دژایەتی ریفراندۆم و سەربەخۆیی رای جیاواز نیە .. خیانەتە
July 1, 2017
راپۆرتەکان
لەناو هەموو نەتەوەكانی جیهاندا ،راوەستانەوە دژی ئیرادە و بڕیاری گەلی خۆت بۆ سەربەخۆیی ناچێتە خانەی بیروبۆچوونی جیاوازە، بەڵكو بیربۆچوونی جیاواز لەخوار شكۆی دەوڵەتەوە دەست پێدەكات و ئەوانەشی كە پێیان وایە یان دەیانەوێت رای گشتی بەوجۆرە پێناسە بكەن كە دژایەتی ریفراندۆم بەشێكە لە دەربڕینی بیربۆچوونی جیاواز، ئەوا بێجگە لە خیانەتكردن بەرامبەر مێژوو و چارەنووسی نەتەوەی خۆیان ، هیچ ناوێكی دیكەی نیە.
قسەكردن لەسەر پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی، دەربرینی هەڵوێستە لەسەر ئەو مافە سروشتیانەی كە پەروەردگار بەهەموو گەلانی جیهانی بەخشیووە، ئەم مافانە كە لە بنەرەتدا مافی خودی تاكەكانن، لەچوارچێوەی بونیادنانی دەوڵەت و دامەزراوە كۆمەڵایەتیەكانەوە بەرجەستە دەبن و گەل وەك كەسایەتیەكی ئازاد پێناسە دەكاتەوە، هەربۆیە دەربڕینی هەڵوێست لەسەر مانابوونی ئازادی گەل تەنها یەك ئاراستەیەی هەیە كە دەبێت لەبەرەی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆدا بیت، بەپێچەوانە ئەوا هەر هەڵوێستێك دژی سەربەخۆیی و دەوڵەت بوونی هەبێت، ئەوا هەڵوێستە لە دژی ئازادی و بنەما ئەخلاقیەكان و كەرامەتی نەتەوەو ، دەچێتە خانەی دژ بە مرۆڤایەتی و ئایینیشتەوە.
ئەو خەڵكانەی لەوڵاتانی وەك بەریتانیا و كەندا بۆ نموونە هەڵوێستی جیاوازیان بەرامبەر بە جیابوونەوە یان راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ نەتەوەكەیان هەیە، ئەوانە دژی مافی گەلەكانی خۆیان نین، لەبەر ئەوەی لەچوارچێوەی سیستمی ئەو وڵاتانەدا گەلەكانیان تەواوی مافەكانیان بۆ دابینكراوە، پێگەیەكی زۆر باشی ئابوریان لەسەر ئاستی ئابوری ناوچەكە و جیهان هەیە، لەبەرامبەریشدا حكومەتەكانی ئەو وڵاتانە ئامادەن هەر كەموكورتیەك لەمافی ئەو گەلانە هەبێت ، ئەو كەموكورتیانە راستبكاتەوە، هەروەك چۆن بەریتانیا لەكاتی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سكۆتلەندا و كەندا لەكاتی ئەنجامدانی ریفراندۆمی كیوبیك ، هێندەی دیكە ماف و دەسەڵاتیان بەو دوو هەرێمەدا بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی بەریتانیاو كەندا بمێننەوەو جیانەبنەوە.
بەڵام لە وڵاتێكی وەك عێراقدا كە شیعەی دەسەڵاتدار ، هیچ مانایەكی بۆ دەستوور و پێكەوەژیانی ئارەزوومەندانە نەهێشتۆتەوە و بەهیچ شێوەیك بروای بەوە نیە كە عێراق نیشتمانی هاوبەشی راستەقینەی كورد و عەرەبە و هەروەها بروای بە هاوبەشیەكی راستەقینەی كوردستان نیە لە چوارچێوەی عێراقدا، ئەوا مانەوە لەچوارچێوەی عێراقدا قبوڵكردنی كۆیلایەتی و نۆكەرایەتیە و هەر كەسێكیش بانگێشە بۆ مانەوە لەچوارچێوەی ئەو عێراقەدا بكات ئەوا بەدەستی خۆی تەوقی كۆیلایەتی و نۆكەرایەتی دەكاتە ملی خۆیی و هەوڵیش دەدات ئەو تەوقە بكاتە ملی نەتەوەكەی.
لەو رۆژەوەی بڕیاردراوە لە رۆژی 25 ئەیلول گەلی كوردستان ریفراندۆم ئەنجامدەدات، ئەو دەستەبژێرەی خۆیان خستۆتە بەرەی دژە گەل و سەربەخۆیش، بەیەك وشەش سەركۆنەی حكومەتی عێراق و رەفتاری دەسەڵاتدارانی شیعەیان نەكردووە كە بەرامبەر كوردستان لە چەند ساڵی رابردوو ئەنجامیانداوە، لەمەش زیاتر هەوڵیان نەداوە رووی قسەو هەڵوێستیان بكەن دەسەڵاتدارانی بەغداو پێیان بڵێن، باشە ئەگەر ئێوە دەتانەوێت كوردستان لە عێراق جیانەبێتەوە، ئایا كوا بەرنامەتان بۆ ئەوەی كورد رازی بێت و لەچوارچێوەی عێراقدا بمێنێتەوە؟ یان پێیان بڵێن : ئایا ئامادەن ئەو دەسەڵات و مافانەی لە دەستوری 2005 بە كوردستان دراون بە كردەیی بیسەلمێنن و جێبەجێان بكەن؟ ، بەداخەوە لەبری ئەوەی بەغدا رووبەرووی ئەم پرسیارانە بكانەوە و لەسەر پێشیلكردنی مافەكانی گەلی كوردستان لیپرسینەوە لەگەڵ بەغدا بكەن، كەچی رووی دەم و هەوڵوێستیان كردۆتە دژی سەربەخۆیی و ئیرادەی گەلی كوردستان و وەك تاوانبار مامەڵەی لەگەڵ دەكەن و بەوە دەیانترسێنن ئەگەر بڕیاری سەربەخۆیی بدەین ، گەمارۆمان دەخرێتەسەر و لە برسان دەمرین، لەوەڵامی ئەم پرسیارە دەڵێن: حكومەتی بەعس و سەدام حوسێن لەدوای 1991 پەنایان بۆ ئەم كارتە سووتاوە برد و گەلی كوردستان بەدامەزراندنی پەرلەمان و حكومەت وەڵامی بەعس و سەدامی دایەوە، لە ساڵی 2014ش نوری مالیكی هەمان كارتی سووتاوی سەدامی تاقیكردووە، بەڵام ئەمجارەیان لە 25ی ئەیلولی 2017، گەلی كوردستان بە بریاردان بۆ سەربەخۆیی و هەنگاو هەڵگرتن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان وەڵامیان دەداتەوە