شیعەی عێراق وەك لایەنێكی براوەی شەڕی دژی داعش مامەڵەی لەگەڵ ناكرێت

شیعەی عێراق وەك لایەنێكی براوەی شەڕی دژی داعش مامەڵەی لەگەڵ ناكرێت
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لەسەر داگیركردنی موسڵ و راگەیاندنی خەلافەتی ئیسلامی داعش دروست نەبووە، هەربۆیە ئەندامیەتی عێراقیش لەهاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، پەیوەستە بە رازیبوونی ئەو بڕیارانەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ هاوكاریی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەو شەڕەدا. ئەمەش راشكاوانە مانای ئەوەیە ئەگەر حكومەتی عەبادی بە مەرجەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش رازی نەبوایە كە پێویستە بە رێگەی بەغدا و راستەوخۆ هاوكاری سەربازی بگاتە هێزی پێشمەرگەی كوردستان، ئەوا عێراقیش وەك ئێران دەكەوتە دەرەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش.
لە ئێستادا پرۆسەی سیاسیی حوكمڕانیی شیعە لە عێراقدا، حوكمڕانییەكی یەك ئاراستە نییە، بەڵكو دابەشبوونێكی ئاشكرا هەیە، لەلایەك كابینەكەی د.حەیدەر عەبادی وەك هاوپەیمانی ئەمریكا و ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، بەڵام لەلایەكی دیكە لایەنە سیاسییەكانی ناو هاوپەیمانیی نیشتمانیی شیعە كە بەشێكیان فەرماندەیی هێزەكانی حەشدی شەعبی دەكەن، نەك هەر خۆیان ساخكردۆتەوە كە وابەستەی سیاسەتی ئێران بن دژ بە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و ئەمریكا، لە هەمانكاتدا هەندێك لەوانەی ئێستا فەرماندەی هێزەكانی حەشدی شیعە دەكەن، ناویان لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە لیستی تیرۆر تۆمار كراون.
ئەم چەند دێڕە گرنگ بوون، بۆ ئەوەی پێگەی عێراق لە ناو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، لە قۆناخی دوای رزگاركردنی موسڵی پێ بخوێنینەوە. سەبارەت بەم لایەنە ئەو هێز و لایەنانەی لەژێر كاریگەریی ئێرانن، یان بە رێگەی سیاسەتی ئێرانی ئاراستە دەكرێن، هەموو هەوڵیان بۆ ئەوەیە سەركەوتنەكانی شەڕی دژی داعش لەو ئامانجانە دابماڵن كە هاوپەیمانیی نیودەوڵەتی دژی داعشی لەسەر دامەزراوە، ئەمەش بە دیوێكی دیكەدا، ئێران مەبەستێتی هەمان سیناریۆی سووریا لە عێراقدا دووبارە بكاتەوەو بەشێوەیەكی سەرەكی رۆڵی ئەمریكاو رۆژئاوا لەعێراقدا فەرامۆش بكات و خۆی ببێتە یاریزانی سەرەكی و ئاراستەی رووداوەكان بۆ بەرژەوەندیی خۆی بگۆڕێت.

ئاشكرایە ئەمریكاو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو جیاوازییەی لەنێوان هەڵوێستی ئەمریكا و رووسیا سەبارەت بە ئایندەی سووریا هەیە، بەڵام ئێستا هەوڵەكان هەمووی بەو ئاراستەیەن كە رێگەنەدەن، ئایندەی سووریا بكەوێتە دەستی هیچ وڵاتێكی ئیقلیمی، ئەوجا ئەو وڵاتە (توركیا، ئێران یان سعودیە) بێت، ئەمەش لە پێناوی ئەوەیە ئەگەر ئایندەی سووریا بكەوێتە دەستی هەر كام لە دەوڵەتە گەورەكانی ناوچەكە، ئەوا لەبری ئەوەی زەمینە خۆش بێت بۆ ئەوەی ئاشتی و سەقامگیری بگەڕێتەوە بۆ ناوچەكە، بەپێچەوانەوە زەمینەی شەڕێكی سەرتاسەری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست دەبێت.

حكومەتی ئێران لەسەر زاری وەزیری دەرەوەی كە بەشدار بوو لە كۆنگرەی میونیخی 2017 ئەو پەیامەی ئاراستەی ئیدارەی ترەمپ كرد، بەوەی ئێران بەوە رازی دەبێت كە سەرلەنوێ پێناسەی كێشەكان بكرێتەوە و رێگەی دروست بۆ چارەسەركردنیان بە بەشداریی لایەنە كاریگەرەكان بدۆزرێتەوە، بەڵام وەڵامی ئەمریكا بەرامبەر ئێران ئەوە بوو، پێویستە ئێران گۆشەگیر بكرێت و هەموو ئەو كۆمپانیا و كەسانەشی بە رێگەی سوپای پاسداران لە تیرۆرەوە تێوە گلاون، گەمارۆ بخرێتە سەریان. لەمەش زیاتر لە كۆنگرەی ریاز كە بە سەرپەرشتی سەرۆك ترەمپ بەڕێوەچوو، بە ئاشكرا هەڵوێستێكی توند بەرامبەر رادیكاڵیەتی ئیسلامی بە هەردوو مەزهەبی (شیعەو سوننە) راگەیەندرا، گەمارۆ خستنە سەر قەتەریش لەلایەن سعودیە و دەوڵەتانی كەنداو و چەند دەوڵەتێكی عەرەبی دیكەوە، لەیەك كاتدا پەیامە بۆ پشتگیریكردن لە دەوڵەتی ئێران وەك سەرچاوەی هەناردەكردنی فیكری توندڕۆیی شیعە، هەروەها پەیامێكیشە بۆ ئەو دەوڵەتانەی كە دەیانەوێت پشتگیری ئیسلامییە توندڕۆكان و بزاڤی ئیخوان موسلمین بكەن و لەو رێگەیەوە ناسەقامگیری لە ناوچەكەدا دروست بكەن. دیارە ئەم پەیامەی دووەمیان لە ئێستا زیاتر رووی توركیا دەگرێتەوە، بۆیە توركیا هەڵوێستێكی زۆر توندی بۆ پشتگیریی قەتەر گرتۆتەبەر.

لەبەر رۆشنایی ئەم گۆڕانكارییانەی لەچەند مانگی یەكەمی ئیدارەی ترەمپ و ئاراستەكردنی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش دەیخوێنینەوە، ئەوەیە كە مانەوەی عێراق وەك ئەندامێكی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە قۆناخی دوای ئازادكردنی موسڵ و رووخانی خەلافەتەكەی، پەیوەستە بەو مەرجانەی كە دەبێت شیعەی عێراق زۆر بە ئاشكرا وەڵامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بداتەوە و خۆی یەكلایی بكاتەوە بەوەی ئایا لەگەڵ ئامانجەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بۆ قۆناخی بونیادنانەوە و ریشەكێشكردنی داعش خۆی دەگونجێنێت، یان خۆی دەخاتە بەرەی ئێرانەوەو دژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش رەفتار دەكات؟ بێگومان وەڵامی ئەم پرسیارە بەندە بە رەفتاری لە ئێستا بەدواوەی حكومەتی عێراق كە لە ئایندەی نزیك وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە، بەڵام ئەگەر تەواو لایەنە شیعیەكانی ناو هاوپەیمانیی نیشتمانی و ئەوەی ئێستا گوێمان لێ دەبێت، لێدوانی هەڕەشەئامێز دژی مانەوەی ئەمریكا و هەروەها لێدوانی هەڕەشەئامێز دژی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان دەدەن، ئەوا بیانەوێت، یان نەیانەوێت دەكەونە بەرەی دژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و رێگەیان پێ نادرێت شەڕێك بە هاوكاریی 68 دەوڵەت بەڕێوەبرابێت و زیاتر لەیەك ترلیۆن دۆلاری بۆ سەرف كرابێت، سەرنجام بكرێتە خەڵات بۆ وڵاتێك كە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی رێگەی پێ نەداوە ئەندامی ئەو هاوپەیمانییە بێت.

لەناو بازنەی تێڕوانینی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بۆ قۆناخی دوای داعش و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان كوردستان و عێراق لەلایەك و عەرەبی شیعە و سوننە لەلایەكی دیكە، جۆرێك لە هاودەنگی هەیە، بەوەی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان كوردستان و عێراق و ئایندەی پەیوەندییەكانیان بەستراونەتەوە بە لێكتێگەیشتن و رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، لەم چوارچێوەیەشدا دەوڵەتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و هەروەها نەتەوە یەكگرتووەكانیش، نابنە لایەنگیری كوردستان و عێراق بۆ ئەوەی چارەسەرێك بەسەر هیچ لایەكیاندا فەرز بكەن، بەڵكو ئەمجارەیان دەبنە ناوبژیوان لە نێوانیاندا بۆ ئەوەی پشتگیریی خاڵی هاوبەشی نێوان هەولێر و بەغدا بكەن.

لەم سۆنگەیەوە ئەگەر سەیری كاردانەوەی دەوڵەتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و نەتەوە یەكگرتووەكان بكەین سەبارەت بە دیاریكردنی رۆژی 25ی ئەیلوولی 2017 بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم، بە راشكاوی ئەو هەڵوێستە دەخوێنینەوە كە هەموو دەوڵەتەكان نە دژی ریفراندۆم هەڵوێستی خۆیان راگەیاندووە و نە پشتگیریشیان لێ كردووە، ئەم بێلایەنییەی دەوڵەتان و نەتەوە یەكگرتووەكان لەنێوان عێراق و كوردستان، هەنگاوێكی موژدەبەخشە بەو مانایەی گەلی كوردستان لە 25ی ئەیلوولی 2017 بڕیاری خۆی دەدات، ئەم بڕیارە بە ناوبژیوانی دەوڵەتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و نەتەوە یەكگرتووەكان لەنێوان عێراق و كوردستان وتووێژی لەسەر دەكرێت و وتووێژی ئەمجارەی نێوان عێراق و كوردستان لەسەر دوابڕیاری گەلی كوردستان لەسەر ئەو بنەمایە بەڕێوە دەچێت كە دەوڵەتانی هاوپەیمانیی دژی داعش و لەسەرووی هەمووشیانەوە ئەمریكا و نەتەوە یەكگرتووەكان، رێز لە بڕیاری خەڵكی كوردستان دەگرن و دەبێت عێراقیش رێز لە ئیرادەی خەڵكی كوردستان بگرێت، ئەم خوێندنەوەیە تەنیا قسە، یان بۆچوونی چاودێرێكی سیاسی نییە، بەڵكو ئەمە بەرەنجامی دیراسەت و توێژینەوەی ئەو تیمەیە كە لەماوەی ساڵی 2016- تا ئایاری 2017، تاسكفۆرسی ئایندەی عێراقیان ئامادەكردووە، ئەوان دوای توێژینەوەیەكی زۆر و راوێژكردنیان بە سیاسەتمەدارانی عێراق و كوردستان و بەشێكی زۆری ئەو دیپلۆمات و پسپۆڕانەی لەسەر سیاسەتی عێراق كاردەكەن، گەیشتوونەتە ئەو ئاكامەی ئەم راپۆرتە بۆ ئەمریكا وەك سەرۆكی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش ئامادەبكەن، لەوانەیە ئەم راپۆرتە وەك ئەوەی نووسراوەتەوە نەبێتە بەشێك لە تەواوی سیاسەتی ئایندەی ئەمریكا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعش، بەڵام لانیكەم دەبێتە نەخشە رێگە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان كوردستان و عێراق، لایەنی سەرەكییش كە دەبێتە فاكتەری سەرخستنی ئەم نەخشەڕێگەیە، حوكمڕانانی عێراق دەبن كە ئێستا شیعە تیایدا باڵادەستە، بەپێچەوانەشەوە ئەگەر شیعەی عێراق ئامادەباشی پیشان نەدات بۆ جێبەجێكردنی ئەم نەخشەڕێگەیە، ئەوا هەمان سیناریۆی تراژیدی دوای ساڵی 2005 دووبارە دەبێتەوە، كە نەخشەی رێگەی بۆ بونیادنانەوەی عێراق لەسەر بنەمای (دابەشكردنی دەسەڵات و داهات) بۆ دەوڵەتێكی فیدڕاڵی و فرەیی و پەرلەمانی و ئارەزوومەندانە دامەزرابوو، بەڵام لایەنی شیعە بەم نەخشەڕێگەیەوە ئامادە نەبوون و خۆیان لە كۆتایی عێراق نزیك كردەوە، بۆیە ئەگەر شیعەی عێراق ئەمجارەش هەوڵبدات نەخشەڕێگەی دوای داعش وەك نەخشەڕێگەی دوای نەمانی رژێمی سەدام حوسێن سەیربكات و بەهەمان شێوە بیبینێت، ئەوا ئەمجارەیان هیچ گومانی تێدا نییە عێراق نەك هەر كۆتایی دێت، بەڵكو پارچە پارچە دەبێت و لایەنە شیعەكانیش لە دەسەڵاتی دەوڵەتداری بوونیان نامێنێت و دەبێت وەك میلیشیاكانی حەشدی شەعبی ببنە حزبوڵایەكی دیكە و لە ئێرانەوە فەرمان وەربگرن.

لایەنی سەرەكی كە دەیەوێت ئەم نەخشەڕێگەیەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ قۆناخی دوای داعش فەرامۆش بكات و بیشارێتەوە، دەوڵەتی ئێران و ئەو هێز و لایەنە سیاسییانەن كە ئەمڕۆ لە ئەدەبیاتی سیاسیی سەردەمدا پێیان دەگوترێت: «وەكیلەكانی ئێران». دەوڵەتی ئێران كە هەر لەسەرەتای دامەزراندنی كۆماری ئیسلامییەوە دروشمە سەرەكییەكەی هەناردەكردنی شۆڕشی ئیسلامی بووە، هەر لە روانگەی ئەم دروشمەوە ئەركی وەكیلەكانی دیاری دەكات و پرۆسەی كارەكانیان لەسەر شێوازی حزبوڵای لوبنانی پێ جێبەجێ دەكات.

دیارە ئەو دیراسەت و توێژینەوانەی لەسەر مۆدێلی حزبوڵای لوبنانی بۆ وەكالەتی ئێران كراون، ئاماژە بەوە دەكەن، كە وەكیلەكانی ئێران، تەنیا بە رێگەی باڵی سەربازی ئەركەكانیان جێبەجێ ناكەن، بەڵكو هەوڵیانداوە وەكیلەكان لەناو پرۆسەی سیاسیی ئەو وڵاتانە، باڵی سیاسییان هەبێت و لەناو پەرلەمان و حكومەت نوێنەرایەتیان هەبێت بۆ ئەوەی بتوانن پرۆسەی سیاسی لەوڵاتدا پەكبخەن، لێرەوە ئەگەر سەیری ئەو هێزە شیعییانە بكەین كە راستەوخۆ لە عێراقدا پاشكۆ و گرێدراوی ئێرانن، بۆ نموونە رێكخراوی بەدر، دەبینین لەناو پەرلەمانی عێراقدا خاوەنی نزیكەی 20 كورسی پەرلەمانیین و لەناو حكومەتیشدا، وەزیری ناوخۆ سەر بەو رێكخراوەیە، هەربۆیە ئەگەر ئێران مەبەستی بێت پەیامێك ئاراستەی هێزەكانی حەشدی شەعبی بكات كە سەر بەوەزارەتی ناوخۆی عێراقن، ئەوا ئەم پەیامە وەك فەرمانێكی وەزاری لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە ئاراستە دەكرێت و كاریگەریی نەرێنیش لەسەر پرۆسەی سیاسی عێراق دروست دەكات.

لە ئێستادا كە باس لەوە دەكرێت هەڵبژاردنی پارێزگاكان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەچەند مانگی داهاتوودا، یان سەرەتای ساڵی داهاتوو بەڕێوە دەچن، ئەوا ئەو لایەنانەی وەك نوری مالیكی كە پاشكۆی ئێرانن، هەموو هەوڵیان بۆ ئەوەیە زۆرترین نوێنەری خۆیان بنێرنە پەرلەمانی عێراق و پاشانیش بە رێگەی دروستكردنی حكومەتی زۆرینە، زۆربەی پۆستە وەزارییەكانی حكومەتی عێراق كۆنتڕۆڵ بكەن، بە هەمان شێوە باڵی مالیكی هەوڵیداوە هەمان مۆدێل بە رێگەی هاوپەیمانیكردنی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی و بەشێكی یەكێتی نیشتمانی لە پرۆسەی سیاسیی كوردستاندا دووبارە بكاتەوە، بەڵام بە ئاگایی سەركردایەتی سیاسیی كوردستان لەم سیناریۆیەی ئێران و مالیكی، وەڵامی دەمشكێنی مالیكی و هاوپەیمانەكانی داوەتەوە و سەرۆك بارزانی زۆر دەمێكە رایگەیاندووە، ئەگەر مالیكی بگەڕێتەوە ناو پرۆسەی سیاسیی عێراق، ئەوا راستەوخۆ سەربەخۆیی رادەگەیەنم، ئەم پەیامەی سەرۆك بارزانی پشتگیریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و ئەمریكای لێدەخوێندرێتەوە، چونكە ئەوانیش لەوە بەئاگان كە ئێران دەیەوێت لە رێگەی وەكیلەكانیەوە چ سیاسەت و ستراتیژێك لە ناوچەك پیادە بكات و سەركەوتنی ئێرانیش تا رادەیەكی زۆر لەعێراقدا بۆتە هۆكاری ئەوەی كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵۆزتر بن و ئەگەری شەڕێكی ئیقلیمی گەورە نزیكتر ببێتەوە.
بۆیە ئەگەر شیعەی عێراق خۆی بەلای ئێراندا ساخ بكاتەوە، ئەوا دەرگای وتووێژ بۆ رێكخستنەوەی پەیوەندییەكانی كوردستان و رێكخستنەوەی پرۆسەی سیاسی لەنێوان عەرەبی شیعە و سوننەی عێراق دادەخرێت، لەم حاڵەتەشدا دەبێت هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و ئەمریكا بۆ كەمكردنەوەی نفووزی ئێران و دوورخستنەوەی ئەگەری شەڕێكی گەورەی ئیقلیمی بیر لە رێگەچارەیەكی دیكە بكەنەوە، كە لەم حاڵەتەدا هیچ لایەنێك ناتوانێت رێگە لە پارچە پارچە بوونی عێراق بگرێت.
Top