شۆڕشی گوڵان زیندووكردنەوەی ئومێد و چۆكدادان بە نائومێدی

شۆڕشی گوڵان زیندووكردنەوەی ئومێد و چۆكدادان بە نائومێدی
شۆڕشی گوڵان تەنیا كاردانەوەیەكی عەفەویانە نەبوو بەرامبەر نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول، بەڵكو هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی گوڵان بەرپەرچدانەوەی ئەو نائومێدییە گەورەیە بوو كە دوای نسكۆ لە كۆمەڵگەی كوردستاندا هاتبووەئاراوە و خەریك بوو نائومێدی باڵی بەسەر كوردستاندا دەكێشا، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا شۆڕشی گوڵان هیندەی دەستپێكی سەردەمێكی نوێیە بۆ چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوە و بەپەرچدانەوەی پیلانی داگیركارانی كوردستان بۆ خامۆشكردنەوەی شۆڕش، هێندە بریتی نییە لە قۆناخێكی دیاریكراوی خەباتی چەكداری گەلەكەمان، یان پێكەوە گرێدانەوەی دوو قۆناخی جیاوازی مێژوو، بەڵكو دەستپێكی شۆڕشی گوڵان، راگەیاندنی دەستپێكی سەردەمێكی نوێی خەبات و مقاوەمەتی گەلەكەمان بوو كە تووڕەبوونی شۆڕشگێڕانەی گەلێكی بە رابردوو و داهاتووەوە گرێدەدایەوە.
شۆڕشی گوڵان رەتكردنەوەی ئەو پیلانە گەورە نێودەوڵەتییە بوو كە ئامانج لێی دەستەمۆ و ملكەچكردنی هەستی شۆڕش و مقاوەمەتی گەلێك بوو كە لە پێناوی ئازادیدا گەورەترین شۆڕشی نسكۆی بەسەردا هێنرابوو، لەم چوارچێوەیەدا بڕیاردان بۆ دەستپێكردنەوەی شۆڕش، دووبارە لەمەحەكدانەوەی ئاستی هۆشیاری و بوێری و ئیرادەی ئەو گەلە بوو كە هەرگیز چۆك بۆ زوڵمی داگیركەران و پیلانەكانیان دانادا. شۆڕشی گوڵان دووبارە پێناسەكردنەوەی ئەو میتۆدە بوو كە بارزانیی مستەفا پارتی دیموكراتی كوردستانی لەسەر دامەزراندبوو، ئەویش دروستكردنەوەی ئومێد بوو لەناو نائومێدیدا.

لەم چوارچێوەیەدا شۆڕشی گوڵان بەرخودان بوو، دژی دوێنێی پیلان، بەرخودان بوو، دژی فەرزكردنی ئیرادەی داگیركارانی كوردستان، بیركردنەوەیەكی نوێ و هاوچارخانە بوو بەوەی كورد و كوردستانییان لەسەردەمێكی جیاواز لە دوێنێی خەبات، مقاوەمەتی چەكداری بۆ دووبارە درێژەپێدانەوە بە شۆڕش و هەنگاوهەڵگرتن بۆ ئایندەیەكی رۆشن لە ناو واقیعێكی جیاواز لەسەردەمی شۆڕشی ئەیلوول دووبارە دەستپێدەكەنەوە.

درێژەپێدانەوەی شۆڕشی ئەیلوول لەژێر ناوی شۆڕشی گوڵاندا، دروست وەك بڕینی ناوكی كۆرپەیە لە كاتی لەدایكبوونی، هەروەك چۆن ئەو بڕینی ناوكە بە مانای جیاكردنەوەی كۆرپەكە نییە لەدایكەكەی، بەهەمان شێوە درێژەپێدانەوەی شۆڕشی ئەیلوول لەژێر ناوی شۆڕشی گوڵانیشدا، جیاكردنەوەی ئەو دوو شۆڕشە نییە لەیەكتری، بەڵكو لەگەڵ دەستپێكردنەوەی شۆڕشی گوڵان پەیوەندییەكی تازە لەگەڵ شۆڕشی ئەیلوول دروست دەبێتەوە، هەروەك چۆن لەگەڵ لەدایك بوونی هەر كۆرپەیەك پەیوەندییەكی تازەی كۆرپەكە بە دایكییەوە گرێداتەوە، ئەمەش پێمان دەڵێت هەموو بیركردنەوەیەكی نوێ و جیهانبینییەكی تازە بۆ خوێندنەوەی واقیعە جیاوازەكان لەو خاڵەوە دەستپێدەكات كە پەیوەندییەكی تازە، ئێستا بە رابردووەوە گرێبداتەوە بۆ ئەوەی دیالۆگێكی داهێنەرانە لەگەڵ توراسی شۆڕشگێریی كوردستان بەردەوامی هەبێت و لەسەر ئەو توراسە شۆڕشگێرییە هەنگاو بۆ ئایندە هەڵبگرێت.

دیالۆگی شۆڕشی گوڵان لەگەڵ توراسی سەرجەم شۆڕشەكانی كوردستان، دیالۆگی درێژەپێدانی هەوڵە شۆڕشگێرییەكان بووە بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی و ئازادی، ئەمەش مانای ئەوەیە ئامانجی شۆڕشی گوڵان ئەوە بووە كە داهاتوو بكاتە چراخانێك بۆ ئەوەی رابردووی توراسی شۆڕشگێڕیی كوردستان جارێكی دیكە رووناك بكاتەوە.

لەم چوارچێوەیەدا شۆڕشی گوڵان ناكۆكی، یان كێشەی لەگەڵ شۆڕش، یان هەوڵە شۆڕشگێرییەكانی دیكەی گۆڕەپانی كوردستان نییە، بەڵكو شێوازی هەنگاوهەڵگرتنی شۆڕشی گوڵان لە هەوڵە شۆڕشگێڕییەكانی دیكە جیاواز بووە، جیاوازییەكە لەو خاڵەوە سەرچاوەی گرتووە كە پەیوەندییەكی تازە لەگەڵ توراسی شۆڕشگێڕیی سەرجەم شۆڕش و راپەڕینەكانی كوردستان دروست بكاتەوە، نەك هەوڵبدات دابڕانێك دروست بكات و خۆی لە تەواوی مێژووی شۆڕشەكانی كوردستان جیابكاتەوە.
ئەم بیركردنەوەی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی گوڵان، بووە هۆكاری ئەوەی كە پێویستە شۆڕشی گوڵان لەسەر چەند ئاستێكی جیاواز خەبات و بەرخودان بكات، هاوكات هەوڵبدات زەمینەی تێگەیشتن لە واقیعی تازە و گیانی فرەحزبی و هاوخەباتی لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان بێنێتەئاراوە بۆ ئەوەی هەموو هێز و تواناكان پێكەوە هێڵە گشتییەكانی خەبات و مقاوەمەت دژی داگیركارانی كوردستان دووبارە دیاری بكەنەوە. هەربۆیەش دەستپێكی شۆڕشی گوڵان هاوشێوەی دەستپێكی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، دووبارە هەوڵێكی دیكە بوو بۆ پێناسەكردنەوەی واقیعی راستەقینەی كوردستان و كۆكردنەوەی بیروبۆچوونە جیاوازەكان لە چوارچێوەی چەتری فرەحزبی و رێزگرتن لە بیروبۆچوونی جیاواز بوو، شۆڕشی گوڵان بە هاوشێوەی شۆڕشی ئەیلوول، كوردایەتی كردە هەوێنی پێكەوە كۆكردنەوەی جیاوازەكان و پێكەوەژیانی نێوان هێزە سیاسییە جیاوازەكان، ئەمەش بەو مانایەی هەوێنی راستەقینەی شۆڕشی گوڵان كوردایەتی بوو، نەك ئایدیۆلۆژیەتێكی دیاریكراو، پاپەندبوونیش بە كوردایەتی لەبری خۆبەستنەوە بە ئایدیۆلۆژیەتێكی دیاریكراوەوە، هەڵقوڵاوی فیكری مستەفا بارزانی بوو كە نەتەوەی ژێردەست پێش هەمووشت پێویستی بەوەیە خۆی لە داگیركاران و كەلتووری داگیركاران جیابكاتەوە و چوارچێوەیەكی جیاواز بۆ بوون و ناسینەوەی مۆرك و تایبەتمەندیی نەتەوەی خۆی دیاری بكات. ئەمە بەپێچەوانەی ئەو حزبە سیاسییانەی كە لەدوای ساڵی 1976 هەر یەكەیان لە هەوڵی ئەوەدا بوون بە ئایدیۆلۆژیەتێكی دیاریكراو (چەپ، یان ئیسلامی) جیاوازیی رەنگ و بۆچوونە جیاوازەكان لەناو كۆمەڵگەی كوردستاندا بسڕنەوە.

شۆڕشی گوڵان
قۆناخی خەباتی بەرەیی و كۆكردنەوەی جیاوازییەكان

لەو كاتەوەی مستەفا بارزانی شۆڕشی لەسەر بنەمای پێناسەكردنەوەی بیری نەتەوەیی، رەتكردنەوەی ناوچەگەری و جیاوازی بیروبۆچوونی سیاسی بە كۆڵەگەی یەكەمی شۆڕشی سەرتاسەری كوردستان دەستنیشان كردووە، كوردایەتی هەوێنی شۆڕشەكانی كوردستان بووە، ئەوجا ئەو شۆڕشە شۆڕشی دووەمی بارزان بووبێت، یان بەشداریی مستەفا بارزانی و پێشمەرگەكانی بووبێت لە پاراستنی كۆماری كوردستاندا، یاخود شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بووبێت.
كوردایەتی لە میتۆد و بیركردنەوەی مستەفا بارزانی-دا، پێناسەكردنەوەی ئەو چەوسانەوەو زوڵم و زۆر و غەدرە بووە كە داگیركارانی كوردستان هەوڵیانداوە وەك ئیرادەیەكی دەرەكی، ئیرادەی خۆیان بەسەر تەواوی گەلی كوردستاندا بە جیاوازیی ئایین و نەتەوە و چینایەتییەوە بسەپێنن و هەموو تاكەكانی كوردستان ملكەچ و بێ ئیرادە بكەن. ئەمەش بەو مانایەی هاووڵاتیانی كوردستان سەر بەهەر نەتەوەیەك، یان ئایینێك بووبن، یاخود هەژار بن، یان دەوڵەمەند، هەموویان وەك یەك لەژێر زەبری چەوسانەوەو رەفتاری داگیركاراندا وەكو یەك چەوسێندراونەتەوە، بۆیە قۆناخی خەبات و قوربانیدان بۆ رزگاری و سەرفرازیی یەكجارەكی، قۆناخی یەكڕیزی و تەبایی و یەكخستنی هەموو توانا و جیاوازییەكان بووە بۆ ئەوەی لەژێر دەستی داگیركاران رزگاریان بێت و گەلی كوردستان كیان و ناسنامەیەكی تایبەت بۆ خۆیان دروست بكەن.
لەسەر ئەم بنەمایە، شۆڕشی گوڵان بە هاوشێوەی شۆڕشی دووەمی بارزان و پاراستی كۆماری كوردستان و شۆڕشی ئەیلوول، سەرچاوەی هێز و ئیرادەی گەلی كوردستانی لە پێكەوە كۆكردنەوەی جیاوازییەكان و پێكەوەژیانی سەرجەم لایەنە كوردستانییەكان سەیردەكرد، كە زۆر جار ئەم بەرەیە فراوانتریش دەبوو، ئەو هێزە عێراقییانەشی لە خۆی دەگرت كە دژی رژێمی دیكتاتۆری لە كوردستانەوە خەباتیان دەكرد، بەڵام لایەنی سەرەكی و گرنگ لە بەرنامەی شۆڕشی گوڵاندا یەكڕیزی و تەبایی و هاوخەباتی و یەكسەنگەری نێوان تەواوی هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بووە.
بە درێژایی مێژووی شۆڕشی گوڵان، پارتی دیموكراتی كوردستان هەموو هەوڵ و ئامانجی بۆ ئەوە بووە كە رایەڵەیەك دروست بكات بۆ ئەوەی جیاوازییەكان پێكەوە كۆبكاتەوە و فرەیی و هاوخەباتی لەنێوان حزبەكاندا بەردەوامی هەبێت، هەر بۆیە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی شۆڕشی گوڵان، هیچ كاتێك پارتی دیموكراتی كوردستان بە تەنیا لەبەرەیەك نەبووەو لایەنەكانی دیكە لەبەرەیەكی دیكەدا بووبێت، بەڵكو بەپێچەوانەوە هەر لایەنێكی سیاسی بە مەبەست و بە ئەنقەست و لە پێناوی بەرژەوەندییە حزبییەكانی خۆی هەوڵیدابێت، ململانێی شكۆ و نفوزی پارتی دیموركراتی كوردستان بكات، ئەوا ئەو لایەنە بەتەنیا لە بەرەیەكدا بووەو پارتی دیموكراتی كوردستان و تەواوی حزبە سیاسییەكانی دیكەی كوردستان لەبەرەیەكی دیكەدا بوون. ئەم ئاماژەیە بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەی ناسۆرەكانی ناكۆكییەكانی سەردەمی خەباتی چەكداری لە شاخ نییە، بەڵكو بۆ وەرگرتنی پەندو وانەی ئەو مێژووەیە كە فێرمان دەكات، لە قۆناخی رزگاری نیشتمانی و پێش دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان، فاكتەری سەرەكی بۆ بوون و مانەوەی نەتەوە، تەنیاو تەنیا یەكڕیزی و تەبایی و هاوخەباتیی نێوان تێكڕای لایەنە سیاسییەكانی كوردستانە، بۆ ئەمەش ئەزموونی بەرەی كوردستانی كە لە رۆژە سەختەكانی ئەنفال و كیمیاباراندا دروست بوو، دەریخست یەك ئیرادەیی و یەكڕیزی و هاوخەباتی لە پێناوی كوردایەتی ئەو توانایەی هەیە هەموو بەربەستەكان لابەرێت و بەرەو ئاسۆیەكی گەش بۆ كوردستان هەنگاو هەڵبگرێت. كە ئەم ئاسۆیەش لە راپەڕینی بەهاری 1991 خۆی بەرجەستە كردو پاشانیش هەر لەسەر بنەمای ئەم ئیرادەیە، هەڵبژاردن لە كوردستان ئەنجامدراو پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان دامەزرێندران.
بۆ ئەمڕۆمان كە چل و یەكەمین ساڵیادی ئەم شۆڕشە دەكەینەوە، گرنگە سوود لە ئەزموونی ئەم شۆڕشە وەربگرین و ئەوە لەبەر چاو بگرین، واقیعی ئێستای كوردستان سەردەمێكی نوێ و قۆناخێكی جیاوازە لە قۆناخەكانی پێشتری بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان و، ئێستای كوردستان بۆتە ئەو چراخانەی كە تەواوی مێژووی شۆڕش و خەباتی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان رووناك دەكاتەوە، بەردەوامیی ئەم ئێستایەی كوردستان و هەنگاوهەڵگرتن بۆ ئایندەیەكی رۆشنتر، بەندە بە پابەندبوون بەو پرەنسیبانەی كە شۆڕشی گوڵان و تەواوی شۆڕشەكانی كوردستان بۆ ئامانجی سەربەخۆیی پێكەوە كۆدەكاتەوە، دیارە ئەو پرەنیسیبانەش هەر هەموویان جەخت لەسەر یەكڕیزی و رێزگرتن لە بیروبۆچوونی جیاواز و تەبایی و هاوخەباتیی تەواوی هێز و لایەنە سیاسییەكان دەكەنەوە بۆ گەیشتن بە دوائامانج كە سەربەخۆیی و سەرفرازی یەكجارەكی خەڵكی كوردستانە.
بۆ ئێستای كوردستان بارودۆخێكی ئەوتۆی نێودەوڵەتی هاتۆتەپێشەوە كە پێشتر لە مێژووی بزاڤی رزگاریخوازیی كوردستاندا وێنەی نەبووە، بۆیە لەناو ئەم بارودۆخەدا سەركردایەتی سیاسیی كوردستان لە ئامادەباشیدایە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم و زەمینەسازی بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان. ئەم فرسەتەی ئەمڕۆ بۆ نەتەوەكەمان هاتۆتەپێشەوە، پێویستی بە یەكڕیزی و یەكدەنگیی هەموو هێزە سیاسییەكانی كوردستان هەیە، ئەمەش لەسەر هەموو لایەكی فەرزدەكات، بۆ ئەوەی ئەم فرسەتە لەدەست نەدەین، دەبێت هەموو حزبەكان كێشە و ناكۆكییە لاوەكییەكانیان بخەنەلاوە.
Top