هەندێك ئێستاش وادەزانن كوردستان هەر بەشێكە لە عێراق
May 28, 2017
راپۆرتەکان
ئەوانەی لە كاروان دواكەوتوون و پرۆسەی سەربەخۆیی بە موڵكی پارتی دەزانن،دەیانەوێت بەهەر نرخێك بێت لە بەهای پرۆسەی ریفراندۆم و راگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستان كەمبكەنەوە، یان دەیانەوێت وا پیشانبدەن پارتی موجازەفە و موغامەرە دەكات و ئێستا كاتی سەربەخۆیی نیە ، یان لە باشترین حاڵەتدا تانەی بەوجۆرە لە پرۆسەی ریفراندۆم دەدەن ، بەوەی گوایە پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم راستەوخۆ سەربەخۆیی كوردستان راناگەیەنین.
ئەوانەی ئەمجۆرە قسانە دەكەن .. بیگومان ئاگایان لەوەنیە كە جیهانی دوای 2014 جارێكی دیكە جیهانی پێش 2014 نیە، لە ساڵی 2014 ەوە هەموو بیرمەندان و پسپۆرانی زانستی سیاسی و تەنانەت بریاراسازانی نیودەوڵەتیش گەیشتوونە ئەو قەناعەتەی ئەو سیستمی جیهانیەی پێی دەگوترا ( سیستمی نوێی جیهان) چیتر جیهان بەو سیستمە بەرێوە ناچێت و دەبێت هەموو جیهان بیر لە سیستمێكی جیهانی تازە بكاتەوە.
هنری كیسنجەر كە لە كۆتایی 2014 كتێبێكی بە ناونیشانی ( سیستمی جیهانی – World Order) نووسیووە ، لە پەنێڵیكدا كە ریچار هاس سەرۆكی پێشووی ستاڤی پلاندانان لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بۆی بەرێوە دەبرد، سەرەتا بەو پرسیارە دەستی پێكرد : هینری بۆچی ناونیشانی كتێبەكەت تەنها ( سیستمی جیهانی)ەیەو ناونیشانێكی لاوەكیت بۆ دانانەوە؟ لەوەڵامدا كیسنجەر گووتی كاتێك ئەم كتێبە دەخوێنەوە خۆتان ناونیشانە لاوەكیەكەی بۆ دادەنێن، مەبەستی كیسنجەر لەم وەڵامە ئەوەیە كاتێك كتێبەكە دەخوێنێتەوە ئەوكات دەزانرێت ئەم سیستمە كۆتایی هات، بۆیە تۆ خۆت ناونیشانی لاوەكی بۆ كتێبەكە دادەنێت و دەبێتە ئەم رستەیە( سیستمی جیهانی كۆتایی هات و سەرەتای لەدایك بوونی سیستمێكی نوێی یە).
ئەوانەی شارەزانی سیاسەتی نیودەوڵەتین دەزانن، یەكەم سیستمی جیهانی كە لەدوای رێككەوتنی ویستفالیا دروست بوو لەسەر بنەمای دەوڵەتی نەتەوەیی دامەزراوە و هەر لەو كاتەشەوە شتێك هەیە كە پێی بگوترێت پەیوەندی نێونەتەوەیی یان پەیوەندی نێودەوڵەتی .
لەدوای شەڕی یەكەمی جیهانیش كە وۆردرۆ ویلسن 14 بەندەكەی بۆ ئاشتی و ئاسایشی هەمیشەی راگەیاند، هەر لەسەر بنەمای سەربەخۆیی نەتەوە ئازادەكان كۆمەڵەی گەلان یان كۆمەڵەی نەتەوەكانی دامەزرا، ئەوانەی 14 بەندەكەی وۆردرۆ ویلسنیان خوێندۆتەوە ، دەزانن ویلسنیش بەردی بناخەی ئاشتی و سەقامگیری جیهانی لە دانپێدانان بەمافی نەتەوەكان و دەوڵەتی سەربەخۆی نەتەوەیی دارشتووە.
لەگەرمەی شەڕی دووەمی جیهانیدا فراكلین رۆزفەلەت بۆ ریكخستنەوەی سیستمی جیهانی دوای كۆمەڵەی گەلان ، هاوپەیمانی نەتەوە یەكگرتووەكانی راگەیاند، دیارە رۆزفەلەت مەبەستی لە هاوپەیمانی نێوان نەتەوە ئازادەكانە، بۆیە دوای تەواوبوونی شەڕی دووەمی جیهانی ئەم هاوپەیمانیە لەسەر بنەمای بروابوون بە ئازادی نەتەوەكان و دەوڵەتی سەربەخۆیی نەتەوەیی ، ریكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانیان دامەزراند ، ئەم ریكخراوە كە سیستمی جیهانی لە ژێرناوی ( سیستمی لیبرالی جیهانی - Liberal Order) راگەیاند، ئەم سیستمە بەدرێژایی نزیكەی 45 ساڵ ئیدارەی شەڕی ساردی داو ، بەڵام پاش شكستی كۆمونیست و سەركەوتنی بەرەی لیبرالی ، جۆرج دەبلیبوشی باوك ناو لێنا ( سیستمی نوێی جیهانی) ، لەگەڵ ئەوەی رۆژئاوا زۆر هەوڵیدا كە لەچوارچێوەی گۆرانكاریەكانی دوای رووخانی دیواری بەرلین ، سنورەكانی سەردەمانی شەڕی سارد وەك خۆی بهێڵێتەوە، بەڵام لەبەر یەكهەڵوەشانەوەی سۆڤیەت و هەڵوەشانەوەی پەیمانی وارشۆ، نەیانتوانی رێگە لە سەرهەڵدان و لەدایكبوونی دەوڵەت گەلێك لە ئەورپا و ئاسیا بگرن و پاش دامەزراندنی ئەو دەوڵەتانەش جۆرێك لەسەقامگیری و ئاشتی بۆ ئەورپا و بەشێك لە ئاسیا گەرایەوە.
لەدوای 2011 ەوە، گۆڕانكارییەكان رۆژهەڵاتێكی ناوەراستی دەستی پێكرد، لە هەمبەر ئەم گۆرانكاریانەش دیسان رۆژئاواو لەسەر و هەمووشیانەوە ئیدارە ئۆباما، هەوڵیاندا لەچوارچێوەی سیستمی نوێی جیهان و پارێزگاریكردن بە سنورە نەریتیەكانەوە كێشەكان خامۆش بكەنەوە، بەڵام لە 2014 هەموو شتێك كۆتایی هات، سیستمی نوێی جیهان گۆڕا بۆ سیستمە كۆنە مردووەكە ، بەڵام هێشتا سیستمە تازەكە لەدایك نەبووە.
ئەگەر سەرنج بدەین لە سیاسەتی ئەمریكا ی سەردەمی ئیدارە ئۆباما بدەین، ئەوا راشكاوانە هەست بەو راستیە دەكەین كە ئیدارەی ئۆباما لە كۆتایی 2014 نەك هەر جاڕی كۆتایی هاتنی سیستمی جیهانی داوە، بەڵكو سەرلەبەر ستراتیژیەتی هەردوو ئیدارەكەی خۆی گۆڕی كە بریتی بوو لە ستراتیژیەتی خۆتێوەنەگلاندن لە كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەراست، لەجێی ئەم ستراتیژە ، ستراتیژیەتی بەشداری راستەوخۆ و شوێن پێی شاراوەی راگەیاند.
ئەم باكگراوەندە بۆ ئەو كەسانە بوو كە ئێستاش پێیان وایە ، عێراق یان سوریا ، یان تەواوی دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست بە توركیا و ئێرانیشەوە ، خاوەنی سەروەریی رەهای دەوڵەتن، بۆیە راشكاوانە بە پشت بەستن بە گۆڕانكاریەكانی ئەم 3-4 ساڵەی رابردوو پێیان دەڵێن، ئێستا هیچ دەوڵەتێك لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا بە ئێران و توركیاشەوە خاوەنی سەروەریی رەهای دەوڵەت نین هەتا بتوانن رێگە لە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان بگرن ، لەمەش زیاتر هەموو دەوڵەتەكانی ئەم ناوچەیە لەناو پرۆسەی دووبارە پێناسەكردنەوەی سەروەری دەوڵەتن لەبەر رۆشنایی ئەو سیستمە تازەی كە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ، دوای كۆتایی هاتنی شەڕی دژی داعش و رووخاندنی خەلافەتی ئیسلامی جارێكی دیكە سیستمێكی نوێ بۆ جیهان دادەرێژنەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە لەچوارچێوەی سیستمەكە كۆنەكە، رۆژهەڵاتی ناوەراست خۆی بۆتە ناوچەیەكی شكستخوارد و هەرەشەی سەرەكی لەسەر ئاشتی و ئاسایشی جیهانی، ئەوجا بۆ ئەوەی ئەم مەترسیە لەسەر ئاشتی و ئاسایشی جیهان نەمێنێت و كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەراست چارەسەر بكرێت و، بۆ ئەوەی ئاشتی و ئاسایش بۆ جیهان بگەرێتەوە، ئەوا سەرلەنوێ نەخشەیەكی تازە بۆ ناوچەكە دادەرێژرێتەوە و دەسپێكی ئەم قۆناخە تازەیەش وەك لە راپۆرتی ( ئۆلبرایت –هادلی ) هاتووە ، لە عێراقەوە دەست پێدەكات و لەم راپۆرتەشدا عێراق تەنها بەشە عەرەبیەكەی عێراقە و كوردستان دەوڵەتێكی ئەمری واقیعی سەربەخۆیە و تەنها دەوڵەتە كە وەك بەرهەمی سەركەوتنی شەڕی دژی داعش، دەبێتە بناخەی دووبارە دارشتنەوەی نەخشەی تازەی رۆژهەڵاتی ناوەراست، لەمەش زیاتر لە رۆژی 5ی ئایاری ئەمساڵ نوێنەری هەردوو ئامۆژگای ئەمریكان ئەنتەر پرایس و برۆكینگز ، نوێنەری خۆیان ناردووە بۆ بەشە عەرەبیەكەی عێراق ، دوای ئەوەی چەندین دیمانە و بەدواداچوونییان ئەنجامداوە راپۆرتێكیان بڵاو كردۆتەوە بە ناونیشانی ( نێردراومان بۆ عێراق : شەڕی دژی داعش، ئابوریەكی ئاڵۆز ، پرۆسەیەكی سیاسی توڕە) ، بۆ ئەوانەی باس لەوە دەكەن بەغدا رازی دەبێت لەسەر سەربەخۆیی كوردستان دانوستاندنی ئاشتیانە لەگەڵ كوردستان بكات یان نە، بابچن ئەم راپۆرتە بخوێێنەوە، لەم راپۆرتەدا بەیەك وشە باسی ئەوە نەكراوە كە ئەسڵەن كوردستان بەشێك بێت لە عێراق یان بەشێك بێت لە پرۆسەی سیاسی عێراقی، ئەمەش مانای ئەوەیە لە سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ بۆ عێراقی دوای داعش كوردستان نە بەشێك دەبێت لە پرۆسەی سیاسی عێراقی عەرەبی و نە جارێكی دیكەش ئاسایش و سەقامگیری نیودەوڵەتی ریگە دەدات كە كوردستان بەشێك لە عێراق بێت.
لایەنێكی دیكە كە جێگەی خۆیەتی وەڵامی نەیاران و ناحەزانی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستانی پێ بدەینەوە ئەوەیە، كە بەرێز مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان بە ئاشكرا بە ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكانی راگەیاندووە ئەمساڵ (2017 ) كوردستان ریفراندۆم ئەنجامدەدات بۆ سەربەخۆیی ، ئەمەش مانای ئەوەیە سەرۆكی كوردستان لەسەر ئاستی نیودەوڵەتی ئەم پرسەی كردۆتە پرسێكی فەرمی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش نەك هەر دژی ئەم پرۆسەیە نین، بەڵكو لەو كاتەوەی كە سەرۆكی كوردستان بە نەتەوە یەكگرتووەكانی راگەیاندووە كوردستان ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ئەنجامدەدات، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر پشتگیری كوردستان و هێزی پێشمەرگە دەكات و ئەمریكا و بەریتانیا پێكەوە پرۆژەی خۆیان بۆ رێكخستنەوەی هەیكەلی وەزارەتی پێشمەرگە بە هاوشێوەی وەزارەتی بەرگری دەوڵەتانی ناتۆ جێ بەجێ دەكەن، ئەمەش مانای ئەوەیە دەوڵەتی كوردستان نەك هەر بەمری واقیع سەربەخۆیە، بەڵكو ریفراندۆمی كوردستان هەنگاوی یەكەمە بۆ پێدانی سەروەریی بەدەوڵەتی كوردستان و دووبارە پێناسەكردنەوەی سەروەری دەوڵەت لەناو ئەو سیستمە جیهانیەی كە دوای شەڕی داعش كۆمەڵگەی نیودەوڵەتی دایدەرێژێتەوە.