ریفراندۆم مێژوو و جوگرافیای نەتەوەیەكی بێ دەوڵەت

ریفراندۆم مێژوو و جوگرافیای نەتەوەیەكی بێ دەوڵەت
ئەمازیا بارام سەرۆكی پێشووی سەنتەری سابات بۆ دیراسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تایبەتمەند لە مێژووی حوكمڕانی لە عێراقدا، لە دیمانەیەكدا لێمان پرسی: ئەگەر بارزانی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان رابگەیەنێت، هەڵوێستی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەرامبەر ئەو دەوڵەتە چۆن دەبێت؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا پڕۆفیسۆر بارام پێی گوتین: «ئەو شەوەی بەنیاز بووین بۆ بەیانی دەوڵەتی ئیسڕائیل رابگەیەنین، هەڵوێستی ئەمریكا بەوجۆرە بوو كە ئێمە دەوڵەت رانەگەیەنین، بەڵام كە دەوڵەتی ئیسڕائیلمان راگەیاند، ئەمریكا پێش هەموو دەوڵەتێك ئیعترافی بە دەوڵەتی ئیسڕائیل كرد، هەر بۆیە كاتێك ئەمریكا دەڵێت من پشتگیری راگەیاندنی دەوڵەتی ئیسڕائیل ناكەم، ئەوە لە روانگەی بەرژوەندییەكانی خۆی بووە و دەبێت بەو شێوەیە لێدوان بدات، بەڵام كە دەوڵەتەكە راگەیەندرا، ئەمریكا مامەڵە لەگەڵ ئەو دیفاكتۆیە دەكات كە دێتەئاراوە، بۆیە بۆ دەوڵەتی كوردستانیش هەمان شت راستە، لەبەر ئەوەی ئێستا ئەمریكا لە روانگەی بەرژوەندییەكانی خۆیەوە بە فەرمی لێدوان دەدات، بەڵام كە دەوڵەتی كوردستان راگەیەندرا، ئەو كات مامەڵە لەگەڵ ئەو دیفاكتۆیە دەكات كە دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان دروستی دەكات.
لەدوای رۆژی 7ی حوزەیرانی 2017وە كە سەرۆك بارزانی داوای لە كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی كوردستان كردووە خۆی بۆ ریفراندۆم و هەڵبژاردنی داهاتووی كوردستان ئامادە بكات، میدیاكانی كوردستان چەند جارێك ئەو پرسیارەیان لە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كردووە، بەوەی ئایا هەڵوێستی ئەمریكا بەرامبەر بە ئەنجامدانی راپرسی لە كوردستان چی دەبێت؟ لە وەڵامدا پێیان راگەیاندووین رێز لە ئیرادەی خەڵكی كوردستان دەگرین و پابەندین بە سیاسەتی یەكپارچەیی خاكی عێراقیشەوە. ئەم وەڵامە كە لەیەك كاتدا دەرنەبڕینی هەڵوێستە بەرامبەر سەربەخۆیی كوردستان، بەڵام لە هەمانكاتیشدا پیشاندانی ئەو هەڵوێستەشە كە ئەمریكا دژایەتی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان ناكات، هەموو ئەوانەشی ئەزموونێكی زۆریان لە سیاسەتی دەرەوە و كۆشكی سپی هەیە و ئێستا سەرقاڵی ئەوەن پیشنیار و راسپاردەی بەسوود بۆ ئیدارەی ترەمپ ئامادەبكەن، جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە نابێت ئەمریكا هەڵوێستی پاڵپشتی، یان دژی بەرامبەر پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان هەبێت، بەڵكو گرنگ ئەوەیە ئەمریكا ناوبژیوانێكی بەهێز و بێ لایەن بێت لە نێوان عێراق و كوردستان بۆ ئەوەی هەردوولا بگەنە ئەو ئاكامەی كە هەردوولایان رازی دەكات، بۆیە لەم پرۆسەیەدا ئەمریكا خۆی بەرامبەر كوردستان و عێراق بێ لایەن دەكات.

دیارە بوونی ئەمریكا وەك ناوبژیوانێكی بێ لایەن لەسەر پرسی سەربەخۆیی كوردستان لەنێوان عێراق و كوردستاندا، سەركەوتنێكی هێجگار گەورەیە بۆ مێژووی بزاڤی رزگاریخوازیمان و ئەو جوگرافیایەی پێی دەگوترێت كوردستان، ئەمەش لەبەر ئەوەیە بە درێژایی زیاتر لە 100 ساڵی رابردوو، نەك تەنیا ئەمریكا، بەڵكو هەڵوێستی فەرمیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەك هەر بەرامبەر باسكردنی سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردستان دژ بووە، بەڵكو بۆ فیدڕاڵییش دژبوون، تەنانەت لە میانەی دیدارێكی رۆژنامەوانیمان لەگەڵ پڕۆفیسۆر لیسلی گلپ سەرۆكی فەخریی ئامۆژگای پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەمریكا راشكاوانە پێی راگەیاندین: «ماوەی سێ ساڵ لە (2004-2007) هەوڵمدا، هەتا توانیم جۆزیف بایدن (كە ئەوكات سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی سەنات بوو) بە بیرۆكەی فیدڕاڵیزمی عێراق بۆ سێ هەرێم رازی بكەم.» پڕۆفیسۆر گلپ، راشكاوانە ئەوەشی خستەڕوو كە: «لۆبی عەرەبستانی سعودی لە كۆنگرێس كاریگەریی گەورەیان هەیە و دژی بیرۆكەی دابەشكردنی عێراقن بۆ سێ هەرێمی فیدڕاڵی.» ئەم قسانەی گلپ ئەوەمان پێدەڵێن: ئەو وەرچەرخانە گەورەیەی سەرۆكایەتی بارزانی و قوربانیدان و سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لە تێڕوانینی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ پرسی سەربەخۆیی كوردستان دروستی كردووە، وەرچەرخانێكی زۆر گەورەیە و رێگەی راستە بۆ هەنگاوهەڵگرتن بەرەو سەربەخۆیی و پێشوازیكردنی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەو دەوڵەتە تازەیە.

لەم چوارچێوەیەدا ئەگەر لە روانگەی هەڵوێستی ئەمریكاوە سەیری هەڵوێستی دەوڵەتانی دۆست و هاوپەیمانی ئەمریكا لەناوچەكە بكەین، هەست دەكەین جۆرێك لە گۆڕانكاریی نەرێنی بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەتی لەسەر ئاستی دەوڵەتی توركیا كە بە درێژایی مێژووی دەوڵەتی نوێی توركیا راشكاوانە رایگەیاندووە: «دژی دەوڵەتی كوردستانین، ئەوجا لە هەر شوێنێك دابمەزرێت.» بەڵام ئەگەر سەیری كاردانەوەی توركیا لەسەر بڕیاری دەستنیشانكردنی رۆژی 25ی ئەیلوول بۆ ریفراندۆمی كوردستان بكەین، راشكاوانە هەست دەكەین، كاردانەوەی توركیا كە دەڵێت: ئێمە لەگەڵ ئەو بڕیارە نین و بە كارێكی باشی نازانین، وەرچەرخانی زۆر گەورەی بەسەردا هاتووە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە توركیا لە ساڵی 2003 رازی نەبوو كە هەرێمی كوردستان ببێتە كیانێكی دەستووری لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا و چەندین ساڵی ویست، هەتا توركیا بەوە رازی بوو مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەچوارچێوەی دەستووری عێراقدا بكات، بەڵام ئێستا سەبارەت بە بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم بەو جۆرە قسە بكات كە هەر دەبێت بۆ سیاسەتی ئیستهلاكی محەلیی خۆی و دڵنەوایی پارتە نەتەوەپەرستەكانی تورك هەر بەو شێوەیە قسە بكات، بەڵام ئەمەش مانای ئەوەیە، توركیاش لەگەڵ ئەوەی پشتگیریی خۆی بۆ ریفراندۆمی كوردستان دەرنەبڕیوە، لە هەمانكاتدا لە كاردانەوەكەی توركیادا باس لەوە ناكات كە ئەو دژی ئەنجامدانی ریفراندۆمە، یان ئەمە مافی خەڵكی كوردستان نییە. لەبەرامبەردا ئەگەر سەیری هەڵوێستی دەوڵەتانی عەرەبی سوننە بكەین كە بە درێژایی مێژوو دژی بوونی كورد و مافەكانی بوون، كەچی دەبینین لەسەر ئاستی جەماوەری دەوڵەتانی وەك سعودیە و ئیمارات و ئەردەن، پشتگیرییەكی بێ وێنە لە دەوڵەتی كوردستان دەكرێت.

ئەم ئاماژە تازانە لە هەڵوێستی دەوڵەتانی دۆست و هاوپەیمانی ئەمریكا لەسەر ئاستی ناوچەكەو دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسلامی، نیشانەی ئەوەیە ئەو دەوڵەتانەش لەوە تێگەیشتوون كە عێراقی ئێستا سەرچاوەی بەڵا و نەهامەتی و ناسەقامگیریی ناوچەكەیە و سەربەخۆیی كوردستان كۆتایی بەو پەتا و نەهامەتییە دەهێنێت كە تەواوی وڵاتانی ناوچەكەی گرتۆتەوە. لەمەش زیاتر، هەموو ئەو دەوڵەتانە باش لەو راستییە تیگەیشتوون كە ئەنجامی ریفراندۆم لە كوردستاندا (بەڵێ بۆ سەربەخۆیی) دەبێت، بۆیە هەڵسەنگاندن بۆ هەڵوێستەكانیان لەو روانگەیەوە سەیردەكرێت كە ئەوە هەمان هەڵوێستیش دەبێت بەرامبەر بە راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان. بۆیە ئەمەش جێگەی دڵخۆشی و گەشبینییە كە پرۆسەی ریفراندۆم لە ژینگەیەكی لەباری سیاسی هەرێمی و نێودەوڵەتی هەنگاو بۆ پێشەوە هەڵدەگرێت، ئەمە لەكاتێكدا مەزندەی ئەوەش دەكرێت كە هەڵوێستەكان بە نزیكبوونەوەمان لە وادەی ریفراندۆم گۆڕانكاریی گەورەی بۆ بەرژەوەندیی كوردستان بەسەردا دێت، ئەم بۆچوونە لەسەر ئەو پاشخانە خۆی دەخاتەڕوو كە هیچ كام لە دەوڵەتانی ناوچەكە و دەوڵەتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ناتوانن رێگەچارەیەكی نێودەوڵەتی بۆ رێكخستنەوەی پرۆسەی سیاسی بەو شێوەیە لە عێراقدا بخەنەڕوو كە كوردستان بتوانێت بەشێك بێت لەو پرۆسەیە، لەمەش راشكاوانەتر ئەوەیە، سەركردایەتیی بارزانی و قارەمانیەتیی هێزی پێشمەرگە لەمیانەی شەڕی داعشدا، پێگەیەكی هێندە بەرچاو و كاریگەریان بۆ كوردستان لەناو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعش دروستكردووە، ئەگەر بێتو هەر هەوڵێك هەبێت بۆ ئەوەی كوردستان تێكەڵی عێراق بكاتەوە، ئامانجەكانی سەركەوتنەكانی دژی داعش، دەخاتە ژێر پرسیارێكی گەورەوە، هەروەها هاوكاری و هەماهەنگیی كوردستان لە رووی ریفۆرم و بەرەوپێشەوەبردنی حوكمڕانی لە كورستان، لەگەڵ بانكی نێودەوڵەتی و سەركەوتنی ئەم هاوكاری و هەماهەنگییەی نێوان حكومەتی كوردستان و بانكی نێودەوڵەتی، ئومێدی ئەوەی بۆ ئەمریكا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دروستكردووە كە پێویستە بەشێوەیەكی جیاواز لە حكومەتی بەغدا، پشتگیری حوكمڕانی و ریفۆرم لە حكومەتی كوردستان بكرێت، بۆ ئەوەی كوردستان بەرەو سەقامگیرییەكی دوورمەودای سیاسی و حوكمڕانی هەنگاو هەڵبگرێت.

لەگرێدانەوەی هەڵوێستی نێودەوڵەتی لەبەرامبەر هەنگاوەكانی كوردستان بۆ سەربەخۆیی، بە هەڵوێست و وەڵامدانەوەی حكومەتی عێراق لەگەڵ پرسی سەربەخۆیی كوردستان، بێگومان وەك لەمیانەی سەردانەكانی شاندەكانی كوردستان بۆ بەغدا سەرنجمان داوە، هەست بەوە دەكرێت كە لەلایەن بەغداشەوە نییەتی ئەوە پیشاندراوە كە لەگەڵ كوردستان دانوستاندن لەسەر پرۆسەی جیابوونەوەی كوردستان لە عێراق بكرێت، ئەمەش هەنگاوێكی زۆر ئەرێنییە كە لەمێژووی عێراقدا بوونی نەبووە، بۆیە كاتێك عێراق ئامادەباشی ئەوەی تێدا بێت كە لەسەر پرسی سەربەخۆیی لەگەڵ كوردستان دانوستاندن بكات، مانای ئەوەیە بەغداش گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی كە بە سەربەخۆیی كوردستان رازی بێت.
Top