لە سیاسەتی سەقامگیركردنی ئابوورییەوە بۆ ستراتیژیەتی گەشەی ئابووری و پەرەپێدانی بەردەوام
June 6, 2017
راپۆرتەکان
هەوڵەكان بۆ دروستكردنی هاوسەنگییەكی نوێ لە ئابووریدا
بەشداریكردنی شاندی حكومەتی كوردستان بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی بۆ ماوەی دووساڵی یەك بەدوای یەك لە كۆڕبەندی ئابووریی سان پترسبۆرگ ئاماژەیەكی گرنگە بۆ سەركەوتنی سیاسەتی ئابووری حكومەتی كوردستان كە توانیویەتی بەرگەی بڕینی بودجەی دەوڵەتی بەناو فیدڕاڵی عێراق بگرێت و لە سفرەوە هەوڵیداوە سیاسەتێكی ئەوتۆی ئابووری دابڕێژێتەوە كە ببێتە بەردی بناخەی گەشەیەكی بەردەوامی لەسەرخۆ بۆ ئایندەی سیاسەتی ئابووری لە كوردستاندا.
كۆڕبەندی ئابووریی سان پترسبۆرگ كە لە جیهاندا بە كۆڕبەندی ئابووریی (داڤۆسی رووسیا) ناوی دەبەن، ئەمەش وەك ئاماژەیەك بۆ گەورەیی ئەم كۆڕبەندە و كاریگەری لەسەر ئابووریی جیهان كە هیچی لە كۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس كە ساڵانە لە سویسڕا بەڕێوە دەچێت كەمتر نییە، لە هەمانكاتیشدا چۆن كۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس لە میانەی پەنێڵەكانی و دیدارە دووقۆڵییەكانی نێوان سەرۆك و سەرۆك وەزیران و كۆمپانیاكان و دیداری سەركردەكانی جیهان لەگەڵ راگەیاندنەكانی جیهان، بازنەی ئابووری تێدەپەڕێنن و بوارەكانی دیكەی سیاسەت و جیۆپۆلیتیك و سیاسەتی نێودەوڵەتیش دەگرێتەوە، بەهەمان شێوە كۆڕبەندی ئابووریی سان پترسبۆرگیش تەنیا ناوەندێك نییە بۆ گرێدانی كۆنتراكتی ئابووری بەتەنیا، بەڵكو جیا لەوەی لەمیانەی ئەم كۆڕبەندەدا چەندین كۆنتراكتی وەبەرهێنانی گەورە لەنێوان كۆمپانیا گەورەكان لە بوارەكانی وزە و كشتوكاڵ و تەكنەلۆژیا گرێدراون، لە هەمانكاتیشدا پرسی سیاسەتی نێودەوڵەتی و گۆڕانكارییە جێوپۆلیتیكییەكانی جیهان بەگشتی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی، تەوەری سەرەكیی دیدارە دووقۆڵییەكانی نێوان سەرۆك و سەرۆك وەزیران و نوێنەرانی وڵاتانی جیهانیش بووە.
لەم چوارچێوەیەدا ئەگەر هەڵوەستە لەسەر بەشداریی شاندی كوردستان لە بیست و یەكەمین كۆڕبەندی ئابووریی سان پترسبۆرگ بكەین و سەرنج لەو دیدارانە بدەین كە شاندەكە بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی ئەنجامی داون، ئەوا بە راشكاوی ئەوە دەردەكەوێت كە قسە و باسی دیدارەكانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی كوردستان لەگەڵ فلادمیر پۆتینی سەرۆكی رووسیای فیدڕاڵی و سێرگی لاڤرۆڤی وەزیری دەرەوە، هێندەی قسەكردن بووە لەسەر بارودۆخی ناوچەكە و سیاسەتی نێودەوڵەتی و چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەكانی ناوچەكە، هێندە باسكردن نەبوون لەسەر ئەو پرسانەی پەیوەندییان تەنیا بە ئابوورییەوە هەیە.
ڤلادمیر پۆتین ئەو سەرۆكەیە كە جیا لەوەی وڵاتەكەی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشە، بەڵام ئەگەر ریزبەندییەك بۆ 5 ئەندامە هەمیشەییەكەی نێو ئەنجومەنی ئاسایش بكەین، ئەوا لەدوای ئەمریكا، رووسیا بە پلەی دووەم ناوی دێت و لەمەش زیاتر لەسەر ئاستی كێشەكانی نیوە گۆی رۆژهەڵاتی زەوی بەگشتی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی، رووسیا خۆی بەهاوشانی ئەمریكا دەزانێت، بۆیە كاتێك بەفەرمی لەمیانەی بەشداریكردنی لە پەنێڵێكی كۆڕبەندەكە بەتایبەتی بەخێرهاتنی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی كوردستان دەكات و پاشانیش لەمیانەی پرسیارێكی رۆژنامەنووساندا سەبارەت بە پرسی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن رژێمی ئەسەدەوە، ئاماژە بەوە دەكات كە هەرێمی كوردستان دەزانێت كە یاخیبووان ئەو چەكەیان بەكار هێناوە، هەروەها سێرگی لاڤرۆڤیش لەمیانەی دیدارەكەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی راشكاوانە وتوویەتی: «بەدڵنیاییەوە دەمانەوێت گوێبیستی هەڵسەنگاندنەكانی ئێوە بین لەسەر بارودۆخی كوردستان و ناوچەكە و باسی هەموو ئەو پرسانەی شەڕی دژ بەتیرۆر بكەین.» ئەم دوو ئاماژەیەی لەقسەكانی سەرۆكی رووسیا و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بەرامبەر پێگەو شكۆی كوردستان دەخوێندرێنەوە، ئاماژەن بۆ ئەوەی كە باسكردنی پرسی ریفراندۆم و پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستانیش تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكان بوون و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە راشكاوی ئەم پرسانەی لەگەڵ سەرۆك و وەزیری دەرەوەی رووسیا باسكردووە، وەك لە وەڵامەكانی هەردوولاش رەنگیداوەتەوە، مەزندەكان بەرەو ئەو ئاراستەیە دەچن كە لە چوارچێوەی سیاسەتی رووسیا بەرامبەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە ریشەهەڵكێشانی فیكری تیرۆر و توندڕەوی، وەڵامدانەوەی ئەرێنییان بۆ پرسی ریفراندۆم و پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان پیشاندابێت، ئەگینا لە خۆڕا نییە وەزیری دەرەوەی رووسیا كاتێك ئەجیندای كۆبوونەوەكەی لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ رۆژنامەنووسان دەخاتەڕوو، راشكاوانە دەڵێت: «هەڵسەنگاندنی بارودۆخی كوردستان و ناوچەكە و پرسەكانی پەیوەست بە شەڕی دژی تیرۆر ئەجیندای سەرەكیی كۆبوونەوەكانمانن و گفتوگۆیان لەبارەوە دەكەین.»
رووسیا لەئێستا كە بەدوای هاوسەنگییەكی تازە لە ئابووریی جیهاندا دەگەڕێت و ئەمەش ناونیشانی بیست و یەكەمین كۆڕبەندی ئابووری سان پترسبۆرگ بووە، زۆر باش دەزانێت بوونی رووسیا بەهێزێكی ئابووریی ئەوتۆ كە هاوسەنگییەكی نوێ بۆ ئابووریی جیهان دروست بكات، دەبێت بۆ ئەم هەنگاوەی پشت بە باشووری ئاسیا (بەتایبەتی هیندستان) و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی (سووریا و عێراق و ئیسڕائیل) ببەستێت، سەبارەت بە هیندستان دیارە لەم كۆڕبەندەدا كۆمپانیاكانی رووسیا گرێبەستی زۆر گەورەیان لەگەڵ هیندستان گرێداوە، سەبارەت بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، بێگومان ئێستا لەدوای ئیسڕائیل تەنیا ناوچەیەك كە سەقامگیرییەكی باشی فەراهەم كردبێت، كوردستانە، هەربۆیە ئەگەر رووسیا بۆ بەهێزكردنی پێگەی جیۆپۆلیتیكی خۆی هەوڵیدابێت بەشداری شەڕی سووریا بكات و لە میانەی هێشتنەوەی رژێمی ئەسەد نفووزی خۆی لە دەریای سپیی ناوەڕاست بەهێز بكات، ئەوا بۆ باڵادەستبوونی نفووزی ئابووری و بازرگانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، تەنیا كوردستانی هەیە كە وەك وڵاتێكی سەقامگیر بتوانێت دەست بە وەربەرهێنان و هەماهەنگیی ئابووری بكات، ئەوجا ئەم سەقامگیرییە سیاسی و ئابوورییەی لە كوردستاندا بوونی هەیە، بۆتە هۆكاری ئەوەی كە كوردستان پەیوەندییەكی فراوانی لەگەڵ هەردوو دەوڵەتی توركیا و ئێرانیش هەبێت، رووسیاش پەیوەندییەكی بارزگانی و ئابووریی گەورەی لەگەڵ توركیا و ئێران هەیە و لە ئایندەشدا ئەگەر شەڕی داعش كۆتایی بێت و سیستمی سووریا لەسەر بنەمای ئەو دەستوورەی كە بۆ ئایندەی سووریا نووسراوەتەوە، دووبارە بونیاد بنرێتەوە، ئەوا كوردستان دەبێتە دەروازەیەكی ئابووری و بارزگانیی گەورە لەگەڵ سووریا، لەم بازنەیەشدا رووسیا دەبێتە خاوەنی نفووزێكی گەورەی ئابووری لەناوچەكەدا، بۆیە ئەم تێڕوانینە ستراتیژییە بۆ كوردستان لە روانگەی ئابووری و بارزگانییەوە، وادەكات رووسیا پشتگیریی سەقامگیری كوردستان بكات، ئەم سەقامگیرییەش كاتێك بەردەوامی دەبێت كە رووسیا پشتگیری لە ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان بكات.
لەوانەیە هەندێك سەبارەت بە روانگە ئابوورییە بۆ سەربەخۆیی كوردستان، پرسیاری ئەوە بكەن ئایا ئەم خوێندنەوەیە پشت بە چ پلانێكی ستراتیژیی ئابووری، یان سەرچاوەیەكی زانیاری دەبەستێت، یاخود ئەمە تەنیا بۆ پێداهەڵدانە بە ئاكامی سەردانی شاندی كوردستان بۆ كۆڕبەندی ئابووریی سان پترسبۆرگ؟ لەوەڵامی ئەم پرسیارەدا دەڵێین: ئەوانەی بایەخ بەو دیراسەت و لێكۆڵینەوانە دەدەن كە لەساڵی 2016 تا ئێستا نووسراون سەبارەت بە كۆتاییهێنان بەكێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گێڕانەوەی ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەكە، هەموویان جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە پێویستە بۆ دووبارە رێكخستنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گێڕانەوەی ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەكە، پشت بە پەرەپێدانی ئابووری لە نێوان دەوڵەتانی ناوچەكە ببەستین و پەیوەندی سیاسیی نێوان دەوڵەتانی ناوچەكە بگۆڕدرێن بۆ پەیوەندی ئابووری و بارزگانی و وەبەرهێنان و پەرەپێدانی بەردەوام، بەڵام لەهەمانكاتدا دیراسەت و لێكۆڵینەوە تازەكان جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە پێویستە خۆیان لە دوو پرسی سەرەكی دووربخەنەوە كە بریتین لە:
1. نابێت بۆ رێكخستنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنیا پشت بە نەوت ببەسترێت، یان تەنیا وەبەرهێنانی وڵاتانی دەرەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنیا لەكەرتی نەوتدا بێت، بەڵكو دەبێت وەبەرهێنانێكی هەمەلایەنە بێت و بوارەكانی كشتوكاڵ و گەشتوگوزار و ئەندازیاریی بیناسازی و تەكەنەلۆژیاش بگرێتەوە.
2. دەبێت رێكخستنەوەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر بنەمای سەرچاوەی ماددی و مرۆیی ئەو دەوڵەتانە بێت و هەر لەسەر ئەم بنەمایەش ژێرخانی ئابووریی ئەو وڵاتانە رێكبخرێتەوە، نەك پەنا بۆ پلانێكی هاوشێوەی پلانی ماڕشاڵ ببرێت كە دوای تەواوبوونی جەنگی دووەمی جیهان ئەمریكا بۆ ئەوروپا و ژاپۆن پیادەی كرد.
ئەم ئاراستەیە ئەوەمان پێدەڵێت، كە هەنگاوەكانی ئایندە بۆ رێكخستنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر بنەمای دووبارە داڕشتنەوەی سیاسەت و ستراتیژیەتی ئابووری دەبێت و هەر لەسەر ئەم بنەمایەش پەیوەندییە سیاسییەكان بونیاد دەنرێتەوە.
حكومەتی كوردستان
وەرچەرخانی سیاسەتی ئابووری بۆ پەیوەندیی نێودەوڵەتی
لەو گۆڤارەی كە بۆ بیست و یەكەمین كۆڕبەندی ئابووریی سان پترسبورگ ئامادەكراوە، وتارێك بۆ ماركۆ كادیز، سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی وڵاتی سربیا بە ناونیشانی (ریفۆرم لەژێر ناوی بزنس) بڵاوكراوەتەوە، لەم وتارەدا ماركۆ كادیز بەوجۆرە باس لە سربیا دەكات كە توانیویانە لەمیانەی فەراهەمكردنی یاساو رێسای گونجاوەوە سەرنجی وەبەرهێنەرانی جیهان رابكێشن و گەورەترین وەبەرهێنان لەو وڵاتە دروست بكەن، ئەم هەنگاوەشی بەوە داناوە كە زەمینەی رەخساندووە بۆ ئەوەی ریفۆرمێكی گەورەی ئابووری لەو وڵاتە ئەنجام بدرێت و پێشكەوتنێكی گەورەی ئابووری بێتەئاراوە. لەبەرامبەردا ئەم پێشكەوتنە گەورەیەی ئابووری و پەرەپێدان لە وڵاتانی دیكەی ناوچەی بەلكان بەدی ناكرێت، بۆیە لەسەر بایەخ و گرنگیی وەبەرهێنان لە سربیا دەڵێت: «بوونی ئەو كۆمپانیا بیانییانەی لەناو سربیا كاردەكەن زۆر لە باڵیۆزەكانی سربیا باشترن بۆ ناساندنی وڵاتەكەمان لە جیهاندا.»
دیارە بایەخپێدانی گۆڤارەكەی كۆڕبەندی ئابووریی سان پترسبۆرگ بە سربیا وەك نموونەیەكی سەركەوتووی ئابووری لەناو ئەوروپادا، پیشاندانی نموونەیەكی سەركەوتووی ئابووریی رووسیایە لە گەشەپێدانی وڵاتانی دیكەدا، ئەمەش لەبەر ئەوەیە سربیا پەیوەندییەكی گەورەی بارزگانی و ئابووری لەگەڵ رووسیا هەیە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە لە سربیا كۆمپانیاكانی رۆژئاوا بوونیان نەبێت، بەڵكو وەك سەرۆكی ژووری بارزگانی و پیشەسازیی سربیا لە نووسینەكەیدا ئاماژەی پێكردووە: «ئەو هۆكارانە زۆرن كە وایانكردووە وڵاتێكی بچووكی وەك سربیا ببێتە دووڕیانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا، بەڵام هۆكاری سەرەكی بۆ بوونی بەم دووڕیانە ئەوەیە كە سربیا بۆتە ناوچەیەكی سەرنجڕاكێش بۆ بزنس و وەبەرهێنان.»
ئەگەر لێرەدا بەراوردێك لەنێوان كوردستان و سربیا بكەین، دەبینین كوردستانیش چەندین ساڵە لەمیانەی ئەو سیاسەتە ئابوورییەی حكومەتی كوردستان پیادەی دەكات، وەك وڵاتێكی بچكۆڵە بۆتە دووڕیانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا و فاكتەری سەرەكیش بۆ بوونی بەم دووڕیانە ئەوەیە كوردستان بۆتە ناوچەیەكی سەرنجڕاكێش بۆ بزنس و وەبەرهێنان و لەمەش زیاتر هەر ئەم دووڕیان و سەرنجڕاكێشییەی لەلایەن جیهانەوە بووە هۆكاری ئەوەی كاتێك تیرۆریستانی داعش هێرشیان كردە سەر كوردستان و سەرۆك بارزانی بڕیاری شەڕی مان و نەمانی داو بە ئیرادەی هێزی پێشمەرگە پێشڕەوی هێرشی تیرۆریستانی داعش راگیرا، لە هەمانكاتیشدا هەموو جیهان پێكەوە گوتیان: «كوردستان هێڵی سوورە و نابێت لێ بگەڕێین تیرۆریستانی داعش كاولی بكەن.» لەمەش زیاتر راستە تیرۆریستانی داعش لە حوزەیرانی 2014 موسڵیان داگیركرد و خەلافەتیان راگەیاند، بەڵام هەتا لە ئابی 2014 تیرۆریستانی داعش هێرشیان نەكردە سەر كوردستان، ئەمریكا بڕیاری نەدا هێرشی ئاسمانی بۆ سەر تیرۆریستانی داعش دەست پێبكات، هەر لەدوای ئەم بڕیارەش هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعش دروست بوو كە 68 دەوڵەت لەخۆی دەگرێت و هەموو دەوڵەتانی ئەندامی ئەو هاوپەیمانیەتییەش پشتگیریی كوردستان و هاوكاری پێشمەرگە دەكەن.
بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لە ساڵی 2002 لەمیانەی وتارێكیدا كە لە (مەڵبەندی مستەفا بارزانی بۆ ئاشتی) و لە كۆنفرانسی (كورد كلیلی سەقامگیریی عێراقە) پێشكەشی كرد، سەبارەت بە ئایندەی عێراقی دوای رژێمی سەدام حوسێن ئاماژەی بەوە كرد كە كوردستان وڵاتێكە خاوەنی سەرچاوەی پەتڕۆڵ و ئاو و چەندین سەرچاوەی سرووشتی دیكەیە، ئێمە پێشتر بە پەتڕۆڵەكەی خۆمان سووتێنراوین، بۆیە ترسمان هەیە لە داهاتووشدا ئەمە دووبارە ببێتەوە، ئەم پێشبینییەی سەرۆكی حكومەتی كوردستان لە سەرەتای 2014 جارێكی دیكە هاتەدی و نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق، بودجە و مووچەی كوردستانی بڕی، ئەمەش لە پێناوی ئەوە بوو كە حكومەتی كوردستان بڕووخێنێت، بەڵام ئیرادەی حكومەت و خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان وایكرد، ئەو پیلانەی حكومەتی عێراق سەرنەگرێت، لەگەڵ ئەوەشی كە كوردستان دوای ئەم بودجە و مووچە بڕینە رووبەڕووی شەڕێكی سەپێندراویش بووەوە لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە، هەروەها نزیكەی دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەریش روویانكردە كوردستان، لەسەرووی هەموو ئەمانەشەوە نرخی نەوت زۆر بەخێرایی دابەزی و لەمەش زیاتر حكومەتی كوردستان نەیدەتوانی وەك پێویست نەوتەكەی خۆیشی بفرۆشێت، بەڵام حكومەتی كوردستان توانی لەناو ئەم بارودۆخەدا، ئیدارەی ئەو دۆخە ئابوورییە قورسە و ئیدارەی بەرەكانی شەڕ بە درێژایی 1300 كیلۆمەتر و ئیدارەی ئەو دوو ملیۆن ئاوارەیەش بدات كە روویان كردبووە كوردستان. ئەوەشی بووە هۆكاری سەرەكی بۆ ئەوەی حكومەتی كوردستان بتوانێت ئەم شەڕە هەمەلایەنە ئابووری و سەربازییە بباتەوە، دوای خۆڕاگریی خەڵك و قارەمانیەتی هێزی پێشمەرگە، ئەو متمانە گەورەیە بوو كە حكومەتی كوردستان لەسەر ئاستی جیهان دروستی كردبوو، راستە حكومەتی كوردستان نەیدەتوانی وەك دەوڵەتێكی خاوەن سەروەریی بەفەرمی قەرزی نێودەوڵەتی وەربگرێت، بەڵام بوونی ئەو هەموو كۆمپانیایە لە كوردستان بوونە هۆكاری ئەوەی قەرزێكی گەورە بدەنە حكومەت و ئەو قەیرانە سەختە تێپەڕێنن و سەقامگیرییەكی ئابووری لەسەر بنەمای ریفۆرمی دارایی بۆ كوردستان دووبارە بگێڕێتەوە.
لەسەر ئاستی جیهان ساڵی 2017 بە ساڵی جۆرێك لە گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ ئابووریی جیهان لەدوای هەڵاوسانە گەورەكەی 2008 دادەنرێت، بەڵام بۆ كوردستان ساڵی 2007 بە ساڵی وەرچەرخان لە سەقامگیری ئابووری بۆ گەشە و پەرەپێدانی بەردەوام لە قەڵەم دەدرێت. پاش ئەوەی حكومەتی بەغدا لەساڵی 2014 بودجە و مووچەی كوردستانی بڕی، ئەم سێ ساڵەی رابردوو راستە سێ ساڵی سەخت بوو بۆ حكومەت و خەڵكی كوردستان، بەڵام ئەزموونێكی گەورەی دیكە بوو بۆ متمانەی حكومەتی كوردستان لەسەر ئاستی ناوچەكە و جیهان و ئێستا دەوڵەتانی جیهان و كۆمپانیا گەورەكان لەسەر بنەمای سیاسەتی ئابووری و متمانەی حكومەتی كوردستان، دێنە وڵاتمان و دووبارە دەست بە وەبەرهێنان دەكەنەوە. باشترین بەڵگەش لەسەر هەنگاوهەڵگرتن بۆ گەشە و پەرەپێدانی بەردەوام لەكوردستان، ئەو گرێبەستەیە كە بە چاودێریی سەرۆكی حكومەتی كوردستان لە نێوان وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان و كۆمپانیای رۆزنەفتی رووسیا كراوە، ئەم كۆمپانیایە بۆ رووسیا هاوشێوەی كۆمپانیای ئێكسۆن مۆبیلە بۆ ئەمریكا، سەرۆكی جێبەجێكاری ئەم كۆمپانیایە كە ناوی ئیگۆر سیشینە یەكێكە لە دۆستە متمانەپێكراوەكانی سەرۆك فلادمێر پۆتین، ئەمەش مانای ئەوەیە پێگەی ئیگۆر سیشین لای سەرۆك و ئیدارەی رووسیا، هاوشێوەی پێگەی ریكس تیلێرسۆنە، ئەو كاتەی سەرۆكی ئێسكۆن مۆبیل بووە لای سەرۆك و ئیدارەی ئەمریكا. هەروەها چۆن گرێبەستی كوردستان لەگەڵ ئێكسۆن مۆبیل وەرچەرخانی گەورەی لەسیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر كوردستان دروستكرد و كۆتایی بەسیاسەتی (یەك عێراق) ی لە سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر بە عێراق هێنا، بەهەمان شێوە، ئەم گرێبەستەی نێوان كوردستان و كۆمپانیای رۆزنەفت كۆتایی بە سیاسەتی (یەك عێراق) لە سیاسەتی رووسیا بەرامبەر بە عێراق دەهێنێت.
كێشە و گرفتی سەرەكیی تێڕوانین و سیاسەتی رووسیا لەگەڵ سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەو خاڵەوە سەرچاوەی گرتووە كە رووسیا نایەوێت ئەمریكا و ناتۆ بە رێگەی دەستتێوەردانی سەربازی رژێمەكان لەژێر ناوی دیكتاتۆریدا بڕووخێنن، بۆیە لەم روانگەیەوە رووسیا پشتگیری لەمانەوەی رژێمی بەشار ئەسەد دەكات، بەڵام بە دیوەكەی دیكەیدا تێڕوانین و سیاسەتی رووسیا لەگەڵ سیاسەتی ئەمریكا نەك هەر لەسەر جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵكو لەسەر ئاستی سووریاش لەو خاڵەدا یەكدەگرێتەوە بەوەی رووسیا ناخوازێت جێگرەوەی خەلافەتی ئیسلامی داعش، سیستمی ویلایەتی فەقی بێت بە هاوشێوەی ئێران لەناوچەكەدا، بۆیە لەم بازنەیەدا و سەبارەت بە كوردستان وەك كیانێك كە ئێستا بەرەو دەوڵەتێكی سەربەخۆ هەنگاو هەڵدەگرێت، تێڕوانین و سیاسەتی رووسیا لەگەڵ تێڕوانین و سیاسەتی ئەمریكا و رۆژئاوا هاودژی دروست ناكات و لەو خاڵەدا یەكدەگرنەوە كە دەوڵەتی كوردستان خزمەتێكی گەورە بە ئاشتی و تەناهیی ناوچەكە دەكات و دەبێتە وێستگەی یەكەم بۆ دووبارە رێكخستنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، دیارە كوردستان تەنیا وڵات نییە لە ناوچەكەدا كە سیاسەتی رووسیا و ئەمریكا تیایدا یەكدەگرێتەوە، بەڵكو ئوردن و ئیسڕائیل و سعودیە و تەنانەت میسریش ئەو دەوڵەتانەن كە بە هاوشێوەی كوردستان خۆیان بە هاوپەیمانی ئەمریكا دەزانن و پەیوەندییەكی زۆر پتەویشیان لەگەڵ رووسیا هەیە.
دیارە دروستبوونی پەیوەندیی ئابووری و بارزگانی لەگەڵ رووسیا، دەروازەیەكی گرنگە بۆ پەیوەندیی سیاسی و دیپلۆماتی لە نێوان هەولێر و موسكۆ، بەمەش وەرچەرخانێكی گرنگ لە پێگەی كوردستان لەناو دەوڵەتانی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش دروست دەبێت، بەتایبەتی كە ئێستا هەر یەكە لە وڵاتانی (ئەمریكا، بەریتانیا و فەڕەنسا) پەیوەندییەكی زۆر باشیان لەگەڵ كوردستان هەیە و هەڵوێستی خۆیان راگەیاندووە لەوەی كە دژی سەربەخۆیی كوردستان نابن، لەبەشداریی ئەمجارەی شاندی كوردستانیش لە كۆڕبەندی ئابووریی سان پترسبۆرگ، راشكاوانە ئەوەمان لە ئاستی پێشوازی سەرۆك فلادمیر پۆتین و سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا لە سەرۆكی حكومەتی كوردستان دەخاتەبەر چاو كە، ئاستی پێشوازییەكە و بەخێرهاتنەكەی سەرۆك پۆتین پێی گوتین رووسیاش دژی سەربەخۆیی كوردستان نابێت، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەگەر ئەنجومەنی ئاسایش كۆبوونەوەیەك گرێبدات بۆ قسەكردن لەسەر سەربەخۆیی كوردستان، ئەوا چوار دەنگی هەمیشەیی بە مسۆگەری ڤیتۆ دژی سەربەخۆیی كوردستان بەكار ناهێنن و دەمێنێتەوە چین، كە ئەویش جێگەی مەترسی نییە، لەبەر ئەوەی هەڵوێستی چین لە خراپترین حاڵەتەدا ئەوە دەبێت كە بێدەنگ دەبێت و دەنگ نادات، واتە سرووشتی سیاسەتی چین بەو شێوەیە هەرگیز پەنا بۆ ڤیتۆ نابات، تەنانەت ئەگەر پرسەكە پەیوەندی بە سەربەخۆیی تایوانیشەوە هەبێت.
لە سەقامگیری ئابوورییەوە بۆ گەشەی ئابووری و پەرەپێدانی بەردەوام
كاتێك سەرۆكی حكومەتی كوردستان پێمان دەڵێت، سەرەتای كۆتاییهاتنی قەیرانی ئابووری لەكوردستان خەریكە دەردەكەوێت و خۆی ئامادەبوونی دەبێت لەكردنەوەی پرۆژەكانی وەبەرهێنان و تەرخانكردنی بودجە بۆ تەواوكردنی ئەو پرۆژانەی تەواو نەكراون، ئەمە مانای ئەوەیە سەرۆكی حكومەت بڕیاری داوە وەرچەرخانێك لەسیاسەتی ئابووریی كوردستان دروست بكات و وەرچەرخانێك لە سەقامگیری ئابوورییەوە بۆ گەشەی ئابووری و پەرەپێدانی بەردەوام دروست بكاتەوە.
لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا، حكومەتی هەرێمی كوردستان رێوشوێنی زۆر گرنگ و سەختی گرتەبەر بۆ ئەوەی سەرلەنوێ ستراتیژیەتێك دابڕێژێتەوە بۆ ئەوەی ئەو ئیرادەیە دروست ببێت كە توانای ئەم وەرچەرخانەی هەبێت.
حكومەتی هەرێمی كوردستان لۆژیكانە پەی بەو راستییە بردووە كە بە تەنیا یەك فاكتەر، یان یەك شێوازی ریفۆرم نابێتە بزووێنەری گەشەی ئابووری لە وڵاتدا، بەڵكو ئەم ئەركە پێویستی بە هەیكەلێكی سەرتاسەری ریفۆرم لە هەموو بوار و سێكتەرە جیاوازەكانی كەرتی گشتی و تایبەت هەیە بۆ ئەوەی ئەم ریفۆرمە سەرتاسەرییە بە ئاستێك كاریگەری هەبێت كە سەرلەنوێ سیاسەتی ئابووری بە شێوەیەكی تازە بەگەڕ بخاتەوە، ئەوەی تائێستا لەبەر چاون، حكومەتی كوردستان هەوڵیداوە كە ئەم هەنگاوانە هەڵبگرێت:
1. حكومەت هەوڵیداوە سیاسەتێكی هەماهەنگ و پێكەوە گرێدراوی ئەوتۆ پیادە بكات كە لەهەموو بوارەكاندا خەرجی كەم بكاتەوە و سەرچاوەی داهات زیاد بكات.
2. ئاكامی ئەم سیاسەتە بۆتە هۆكاری ئەوەی جۆرێك لە سەقامگیری لە ئابووریی سەرەكیدا (Macroeconomic stability) دروست بكات، ئەم سەقامگیرییە راستە لەسەر بنەمای پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران هاتۆتەئاراوە، بەڵام ئەم سەقامگیرییە دەبێتە سەرچاوەی جووڵەی ئابووری و وەرچەخان لە هەموو سێكتەرەكانی دیكە بە دەستكاریكردنی مووچەی فەرمانبەرانیشەوە.
3. حكومەت هەوڵیدا دووبارە رۆڵێكی گرنگ بۆ بانكەكان بگێڕێتەوە، ئەمەش لە پێناوی ئەوەی بانكەكان لەم وەرچەخانەدا ببنە نموونەی ئەو گەشە ئابوورییە نوێیەی كە زامنی ئەوە دەكات رێژەی هەڵاوسانی ئابووری لە ئاستێكی كەمدا بێت و رێگر بێت لەوەی هەڵاوسانی بە ئاستێك بەرز ببێتەوە كە مەترسی لەسەر كۆمەڵگە دروست بكات.
4. لەمیانەی ئەم بەرنامەیەی حكومەت جێبەجێی دەكات، ئەوەی لێدەخوێندرێتەوە كە لە ماوەی 3-5 ساڵی داهاتوو، گەشەی ئابووریی كوردستان زۆر جیاواز دەبێت لە ساڵانی 2014- 2017، ئەمەش لەبەر ئەوەیە حكومەتی كوردستان توانیویەتی جێگرەوەیەكی جێگیر بۆ پشكی كوردستان لە بودجەی عێراق دروست بكات، راستە ئەو جێگرەوەیە زۆر كەمترە لەو بودجەی كە هەتا ساڵی 2014 دەهاتە كوردستان، بەڵام جێگری داهات وەك ئابووریی سەربەخۆ زەمینەیەكی لەبار بۆ گەشەیەكی ئابووریی تەندروست دروست دەكات.
5. بەرنامەی ریفۆرمی حكومەت لە سێ ساڵی رابردوودا هەنگاوی بۆ ئەوە هەڵگرتووە، بێجگە لەكەرتی نەوت و گاز، بیر لە سەرچاوەی دیكەی داهات بكاتەوە، وەك كشتوكاڵ، گەشتیاری و ئەو بزنسانەی پەیوەندی بە كەرتی گەشتوگوزارەوە هەیە، زەمینە رەخساندن بۆ دەستپێشخەری لە بوارەكانی پرۆژەی بچووك و مامناوەندی بۆ هەموو ئەمانەش هەنگاوی بۆ ریفۆرمی هەیكەلی دامەزراوەكان هەڵگرتووە.
6. حكومەتی كوردستان هەوڵیداوە سیاسەتی دارایی كوردستان بگۆڕێت بۆ سیاسەتێكی متمانەپێكراو، ئەم سیاسەتە متمانەپێكراوە كە لە سەرەتای ساڵی 2017وە خەڵك هەستی پێدەكات، توانای ئەوەیە پارە پۆ پرۆژەكان تەرخان بكات، ئەمەش جووڵەیەكی گرنگی لە بازاڕەكاندا دروستكردووە هەرچەندە جووڵەكە لە ئاستی خواست و ئاواتی هاووڵاتیانیش نییە.
7. حكومەتی كوردستان قەناعەتی راستەقینەی خۆی لەخەڵك نەشاردۆتەوەو بە ئاشكرا رایگەیاندووە كە هەوڵەكان بۆ گەشەی ئابووری لەسەر بنەمای سەرچاوەی داهات و توانای مرۆیی بەردەست سنووردارە. راستە لە كوردستاندا رێژەی بێكاری بەو ئاستە بەرز نییە، بەڵام رێژەی بێكاری رووپۆشكراو (البطالة المقنعة) زۆر زۆر بەرزە كە دەكرێت بڵێین رێژەی 25%ی دانیشتووانی كوردستان دەگرێتەوە، ئەم بێكارییە رۆپۆشكراوە كە لەناو مووچەخۆرانی كوردستاندا هەیە، بە نزیكەی یەك ملیۆن و 400 هەزار كەس پێش ئەنجامدانی سیستمی بایۆمەتری لەقەڵەمدراوە، بەڵام سیستمی بایۆمەتری نەیتوانیوە ئەم ریژەیە لانیكەم بۆ خوار یەك ملیۆن كەم بكاتەوە، بۆیە دەكرێت بڵێین حكومەت لە چارەسەركردنی بێكاریی رووپۆشكراو سەركەوتوو نەبووە و دەبێت رێگەیەكی دیكە بگرێتەبەر، بۆ ئەمەش پێویستی بەوەیە ئەدای حكومەت چالاكتر بكات و پشتگیريی كەرتی تایبەت بكات، ئەم پشتگیرییەش گرنگە هەمە لایەن بێت و هەموو لایەنەكانی كەرتی تایبەت بگرێتەوە، وەك بەرهەمهێنانی زیاتر، وەبەرهێنانی زیاتر، دەستكردن بە پشتگیريكردنی پرۆژەی بچووك و مامناوەندی و بایەخدان بە دەستپێشخەری هاووڵاتیان لەبواری دۆزینەوەی كاردا.
ئەم خاڵانەی ئاماژەمان پێكردن، بێجگە لەو خاڵەی ئاماژەمان بە (بێكاریی رووپۆشكراو) كرد، حكومەت لە بوارەكانی دیكەدا توانیویەتی سەركەوتن بەمانای رێكخستنەوەی ژێرخانی ئابووریي كوردستان بەدەست بهێنێت، ئەم ژێرخانەش ئامادەبێت وەك فاكتەرێكی سەرەكی بۆ گەشەیەكی ئابووری و پەرەپێدانی بەردەوام لە كوردستاندا، دروستبوونی فاكتەری گەشەی ئابووری بۆ چارەسەركردنی ئابووری رووپۆشكراو لەكوردستاندا زۆر گرنگە، بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە حكومەتی كوردستان لە كاتێكدا لە هەوڵی ئەوەدایە ریفۆرمێكی سەرتاسەری و هەیكەلی لە دامەزراوەكانی حكومەتدا ئەنجامبدات بۆ ئەوەی خوێنێك بەبەری ئەدای حكومەتدا بكاتەوە، ئەوا لەهەمانكاتدا پێویستی بەوەشە ریفۆرمێكی سەرتاسەری و هەیكەلی لە سیاسەتی كەرتی تایبەتدا بكات، بۆ ئەوەی دامەزراوەكانی كەرتی تایبەتیش بە لێهاتووییەكی زیاتر كاربكەن و متمانە لە نێوان خەڵك و كەرتی تایبەت دروست ببێتەوە.
ئەوەی لێرەدا گرنگە جەختی لەسەر بكەینەوە ئەوەیە كە شەوەزەنگی قەیرانی ئابووری كوردستان بەرەو ئاسۆیەكی رووناك هەنگاو هەڵدەگرێت، راستە لە ئایندەیەكی زۆر نزیكدا ناتوانرێت پێشبینی ئەوە بكرێت كە بارودۆخی كوردستان وەك ساڵانی پێش 2014ی لێبێتەوە، بەڵام نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت سیاسەتی ئابووری كوردستان بەرەو سیاسەتێكی سەربەخۆ و دوور لە ترس و گوشاری بەغدا هەنگاو هەڵدەگرێت، راستە ئێستا ئەم سیاسەتە لەسەرەتادایە، بەڵام لەماوەی 3-5 ساڵی داهاتوو ئاكامەكەی دەبینین كە هەموو شتێك وەرچەرخانی بە ئاستێك بەسەردا هاتووە بۆ ئێستا جێی مەزندەكردن نییە.