سەربەخۆیی كوردستان بە ئەقڵییەتی لۆكاڵ و خەونی داگیركەران هەڵسەنگاندنی لەسەر ناكرێت
June 21, 2017
راپۆرتەکان
ئەم واقیعە ئێستا بۆتە بنەمایەك بۆ بیركردنەوە لە چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ عێراق لەدوای رووخانی خەلافەتی ئیسلامی داعش، ئەمەش وەك دەروازەیەك بۆ چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بێگومان لەسەر ئاستی جیهان، ئێستا هەموو لایەك گەیشتوونەتە ئەو راستییەی كە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆتە كێشەیەكی گەورە بۆ ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و بۆتە هەڕەشەیەكی گەورە لەسەر سیستمی جیهانی، لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، دیسان هەموو لایەك گەیشتوونەتە قەناعەت كە عێراق بە پلەی یەكەم و سووریا بە پلەی دووەم سەرچاوەی دروستبوونی خەلافەتی داعش و تەواوی ئاژاوە و ناسەقامگیرییەكانی ناوچەكە بوون، سەبارەت بە پێگەی كوردستانیش لە چوارچێوەی عێراقدا، دۆست و دوژمن گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی ئەگەر دەروازەیەك هەبێت بۆ چارەسەركردنی تەواوی كێشەكانی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوا پارێزگاریكردنە لەو ئارامی و سەقامگیری و پێكەوەژیانەی كە دەسەڵاتی سیاسی لە كوردستاندا دروستی كردووە.
لە ئێستا كە رووخانی خەلافەتی داعش بەرەو كۆتایی دەچێت، هەموو دەوڵەتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعش باش دەزانن، بە ئازادكردنی موسڵ و رەققە و رووخانی خەلافەتی ئیسلامی فیكری توندوتیژی و توندڕۆیی داعش كۆتایی نایەت، راستە چەند ناوچەیەك ئازاد دەكرێن و چەند سەد كەسێك لە تیرۆریستانی داعش دەكوژرێن، بەڵام ئەگەر بەرنامەیەك نەبێت بۆ دووبارە رێكخستنەوەی عێراقی دوای داعش، ئەوا چەندین رێكخراوی تیرۆریستی هاوشێوەی داعش دروست دەبنەوەو شەڕی مەزهەبگەرایی شیعەو سوننەش كۆتایی پێ نایەت، لەلایەكی دیكەش ئەو ناهاوسەنگیی هێزەی كە بەهۆی باڵادەستیی ئێران لە عێراقدا دروستی كردووە، بۆتە هۆكاری ئەوەی مەترسیی شەڕێكی گەورەی هەرێمی لە نێوان سعودیە و ئێران بێتەئاراوە. بۆیە كاتێك باس لە بارودۆخی دوای داعش و چارەسەركردنی كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكرێت، دیمەنی سەرەكیی سیناریۆكە ئەوەیە ئایا لە چ شوێنێكەوە دەست بە پرۆسەی قۆناخی دوای داعش بكرێت؟ ئەمەش بەمەرجێك هەم فیكری توندوتیژی و توندڕۆیی ریشەكێش بكرێت، هەمیش هاوسەنگیی هێز لە ناوچەكەدا رێكبخرێتەوە.
هەموو ئەو راپۆرتانەی وەك راسپاردە و پێشنیار بۆ عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دوای داعش ئامادەكراون، راسپاردەی ئەوە دەدەن، كە باشترین شوێن بۆ دەستپێكردن رێكخستنەوەی عێراقە، بەڵام نەك گێڕانەوەی عێراق بۆ پێش ساڵی 2014، بەڵكو رێكخستنەوەی عێراقی عەرەبی لە نێوان عەرەبی شیعە و سوننە و دەستپێكردنەوەی وتووێژ لە نێوان هەولێر و بەغدا بۆ داڕشتنەوەی پەیوەندیی نێوانیان و جیابوونەوەی كوردستان لە عێراق بە شێوەیەكی ئاشتییانە..
كەواتە، پرسی سەربەخۆیی كوردستان لە سیناریۆی دووبارە رێكخستنەوەی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەك فاكتەرێك بۆ گێڕانەوەی ئاشتی و سەقامگیری لە سەرتاسەری رۆژهەڵاتی سەیردەكرێت، ئەوجا لەبەر ئەوەی عێراقی عەرەبی وەك فاكتەری سەرەكیی دامەزراندنی خەلافەتی ئیسلامی داعش پۆلێنكراوە و باڵادەستی و نفووزی ئێرانی لەناو عێراقدا وەك تێكدانی هاوسەنگیی هێز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەقەڵەم دراوە، ئەوا رێكخستنەوەی عێراقی عەرەبی و پشتگیریكردن لە سەربەخۆیی كوردستان وەك هەنگاوی یەكەم لەناو ئەو پرۆسە گەورەیە دەخوێندرێتەوە كە پێویستە بۆ گێڕانەوەی ئاشتی و سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەست پێبكات.
ئەگەر لەناو ئەم سیناریۆ گەورەیەوە، بگەڕێینەوە بۆ سەر بارودۆخی ناوخۆی كوردستان كە ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی دەیانەوێت ببنە كڵاوسووری دژی سەربەخۆیی، ئەوا دەگەینە ئەو ئاكامەی ئەوەی خۆی بخاتە بەرەی دژی سەربەخۆیی كوردستان، راشكاوانە دەكەوێتە بەرەی دژی گەڕانەوەی ئاشتی و سەقامگیری، نەك هەر بۆ عێراق، بەڵكو بۆ تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لێرەوە ئەگەر بە شێوەیەكی وردبینانە سەرنجی دابەشبوونی بەرەی سەربەخۆیی كوردستان و ئەو دەنگە نەشازانە بدەین كە دەیانەوێت دژایەتی سەربەخۆیی بكەن، دەبینین، ئەوانەی پشتگیری سەربەخۆیی كوردستان دەكەن بە شێوەیەكی ئۆتۆماتێكی دەكەونە بەرەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش كە 68 دەوڵەت لەخۆی دەگرێت، بەڵام ئەوانەی دەیانەوێت بكەونە بەرەی دژی سەربەخۆیی، ئەوا ئەوانیش ئۆتۆماتیكی دەكەونە بەرەی ئێران و وەكیلەكانی وەك حزبوڵای لوبنانی و سەرۆكی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی وەك نوری مالیكی و قەیس غەزعەلی و مەهدی موهەندیس و ئەبوئیزرائیل كە زۆربەیان لەناو لیستی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا وەك تیرۆریست تۆمار كراون، لەمەش زیاتر لە ئێستاوە هەنگاوەكان بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ وەكیلەكانی ئێران دەستی پێكردووە، كە نەك هەر ئەو وەكیلانە بخرێنە لیستی تیرۆریستانەوە، بەڵكو زۆر راشكاوانە ئێستا لەگەڵ سەرانی سوپای پاسداران و بەشێك لەو كۆمپانییانەی پەیوەندییان بە قاسم سولەیمانی و سوپای پاسدارانەوە هەیە، وەك تیرۆریست مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت و چەندین رێوشوێنی گەمارۆ و سزادانی ئابووری لەبەرامبەریان گیراوەتەبەر.
دەنگە نەشازەكانی بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی، خۆشیان باش دەزانن كە بێجگە لە ئێران و وەكیلەكانی، هیچ دەوڵەت و لایەنێك دژی سەربەخۆیی كوردستان نابێت، هەروەها بێجگە لە ئێران هیچ دەوڵەتێك لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم و راگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستان (هەتا ئەگەر لەگەڵ بەغدا بە دانوستاندن نەگەینە رێككەوتن) بایكۆتی كوردستان ناكات، هەر بۆیە ئەگەر بەوردی سەرنجی دیدار و سەردانەكانی پەرلەمانتار و هەڵسووڕاوەكانی گۆڕان و كۆمەڵ بدەین، دەبینین بێجگە لەسەردانی وەكیلەكانی ئێران هیچ لایەكی دیكە قسەو هەڵوێستەكانیان بە پولێك ناكڕێت.
هەندێك لەو هەڵسووڕاو و ئەوانەی بەناوی كۆمەڵ و گۆڕانەوە لە رێگەی تیڤییەكان و فەیسبووكەوە دەیانەوێت ژەهری دژە سەربەخۆیی بڵاو بكەنەوە، هێندە بە ئەقڵێكی لۆكاڵی و پاشكۆیی ئێرانی قسەدەكەن، كە دەیسەلمێنن چەند بێ ئاگان لەو گۆڕانكارییە گەورانەی كە لە دوای 2014وە نەك هەر لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكە، بەڵكو لەسەر ئاستی گۆڕانكاری لە سیستمی جیهانیدا هاتوونەتە ئاراوە.
لەم بارودۆخەدا كە سەرۆك بارزانی بڕیاری داوە ئەمساڵ ریفراندۆم بۆ ئەنجامدانی سەربەخۆیی ئەنجام بدرێت، هەندێك نووسەر و هەڵسووڕاوی لۆكاڵی گۆڕان و كۆمەڵ، بەوجۆرە پاكانە بۆ دژایەتی سەربەخۆیی كوردستان دەكەن، بەوەی گوایە ئەگەر سەربەخۆیی رابگەیەنین، دەوڵەتانی دەرو دراوسێ سنوورمان لێ دادەخەن و پاشان لە برسان دەمرین، نموونەی بایكۆتی سعودیە و ئیمارات و چەند دەوڵەتێك لەسەر دەوڵەتی قەتەر دەهێننەوە كە چۆن لەماوەی چەند رۆژێكدا ئەو هەموو زیانەی لێ كەوتووە و رایانوایە ئێمە خراپترمان لێ بەسەر دیت، لە وەڵامی ئەو نووسەرە لۆكاڵانەدا دەڵێین: پێگەی ئێستای كوردستان لەگەڵ هیچ دەوڵەتێكی ناوچەكە بە سعودیە و ئێران و توركیا و میسریشەوە بەراورد ناكرێت. كوردستان ئێستا پایتەختی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعشە بۆ ئامانجی لە ریشە هەڵكێشانی فیكری داعش و توندڕۆیی و توندوتیژی نەك تەنیا ئازادكردنەوەی موسڵ و رەققە و رووخانی خەلافەت و كوشتنی چەند سەد چەكدارێكی داعش، ئێستا كوردستان هێڵی پێشەوەی بەرگریكردنە لە هەموو جیهانی ئازادو دیموكراتی، ئەگەر خوانەخواستە بەرەی كوردستان بشكێت، جیهانی ئازاد و دیموكراتی دەكەوێتە مەترسییەوە، لەمەش زیاتر دەوڵەتانی ناوچەكە بە قەتەر و سعودیە و ئێران و توركیاشەوە، هەر یەكەیان و بە جۆرێك بەشێكن لەسەرچاوەی بەرهەمهێنانی توندوتیژی و توندڕەوی ئایینی و مەزهەبگەرایی، بە تەنیا كوردستان جوگرافیایەكە كە گیانی لێبووردەیی و پێكەوەژیانی ئاشتییانەی لەنێوان نەتەوە و ئایین و مەزهەبە جیاوازەكاندا دروست كردووە، لەلایەكی دیكەوەش ئەوانەی خۆیان وەك دەنگی دژی سەربەخۆیی كوردستان پیشان دەدەن و بە ئەقڵییەتی كۆن سەر لە خەڵكی كوردستان دەشێوێنن، راشكاوانە پێیان دەڵێین و تەحەدداشیان دەكەین كە بێ ئاگان لەو گۆڕانكارییانەی لەم یەك دوو ساڵەی دوایی سەبارەت بە پرسی مافی چارەنووس و سەروەریی دەوڵەت لە سیاسەتی نێودەوڵەتی هاتوونەتەئاراوە. ئەو نووسەر و هەڵسووڕاوە لۆكاڵانە لەوە بێ ئاگان كە ئێستا پەیوەندیی نێوان عێراق و كوردستان لەسەر بنەمای دابەشكردنی سەروەریی پیادەدەكرێت و بەغدا رازییە سەروەریی دەوڵەتی فیدڕاڵی عێراق لەگەڵ كوردستان دابەش بكات و دابەشیشی كردووە، لەمەش زیاتر بە كوێرایی چاوی ئەوانەی كە چاویان بە سەربەخۆیی كوردستاندا هەڵنایەت، كوردستان سەلماندوویەتی كە دەتوانێت دەوڵەتێكی خاوەن سەروەریی بێت و ئەو سەروەرییەش بپارێزیت، هەر ئەمەشە وایكردووە كە رۆژ لەدوای رۆژ دەسەڵاتەكانی سەوەریی كوردستان زیاتر دەبێت و دەوڵەتانی جیهانیش بەهاوتای دەوڵەتێكی خاوەن سەروەریی پێشوازی لە سەرۆك و شاندەكانی كوردستان دەكەن.
لەم چوارچێوەیەدا، گرنگە بەدەنگی بەرز بە دوژمنانی سەربەخۆیی كوردستان بڵێین: سەربەخۆیی كوردستان پرسێكی لۆكاڵی چەند هەرزەكارێكی سیاسی نییە، بەڵكو پرۆسەیەكی نێودەوڵەتییە و ئەم پرۆسەیە دەستی پێكردووەو هەموو دەوڵەتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعش پشتگیری لێدەكات و، ئەم هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەی دژی داعشیش بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دژی داعش هاتۆتەئاراوەو دوای هێرشی داعش بۆ سەر كوردستان دروست بووە، بۆیە ئەگەر كوردستان وەك دەوڵەتی ئەمری واقیع وەك هێڵی سوور لەبەردەم هێرشەكانی داعش لەسەر ئاستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێناسە كرابێت، ئەوا ئێستا كە كوردستان پایتەختی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی شەڕی دژی داعشە و شەڕەكەش (بە مانای بردنەوەی شەڕ) تەنیا لەكوردستان سەركەوتنی بەدەست هێنابێت، ئەوا دوای ئەوەی كوردستان سەربەخۆیی رادەگەیەنێت، هەر هێزێكی دەرەكی بیر لەوە بكاتەوە كە هەڕەشەی سەربازی لە كوردستان بكات، وەك خەلافەتی ئیسلامی داعش مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت، لەسەر ئاستی ناوخۆش ئەوەی هەوڵبدات سەقامگیری و ئاشتی و پێكەوەژیانی نێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان تێكبدات، وەك سەرچاوەی توندوتیژی و توندڕەوی لە قەڵەم دەدرێت كە نەك هەر داعش، بەڵكو هاوشێوەی داعش لە ئایین و مەزهەبە جیاوازەكانی دیكەش دەگرێتەوە.
لایەنێكی دیكەی گرنگ كە پێویستە ئاماژەی پێبكەین و هەڵوەستەی لەسەر بكرێت، ئەوەیە كە ئێستا هەموو جیهان لە ژاپۆنەوە تاكو بەڕازیل، لە باشووری ئەفریقیاوە تا دەگاتە نەرویژ، كاتێك باسی ریفراندۆم لەكوردستان دەكرێت، پێشوەختە دەزانن، هیچ گومانێك لەسەر ئەوە نییە كە خەڵكی كوردستان بە (بەڵێ) بۆ سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە عێراق دەنگدەدات، بۆیە ئەگەر لەبەر هەر هۆكارێك بە رێژەی 10% لە خەڵكی كوردستان دەنگ بە (نەخێر) بۆ سەربەخۆیی كوردستان بدەن، جیهان دەزانیت، ئەم (نەخێر)ـە دەنگی خەڵكی كوردستان نییە و دەزانن كێ لە پشتی ئەو دەنگەیە، راستە لەوانەیە بۆ ئاكامی راپرسییەكە كاریگەرییەكی بچووكی هەبێت، بەڵام بۆ دووبارە رێكخستنەوەی ناوچەكە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گێڕانەوەی باڵانسی هیز بۆ ناوچەكە، ئەو رێژە كەمە خزمەتێكی زۆر بە ئاشكراكردنی وەكیلەكانی ئێران لە كوردستاندا دەكات و لەگەڵ وەكیلەكانی دیكەی ئێران لە سەرتاسەری ناوچەكە لە یەك تای تەرازوودا مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت.
ئەم راستییانە ئەوەمان پێدەڵێن، هەموو جیهان دەزانێت كورد لە ریفراندۆمدا چ بڕیارێك دەدات و هیچ دەوڵەتێك، یان ناوەندێكی نێودەوڵەتی چاوەڕێی كردنەوەی سندوقەكانی دەنگدان ناكات و لە ئێستاوە قسەكردن و هەڵوێستیان لەسەر ریفراندۆم، قسەو هەڵوێستیانە لەسەر راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان، بەڵام ئەوانەی خۆیان كردۆتە كڵاوسوور و بەوەكالەتی ئێران دژایەتی سەربەخۆیی كوردستان دەكەن، لەگەڵ كردنەوەی سندوقەكانی دەنگدان ناسنامەی ئەوانیش ئاشكرا دەبێت و بێجگە لەوەی لەبەردەمی گەلی كوردستان شەرمەزار دەبن، لەناو پرۆسەی سیاسیی كوردستانیشدا جێگەیان نابێتەوە.