رێگە چارەكان زۆرن بەڵام گۆڕان نایەوێت كێشەكان چارەسەربكرێن
May 18, 2017
راپۆرتەکان
بۆیە لە یەكەم لێدوانی نەوشیروان مستەفا دوای گەڕانەوەی لە ئەوروپا ئەو مانایە دەخوێندرێتەوە كە ئەو دەیەوێت بە خەڵكی كوردستان بڵێت: (سوپاسی سەركردایەتی بزووتنەوەی گۆڕان دەكەم كە لە قسەی من دەرنەچوون و ئامادەنەبوون لەگەڵ پارتی رێككەوتنی تازە ئیمزا بكەن)، پاشانیش بە رێككەوتنەكەی لەگەڵ یەكێتی و بە پێشوازیكردنی لە نوری مالیكی سەلماندی كە ئامانجی ئەوەیە لە كوردستاندا ئاشتی و سەقامگیری بەردەوام نەبێت.
لە كاتێكدا ئەم دێڕانە دەنووسین، هەواڵەكان باس لەوە دەكەن كە جارێكی دیكە رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی، بۆیە ئومێدی ئەوە دەخوازین پەیامی ئەمساڵی وەك پەیامی ساڵی رابردووی نەبێت و ئەمجارەیان هەوڵەكانی خۆی بخاتەگەڕ بۆ ئاشتی و تەبایی و نەهێشتنی كێشە و ناكۆكی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا. بەڵام جێگەی داخە، كاتێك وەك چاودێرێكی سیاسی كۆی گشتیی بارودۆخی پرۆسەی سیاسی لە كوردستاندا دەخوێنینەوە، زەحمەتە بتوانرێت بە دیدێكی گەشبینانە هاتنەوەی رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ سلێمانی بخوێنینەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەو بێباكی و عینادییەی رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان ئەو كێشانەی پێ دروست كردوون، هەست ناكرێت هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا هاتبێت، بەتایبەتی ئەو هەڵسووڕاوانەی گۆڕان كە خزم و كەسی نزیكی نەوشیروان مستەفان و لە پەرلەمانی كوردستان و عێراق پەرلەمانتارن، لێدوانەكانیان ئەوەی لێدەخوێندرێتەوە كە ئەوان وەك حزبێكی سیاسی هیچ باكیان بە بەرژەوەندی و ئایندەی كوردستان نییە و لە پێناوی ئەوەی دوای كەوتوون، ئامادەن یاری بەهەموو پیرۆزییەكانی ئەم وڵاتە بكەن، ئەوجا ئەو پیرۆزییانە ئاڵای كوردستان بێت، یان هێزی پێشمەرگەی كوردستان بێت، تەنانەت ناشیرینكردنی كوردستانیش بێت لەبەردەم وڵاتانی ئەوروپادا.
مەترسیی سەرەكی كە حزبی سیاسی لە كۆمەڵگەی دیموكراتی دروستی دەكات، ئەو مەترسیەیە كە حزبەكە بێباك و عیناد بێت و هەست نەكات كە نیشتمان و ئاڵایەكی هەیە و دەبێت رێزی لێ بگرێت، هەروەها بێباك و عیناد بێت و هەست نەكات ئەو حزبەی كە ئەو سووكایەتی پێدەكات، دەنگی ملیۆنان خەڵكی لەگەڵدایە و دەشزانێت ئاكامی ئەو سووكایەتی و رێزنەگرتنە سەرەنجام بۆ كوردستان بە قازانج تەواو نابێت.
بەڵام بەدیوێكی دیكەدا دەكرێت بە لەبەرچاوگرتنی واقیعی ئێستای كوردستان جۆرێك لە گەشبینی هەڵبچێنرێت، كە ئەویش ئەوەیە كوردستان بەرەو دوو پرۆسەی گرنگ و دیموكراتی هەنگاو هەڵدەگرێت كە یەكەمیان ئەنجامدانی راپرسییە و ئەوی دیكەیان هەڵبژاردنی داهاتووی كوردستانە، ئەمەش مانای ئەوەیە هەموو حزبە سیاسییەكانی كوردستان مەبەستیانە لە پرۆسەی ریفراندۆمدا هەڵوێستێكی ئەرێنییانە بەرامبەر ئیرادەی میللەتی خۆیان پیشان بدەن بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتوو بیكەنە كارتێكی گرنگ بۆ هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن.
ئەوجا كە ئەم دوو پرۆسەیە بەڕێوە بن، ئەمە دەرگایەكی دیكەی گەشبینی دەكاتەوە، ئەویش ئەوەیە ئەم خولەی پەرلەمان بەرەو كۆتایی دەچێت، كە پەرلەمانیش بەرەو كۆتایی بچێت، ئەوا لەوانەیە رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان گەیشتبێتە ئەو قەناعەتەی كە پێداگرتن لەسەر مانەوەی یوسف محەمەدی هەڵسووڕاوی بزووتنەوەكەی وەك سەرۆكی پەرلەمان سوودێكی ئەوتۆی بۆ گۆڕان نەبێت، بەپێچەوانەوە مانەوەی كێشەی یوسف محەمەد وەك سەرۆك پەرلەمانێكی دەركراو، لەوانەیە ببێتە كارتێكی دیكە بەدەستی گۆڕانەوە بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو بەكاری بهێنێت، بۆیە مانەوەی یوسف محەمەد وەك سەرۆك پەرلەمانێكی دەركراو، زیاتر سوودی بۆ گۆڕان دەبێت، نەك گەڕانەوەی بۆ پەرلەمان، بۆیە لەم روانگەیەوە پێدەچێت ئەمجارەیان مەسەلەی گەڕانەوەی یوسف محەمەد لای رێكخەری گۆڕان گرنگییەكی ئەوتۆی نەبێت.
هەربۆیە بە لەبەر چاوگرتنی ئەو وەرچەرخانانەی بەڕێوەن، پێدەچێت رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان لە هاتنەوەی ئەمجارەی بۆ سلێمانی ئامانجی ئەوە بێت بەشێوەیەك لە شێوەكان بزووتنەوەی گۆڕان یەكلایی بكاتەوە، ئەم بۆچوونە پشت بەو پێداگیرییەی بزووتنەوەی گۆڕان دەبەستێت كە داوادەكات بە هەر شێوازێك بێت رێككەوتنی نێوان یەكێتی و گۆڕان زیندوو بكاتەوە، ئەمەش تەنیا بەوە دەكرێت كە رێكخەری گۆڕان هەوڵبدات هەندێك لە بڕگەكانی ئەو رێككەوتنە هەموار بكرێتەوەو رێككەوتنەكە زیاتر تایبەتمەند بكرێت بە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان گۆڕان و یەكێتی لە زۆنی سەوزدا، ئەمەش زەمینەیەك خۆش دەكات بۆ ئەوەی گۆڕان و یەكێتی تێكەڵ ببنەوە، ئەم تێكەڵكردنەوەیە لەوانەیە رێگەیەكی گونجاو بێت بۆ ئەوەی گۆڕانی پێ یەكلایی بكرێتەوە، لەبەر ئەوەی ئەم تیكەڵكردنەوەیە هەم بزووتنەوەی گۆڕان لە ئەگەری دۆڕانێكی گەورە لە هەڵبژاردنی داهاتوو رزگار دەكات، هەمیش لەو عینادییە سیاسییە دووری دەخاتەوە كە ماوەی زیاتر لە 20 مانگە پرۆسەی سیاسیی كوردستانی دووچاری چەقبەستوویی كردۆتەوە.a