شۆڕشی گوڵان قۆناخی خەباتی بەرەیی و كۆكردنەوەی جیاوازییەكان
May 27, 2017
راپۆرتەکان
كوردایەتی لە میتۆد و بیركردنەوەی مستەفا بارزانی-دا، پێناسەكردنەوەی ئەو چەوسانەوەو زوڵم و زۆر و غەدرە بووە كە داگیركارانی كوردستان هەوڵیانداوە وەك ئیرادەیەكی دەرەكی، ئیرادەی خۆیان بەسەر تەواوی گەلی كوردستاندا بە جیاوازیی ئایین و نەتەوە و چینایەتییەوە بسەپێنن و هەموو تاكەكانی كوردستان ملكەچ و بێ ئیرادە بكەن. ئەمەش بەو مانایەی هاووڵاتیانی كوردستان سەر بەهەر نەتەوەیەك، یان ئایینێك بووبن، یاخود هەژار بن، یان دەوڵەمەند، هەموویان وەك یەك لەژێر زەبری چەوسانەوەو رەفتاری داگیركاراندا وەكو یەك چەوسێندراونەتەوە، بۆیە قۆناخی خەبات و قوربانیدان بۆ رزگاری و سەرفرازیی یەكجارەكی، قۆناخی یەكڕیزی و تەبایی و یەكخستنی هەموو توانا و جیاوازییەكان بووە بۆ ئەوەی لەژێر دەستی داگیركاران رزگاریان بێت و گەلی كوردستان كیان و ناسنامەیەكی تایبەت بۆ خۆیان دروست بكەن.
لەسەر ئەم بنەمایە، شۆڕشی گوڵان بە هاوشێوەی شۆڕشی دووەمی بارزان و پاراستی كۆماری كوردستان و شۆڕشی ئەیلوول، سەرچاوەی هێز و ئیرادەی گەلی كوردستانی لە پێكەوە كۆكردنەوەی جیاوازییەكان و پێكەوەژیانی سەرجەم لایەنە كوردستانییەكان سەیردەكرد، كە زۆر جار ئەم بەرەیە فراوانتریش دەبوو، ئەو هێزە عێراقییانەشی لە خۆی دەگرت كە دژی رژێمی دیكتاتۆری لە كوردستانەوە خەباتیان دەكرد، بەڵام لایەنی سەرەكی و گرنگ لە بەرنامەی شۆڕشی گوڵاندا یەكڕیزی و تەبایی و هاوخەباتی و یەكسەنگەری نێوان تەواوی هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بووە.
بە درێژایی مێژووی شۆڕشی گوڵان، پارتی دیموكراتی كوردستان هەموو هەوڵ و ئامانجی بۆ ئەوە بووە كە رایەڵەیەك دروست بكات بۆ ئەوەی جیاوازییەكان پێكەوە كۆبكاتەوە و فرەیی و هاوخەباتی لەنێوان حزبەكاندا بەردەوامی هەبێت، هەر بۆیە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی شۆڕشی گوڵان، هیچ كاتێك پارتی دیموكراتی كوردستان بە تەنیا لەبەرەیەك نەبووەو لایەنەكانی دیكە لەبەرەیەكی دیكەدا بووبێت، بەڵكو بەپێچەوانەوە هەر لایەنێكی سیاسی بە مەبەست و بە ئەنقەست و لە پێناوی بەرژەوەندییە حزبییەكانی خۆی هەوڵیدابێت، ململانێی شكۆ و نفوزی پارتی دیموركراتی كوردستان بكات، ئەوا ئەو لایەنە بەتەنیا لە بەرەیەكدا بووەو پارتی دیموكراتی كوردستان و تەواوی حزبە سیاسییەكانی دیكەی كوردستان لەبەرەیەكی دیكەدا بوون. ئەم ئاماژەیە بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەی ناسۆرەكانی ناكۆكییەكانی سەردەمی خەباتی چەكداری لە شاخ نییە، بەڵكو بۆ وەرگرتنی پەندو وانەی ئەو مێژووەیە كە فێرمان دەكات، لە قۆناخی رزگاری نیشتمانی و پێش دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان، فاكتەری سەرەكی بۆ بوون و مانەوەی نەتەوە، تەنیاو تەنیا یەكڕیزی و تەبایی و هاوخەباتیی نێوان تێكڕای لایەنە سیاسییەكانی كوردستانە، بۆ ئەمەش ئەزموونی بەرەی كوردستانی كە لە رۆژە سەختەكانی ئەنفال و كیمیاباراندا دروست بوو، دەریخست یەك ئیرادەیی و یەكڕیزی و هاوخەباتی لە پێناوی كوردایەتی ئەو توانایەی هەیە هەموو بەربەستەكان لابەرێت و بەرەو ئاسۆیەكی گەش بۆ كوردستان هەنگاو هەڵبگرێت. كە ئەم ئاسۆیەش لە راپەڕینی بەهاری 1991 خۆی بەرجەستە كردو پاشانیش هەر لەسەر بنەمای ئەم ئیرادەیە، هەڵبژاردن لە كوردستان ئەنجامدراو پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان دامەزرێندران.
بۆ ئەمڕۆمان كە چل و یەكەمین ساڵیادی ئەم شۆڕشە دەكەینەوە، گرنگە سوود لە ئەزموونی ئەم شۆڕشە وەربگرین و ئەوە لەبەر چاو بگرین، واقیعی ئێستای كوردستان سەردەمێكی نوێ و قۆناخێكی جیاوازە لە قۆناخەكانی پێشتری بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان و، ئێستای كوردستان بۆتە ئەو چراخانەی كە تەواوی مێژووی شۆڕش و خەباتی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان رووناك دەكاتەوە، بەردەوامیی ئەم ئێستایەی كوردستان و هەنگاوهەڵگرتن بۆ ئایندەیەكی رۆشنتر، بەندە بە پابەندبوون بەو پرەنسیبانەی كە شۆڕشی گوڵان و تەواوی شۆڕشەكانی كوردستان بۆ ئامانجی سەربەخۆیی پێكەوە كۆدەكاتەوە، دیارە ئەو پرەنیسیبانەش هەر هەموویان جەخت لەسەر یەكڕیزی و رێزگرتن لە بیروبۆچوونی جیاواز و تەبایی و هاوخەباتیی تەواوی هێز و لایەنە سیاسییەكان دەكەنەوە بۆ گەیشتن بە دوائامانج كە سەربەخۆیی و سەرفرازی یەكجارەكی خەڵكی كوردستانە.
بۆ ئێستای كوردستان بارودۆخێكی ئەوتۆی نێودەوڵەتی هاتۆتەپێشەوە كە پێشتر لە مێژووی بزاڤی رزگاریخوازیی كوردستاندا وێنەی نەبووە، بۆیە لەناو ئەم بارودۆخەدا سەركردایەتی سیاسیی كوردستان لە ئامادەباشیدایە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم و زەمینەسازی بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان. ئەم فرسەتەی ئەمڕۆ بۆ نەتەوەكەمان هاتۆتەپێشەوە، پێویستی بە یەكڕیزی و یەكدەنگیی هەموو هێزە سیاسییەكانی كوردستان هەیە، ئەمەش لەسەر هەموو لایەكی فەرزدەكات، بۆ ئەوەی ئەم فرسەتە لەدەست نەدەین، دەبێت هەموو حزبەكان كێشە و ناكۆكییە لاوەكییەكانیان بخەنەلاوە.