رەگ و ریشەی ناكۆكییەكانی دەوڵەتانی كەنداو لەگەڵ قەتەردا

رەگ و ریشەی ناكۆكییەكانی دەوڵەتانی كەنداو لەگەڵ قەتەردا
دینا ئەسفەندیاری و ئاریانا تەباتەبائی
ئەم نووسینە لە رۆژی 6ی حوزەیرانی 2017 لە گۆڤاری فۆرێن ئەفێرزدا بڵاوكراوەتەوە

مانگی رابردوو، سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ، دەستی بە یەكەم گەشتی دەرەكی كرد، كە بە سەردانیكردنی ریاز دەستی پێكرد. لەوێدا ئیدارەكەو بەرپرسانی سعودیە، پەیامێكی روونیان نارد: ئێران هێزێكی ناسەقامگیركارە لە ناوچەكەدا، كە پێویستە «نەتەوە خاوەن ویژدانەكان» بەرەنگاری ببنەوە. بەشێكی گەشتەكە لە ناوچەكە و دەرەوەی ناوچەكەشدا رووبەڕووی رەخنەگرتن بووەوە، هەندێ لە چاودێران ئاماژەیان بەوە كرد كە گەشتەكە لێكترازانی لەنێو عەرەبەكانی كەنداودا هێنایەئاراوە. ناكرێت ئۆباڵی لێكترازانەكە بخرێتەئەستۆی ترەمپ- عەرەبەكانی كەنداو یەكبەرە نین، ناكۆكییەكانی نێوانیان بەربڵاو بووە- بەڵام ئەو بوێری بە لایەنە سەرسەختەكانی كەنداو دا.
چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئێراندا مایەی مشتومڕ بووە لە نێو ئەنجومەنی هاریكاری كەنداودا. ئەگەرچی سەرجەم وڵاتانی نێو ئەم گرووپە ئامانجیانە بە رووی دراوسێ بەهێزەكەیاندا بوەستنەوە، بەڵام هەر یەكەیان جیاوازییان هەیە لەوەی چۆن ئەم كارە بكەن. گفتوگۆكانی پەیوەست بە مەسەلە ناوكییەكە لە نێوان گروپی5+1 و ئێراندا ئەم دابەشبوونانەی زەق كردووەتەوە. لە سایەی سەركردایەتیی سعودیەدا، بەحرەین و بەشێكی زۆری ئیمارات بە گومانەوە لە رێككەوتنەكەیان دەڕوانی و جەختیان لە نیگەرانی خۆیان كردەوە لەبارەی دەستێوەردانی ئێران لە ناوچەكەدا. ئەوانی دیكە، لە نێویاندا عومان و ئیمارەتی دوبەی ئومێدیان ئەوە بوو سوود لەو رێككەوتنە وەربگیرێت و شەراكەتێكی بازرگانی نوێ دابڕێژدرێت. ئەوان پەرۆش بوون بۆ ئیحتیواكردنی ئێران و لە هەمان كاتدا خاوكردنەوەی گرژییەكان. دوای هەموو شتێك، ئەوان بەرژەوەندیی هاوبەشیان لەگەڵ ئێران هەیە، لە نێویاندا كێڵگەی غاز و بازرگانی.
شەڕی یەمەن مەسەلەكانی ئاڵۆزتر كرد. ریاز سەركردایەتیی هەڵمەتێكی بۆردومانكردنی كرد لە یەمەن بۆ بەرگرتن بەوەی پێیانوابوو دەستڕۆیشتوویی ئێرانە لە نێو حوسییە یاخیبووەكاندا. ریاز قەناعەتی بەوە هەبوو كە ئێران دەستی لە شەڕەكەدا هەیە، بەڵام ئەوانی دیكە كەمتر دڵنیابوون. ئەویش لەبەر ئەوەی رۆڵی ئێران لە شەڕەكەدا تەواو روون نییە و پشتیوانیی بۆ یاخیبووان زیادەڕەوی تێداكراوە. بۆ نموونە، عومان رەتیكردەوە بچێتە نێو ئەو هاوپەیمانێتییەی كە سعودیە سەركردایەتی دەكات. ئەوانەی چوونە نێو هاوپەیمانێتییەكەوە لەگەڵ سعودیەدا- باقی ئەنجومەنی هاریكاری كەنداو- پێیانوابوو كە ئەمریكا لە سایەی ئیدارەی باراك ئۆبامادا زیاتر و زیاتر رووی لە كەنداوی فارس وەردەگێڕێت، ئەوان ویستیان ئەوە بخەنەڕوو كە دەتوانن لەسەر پێی خۆیان رابوەستن لە رێی دەستەبەركردنی ئاسایشی خۆیانەوە، بەڵام لەگەڵ درێژەكێشانی شەڕی یەمەندا، ناكۆكییەكانی نێو ئەنجومەنی هاریكاری كەنداو چڕتر بوونەوە. بە دەگمەن دەتوانرا پاساو بۆ هەڵمەتی نەپساوە و هەڕەمەكیانەی بۆردومانكردن بهێنرێتەوە، كە كاریگەرییەكی كەمیشی هەبوو لەسەر باشتركردنی ئاسایش و میسداقییەت و وێنەی دەوڵەتە بەشداربووەكان. زیاتر و زیاتر هەوڵەكە بووە هۆی بەهەدەردانی سەرچاوەكان لە كاتێكدا كە وڵاتە تێوەگلاوەكان پێویستیان بە دەستپێوەگرتنی سەرچاوەكان بوو، تەرمەكانیش بەردەوام دەهێنرانەوە بۆ وڵاتەكە. هەندێكیان دەستیان بە گومانكردن كرد لە هەوڵەكە، بەتایبەتی كاتێك بەرژەوەندییەكانیان فەرامۆش كرا، یان بە لاوەكی لەقەڵەم دەدران، بە بەراورد بە بەرژەوەندییەكانی ریاز. بۆ نموونە، ئەبو زەبی، بە شێوەیەكی سەرەكی بایەخ بە ئیحتیواكردنی ئیسلامیزم دەدا لە باشووری یەمەن، بەڵام لەو كاتەدا ئەم ئامانجە ناكۆك بوو بە ئامانجی ریاز لە شەڕەكەیدا دژ بە حوسییەكان. لە هەمان كاتدا، ئیماراتی عەرەبی یەكگرتوو زیاتر و زیاتر هۆشیار دەبێت بە هێزی سەربازی و سیاسیی خۆی. بەرپرسانی ئیماراتی عەرەبی یەكگرتوو جەختیان لەسەر بەشداریی سەربازیی بنەڕەتیی خۆیان كردەوە لە هەڵمەتەكەی یەمەندا و، دیپلۆماسیەتە گشتییەكەی بە گوڕ و تینتر و بەرچاوتر بوو.بەڵام مشت و مڕ و ناكۆكییەكە لە پشت دەرگا داخراوەكانەوە مانەوە. سەیر ئەوەیە كاتێك ناكۆكییەكان زیاتر بوون، ئیمارات و سعودیە بە ئاشكرا لێك نزیك بوونەوە و، بەرپرسەكانی سعودیە وەك «نزیكترین هاوپەیمان لە ناوچەكەدا» ئاماژە بە ئیمارات دەكەن و باس لەوە دەكەن كە هاوپەیمانێتییەكەیان لەسەر «بنەمای رەچەڵەك و قوربانی و چارەنووسی هاوبەش»ـەو دەركەوت كە ئەنجومەنی هاریكاری كەنداو تەواو یەكگرتوو بوو لە ئاست ئێراندا.
لە مانگی كانوونی دووەمی ساڵی 2017دا و لە میانەی سەردانێكیدا بۆ تاران، میری كوەیت پەیامێكی گەیاند و مەرجە پێشوەختەكانی لەخۆگرت بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ ئێراندا كە لەلایەن ئەنجومەنی هاریكاری كەنداوەوە پشتیوانییان لێدەكرا، (لە نێویاندا سعودیە)، پێشنیارەكەی كوەیت داخوازی ئەوەی لەخۆ دەگرت كە تاران دەست لە كاروبارەكانی عەرەب هەڵگرێت.
تاران بە ئیجابی وەڵامی بیرۆكەی گفتوگۆكردنی دایەوە، بەڵام رایگەیاند كە مەرجی پێشوەختە قابیلی قبووڵ نییە. دەستپێشخەرییەكەی كوەیت، هاوشان بە سەركەوتنی گفتوگۆكانی نێوان تاران و ریاز لەبارەی حەجەوە لە سەرەتای ئەمساڵدا، وادەركەوت كە رێگەخۆشكەر بێت بۆ سیاسەتێكی یەكگرتوویی ئەنجومەنی هاریكاری كەنداو بۆ برەودان بە گفتوگۆ لەگەڵ ئێراندا.
یەكەم سەردانی ترەمپ بۆ ناوچەكە لە كاتێكدا بوو كە ئەم مشتومڕانە هەڵدەكشان. لای خۆیانەوە، ئێرانییەكان دووبارە سەرۆكە میانڕەوەكە، حەسەن رۆحانی-یان هەڵبژاردەوە، كە كاری لەسەر گفتوگۆكردن دەكرد لەگەڵ دراوسێ عەرەبەكانی كەنداو. بەڵام ترەمپ مەسەلەكانی ئاڵۆز كرد، پشتیوانیی ئاشكرای لە لایەنە سەرسەختەكانی نێو شانشینەكە ئاماژەیەكی روونی نارد بۆ تاران بەوەی بە چاوپۆشین لە سیاسەتەكانی، ئەوا ئەمریكا كاردانەوەی ئیجابی نابێت لە ئاست گۆڕانكارییەكانی ئێران و بەردەوام دەبێت لەسەر سیاسەتە پیادەكراوەكەی كە بریتییە لە گۆشەگیركردنی ئێران. هەڵوێستی توندی دژ بە ئێران رەخنەی لە نێو هەندێ لەلایەنەكانی ئەنجومەنی هاریكاری كەنداودا گرت، لە نێویاندا میری قەتەر. لە كاتێكدا بەرپرسانی قەتەر نكۆڵییان لەم لێدوانانە كرد، بەڵام قەیرانێكی دیپلۆماتی بێ پێشینەیان لە نێو هاوپەیمانێتیەكەدا خوڵقاند.
لە ئێستادا، ئاڵۆزیی نێوان هاوپەیمانەكانی ئەنجومەنی هاریكاری كەنداو ئاشكرا و لەبەرچاوە. ئەم هەفتەی رابردوو پێنج وڵاتی عەرەبی، لە نێویاندا، بەحرەین، سعودیە و ئیمارات، بە ئاشكرا پەیوەندییەكانیان لەگەڵ قەتەردا پچڕاند بۆ «پشتیوانیكردنی لە گروپە تیرۆریست و تایەفەگەرییە جۆراوجۆرەكان بە ئامانجی سەقامگیركردنی ناوچەكە.» كە نیگەرانییەكان هەر تەنیا پەیوەست نەبوون بە تیرۆرەوە، رەنگە ئەمەش نوێترین پرس بێت لە هەوڵێكی درێژخایەن بۆ گۆشەگیركردنی قەتەرییەكان، لە نێویاندا – بە تێڕوانینی ئەوان- پشتیوانیكردنی بۆ ئێران. بۆ ئەوەی ترەمپ بە شێوەیەكی كارا لەگەڵ هاوپەیمانەكانی ئەنجومەنی هاریكاری كەنداو بكات و ئیدارەی گرژییەكان لەگەڵ ئێراندا بكات، ئەوا دەبێت ئیدارەكەی لەوە تێبگات كە عەرەبەكانی كەنداو یەك بەرە نین. گرژییەكان بوونیان هەبووە و هەمیشە لە ئارادا دەبن لە كاتێكدا كە هەر دەوڵەتەو چارەسەری نیگەرانییە ئەمنییەكانی خۆی دەكات. پێویستە ئیدارەی ترەمپ لەبری هەڵگیرساندنی بارگرژیی ئیقلیمی و بوێریدان بە سەرسەختەكان لە ریاز و پایتەختەكانی دیكەی كەنداو بەوەی كە ناتوانرێت قەناعەت بە ئێران بكرێت، دەستڕۆیشتوویی خۆی بەكار بهێنێت بۆ هاندانی گفتوگۆییەكی ئیقلیمی كە باشتر دابەشبوونەكانی ئێستا چارەسەر بكات.
Top