حكومەتی كوردستان وەرچەرخانی سیاسەتی ئابووری بۆ پەیوەندیی نێودەوڵەتی
June 6, 2017
راپۆرتەکان
دیارە بایەخپێدانی گۆڤارەكەی كۆڕبەندی ئابووریی سان پترسبۆرگ بە سربیا وەك نموونەیەكی سەركەوتووی ئابووری لەناو ئەوروپادا، پیشاندانی نموونەیەكی سەركەوتووی ئابووریی رووسیایە لە گەشەپێدانی وڵاتانی دیكەدا، ئەمەش لەبەر ئەوەیە سربیا پەیوەندییەكی گەورەی بارزگانی و ئابووری لەگەڵ رووسیا هەیە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە لە سربیا كۆمپانیاكانی رۆژئاوا بوونیان نەبێت، بەڵكو وەك سەرۆكی ژووری بارزگانی و پیشەسازیی سربیا لە نووسینەكەیدا ئاماژەی پێكردووە: «ئەو هۆكارانە زۆرن كە وایانكردووە وڵاتێكی بچووكی وەك سربیا ببێتە دووڕیانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا، بەڵام هۆكاری سەرەكی بۆ بوونی بەم دووڕیانە ئەوەیە كە سربیا بۆتە ناوچەیەكی سەرنجڕاكێش بۆ بزنس و وەبەرهێنان.»
ئەگەر لێرەدا بەراوردێك لەنێوان كوردستان و سربیا بكەین، دەبینین كوردستانیش چەندین ساڵە لەمیانەی ئەو سیاسەتە ئابوورییەی حكومەتی كوردستان پیادەی دەكات، وەك وڵاتێكی بچكۆڵە بۆتە دووڕیانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا و فاكتەری سەرەكیش بۆ بوونی بەم دووڕیانە ئەوەیە كوردستان بۆتە ناوچەیەكی سەرنجڕاكێش بۆ بزنس و وەبەرهێنان و لەمەش زیاتر هەر ئەم دووڕیان و سەرنجڕاكێشییەی لەلایەن جیهانەوە بووە هۆكاری ئەوەی كاتێك تیرۆریستانی داعش هێرشیان كردە سەر كوردستان و سەرۆك بارزانی بڕیاری شەڕی مان و نەمانی داو بە ئیرادەی هێزی پێشمەرگە پێشڕەوی هێرشی تیرۆریستانی داعش راگیرا، لە هەمانكاتیشدا هەموو جیهان پێكەوە گوتیان: «كوردستان هێڵی سوورە و نابێت لێ بگەڕێین تیرۆریستانی داعش كاولی بكەن.» لەمەش زیاتر راستە تیرۆریستانی داعش لە حوزەیرانی 2014 موسڵیان داگیركرد و خەلافەتیان راگەیاند، بەڵام هەتا لە ئابی 2014 تیرۆریستانی داعش هێرشیان نەكردە سەر كوردستان، ئەمریكا بڕیاری نەدا هێرشی ئاسمانی بۆ سەر تیرۆریستانی داعش دەست پێبكات، هەر لەدوای ئەم بڕیارەش هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعش دروست بوو كە 68 دەوڵەت لەخۆی دەگرێت و هەموو دەوڵەتانی ئەندامی ئەو هاوپەیمانیەتییەش پشتگیریی كوردستان و هاوكاری پێشمەرگە دەكەن.
بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لە ساڵی 2002 لەمیانەی وتارێكیدا كە لە (مەڵبەندی مستەفا بارزانی بۆ ئاشتی) و لە كۆنفرانسی (كورد كلیلی سەقامگیریی عێراقە) پێشكەشی كرد، سەبارەت بە ئایندەی عێراقی دوای رژێمی سەدام حوسێن ئاماژەی بەوە كرد كە كوردستان وڵاتێكە خاوەنی سەرچاوەی پەتڕۆڵ و ئاو و چەندین سەرچاوەی سرووشتی دیكەیە، ئێمە پێشتر بە پەتڕۆڵەكەی خۆمان سووتێنراوین، بۆیە ترسمان هەیە لە داهاتووشدا ئەمە دووبارە ببێتەوە، ئەم پێشبینییەی سەرۆكی حكومەتی كوردستان لە سەرەتای 2014 جارێكی دیكە هاتەدی و نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق، بودجە و مووچەی كوردستانی بڕی، ئەمەش لە پێناوی ئەوە بوو كە حكومەتی كوردستان بڕووخێنێت، بەڵام ئیرادەی حكومەت و خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان وایكرد، ئەو پیلانەی حكومەتی عێراق سەرنەگرێت، لەگەڵ ئەوەشی كە كوردستان دوای ئەم بودجە و مووچە بڕینە رووبەڕووی شەڕێكی سەپێندراویش بووەوە لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە، هەروەها نزیكەی دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەریش روویانكردە كوردستان، لەسەرووی هەموو ئەمانەشەوە نرخی نەوت زۆر بەخێرایی دابەزی و لەمەش زیاتر حكومەتی كوردستان نەیدەتوانی وەك پێویست نەوتەكەی خۆیشی بفرۆشێت، بەڵام حكومەتی كوردستان توانی لەناو ئەم بارودۆخەدا، ئیدارەی ئەو دۆخە ئابوورییە قورسە و ئیدارەی بەرەكانی شەڕ بە درێژایی 1300 كیلۆمەتر و ئیدارەی ئەو دوو ملیۆن ئاوارەیەش بدات كە روویان كردبووە كوردستان. ئەوەشی بووە هۆكاری سەرەكی بۆ ئەوەی حكومەتی كوردستان بتوانێت ئەم شەڕە هەمەلایەنە ئابووری و سەربازییە بباتەوە، دوای خۆڕاگریی خەڵك و قارەمانیەتی هێزی پێشمەرگە، ئەو متمانە گەورەیە بوو كە حكومەتی كوردستان لەسەر ئاستی جیهان دروستی كردبوو، راستە حكومەتی كوردستان نەیدەتوانی وەك دەوڵەتێكی خاوەن سەروەریی بەفەرمی قەرزی نێودەوڵەتی وەربگرێت، بەڵام بوونی ئەو هەموو كۆمپانیایە لە كوردستان بوونە هۆكاری ئەوەی قەرزێكی گەورە بدەنە حكومەت و ئەو قەیرانە سەختە تێپەڕێنن و سەقامگیرییەكی ئابووری لەسەر بنەمای ریفۆرمی دارایی بۆ كوردستان دووبارە بگێڕێتەوە.
لەسەر ئاستی جیهان ساڵی 2017 بە ساڵی جۆرێك لە گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ ئابووریی جیهان لەدوای هەڵاوسانە گەورەكەی 2008 دادەنرێت، بەڵام بۆ كوردستان ساڵی 2007 بە ساڵی وەرچەرخان لە سەقامگیری ئابووری بۆ گەشە و پەرەپێدانی بەردەوام لە قەڵەم دەدرێت. پاش ئەوەی حكومەتی بەغدا لەساڵی 2014 بودجە و مووچەی كوردستانی بڕی، ئەم سێ ساڵەی رابردوو راستە سێ ساڵی سەخت بوو بۆ حكومەت و خەڵكی كوردستان، بەڵام ئەزموونێكی گەورەی دیكە بوو بۆ متمانەی حكومەتی كوردستان لەسەر ئاستی ناوچەكە و جیهان و ئێستا دەوڵەتانی جیهان و كۆمپانیا گەورەكان لەسەر بنەمای سیاسەتی ئابووری و متمانەی حكومەتی كوردستان، دێنە وڵاتمان و دووبارە دەست بە وەبەرهێنان دەكەنەوە. باشترین بەڵگەش لەسەر هەنگاوهەڵگرتن بۆ گەشە و پەرەپێدانی بەردەوام لەكوردستان، ئەو گرێبەستەیە كە بە چاودێریی سەرۆكی حكومەتی كوردستان لە نێوان وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان و كۆمپانیای رۆزنەفتی رووسیا كراوە، ئەم كۆمپانیایە بۆ رووسیا هاوشێوەی كۆمپانیای ئێكسۆن مۆبیلە بۆ ئەمریكا، سەرۆكی جێبەجێكاری ئەم كۆمپانیایە كە ناوی ئیگۆر سیشینە یەكێكە لە دۆستە متمانەپێكراوەكانی سەرۆك فلادمێر پۆتین، ئەمەش مانای ئەوەیە پێگەی ئیگۆر سیشین لای سەرۆك و ئیدارەی رووسیا، هاوشێوەی پێگەی ریكس تیلێرسۆنە، ئەو كاتەی سەرۆكی ئێسكۆن مۆبیل بووە لای سەرۆك و ئیدارەی ئەمریكا. هەروەها چۆن گرێبەستی كوردستان لەگەڵ ئێكسۆن مۆبیل وەرچەرخانی گەورەی لەسیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر كوردستان دروستكرد و كۆتایی بەسیاسەتی (یەك عێراق) ی لە سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر بە عێراق هێنا، بەهەمان شێوە، ئەم گرێبەستەی نێوان كوردستان و كۆمپانیای رۆزنەفت كۆتایی بە سیاسەتی (یەك عێراق) لە سیاسەتی رووسیا بەرامبەر بە عێراق دەهێنێت.
كێشە و گرفتی سەرەكیی تێڕوانین و سیاسەتی رووسیا لەگەڵ سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەو خاڵەوە سەرچاوەی گرتووە كە رووسیا نایەوێت ئەمریكا و ناتۆ بە رێگەی دەستتێوەردانی سەربازی رژێمەكان لەژێر ناوی دیكتاتۆریدا بڕووخێنن، بۆیە لەم روانگەیەوە رووسیا پشتگیری لەمانەوەی رژێمی بەشار ئەسەد دەكات، بەڵام بە دیوەكەی دیكەیدا تێڕوانین و سیاسەتی رووسیا لەگەڵ سیاسەتی ئەمریكا نەك هەر لەسەر جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵكو لەسەر ئاستی سووریاش لەو خاڵەدا یەكدەگرێتەوە بەوەی رووسیا ناخوازێت جێگرەوەی خەلافەتی ئیسلامی داعش، سیستمی ویلایەتی فەقی بێت بە هاوشێوەی ئێران لەناوچەكەدا، بۆیە لەم بازنەیەدا و سەبارەت بە كوردستان وەك كیانێك كە ئێستا بەرەو دەوڵەتێكی سەربەخۆ هەنگاو هەڵدەگرێت، تێڕوانین و سیاسەتی رووسیا لەگەڵ تێڕوانین و سیاسەتی ئەمریكا و رۆژئاوا هاودژی دروست ناكات و لەو خاڵەدا یەكدەگرنەوە كە دەوڵەتی كوردستان خزمەتێكی گەورە بە ئاشتی و تەناهیی ناوچەكە دەكات و دەبێتە وێستگەی یەكەم بۆ دووبارە رێكخستنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، دیارە كوردستان تەنیا وڵات نییە لە ناوچەكەدا كە سیاسەتی رووسیا و ئەمریكا تیایدا یەكدەگرێتەوە، بەڵكو ئوردن و ئیسڕائیل و سعودیە و تەنانەت میسریش ئەو دەوڵەتانەن كە بە هاوشێوەی كوردستان خۆیان بە هاوپەیمانی ئەمریكا دەزانن و پەیوەندییەكی زۆر پتەویشیان لەگەڵ رووسیا هەیە.
دیارە دروستبوونی پەیوەندیی ئابووری و بارزگانی لەگەڵ رووسیا، دەروازەیەكی گرنگە بۆ پەیوەندیی سیاسی و دیپلۆماتی لە نێوان هەولێر و موسكۆ، بەمەش وەرچەرخانێكی گرنگ لە پێگەی كوردستان لەناو دەوڵەتانی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش دروست دەبێت، بەتایبەتی كە ئێستا هەر یەكە لە وڵاتانی (ئەمریكا، بەریتانیا و فەڕەنسا) پەیوەندییەكی زۆر باشیان لەگەڵ كوردستان هەیە و هەڵوێستی خۆیان راگەیاندووە لەوەی كە دژی سەربەخۆیی كوردستان نابن، لەبەشداریی ئەمجارەی شاندی كوردستانیش لە كۆڕبەندی ئابووریی سان پترسبۆرگ، راشكاوانە ئەوەمان لە ئاستی پێشوازی سەرۆك فلادمیر پۆتین و سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا لە سەرۆكی حكومەتی كوردستان دەخاتەبەر چاو كە، ئاستی پێشوازییەكە و بەخێرهاتنەكەی سەرۆك پۆتین پێی گوتین رووسیاش دژی سەربەخۆیی كوردستان نابێت، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەگەر ئەنجومەنی ئاسایش كۆبوونەوەیەك گرێبدات بۆ قسەكردن لەسەر سەربەخۆیی كوردستان، ئەوا چوار دەنگی هەمیشەیی بە مسۆگەری ڤیتۆ دژی سەربەخۆیی كوردستان بەكار ناهێنن و دەمێنێتەوە چین، كە ئەویش جێگەی مەترسی نییە، لەبەر ئەوەی هەڵوێستی چین لە خراپترین حاڵەتەدا ئەوە دەبێت كە بێدەنگ دەبێت و دەنگ نادات، واتە سرووشتی سیاسەتی چین بەو شێوەیە هەرگیز پەنا بۆ ڤیتۆ نابات، تەنانەت ئەگەر پرسەكە پەیوەندی بە سەربەخۆیی تایوانیشەوە هەبێت.