بەڵێی ریفراندۆم یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی لە سەرووی حزبەكانەوە دروست دەكاتەوە
June 14, 2017
راپۆرتەکان
گەڕانەوە بۆ ئەم باكگراوەندە و یەكەم ئەزموونی نافەرمیی ئەنجامدانی ریفراندۆم لە كوردستاندا، بۆ ئەوەیە لەوە تێبگەین، راستە بەشێكی زۆری خەڵكی كوردستان ئەندام و هەواداری حزبە سیاسییەكانی كوردستانن، بەڵام ئەم خەڵكە هەتا ئەو كاتە فەرمانی حزبەكانیان جێبەجێ دەكەن، كە فەرمانی حزبەكانیان لەگەڵ ئیرادە و هەستی نیشتمانیی ئەندام و هەواداریان دژبەری دروست نەكات، بەڵام كاتێك ئەو هاودژییە دروست دەبێت، ئەوا بەشێوەیەكی سرووشتی یەكڕیزی و یەكهەڵوێستییەكی تازە لەناو ئیرادەی خەڵكی كوردستاندا لە دەرەوەی حزبە سیاسییەكان دروست دەبێتەوە.
لەناو مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان هەندێك جار ئەو حاڵەتە روویداوە كە بیروبۆچوونی حزب لەگەڵ هەستی نیشتمانی و نەتەوەیی گشتیدا یەك نەگرێتەوە، بۆیە لە دەرەوەی چوارچێوەی حزب، هەستی نیشتمانی و نەتەوەیی لە بازنەیەكی فراوانتردا، بازنەی حزبەكانی تێپەڕاندووە و یەكیگرتۆتەوە.
بۆ ئەمڕۆی كوردستان، دوای پشتیوانیی خوا، هیچ شتێك هێندەی یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی حزبە سیاسییەكان بۆ رێكخستن و سەرخستنی پرۆسەی ریفراندۆم گرنگ نییە، بەڵام ئەگەر حزبێكی سیاسی پێیوابێت، دەتوانێت ئاستەنگ بۆ پرۆسەی ریفراندۆم دروست بكات، یان خەڵكی هان بدات بە (نەخێر) دەنگ بۆ سەربەخۆیی كوردستان بدەن، ئەوا نەك هەر ناتوانێت ئاستەنگ بۆ پرۆسەكە دروست بكات، بەڵكو بەردەوامبوونی لەسەر ئەو هەڵوێستانە، خودی ئەو حزبە رووبەڕووی لێكترازان و لەبەریەك هەڵوەشان دەكاتەوە، ئەم بۆچوونە مەزندەیەكی حزبییانە نییە بەرامبەر بە هەڵوێستی حزبێكی دیكە، بەڵكو ئەمە پەند و وانەی مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی كوردستانەو سەلمێندراوە كە رای گشتیی خەڵكی كوردستان لەگەڵ سیاسەتی تەسكی حزبایەتی بۆ دژایەتی ئامانجە نیشتمانی و نەتەوەییەكان یەك ناگرێتەوە و رای گشتیی خەڵكی كوردستان خۆیان لەو بیروبۆچوونە حزبییانە بێبەری دەكەن كە ئاو دەكەنە ئاشی ناحەزان و دوژمنان و ئاستەنگ بۆ پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان دروست دەكەن.
ئاماژەكردن بە سرووشتی هەڵوێستی گشتیی و شۆڕشگێرانەی خەڵكی كوردستان، پەنابردن بۆ كارتێك نییە بۆ ئەوەی بەرامبەر هەڵوێستی حزبێكی دیكە بەكار بهێنرێت، بەڵكو هەوڵدان بۆ تێگەیشتنی راستگۆیانە لە هەڵوێستی گشتی و شۆڕشگێرانەی خەڵكی كوردستان هۆكار و یارمەتیدەرێكی باشە بۆ ئەوەی حزبەكان لەو راستییە تێبگەن، پێش ئەوەی خەڵكی كوردستان بازنەی حزبەكان پشتگوێ بخەن و لە بازنەیەكی فراوانتری سەرووی حزبەكاندا یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی دروست بكەن، باشترە حزبەكان خۆیان بازنەی تەسكی حزبایەتییان بەو ئاستە فراوان بكەن كە لەگەڵ خواستی نیشتمانی و نەتەوەیی خەڵكی كوردستاندا هاودژی دروست نەكات.
مێژووی دڕندایەتی داگیركەرانی كوردستان هێندەیان زۆڵم و غەدر لە تاك بە تاكی خەڵكی كوردستان كردووە، ئایدیۆلۆژیای هێچ حزبێكی سیاسی ناتوانیت لە هزر و ویژدانی تاكەكانی كوردستاندا رووی ئەو دوژمنانە سپی بكاتەوە، بۆیە كاتێك لە پێناوی بەرژەوەندی تەسكی حزبایەتی، حزبێك یان لایەنێكی سیاسی هەوڵ بەو ئاراستەیە دەدات كە رووی دوژمنانی كوردستان سپی بكاتەوەو ئاستەنگ بۆ سەربەخۆیی دروست بكات، ئەوا دەبێت ئەو حزبانە لەوە دڵنیابن، كە نەك هەر رووی داگیركەرانیان پێ سپی ناكرێتەوە، بەڵكو رووی خۆشیان وەك رووی داگیركەران لەبەردەم خەڵكی كوردستاندا رەش دەكەن.