تێگەیشن لە گوتاری سەربەخۆیی لە فیكری سەرۆكی كوردستاندا .... هەڵسەنگاندنی ئەركە جیاوازەكانی ئەو گوتارە لە مێژووی ئێستادا
May 31, 2017
راپۆرتەکان
گوتاری سەرۆكی كوردستان، مەزندەیەكی ئایدیۆلۆژی نییە بۆ پاكانەكردن بۆ بیروبۆچوونێكی دیاریكراو، تەنیا قسەیەك نییە بۆ رازیكردنی خەڵك و جەماوەرەكەی، بەڵكو گوتاری بارزانی، مەفهوومێكە بۆ كۆتاییهاتن بە پاشكۆیەتی و چارەسەركردنی یەكجارەكی پرسی كورد لە عێراق و ناوچەكەدا.
ئەركی سەرەكی گوتاری سەربەخۆیی، خوڵقاندن و راهێنانی جیهانە لەسەر چەمكێكی تازەی سیاسی كە وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ چارەسەركردنی كێشە ئاڵۆزەكان پێشكەشی دەكات، ئەویش دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانە و گێڕانەوەی ئاشتی و سەقامگیرییە بۆ عێراق و تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەم گوتارە لەناو فەزای بیری نەتەوەییدا هەڵسەنگاندنی بۆ دەكرێت و بەهاكانی لە ویژدانی هەر تاكێكی كوردستاندا بەرجەستە دەبێت، هەر بۆیە كاتێك بۆ دژایەتی سەربەخۆیی و ئەنجامدانی ریفراندۆم، لە ناو فەزای ئایدیۆلۆژیەتی حزبیدا رەخنەی لێدەگیرێت، ئەوا ئەم رەخنانە بێجگە لە دەنێگی ترسنۆكانەی شەرمن هیچ ئاسەوارێكی دیكە لەناو رای گشتیدا بەجێ ناهێڵێت.»
یەكپارچەیی عێراق تەنیا لە خەیاڵی
نووسەری لۆكال و وەكیلەكانی ئێراندا بوونی هەیە
ئەگەر گەڕانێك بەناو گوگڵدا بكەین بەدوای چارەنووسی عێراقی دوای داعش – -Iraq after ISIS و هەموو هۆیەكانی راگەیاندنی ناو تۆڕەكانی ئەنتەرنێت شەن و كەو بكەین، ئەوكات راستییەكەمان دێتەبەرچاو كە بێجگە لە نووسەری لۆكاڵ و بێئاگا لەسەر ئاستی كوردستان و سیاسەتمەداری وەكیلی ئێران لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق، هیچ پسپۆڕێك، یان بیرمەندێكی سیاسی، تەنانەت دیپلۆمات و بڕیارسازانیش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، چارەنووسی عێراق و كوردستان پێكەوە گرێ نادەنەوە، لەمەش زیاتر ئێستا لە سیاسەتی نێودەوڵەتی بەگشتی و ستراتیژیەتی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعش و لە سەرووی هەمووشیانەوە ئەمریكا، عێراق وەك دەوڵەت تەنیا ئاماژەیە بۆ عێراقی عەرەبی و پرۆسە سیاسییەكەشی تەنیا بریتییە لە رێكخستنەوەی پەیوەندیی نێوان عەرەبی شیعەو سوننە و چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ هێزەكانی حەشدی شەعبی، بەوەی ئایا ئەم هێزانە لەژێر فەرمانی سەرۆك وەزیرانی عێراقن، وەك فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، یاخود پاشكۆی ئێرانن و بە وەكالەتی ئێران خۆیان دەخزێننە ناو دامەزراوەكانی دەوڵەتی عێراقەوە.
لە سەروبەندی كۆتاییهاتنی شەڕی دژی داعش و لە 28ی نیسانی 2017 هەردوو ئامۆژگای بەناوبانگی ئەمریكی (ئەمریكان ئەنتەر پرایس و برۆكینگز) دوو نێردراویان ناردووە بۆ عێراق بۆ ئەوەی دیراسەتێك لەسەر عێراقی دوای داعش ئامادە بكەن، لە 5ی ئایاری 2017 هەردوو نێردراوی ئەو دوو ئامۆژگا بەناوبانگە (كینس پۆلاك و دانیال پلیتیكا) راپۆرتی خۆیان بە ناونیشانی «نێردراومان بۆ عێراق: شەڕی دژی داعش و ئابوورییەكی كێشەئامێز و پرۆسەیەكی نادیاری سیاسی»ئامادە كردووە، كە ئەم راپۆرتە لە (3372) وشە پێكهاتووە بە تەنیا یەك وشەش ناوی (كوردو كوردستان)ی تێدا بەكار نەهاتووە و بەهیچ شێوەیەك لە پێشنیاریان بۆ رێكخستنەوەی پرۆسەی سیاسی لە عێراقی دوای داعش، باس لەوە نەكراوە كە كوردستان بەشێك دەبێت لە پرۆسەی سیاسی لە عێراقی دوای داعشدا.
هەمان توێژەر (كینس پۆلاك) لەسەرەتای ساڵی 2016وە، لەلایەن ئامۆژگای ئەتڵەنتیكەوە راسپێردرا كە راپۆرتێك بۆ تاسكفۆرسی ئایندەی عێراق لە سیاسەتی ئیدارەی داهاتووی ئەمریكا (كۆماری یان دیموكراتی) ئامادەبكات، لە 29ی ئەیلوولی 2016 بە نزیكەی 40 رۆژ پێش ئەوەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە نۆڤێمبەری 2016 ئەنجامبدرێت، راپۆرتەكەی بەناونیشانی «عێراق و سیاسەتی پێشنیاركراو بۆ ئیدارەی داهاتووی ئەمریكا Iraq and a policy proposal for the next administration» بڵاوكراوەتەوە، ئەم راپۆرتەش كە زیاتر لە (3400) وشەیە، بە تەنیا یەك وشەش نەك هەر كوردستان و عێراقی لەچوارچێوەی یەك پرۆسەی سیاسیدا كۆنەكردۆتەوە، بەڵكو راسپاردە و رێنمایی دەداتە ئیدارەی داهاتووی ئەمریكا (كۆماری بێت، یان دیموكراتی) بەوەی بەرژەوەندیی ئەمریكا لەوەدایە ناوبژیوان بێت لە نێوان كوردستان و عێراقدا بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی ئاشتییانە كوردستان سەربەخۆ بێت و لە عێراق جیاببێتەوە.
هەر لە ساڵی 2016 بە بۆنەی تێپەڕبوونی 100 ساڵ بەسەر رێككەوتنی سایكس پیكۆ، ئامۆژگای واشنتۆن بۆ دیراسەتی رۆژهەڵاتی نزیك، هەموو توێژەرە شارەزاو باڵاكانی خۆی لەو ئامۆژگایە راسپاردووە كە بە بۆنەی 100ساڵەی سایكس پیكۆەوە، كتێبێك ئامادەبكەن بۆ هەڵسەنگاندنی هەموو لایەنە نەرێنییەكانی ئەو رێككەوتننامە شوومە لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەم كتێبەدا كە لە سەرەتای ساڵی 2017 لەلایەن ئامۆژگای ناوبراو بڵاوكرایەوە، لەو بەشەی كە تایبەتە بە عێراق و كوردستان، جەختی لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە باشترین رێگە بۆ بەرژەوەندیی ئەمریكا ئەوەیە كوردستان لە عێراق جیابكرێتەوە و كوردستان ببێتە دەوڵەتێكی سەربەخۆ و ئەمریكا خۆی بێتە ناو پرۆسەی دانوستاندنی نێوان كوردستان و عێراق بۆ چارەسەركردنی كێشەی خاك و لە سەرووی هەمووشیانەوە پرسی گەڕانەوەی كەركووك بۆ سەر هەرێمی كوردستان.
لە راپۆرتێكی دیكەی هەمەلایەنە كە ئەویش هەر ئامۆژگای ئەتڵەتنتیك وەك تاسكفۆرسێك، لەژێر چاودێری مادلین ئۆلبرایت وەزیری دەرەوە لە ئیدارەی كلینتۆن و ستیڤن هادلی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی لە ئیدارەی جۆج دەبلیو بۆش، بۆ سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامادەكراوە، دیسان «كوردستانی عێراق» لە بەشێكی تایبەتیی ئەو راپۆرتە باسكراوە، لەم راپۆرتەدا سیستمی سیاسیی كوردستان و عێراق، وەك دوو سیستمی جیاواز ئاماژەی پێكراوە و لەسەر پرسی چارەسەركردنی كێشەی خاك و «ناوچە كێشە لەسەرەكان»، راسپاردەی ئەوەی داوە كە ئەو كێشانە بە دیالۆگ چارەسەر بكرێن، ئەوجا سەربەخۆیی كوردستان رابگەیەندرێت، ئەم راپۆرتەش بە راپۆرتی (ئۆلبرایت- هادلی) ناسراوەو كاتی بڵاوبوونەوەی لەلایەن دۆستانی كورد لە ئەمریكا و لەسەر ئاستی ناوخۆش هەندێك رەخنەی لێگیرا، بەوەی دەبوو پرسی سەربەخۆیی كوردستان گرێ نەداتەوە بە كێشەی خاك و «ناوچە جێ ناكۆكەكان» لەنێوان كوردستان و عێراقدا، لەبەر ئەوەی كێشەی خاك و ناوچە جێ ناكۆكەكان وەك بەرەنجامی شەڕی دژی داعش لەنێوان كوردستان و عێراق كۆتایی هاتووە.
لەسەر ئیدارەی ئۆباما كە بەو ئیدارەیە ناسراوە زۆر جەختی لەسەر یەكپارچەیی عێراق دەكردەوە و پابەند بوو بە (سیاسەتی یەك عێراق) لە سیاسەتی ئەمریكادا بەرامبەر بەعێراق، دوای ئەوەی داعش لە حوزەیرانی 2014 موسڵی داگیركردو خەلافەتی ئیسلامی راگەیاند، بە رادەیەك دووچاری شڵەژانێكی ئەوتۆ بوو كە نەیدەتوانی هیچ بڕیارێك بەرامبەر شەڕی دژی داعش لە عێراق بدات، سەبارەت بەم بارودۆخەی ناو كۆشكی سپی لە ئیدارەی ئۆبامادا، فلیپ گۆردن كە ئەو كات بەرپرسی سیاسەتی سووریا بووە لە كۆشكی سپی، لە دیمانەیەكدا كە سایتی (ئامۆژگای پەیوەندییەكانی دەرەوە) لە ساڵی 2016 بڵاوی كردووەتەوە، راشكاوانە ئاماژەی بەوە كردووە كە سەرهەڵدانی داعش دەرهاویشتەی سیاسەتە هەڵەكانی نوری مالیكی و شەڕی نێوان شیعەو سوننە بووە، بۆیە ئیدارەی ئۆباما وەك شەڕی تیرۆریستان و حكومەتێكی دیموكراتی سەیری نەكردووەو نەیوستووە ببێتە بەشێك لەو شەڕەی كە ئەمریكا هیچ پەیوەندیەكی پێوەی نییە، بەڵام كاتێك داعش لە ئابی 2014 هێرشی كردە سەر كوردستان، هەر ئیدارەی ئۆباما بوو رایگەیاند كوردستان هێڵی سوورە و ناكرێت تیرۆریستانی داعش هێرش بكەنە سەر كوردستان و ئەمریكا نەتوانێت هیچ بریارێك بدات. بڕیاری بەشداربوونی ئیدارەی ئۆباما لە شەڕی دژی داعش لە 11ی ئابی 2014 هێندە قورس بوو، كە تۆماس فریدمان راشكاوانە بە سەرۆك ئۆباما دەڵێت: «هەتا ئەم بڕیارەت دا، سەرت نیوەی سپی بوو، كە دڵنیام نیوەكەی دیكەشی هەوادارانی تی پارتی لە هەڵبژاردنی داهاتوو سپی دەكەن.» ئەم بڕیارەی ئیدارەی ئۆباما لە كۆتایی ساڵی 2014 راگەیاندنی كۆتایی و مردنی سیاسەتی (یەك عێراق) بوو لە سیاسەتی ئەمریكادا بەرامبەر بە عێراق، هەر بۆیە دوای ئەم بڕیارەی ئیدارەی ئۆباما هاوكاری هێرشی ئاسمانی بۆ پێشمەرگە و پاشان هاوكاری چەك و لۆجیستی بۆ هێزی پێشمەرگە دابین كراو، لە سەرەتای ساڵی 2015 لەناو كۆنگرێسدا، لیژنەی ئاسایش و بەرگری، پڕۆژە یاسایەكی گەڵاڵە كرد، بەوەی دەبێت ئیدارەی ئۆباما راستەخۆ مامەڵە لەگەڵ كوردستان بكات و راستەوخۆ چەك بداتە پێشمەرگە، ئەم پڕۆژە یاسایەی كۆنگرێس لەگەڵ ئەوەی لەبەر هەمواركردنەوەی چەند بڕگەیەكی دەنگدان لەسەری دواخرا، بەڵام پرسەكە وەك خۆی مابۆوە هەتا سەردانی سەرۆكی كوردستان و شاندی یاوەری بۆ ئەمریكا، لەم سەردانەیدا سەرۆك ئۆباما لەناو كۆشكی سپی بە شەخسی داوای لە سەرۆك بارزانی كردبوو كە رازی بێت بە رێگەی بەغدا چەكەكان بگاتە كوردستان، لە وەڵامدا سەرۆك بارزانی بە ئۆبامای راگەیاندبوو، گرنگ ئەوەیە چەكەكان وەك خۆی بگاتە دەستی هێزی پێشمەرگە، لەبەر ئەوەی پێشمەرگە زۆر پێویستی بە چەكە، بۆیە گرنگ نییە راستەوخۆ بێت، یان لە رێگەی بەغداوە بێت. سەبارەت بەم وەڵامەی سەرۆك بارزانی، مایكل نایتس گەورە توێژەری ئاسایش و بەرگری لە ئامۆژگای واشنتۆن بۆ دیراسەتی رۆژهەڵاتی نزیك لە وتارێكیدا بەناونیشانی «سەركەوتنێكی گەورەی كورد لە كۆشكی سپیدا- A Big Win for Kurds at the White House» كە رۆژی 15ی ئایاری 2015 لە وێبسایستی ئامۆژگای ناوبراودا بڵاوی كردۆتەوە، راشكاوانە ئاماژەی بە وەڵامەكەی سەرۆكی كوردستان بۆ سەرۆك ئۆباما كردووە، چۆن بەم هەڵوێستەی توانی ئیدارەی ئۆباما لە ئیحراجییەكی گەورە رزگار بكات و هەروەها چەكەكانیشی بۆ پێشمەرگە مسۆگەر كرد.
سەرۆكی كوردستان هەر لەو سەردانەیدا بۆ كۆشكی سپی، لەگەڵ سەرۆك ئۆباما و تەواوی ئیدارەی ئەمریكی بە راشكاوی باسی پرسی سەربەخۆیی كوردستانی كرد، ئەمەش یەكەمین جار بووە لە مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی كوردستاندا ئیدارەی ئەمریكا بە راشكاوانە بە شاندی كوردستان بڵێت، ئێمە دژی سەربەخۆیی كوردستان نین، بەڵام ئەم پرسە بكەنە پرۆسەیەك و هەوڵبدەن بەشێوەیەكی ئاشتییانە لەگەڵ عێراق جیاببنەوە. ئەمەش ئاماژەیەكی روون و ئاشكرایە كە لە ئیدارەی ئۆباماوە، سیاسەتی (یەك عێراق) لە سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر عێراق كۆتایی هاتووە و باشترین بەڵگەش لەسەر كۆتاییهاتنی ئەم سیاسەتە، ئیمزاكردنی لێكتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان و وەزارەتی بەرگری ئەمریكایە بە ئاگاداری و رەزامەندی حكومەتی بەغدا، ئەمەش مانای ئەوەیە پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان بە ناوبژیوانیی ئەمریكا بە شێوەی دانوستاندن لەگەڵ حكومەتی عێراق دەستی پێكردووە، حكومەتی بەغداش خۆی باش دەزانێت كە پرسی سەربەخۆیی كوردستان یەكلایی بۆتەوە، بەڵام لەبەر گوشاری وەكیلەكانی ئێران لەناو پرۆسەی سیاسیی عێراقدا و نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكانی پارێزگاكانی عێراق، پرسەكە پێویستی بەوەیە كە بۆ ئیستهلاكی ناوخۆیی سیاسەتی عێراقی وا پیشانبدرێت كە حكومەتی بەغدا دژی سەربەخۆیی و جیابوونەوەی كوردستانە لە عێراق.
هیچ دەسەڵاتێكی سنووردای
دەوڵەتی فیدڕاڵی عێراق و كوردستان پێكەوە كۆناكاتەوە
كاتێك لە گوتاری سەرۆكی كوردستان بۆ سەربەخۆیی جەخت لەسەر ئەوە دەكرێتەوە كە بە شێوەیەكی ئاشتییانە لەگەڵ حكومەتی عێراقدا ئەم پرسە یەكلایی بكرێتەوە، زۆر لەوانەی كە بە وەكیلی ئێران دژایەتی پرسی سەربەخۆیی كوردستان دەكەن، ئەو پرسیارە دەكەن، ئەگەر بەغدا ئامادە نەبوو لەسەر پرسی سەربەخۆیی لەگەڵ كوردستان دانوستاندن بكات، ئایا لە پێناوی چی ريفراندۆم ئەنجام دەدەین؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە رووكار ماقووڵ و ناوەرۆك بەتاڵە، دەڵێن، ئەگەر پرسیارەكە پێچەوانە بكەینەوە و لەخۆمان بپرسین: ئایا حكومەتی بەغدا، یان عێراقی عەرەبی دەتوانێت لەسەر پرسی سەربەخۆیی ئاشتییانە، دەرگای دانوستاندن بە رووی كوردستاندا دابخات؟ بیگومان كاتێك پرسیاری ناحەزانی سەربەخۆیی پێچەوانە دەكەینەوە، دڵنیاین دەمیان دەبێتە تەڵەی تەقیو و ناتوانن وەڵام بدەنەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەگەر عێراق دەرگای دانوستاندن، یان جیابوونەوەی ئاشتییانە دابخات، ئایا كێ زەرەمەندی سەرەكی دەبێت، عێراق یان كوردستان؟ لە ئێستادا حكومەتی عێراق هیچ كارتێكی لەبەردەستدا نییە بۆ ئەوەی گوشار، یان هەڕەشە لە كوردستان بكات، ئەمەش لەبەر ئەوەیە نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق هەرچی كارتی بەردەستی بوو بۆ گوشار خستنەسەر كوردستان و بۆ لەناوبردنی ئەزموونی حوكمڕانیی كوردستان هەر هەمووی تاقیكردۆتەوە، بەڵام ئیرادەی خەڵكی كوردستان هەموو ئەو گوشارانەی لەبەر یەك هەڵوەشاندەوە و كارتەكانی دەستی حكومەتی بەغدای دەمێكە سووتاندووە.
پرسیاری دیكە لێرەدا ئەوەیە، ئایا ئێستا ئەو پەیوەندییانە چین كە كوردستان و عێراق پێكەوە گرێ دەدەنەوە؟ ئایا پەیوەندیی نێوان هەرێمێك و دەوڵەتێكی فیدڕاڵییە، یان پەیوەندی نێوان دوو دەوڵەتی دراوسێیە؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە دەبێت پرسیارێكی دیكە ئاراستەی خۆمان بكەین، ئەگەر پەیوەندیی نێوان كوردستان و عێراق، پەیوەندیی هەرێمێكە لەنێو دەوڵەتێكی فیدڕاڵیدا، ئایا ئەو دەسەڵاتە سنووردارانە (حصرییانەی) دەوڵەتی فیدڕاڵی عێراق كامانەن كە حكومەتی عێراق هەیەتی و كوردستان ئێستا ئەو دەسەڵاتانەی نییە؟ لێرەدا ئەو دەسەڵاتە سنووردارانەی دەوڵەتی فیدڕاڵیی عێراقی بە پێی دەستووری 2005 لەسەر دامەزراوە دەخەینەڕوو:
1. بەپێی دەستووری 2005ی عێراق، مۆدێلی فیدڕاڵی لە دەوڵەتی عێراقدا لەسەر بنەمای دابەشكردنی دەسەڵات و داهاتە، بەڵام لەم دابەشكردنەدا، حكومەتی هەرێمەكان دەسەڵاتێكی فراوانی هەیە و حكومەتی فیدڕاڵی دەسەڵاتەكانی سنووردارە و تەنیا بوارەكانی سیاسەتی (بەرگری، دەرەوە، نەختینە و دادگای فیدڕاڵی) دەگرێتەوە، بەڵام ئەگەر سەرنج لە ئێستای پەیوەندیەكانی نێوان كوردستان و عێراق بدەین، چۆن حكومەتی عێراق ئەو دەسەڵاتانەی هەیە بە هەمان شێوە كوردستانیش هەمان دەسەڵاتی بەشێوەیەكی سەربەخۆ هەیە، ئەمەش واتە عێراق دەوڵەتێكە و كوردستان دەوڵەتێكی دیكەیە.
2. لەسەر ئاستی سیستمی بەرگری، كە كۆڵەگەی سەرەكیی هەر دەوڵەتێكی خاوەن سەروەرییە، ئێستا چۆن لە عێراقدا حەیدەر عەبادی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراقە، بەهەمان شێوە سەرۆك بارزانی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی كوردستانە، لەمەش زیاتر لەنێوان هێزە چەكدارەكانی عێراق و كوردستاندا رێككەوتنی هاوبەش بە ئیمزای عێراق و كوردستان هەیە و ئۆپەراسیۆنی هاوبەش وەك (ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی موسڵ) هەیە، كە دەستپێكی ئەم ئۆپەراسیۆنە بە هاوبەشی لەنێوان سەرۆك بارزانی و حەیدەر عەبادی راگەیەندراوە. ئەمەش مانای ئەوەیە حكومەتی عێراق بە ئیمزای سەرۆك وەزیرانەكەی رازییە كە كوردستان خاوەنی سیستمی بەرگری خۆی بێت و لە عێراق جیاواز بێت.
3. لەسەر ئاستی سیستمی سیاسی لە هەریەك لە عێراق و كوردستاندا، ئێستا لە عێراقدا شتێك نەماوە پێی بگوترێت سیستمی سیاسی، بۆیە كە باسی عێراقی دوای داعش دەكرێت، راستەوخۆ باس لە دووبارە بونیادنانەوەی سیستمی سیاسیی عێراق دەكرێت، بەڵام لە كوردستان سیستمێكی سەقامگیری سیاسی هەیە، هەروەك فۆكۆیاما لە زانكۆی ئەمریكی لە سلێمانی رایگەیاند كە مەزندەی نەكردووە، سیستمێكی سیاسیی سەقامگیر بەو ئاستە لەناوچەیەكی پڕ لە كێشمەكێش و شەڕ و ئاژاوەدا بوونی هەبێت. هەر بۆیە هەموو ئەو پسپۆڕ و بیرمەند و دیپلۆماتانەی لەسەر سیستمی سیاسیی ئایندەی عێراق دەنووسن، سیستمی سیاسیی كوردستان بە سەركەوتوو و سیستمی سیاسیی عێراق بە شكستخواردوو لەقەڵەم دەدەن و لەناو یەك پرۆسەی سیاسیدا سەیریان ناكەن.
4. لەسەر سیاسەتی ئابووری و دابەشكردنی داهات كە كۆڵەگەی سەرەكی دەوڵەتی فیدڕاڵیی عێراقە، حكومەتی عێراق بە بڕینی مووچە و بودجەی كوردستان، دوابزماری لە تابووتی دەوڵەتی فیدڕاڵیی عێراق داوە، بۆیە ئەم هەڵوێستەی حكومەتی عێراق، كوردستانی ناچاركرد، سیاسەتێكی ئابووریی جیاواز لە سیاسەتی حكومەتی عێراق بگرێتەبەر، لەم چوارچێوەیەدا ئێستا سیاسەتی ئابووریی كوردستان لە هیچ روویەكەوە لە سیاسەتی ئابووریی عێراق ناچێت، راستە حكومەتی عێراق بە پەنابردن بۆ یەدەگی نەختینە و قەرزی نێودەوڵەتی توانای ئەوەی هەبووە مووچەی فەرمانبەران و سوپا بدات و پەنا بۆ پاشەكەوتكردنی مووچە بە هاوشێوەی كوردستان نەبات، بەڵام هەموو شرۆڤەوان و پسپۆڕانی ئابووری جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە سیاسەتی ئابووریی كوردستان بەرەو ئایندەیەكی گەش هەنگاو هەڵدەگرێت و سیاسەتی ئابووریی عێراق بەرەو ئایندەیەكی ئاڵۆز و ناڕۆشن هەنگاو هەڵدەگرێت، ئەمەش مانای ئەوەیە لەسەر ئاستی سیاسەتی ئابووریش عێراق و كوردستان دوو دەوڵەتی دراوسێن، نەك هەرێمێك لەناو دەوڵەتێكی فیدڕاڵیدا.
لەسەر رۆشنایی ئەم خاڵانە، جێگەی خۆیەتی لەسەر هۆكاری سەردانی سەرۆك بارزانی و شاندی كوردستان بۆ بەغدا پێش دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی موسڵ هەڵوەستەی جددی بكەین و ئەو پرسیارە بورووێژێنن، ئایا چ گۆڕانكارییەك لە حكومەتی عێراقدا روویداوە، كەوا سەرۆك بارزانی خۆی دەچێتە بەغدا و پشتگیری حكومەتەكەی عەبادی دەكات؟ ئایا ئەو غەدرانەی حكومەتەكەی مالیكی لە كوردستانی كردبوو، حكومەتی عەبادی راستی كردبوونەوە، یان هەروەك خۆیان مابوونەوە؟ بیگومان وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە راشكاوانە بەوجۆرەن كە حكومەتی عەبادی-یش هەمان سیاسەتی مووچەبڕینی فەرمانبەران و پێشمەرگەی درێژە پێداوە، لەمەش زیاتر پشك و بەشداریی كورد لە حكومەتەكەی عەبادیدا كەمتر بۆتەوە و زیادی نەكردووە، بەڵام پرسیاری گرنگ كە خۆی دووبارە دەكاتەوە، ئەوەیە كە لەبەر چ هۆكارێك سەرۆك بارزانی سەردانی بەغدای كرد؟
وەڵامی ئەم پرسیارە رۆچوونە بە قووڵایی ئەو وەرچەرخانە گەورەیەی لە پەیوەندی نێوان كوردستان و عێراق هاتۆتەئاراوە و، زۆر كەمی نەبێت، دزەی نەكردۆتە ناو هۆیەكانی راگەیاندن و، وەك نووسەر و سیاسەتمەداری كوردیش محەمەد ساڵح جومعە لە یەك دوو دیمانەی رۆژنامەوانیدا پێی راگەیاندووین و دەڵێت: «كێشەی سەرەكی لەگەڵ سەرۆك بارزانی ئەوەیە كە هەموو شتێك دەزانێت و شتێكی ئەوتۆ بۆ رای گشتی ئاشكرا ناكات.» ئەگەرچی سەرۆك بارزانی لەبەر ئاسایشی نەتەوەیی كوردستان و سەرخستنی پرۆسەی سیاسی نەیەوێت وەرچەرخانەكان وەك خۆی هەمووی باس بكات، بەڵام رەنگدانەوە و دەرهاویشتەی گۆڕانكارییەكان هیندە زۆر و دیارن كە دەكرێت چاودێری سیاسی و رۆژنامەنووسی فزوول هەندێكی لێ بخوێنێتەوە، لێرەدا بەچەند خاڵێك ئاماژەی پێدەكەین:
ئەگەر پەیوەندیی نێوان كوردستان و عێراق، پەیوەندیی هەرێمێك بوایە لەناو دەوڵەتێكی فیدڕاڵیدا، ئەوا هەرگیز سەرۆك بارزانی و شاندی كوردستان سەردانی بەغدایان نەدەكرد، لەبەر ئەوەی چۆن حكومەتی مالیكی رێككەوتنی هەولێری پێشێل كرد، بەهەمان شێوە حكومەتی عەبادیش رێككەوتنی نێوان كورد و بەغدای بۆ بەشداریكردن لە كابینەكەی پێشێل كرد، ئەم هاوشێوەییەی نێوان حكومەتی عەبادی و مالیكی بەرامبەر كوردستان، ئەو وەرچەرخانەمان بۆ ئاشكرا دەكات كە حەیدەر عەبادی گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی كە بەرژەوەندیی كوردستان و عێراق لەوەدایە دوو دەوڵەتی دراوسێ بن، بۆیە لەچوارچێوەی بونیادنانی پەیوەندیی دراوسێیەتییەكی باش لە نێوان كوردستان و عێراقدا، سەرۆك بارزانی بە یاوەری شاندێكی كوردستانی سەردانی بەغدای كردو لەوێش پشتیوانی بۆ حكومەتی عەبادی راگەیاند، وەك حكومەتی دەوڵەتێكی دراوسێ.
حكومەتی عەبادی لە رووی سەربازییەوە بەو سنوورە رازی بووە كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان هەتا 27ی نۆڤێمبەری 2016 ئازادی كردووە، هەروەها بەوەش رازی بووە ئەو ناوچە كوردستانییانەی كە هێزی پێشمەرگە لەچوارچێوەی ئۆپەراسێۆنی موسڵ ئازادی دەكاتەوە، لە ژێر كۆنتڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستاندا بمێنێتەوە، ئەمەش ئەو راستییەمان بۆ ئاشكرا دەكات كە حەیدەر عەبادی بەوە رازییە لەسەر بنەمای ئەو رێككەوتنە سەربازییە دوای تەواوبوونی شەڕی دژی داعش لەگەڵ كوردستان دەست بە دیالۆگ و دانوستاندنی سیاسی بكات، بێگومان حەیدەر عەبادی لەوەش بێئاگا نییە كاتێك هێزی پێشمەرگە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان بە خوێنی خۆی ئازاد دەكاتەوە، ئەوا ئەو كات دەبێت بەوەش رازی بێت، دانیشتووانی ئەو ناوچانە خۆیان چارەنووسی خۆیان دیاری بكەن، ئەمەش نەك هەر چارەنووسی گەڕانەوەی ئەو ناوچانە، بەڵكو بەشداربوونیان لە پرۆسەی ریفراندۆمیشدا كە چارەنووسی كوردستان بە یەكجارەكی دیاری دەكات.
حكومەتی عەبادی رازی بووە بە ناوبژیوانیی ئەمریكا هێزی پێشمەرگەی كوردستان سوپای كوردستان بێت، بۆ ئەمەش لەگەڵ ئەوەی خۆی لە پێدانی مووچەی پێشمەرگە دزیوەتەوە، بەڵام ئەمریكا بە كردەیی هاوكاری كوردستانی كردووە بۆ ئەوەی لە رووی مووچەوە هاوكاری كوردستان بكات، لەسەرووی ئەمانەشەوە حكومەتی عەبادی رازییە كە هاوپەیمانان هاوكاری كوردستان بكەن بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان وەك سوپایەكی مۆدێڕن بۆ كوردستان رێكبخرێتەوە.
حكومەتی عەبادی بەشێوەیەك لە شێوەكان بەوە رازی بووە دوای هەڵبژاردنی پارێزگاكانی عێراق لە مانگی ئەیلوولی داهاتوو، پرۆسەی ریفراندۆم لە كوردستان ئەنجام بدرت، لەسەر ئەم پرسە وەك سەرۆكی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی كوردستان بە گوڵانی راگەیاندووە، حكومەتی بەغدا ئاستەنگی بۆ كۆمسیۆنی كوردستان دروست نەكردووە بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە ئەنجام بدات.
دوای هەڵبژاردنەكانی پارێزگاكانی عێراق، نەخشەی پرۆسەی سیاسی لە عێراقی عەرەبیدا وەرچەرخانێكی گەورەی بەسەردا دێت، ئەم وەرچەرخانە پەیوەندی بە كوردستانەوە نابێت، بەڵام ئەم هەڵبژاردنە ئەوە پیشانی جیهان دەدات، ئایا پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا پڕۆ ئێرانی دەبێت، یان پڕۆ عێراقی؟ زۆر لە چاودێران پێیانوایە، كە ستراتیژیەتی ئێران لەم هەڵبژاردنەدا ئەوەیە كە بە رێگەی سندوقەكانی دەنگدان وەكیلەكانی خۆی لە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بخاتە ناو ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بەتایبەتی بەغداو ئەو پارێزگایانەی كە شیعەنشینن، یان زۆربەیان شیعەن، ئەگەر لە هەڵبژاردنی پارێزگاكان ئەم ئاراستەیە دەركەوت، ئەوا ئەمە دەبێتە پێشینەیەك بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 2018، ئەوكات وەكیلەكانی ئێران كۆنتڕۆڵی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا دەكەن، ئەگەر ئەمە روویدا، كوردستان پێویستی بە دیالۆگ لەگەڵ بەغدا نابێت و ریفراندۆمی خۆی ئەنجام دەدات و لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی قسەی خۆی دەكات، ئەگەر ئەو ستراتیژەی ئێرانیش سەری نەگرت و عەرەبی عێراق بە شیعە و سوننەوە، دەنگیان بە ئاراستەی پرۆ عێراقی دا، ئەوا لەم حاڵەتەدا پرۆسەی دیالۆگ بەردەوام دەبێت و هەوڵەكان بەو ئاراستەیە دەبێت كە كوردستان و عێراق بە شێوەی ئاشتییانە لەیەكتری جیاببنەوە.