۆکی حکومەتی هەرێم دڵنیایی داوەتە فەرماندەی هێزی ژنانی ئێزدی کە هەموو هەوڵێکی خۆی دەخاتەگەڕ بۆ ڕزگارکردنی سەرجەم بەدیلگیراوەکانی کوردی ئێزدی.