كوردستان لەبەردەم قۆناخێكی هەستیار و ئەركێكی سەختدا

كوردستان لەبەردەم قۆناخێكی هەستیار و ئەركێكی سەختدا
یەكەمین سەردانی سەرۆكی ئەمریكا (دۆناڵد ترەمپ) بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خوێندنەوەی وتارێك لە لوتكەی دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسلامی لە عەرەبستانی سعودیە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كۆڵەگەی سەرەكیی ئەو ستراتیژیەتەی ترەمپە كە دەیەوێت سەرلەنوێ ئەمریكایەكی مەزن بونیاد بنێتەوە.

لە كۆتایی ساڵی 2016 لە راپۆرتی ئۆلبرایت- هادلی كە وەك پێشنیارێك بۆ سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ ئامادەكرابوو، ئاماژە بەوە كراوە، پرسی گرنگ ئەو كێشانە نین كە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بوونیان هەیە، بەڵكو پرسی گرنگ ئەوەیە كە ئێستا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆی بۆتە كێشە و تەحەددای سەرەكی بۆ ئاشتی و ئاسایشی جیهانی، بۆیە ئەگەر لەمیانەی ئەم راپۆرتەوە، سەردانەكەی ترەمپ بخوێنینەوە، ئەوا ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت گەورەترین ئاستەنگ لەبەردەم دابەزینی شكۆی ئەمریكا، بریتی نییە لە دروستكردنی دیوارێك لە نێوان مەكسیك و ئەمریكا، یان چاوخشاندنەوە بە هاوپەیمانیی ناتۆ و دووبارە داڕشتنەوەی رێكخراوی بارزگانی جیهانی و هاوپەیمانیی بارزگانی لە نێوان ئەمریكاو ئەوروپادا، بەڵكو هۆكاری سەرەكی بۆ دابەزینی شكۆی ئەمریكا دەستەوەستان بوونیەتی لە چارەسەركردنی كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
دینیس رۆس كە بە دیارترین دیپلۆماتی ئەمریكا لەماوەی 30 ساڵی رابردوو هەژماردەكرێت و لەهەردوو ئیدارەی كۆمارییەكان و دیموكراتییەكاندا پۆستی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكای بەڕێوەبردووە، لەكۆتایی 2013 راشكاوانە لە پەنێڵیكدا ئاماژەی بەوە كرد كە هەر یەك لە كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەتوانای ئیدارەی باراك ئۆباما زیاترە و ئەگەر ئەمریكا تەنیا كێشەی سووریای هەبێت، ناتوانێت چارەسەری بكات، بەڵام ئەگەر بەراوردی ئێستا لەگەڵ چوار ساڵ پێش ئێستا بكەین، كە دینیس رۆس ئەو قسەیەی تێدا كردووە، دەبینین جیا لەوەی داعش خەلافەتی ئیسلامی راگەیاندو ئێستا لەسەروبەندی رووخاندنی ئەو خەلافەتەین، بەڵام هێشتا ئەمریكا نەیتوانیوە رۆڵێكی سەرەكی و یەكلاكەرەوە لە كێشەكاندا بگێڕێت.
كەواتە یەكەمین سەردانی ترەمپ بۆ عەرەبستانی سعودی و گوتارەكەی بۆ دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسلامی، ئاماژەیەكی روونە بۆ ئەوەی ئەمریكا دەیەوێت جارێكی دیكە پێگە و نفووزی خۆی لەناوچەكە راست بكاتەوە و، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكاتەوە ناوچەی بەرژەوەندی و نفووزی ئەمریكا. بەڵام ئەم بەرنامەیەی بە بەهێزكردنی هاوپەیمانەكانی و دانانی سنوورێك بۆ مەترسی و هەڕەشەكان لەسەر ناوچەكە و هاوپەیمانەكانی ئەمریكا دەست پێدەكات، بۆیە پرسیاری سەرەكی لێرەدا ئەوەیە: ئایا ئیدارەی ترەمپ دەتوانێت ئەم وەرچەرخانە دروست بكات؟ بێگومان وەڵامی ئەم پرسیارە دەوەستێتە سەر ئەوەی مۆسكۆ تاچەند لەگەڵ واشنتۆن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان هەماهەنگی دەكات و تاچەند پێكەوە دەتوانن سەرلەنوێ ستراتیژیەتێكی هاوبەش بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابڕێژن.

پێگەی كوردستان
لە داڕشتنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر ئاستی گلۆباڵی بۆتە ناوچەی ململانێی نێوان رووسیا و ئەمریكا، ئەم دوو لایەنەش هەر لایەكیان كۆمەڵێك دەوڵەتی گەورەی دیكەی لە پشتەوەیە، بۆیە ئەگەر لەپشت ئەمریكاوە دەوڵەتانی ناتۆ و یەكێتی ئەوروپا بەشێك بن لەو ململانێیە، ئەوا لە پشت رووسیاشەوە، چین و چەند دەوڵەتێكی دیكە هەن كە بەرژەوەندییەكانیان لەگەڵ رووسیا یەك دەگرێتەوە. لەسەر ئاستی ناوچەكەش دیسان رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆتە ناوچەی ململانێی نێوان عەرەبستانی سعودی و ئیسرائیل و هاوپەیمانەكانیان لەلایەك و ئێران و وەكیلەكانی لەلایەكی دیكە، بەڵام پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە: ئەگەر سعودیە و ئیسرائیل و دەوڵەتانی كەنداو لەبازنەی هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا یەك بگرنەوە، ئایا ئێران و وەكیلەكانیشی لە بازنەی هاوپەیمانیی رووسیادا یەك دەگرنەوە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە خوێندنەوەی هاوكێشەكە ئاسان دەكات، ئەمەش لەبەر ئەوەیە، راستە ئێستا لەسەر پرسی پارێزگاریكردن لەمانەوەی رژێمی ئەسەد، رووسیا و ئێران لە بازنەیەكدا وەك هاوپەیمان دەردەكەون، بەڵام لەسەر سیستمی سیاسیی ئێستای سووریا و هەروەها ئایندەی سووریاش بەپێی ریككەوتنی ژنێف و ئەستانە، رووسیا و ئێران لەسەر ئایندەی ئەو وڵاتە نەك یەك ناگرنەوە، بەڵكو دوو ئامانجی جیاواز و دژ بە یەكیان دەبێت.
دیارە مەبەستی رووسیا لەبەرگریكردن لەمانەوەی ئەسەد، وەك فلیپ گۆردن بەرپرسی پێشووی سیاسەتی ئەمریكا لە سووریا ئاماژەی پێكردووە، لەوە سەرچاوە دەگرێت كە رووسیا نایەوێت رووخانی رژێمەكان بە بیانووی دیكتاتۆری و دژی گەلەكەی ببێتە نەریتێكی نێودەوڵەتی و هەموو جیهان بگرێتەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەم سیاسەتەی ئەمریكا هانی گەلانی ئەو وڵاتانە دەدات كە دەست بدەنە چەك دژی حكومەتەكانیان بۆ ئەوەی حكومەتەكانیان بڕووخێنن، لەم چوارچێوەیەدا رووسیا لەوە دەترسێت كە نەریتی هەڵگەڕانەوەی گەل لە حكومەتەكانیان رۆژێك لە رۆژان رووسیاش بگرێتەوە، ئەمەش مەترسی لە سەر حوكمڕانیی پۆتین دروست دەكات، بەڵام هەرچی ئامانجی ئێرانە لەمانەوەی ئەسەد شتێكی دیكەیەو ئێران دەیەوێت لە رێگەی وەكیلەكانیانەوە مەدی شیعەگەرایی لەناوچەكە بە ئاراستەیەك فراوان بكات كە بە ئاسانی هیلالی شیعی دروست بكات، بەڵام پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە: ئایا ئامانجەكانی رووسیا لەگەڵ ستراتیژیەتی هیلالی شیعەگەرایی ئێراندا یەك دەگرێتەوە؟ بیگومان نەخێر، لەبەر ئەوەی پشتگیری سووریا لە ستراتیژیەتی هیلالی شیعەگەرایی ئێران، دەبێتە هۆكاری دروستبوونی تەحەددی و هەڕەشەی سەلەفی قیتالی و ئاسایشی رووسیا دەخەنە مەترسییەوە و رووسیا خۆیشی باش دەزانێت زۆر لە هەڕەشە و مەترسی جیهادی قیتالی و رێكخراوە تیرۆریستییەكان بەدوور نییە. بەڵام ئەگەر بەدیوێكی دیكە سەیری ئەو دەوڵەتە عەرەبییە سوننەیانە بكەین كە لەگەڵ ئیسرائیل لەناو بازنەی هاوپەیمانیی ئەمریكا یەك دەگرنەوە، ئایا لە ستراتیژیەتی ئەمریكاشدا بۆ ناوچەكە دیسان پێكەوە لە بازنەیەكدا كۆدەبنەوە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە جیاوازی نێوان هاوپەیمانەكانی رووسیا و ئەمریكا یەكلایی دەكاتەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە دەوڵەتانی سوننەی عەرەبی لەگەڵ ئەوەی بەشێكیان بە ئاشكرا پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی كردۆتەوە لەوانە (میسر، سعودیە و قەتەر) لەهەمانكاتدا ئەوانی دیكەش ئێستا بە شێوەیەك لە شێوەكان بەتایبەتی لەبواری تەكنەلۆژیای ئەنتەرنێتدا دەرگای پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل واڵا كردووە لەسەر پرسی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەركردنی كێشەی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین، ئەگەر بەبێ لایەنیش سەیری ئیسرائیل و فەلەستین نەكەن، بەڵام لەگەڵ بۆچوونەكانی ئەمریكا بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستین و چارەسەری دوو دەوڵەت (فەلەستین و ئیسرائیل) بۆ كێشەكە، بەتەواوەتی یەك دەگرنەوە، لەلایەكی دیكەش لەبەرامبەر تەحەددی و هەڕەشەكانی ئێران بۆ سەر سعودیە و دەوڵەتانی كەنداو و ئیسرائیل لەگەڵ هەڕەشەكانی ئێران بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا زۆر بە باشی یەك دەگرنەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە هەر كاتێك ئەمریكا و رووسیا لەسەر شێوازێك بۆ چارەسەری كێشەی سووریا و چارەنووسی رژێمی ئەسەد رێك بكەون، ئەوا ئێران و وەكیلەكانی وەك دژ و نەیار لەبەردەم هەردوو هێزە گەورەكەی جیهان (رووسیا و ئەمریكا) و هاوپەیمانەكانیان لەناوچەكەدا دەمێننەوە.

لەناو ئەم هاوكێشە ناجێگر و گۆڕاوەدا، كوردستان توخمێكی گرنگی نێو ئەم هاوكێشە ئاڵۆزەیەو لەیەكاتدا بەرژەوەندیەكانی لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لەلایەك و رووسیا لەلایەكی دیكە یەك دەگرێتەوە، هەروەها لەگەڵ تەواوی هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لەناوچەكە پەیوەندی دۆستانە و دیپلۆماتی لەسەر ئاستی رێز و بەرژەوەندی هاوبەش هەیە. كوردستان لەگەڵ ئێرانیش لەسەر ئاستی فەرمی سیاسی و بارزگانی پەیوەندی باش و فراوانی هەیە و ئێران كونسوڵخانەی لەكوردستاندا هەیە، بەڵام كاتێك پرسەكە دێتە سەر سەربەخۆیی كوردستان، ئێران سەربەخۆیی كوردستان وەك دابەشكردنی سووریا و عێراق لە قەڵەم دەدات، ئەمەش وەك هەڵوەشانەوەی ستراتیژیەتی هیلالی شیعە ئەژمار دەكات كە مەبەستێتی لە سەرانسەری ناوچەكە جێبەجێی بكات. ئەم بیركردنەوەی ئێران وایكردووە كە ئێران وەك دەوڵەتێكی سوپەرپاوەری ئیقلیمی سەیری خۆی بكات و بە مافی خۆی بزانێت كە بەرگری لە یەكپارچەیی عێراق و سووریا بكات، تەنانەت وەك دوو دەوڵەتی ژێر نفووزی خۆی مامەڵەیان لەگەڵ بكات. بەڵام پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە ئایا ئێران دەتوانێت تاسەر بەرگری لە یەكپارچەیی عێراق و سووریا بكات؟ لەمەش زیاتر ئایا تاسەر دەتوانێت بەوەكالەتی حزبوڵای لوبنانی لەسەر سنوورەكانی سووریاوە هەڕەشە و مەترسی بۆ ئەردەن و ئیسرائیل دروست بكات؟ وەڵامی ئەم پرسیارە هەڵوێستی ئەم دواییەی هەر دوو دەوڵەتی ئیسرائیل و ئەردەن بە دروستكردنەوەی پەیوەندیی توندوتۆڵ لەگەڵ مۆسكۆ دەیداتەوە و ئەوەمان پێدەڵێت: بەرژەوەندییەكانی رووسیا لەگەڵ هەڕەشەی ئێران و حزبوڵا لە سنوورەكانی سووریاوە بۆ سەر ئەردەن و ئیسرائیل یەك ناگرێتەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە بارودۆخەكە بەرەو ئەوە هەنگاو هەڵدەگرێت كە هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لەیەك كاتدا پەیوەندییەكی باشیان لەگەڵ رووسیا هەبێت و بەرامبەر ئێران رابوەستنەوە، بەڵام ئایا ئەمە دەبێتە سەرەتایەك بۆ ئەوەی رووسیا و ئەمریكاش لە پرۆسەی داڕشتنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەخاڵیكدا بەرژەوەندییەكان پێكەوە كۆبكرێتەوە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە ئاستی سەركەوتنی یەكەم گەشتی ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەیداتەوە.

ئامانجی رووسیا لە دەستتێوەردانەكەی بۆ سووریا لە ساڵی 2015 دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەمریكا و ئەوروپا گەیشتبوونە ئەو قەناعەتەی كە بەهیچ شێوەیەك كێشەی سووریا بە چارەسەری سەربازی چارەسەر ناكرێت، ئەم هەڵوێستەی ئەمریكا و ئەوروپا مەترسی ئەوەی بۆ رووسیا دروستكرد كە بەرژەوەندییەكانی لە سووریا و دەریای سپیی ناوەڕاست بكەوێتە مەترسییەوە، هەر بۆیە رووسیا بە رێگەی دەستتێوەردانی سەربازی چووە ناو كێشەی سووریاوە و توانی تا رادەیەكی زۆر هاوكێشەكە بۆ مانەوەی ئەسەد بگۆڕێت، لەمەش زیاتر ئەم دەستتێوەردانە رووسیای كردە یاریزانی سەرەكی لە چارەسەركردنی كێشەی سووریا، بۆیە ئەگەر لەسەرەتاوە ئیدارەی ئۆباما لەگەڵ رووسیا لێكتێگەیشتنێكی دروست بكردایە بۆ دەستتێوەردانی سەربازی لە سووریا، ئەوا هاوكێشەی ئێستای سووریا بەو جۆرە نەدەشكایەوە كە لەلایەك ئێرانەوە بكەوێتە بازنەی هاوپەیمانی رووسیاوەوە، هەروەها توركیاش ناچار نەدەبوو بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی بەو ئاستەی ئێستا لە رووسیا نزیك ببێتەوە.
هەموو ئەمانە پێكەوە بەرەو ئەو راستییەمان دەبەن، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بەسەرلەنوێ داڕشتنەوە هەیە، ئەم داڕشتنەوەیەش لەسەر ئەو بنەمایە دەبێت كە ئێران سنوورێك بۆ دەستتێوەردانەكانی خۆی و وەكیلەكانی دابنێت و كۆتایی بە رادیكالیزمی ئیسلامی (شیعە و سونە) بهێنرێت، لەم حاڵەتەدا كە كوردستان وەك دەوڵەتێكی ئەمری واقیع بەرەو دەوڵەتی خاوەن سەروەریی هەنگاو هەڵدەگرێت، لەیەك كاتدا وەك هاوپەیمانی ئەمریكا و رووسیا و هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لەناوچەكە لەقەڵەم دەدرێت، بۆیە كاتێك ستراتیژیەتی هیلالی شیعەو مەدی شیعەگەرایی لە عێراق و سووریا دەبێتە ئاستەنگ بۆ بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و رووسیا و هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە، ئەوا دەوڵەتی كوردستان و پێگەی جوگرافی كوردستان وەك فاكتەرێكی گرنگ و ئەرێنی بۆ ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكە پێشوازی لێ دەكرێت.

ئەركە سەختەكانی بەردەم كوردستان
وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ

كێشەی سەرەكیی نێوان ئێران و ئەمریكا دوای ئازادكردنەوەی موسڵ لە دەستی تیرۆریستانی داعش دەستپێدەكات، بەتایبەتی كە دەبینین ئەو میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كە لەلایەن ئێرانەوە پشتگیریان لێدەكرێت، هەر لە ئێستاوە بەو جۆرە لێدوان دەدەن، ئەگەر دوای پرۆسەی ئازادكردنەوەی موسڵ هێزەكانی ئەمریكا لە عێراقدا بمێنن، ئەوا لە لایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە وەك دوژمن سەیر دەكرێن و هێرش دەكرێتە سەریان، سەبارەت بەم لێدوانانەی سەركردەكانی حەشدی شەعبی هەتا ئێستا لەلایەن حكومەتی عێراقەوە رەخنەیان لێ نەگیراوە، یان هەڵوێستێك لەبەرامبەریان وەرنەگیراوە، ئەمەش ئەوەمان پیدەڵێت، كە تا چ ئاستێك پێگە و نفووزی ئەو میلیشیایە لەناو عێراقدا باڵادەستە.

لەبەرامبەردا، ئەمریكا لە كۆتایی ساڵی 2014وە تا ئێستا لەسەردەمی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپدا، بەسەدان ملیار دۆلاریان خەرج كردووە و بە هەزاران راوێژكاری سەربازییان رەوانەی عێراق كردووە، بۆ ئەوەی هێرشی تیرۆریستانی داعش رابگیرێت و بەغدا نەكەوێتی دەستی تیرۆریستانی داعش، هەربۆیە پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا ئەمریكا لە پێناوی چی ئەم هەموو پارەیەی خەرج كردووە و لە پێناوی چی بە هەزاران پسپۆڕ و راوێژكاری خۆی ناردووە بۆ ئەوەی داعش لە عێراقدا تێكبشكێندرێت؟ ئایا بۆ ئەوە بوو، دوای ئەوەی داعش تێكشكێندرا، جارێكی دیكە عێراق بۆ ئێران و وەكیلەكانی جێ بهێڵێت؟ یان ئامانجی ئەمریكا ئەوە بوو كە ئەمجارەیان عێراق كۆنتڕۆڵ بكاتەوە وەك هاوپەیمانێكی متمانەپێكراوی خۆی لە ناوچەكەدا؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە نەك ئیدارەی ترەمپ بەڵكو ئیدارەی ئۆباما دەیداتەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئیدارەی ئۆباما لەكاتێكدا ستراتیژیەتی خۆتێوەنەگلاندنی لەبەرامبەر هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پیادە دەكرد، بەڵام كاتێك داعش موسڵی داگیر كرد و خەلافەتی راگەیاند و هەڕەشە كەوتە سەر كوردستان، ئیدارەی ئۆباما وازی لەم ستراتیژە هێنا و پەنای بۆ ستراتیژیەتی (شوێن پێی شاراوە) برد، بۆ ئەوەی دووبارە نفووزی خۆی بگێڕێتەوە و تیرۆریستانی داعش تێكبشكێنێت، بێگومان ئیدارەی ترەمپ جیا لەوەی هەتا ئێستا درێژەپێدەری هەمان ستراتیژیەتی كۆتایی 2014ی ئیدارەی ئۆبامایە، بەڵام هەوڵیداوە لەم ستراتیژیەشدا زیاتر بچێتە پێشەوەو ئاستی هاریكاری و چەك و راوێژكارە سەربازییەكانی زیاتر بكات، ئەمەش مانای ئەوەیە دوای پرۆسەی ئازادكردنی موسڵ، ئەمریكا نەك هەر عێراق بە جێ ناهێڵێت، بەڵكو جێ پێی خۆی فراوانتر دەكات و باشتر ستراتیژیەتی خۆی دەچەسپێنێت.

گرنگترین هەنگاو بۆ خوێندنەوەی ستراتیژیەتی تازەی ئەمریكا لە عێراقدا، دەستبەرداربوونی كردەیی ئیدارەی ترەمپە لە سیاسەتی (یەك عێراق)، واتە ئەگەر پێشتر ئەمریكا سیاسەتی بەرامبەر بە عێراق یەك سیاسەت بووبێت، ئەوا ئێستا بەرامبەر بە عێراق و كوردستان دوو سیاسەتی جیاوازی هەیە. ئەمەش بەو مانایەی ئەگەر ئەمریكا بیەوێت جێپێیەكی لە عێراقدا هەبێت، ئەوا كوردستان وەك چەند جاری دیكەش رایگەیاندووە، پێشوازی لەمانەوەی هێزەكانی ئەمریكا دەكات، لەبەرامبەردا عێراق بوونی هێزەكانی ئەمریكا رەتدەكاتەوە، بۆیە لەم حاڵەتەدا كوردستان دەكەوێتە بەردەمی ئەركێكی سەخت، ئەم ئەركە سەختەش لەو خاڵەدا خۆی بەرجەستە دەكات كە چەندی زووە هەوڵبدات پرۆسەی سەربەخۆیی سەربخات و بەشێوازی دیالۆگ و ئاشتییانە پرسی سەربەخۆیی لەگەڵ بەغدا یەكلایی بكاتەوە، ئەم یەكلاییكردنەوەیە كە بە سەختترین ئەركی كوردستان لەم قۆناخە لەقەڵەم دەدرێت، ئەگەر بە زوویی یەكلا نەكرێتەوە، ئەوا لەوانەیە ببێتە رێگر لەوەی ئەمریكا نەتوانێت وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ و هاوپەیمانێكی پشت پێ بەستراو لەگەڵ كوردستان بەفەرمی مامەڵە بكات و لە هەمانكاتیشدا نەتوانێت لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی فەرمی هاوبەشی نێوان كوردستان و ئەمریكا، هێزەكانی بەجیا لە عێراق لە كوردستاندا بمێنێتەوە.
پرسی دەوڵەتی كوردستان وەك دەوڵەتی دیفاكتۆ و وەك ئەوەی ئێستا هەیە كەوتۆتە ئاستی دەوڵەتی دیفاكتۆی تایوان، راستە تایوان لە رووی فەرمییەوە وەك بەشێك لە چین حیساب دەكرێت، بەڵام لە رووی مامەڵەكردن و بەڕێوەبردن و سیستمی حوكمڕانییەوە، نەك هەر لە چین ناچێت، بەڵكو سیستمی سیاسیی تایوان تەواو تەواو دژی سیستمی كۆمۆنیستی كۆماری چینی میللییە، بەڵام لەبەر ئەوەی لەماوەی نزیكەی 46 ساڵی رابردوودا تایوان نەیتوانیوە خۆی لە پاشكۆیەتی چین رزگار بكات، ئێستاش كە پرسەكە دێتە سەر ئەوەی وەك دەوڵەتێكی خاوەن سەروەری مامەڵە لەگەڵ تایوان بكرێت، یاسای نێودەوڵەتی پشتی چین دەگرێت، بۆ كوردستانیش كە ئێستا لە هیچ روویەكەوە لە عێراق ناچێت و سیستمی سیاسی كوردستانیش نەك هەر لە سیستمی سیاسیی ئێستای عێراق ناچێت، بەڵام لەبەر ئەوەی نەبووینە دەوڵەتێكی خاوەن سەروەریی، ئەوا لەزۆر حاڵەتەدا هاوپەیمانەكانمان ناچاردەبن لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیدا نەتوانن وەك دەوڵەتێكی خاوەن سەروەریی مامەڵە لە كوردستاندا بكەن.

ئەركە سەختەكەی كوردستان بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ، ئەو ئاسۆیە گەشەشی لەبەردەمە و تا راددەیەكی زۆر بێدەنگیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبەرامبەر ئەو ئامانجە رەوایەی كورد، جۆرێك لە رەزامەندی لێ دەخوێندرێتەوە كە پێمان دەڵێن: ئەگەر بە ئاشكراش پشتگیریتان نەكەین، بەڵام دژایەتی دەوڵەتی كوردستان ناكەین، سەرۆكی كوردستانیش چەندین جار لەسەر ئەم پرسە رایگەیاندووە، (گرنگ ئەوەیە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دژی دەوڵەتی كوردستان رانەوەستن)، بۆیە لە كاتێكدا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دژی راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان رانەوەستن، ئەوا پرسەكە دەمێنێتەوە سەر ئەوەی چۆن لە ناوخۆی كوردستاندا خۆمان كۆدەكەینەوە و بۆ ئەم هەنگاوە چارەنووسسازە خۆمان ئامادەكەین، لەم چوارچێوەیەدا بارودۆخی ناوخۆی كوردستان و چارەسەركردنی كێشەی نێوان حزبە سیاسییەكان ئەركێكی دیكەی سەختە و دەبێت بەم ئاراستەیە هەموو هەوڵێك بخرێتەگەڕ بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی ناوخۆ ئاستەنگ بۆ سەربەخۆیی كوردستان دروست نەكرێت، ئەگەر بارودۆخی ناوخۆی كوردستان یەكڕیزی و یەكدەنگی بێت لەسەر پرسی دەوڵەت و سەربەخۆیی، ئەوا هاوكێشەكە چەند ئاڵۆزتریش بێت، هەر لە بەرژەوەندیی كوردستان تەواو دەبێت.
Top