دیالۆگێكی نیشتمانییانە لەسەر پرسی سەربەخۆیی و پاشكۆیەتیی حوكمڕانیی شیعە لە عێراقدا

دیالۆگێكی نیشتمانییانە لەسەر پرسی سەربەخۆیی و پاشكۆیەتیی حوكمڕانیی شیعە لە عێراقدا
لەدوای ساڵی 2003وە هەر حكومەتێك لەعێراقدا پێكهێنرابێت، سەركردایەتی سیاسیی كوردستان رۆڵێكی سەرەكی هەبووە لە رێككەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەكانی عێراق بە لایەنە سیاسییەكانی هاوپەیمانیی شیعەشەوە، سەركردایەتی سیاسیی كوردستان ئەمەی بۆ ئەوە كرد كە دەوڵەتی عێراق وەك دەوڵەتێكی فیدڕاڵی و فرەیی و پەرلەمانی و پێكەوەژیانی ئارەزوومەندانە بونیاد بنرێتەوە، تەنانەت كابینەی دووەمی نوری مالیكی كە لە كۆتایی ساڵی 2010 لە چوارچێوەی رێككەوتنی هەولێر و بە سەرپەرشتی سەرۆك بارزانی پێكهات، بەڵام كاتێك نوری مالیكی هیچ خاڵێكی ئەو رێككەوتنەی جێبەجێ نەكردو بەرەو دیكتاتۆریەت ملی نا، سەرۆك بارزانی لە نەورۆزی 2012 رایگەیاند ئەگەر ئاراستەی حوكمڕانی راست نەكرێتەوە و عێراق نەبێتەوە بە عێراقێكی فیدڕاڵی و دیموكراتی و پێكەوەژیانی ئارەزوومەندانە، ئەوا دەگەڕێتەوە بۆ رای گەلی كوردستان و گەلی كوردستانیش هەر بڕیارێك بدات، ئەو بریارە جێبەجێ دەكرێت.

ئەم چەند دێڕە كورتە ئەوەمان پێدەڵێت، بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم و گەڕانەوە بۆ رای گەل، بڕیارێكە دژ بە هەنگاوهەڵگرتن بەرەو دیكتاتۆریەت هەڵگیراوە و شەخسی سەرۆك بارزانی لە ساڵی 2012 لەكاتی سەردانەكەی بۆ كۆشكی سپی ئەم پەیامەی بە باراك ئۆبامای سەرۆكی پێشووی ئەمریكا راگەیاندووە، بەوەی ئەگەر حكومەتی عێراق هەنگاو بەرەو راستكردنەوەی حوكمڕانی هەڵنەگرێت و سووربێت لەسەر درێژەپێدان بەرەو دیكتاتۆریەت، ئەوا كوردستان ملكەچی دیكتاتۆریەت نابێت و بڕیاری خۆی دەدات.

حكومەتی نوری مالیكی لە ساڵی 2012 و پاش خۆپیشاندانەكانی تكریت و ئەنبار، فەرماندەیی دیجلەی دروست كردو هەوڵیدا بەناوی ئەو فەرماندەییەوە هێز بنێرێت بۆ كەركووك، بەڵام كاتێك سەرۆك بارزانی فەرمانی بە جووڵاندنی هێزی پێشمەرگە دا بۆ ئەوەی رێگە لەو هێزە بگرێت، هێزەكانی ئەمریكا لە عێراقدا كەوتنە بەینی هەردوولا و سنووریان بۆ هێزەكەی فەرماندەی دیجلە دانا، ئەم بەرپەرچدانەوەی هێزی پێشمەرگە نوری مالیكی گەیاندە قەناعەت كە جارێكی دیكە ناتوانێت بە زەبری هێز هەڕەشە لەسەر كوردستان دروست بكات، هەربۆیە لە سەرەتای ساڵی 2014 بە بڕیارێكی شەخسی خودی مالیكی بودجە و مووچەی هەرێمی كوردستان بڕا، ئەم رەفتارەی مالیكی بۆ ئەوە بوو كە كوردستان مل بۆ حوكمڕانییە دیكتاتۆرییەكەی مالیكی كەچ بكات، بەڵام ئیرادەی خۆڕاگری خەڵكی كوردستان و سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆك و حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەم كارتەشیان پووچەڵ كردەوە، لەسەروبەندی ئەوەشدا بوو كە سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان وەڵامی دەمشكێنی ئەو سیاسەتە نامرۆڤانەیەی مالیكی بداتەوە، بەڵام بەداخەوە داعش موسڵی داگیركردو مەسەلەكەی بە تەواوی ئاڵۆز كرد و تەركیزی جیهان لە سیاسەت و رەفتارە فاشیلەكانی مالكییەوە گواسترایەوە بۆ سەر كەوتنی موسڵ و راگەیاندنی خەلافەتی ئیسلامی لە عێراق و شام.

خاڵی گرینگ لە كەوتنی موسڵ و راگەیاندنی دەوڵەتی ئیسلامی لەلایەن داعشەوە ئەوە بوو كە ئیدارەی ئەمریكی و شەخسی باراك ئۆباما گەیشتنە ئەو قەناعەتەی كە داعش دەرهاویشتەی سیاسەتە هەڵەكانی مالیكییە، بۆیە ئەمریكا لە دوومانگی یەكەمی كەوتنی موسڵ، شەڕی داعش و حكومەتی مالیكی وەك شەڕی نێوان سوننە و شیعە لەقەڵەم داو هیچ دەستتێوەردانێكی نەكرد، پاشانیش كە داعش ئاراستەی هێرشەكەی بەرەو كوردستان گۆڕی و ئەمریكا و هاوپەیمانان لەسەر كوردستان هاتنەدەنگ، مەرجی سەرەكییان بۆ هاوكاریی عێراق گرێدایەوە بەوەی نابێت نوری مالیكی جارێكی دیكە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق بگرێتەوە دەست.
لێرەوە ئەگەر بە گیانێكی نیشتمانی و نەتەوەییەوە دیالۆگێك دەست پێبكەین و لەهەردوو بەرەی دیالۆگەكەوە وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە: ئایا بۆ بڕیاری گەڕانەوەمان بۆ رای گەل داوە و بۆ دەبێت ئەو بڕیارە جێبەجێ بكەین؟ ئەوا بیگومان خاڵی دەستپێكی هەردوو بەرەی دیالۆگەكە لەسەر خاڵێكی هاوبەش گفتوگۆكانیان دەست پێدەكەن، كە ئەویش ئەوەیە بڕیاریی ریفراندۆم بۆ ئەوە دراوە كە جارێكی دیكە گەلی كوردستان ملكەچی دیكتاتۆریەت نەبێت و چیدیكە پاشكۆیەتی و نۆكەرایەتیی دەوڵەتە داگیركارەكانی كوردستان قبووڵ نەكات. گەلی كوردستانیش بەجیاوازی ئایین و نەتەوەوە، بە ئیرادەی خۆڕاگریی خۆی وەڵامی ئەو پرسیارەی داوەتەوە، بەوەی ئامادەیە بێ مووچە و بودجە بێت، بەڵام ئامادە نییە كە پاشكۆیەتی و نۆكەرایەتی داگیركەران قبووڵ بكات.

پرسیاری گرینگتر كە لێرەدا جارێكی دیكە خۆی رووبەڕووی هەردووی بەرەی دیالۆگی نیشتمانی بۆ سەربەخۆیی دەكاتەوە، ئەوەیە: ئایا لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا حكومەتی بەغدا، یان بەدیوێكی دیكە حزبەكانی ناو هاوپەیمانیی نیشتمانیی شیعە، لەمەش فراوانتر مەرجەعییەتی شیعە لە نەجەف، بەخۆیاندا چوونەوە و نییەتێكیان لێ بەدی دەكرێت كە بیركردنەوەی خۆیان بەرامبەر كوردستان و مافەكانی گۆڕانی بەسەردا هاتبێت؟ بێگومان واقیعی رووداوەكان پێمان دەڵێت، هەتا ئێستا هیچ گۆڕانكارییەك بەسەر دیدوبۆچوونی حكومەتی بەغداو حزبەكانی هاوپەیمانی شیعەو مەرجەعییەتی شیعە بەرامبەر كوردستان و مافەكانی نەهاتووە.
ئەم هەڵوێستەی حكومەتی بەغداو حزبەكانی هاوپەیمانیی نیشتمانیی شیعەو مەرجەعییەتی شیعە بەرامبەر كوردستان و مافەكانی، جارێكی دیكە دەبێتە خاڵێكی هاوبەشی تر لە نێوان هەردوو بەرەی دیالۆگی نیشتمانی بۆ سەربەخۆیی كوردستان، ئەمەش بەو مانایەی تۆ لەگەڵ ئەنجامدانی ریفراندۆم بیت، یان بەهەر بیانوویەك دژی رابوەستیت، دەبێت لەسەر ئەو خاڵە كۆك بیت كە لایەنی شیعەی دەسەڵاتدا بە حزب و مەرجەعییەتیەوە ئامادە نین كوردستان هاوبەشێكی راستەقینەی حوكمڕانی و نیشتمان بێت لە عێراقدا، بۆیە لێرەوە دەبێت گوتاری هەردوو بەرەی سەربەخۆیی و دژە سەربەخۆیی لەو خاڵەدا یەكبگرنەوە كە نابێت بەرامبەر بێباكی و بێهەڵوێستیی حوكمڕانان و مەرجەعییەتی ئایینیی شیعە كە كورد وەك پاشكۆ و نۆكەر سەیر دەكەن، هیچ جیاوازییەكیان هەبێت.

خاڵی دیكە كە پێویستە ببێتە هاوبەش لەنێوان هەردوو بەرەی دیالۆگەكە ئەوەیە كە ناكرێت مەودای نێوان ئازادی و سەربەخۆیی لەگەڵ كۆیلایەتی و ژێردەستەیی، بە جیاوازی بیروبۆچوونی سیاسی لەقەڵەم بدرێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەگەر تەنیا ئامانجی پیادەكردنی سیاسەتی نیشتمانییانە بۆ گەیشتنی گەل بێت بە ئازادی و سەرفرازی، ئەوا كاتێك لایەنێكی سیاسی هەڵوێستەكانی لەگەڵ ئەم ئامانجە تاك و لۆ دەبێت، ئەوا دەبێت بزانێت خانەی نیشتمانی بەجێ هێشتووە و بەرەو خانەی داگیركەران و خیانەت خزاوە، لەم حاڵەتەدا دیالۆگی نیشتمانی لە پێناوی ئەوەیە ئایا ئەو لایەنە سیاسییە خۆی لە خزان بەرەو خانەی داگیركەران و خیانەت دەكشێنێتەوە و چاو بە هەڵوێست و سیاسەتی خۆیدا دەخشێنێتەوە، یان هەر لەسەر ئاراستەی خزان بەرەو خیانەت سوور دەبێت؟ لەم حاڵەتە ئەگەر هەر بەردەوام بوو بە ئاراستەی خزان بەرەو خانەی داگیركەر و خیانەت، ئەوا ئیدی پرسی یەكڕیزیی نیشتمانی لەگەڵ بەرەی خزان بەرەو خیانەت پێی ناگوترێت یەكڕیزی نیشتمانی و یەكڕیزی نیشتمانیش دروست نابێت، دروست ئەم حاڵەتە وەك ئەو حاڵەتەیە كە هیگل لە كتێبی (فەلسەفەی هەق) ئاماژەی پێكردووە، تاوانبار وەك هاووڵاتی و تاكێكی ئازاد مامەڵەی لەگەڵ ناكرێت، هەتا باجی تاوانەكەی نەدات و پەشیمانبوونەوەی خۆی لە تاوانەكە پیشان نەدەدات، ئەو سزایەی هیگل لە فەلسەفەی هەق بەسەر تاوانباردا دەیدات، بۆ ئەوەیە بیگێڕێتەوە بۆ ریزی هاووڵاتیی ئازاد و شیرازەی ئازادیی كۆمەڵگە بپارێزێت، بۆیە ئەو لایەنانەش كە ئەم هەموو راستییە فەرامۆش دەكەن و دەیانەوێت وەك تاوانبارەكەی هیگل بەرگری لە خۆیان بكەن، ئەوا هەتا سزا نەدرێن و لە ریزی نیشتمانی جیانەكرێنەوە، هەتا چاو بە خۆیاندا دەگێڕنەوە و خۆیان دەخەنەوە ریزی نیشتمانی، ئەوا نە ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی دروست دەبێت و نە یەكڕیزی نیشتمانییش.

هەوڵدان بۆ دامەزراندنی دیالۆگێكی نیشتمانی لەگەڵ هەموو ئەوانەی خۆیان وەك دژی ریفراندۆم و سەربەخۆیی پیشان دەدەن، لەو خاڵەوە بەرهەمی دەبێت كە بەرەی دژە سەربەخۆیی بڕوای بە مافی رەوای گەلەكەی و سەروەریی نەتەوەكەی هەبێت، كاتێك ئەم بڕوایە لای ئەوانە بوونی نەبێت، ئەوا دیالۆگی نیشتمانیش بوونی نابێت.
Top