گۆڕان دەیەوێت بە پرەنسیپی زۆرەملێ رێككەوتنی لەگەڵ حزبەكان هەبێت

گۆڕان دەیەوێت بە پرەنسیپی زۆرەملێ رێككەوتنی لەگەڵ حزبەكان هەبێت
بە درێژایی مێژووی سیاسی لە بزوتنەوەی رزگاریخوازی كوردستاندا، ئەمە جاری یەكەمە حزبێكی سیاسی هەوڵبدات بە زۆرەملێ و گوشار رێككەوتن لەگەڵ حزبەكانی دیكەی كوردستان ئەنجام بدات، یان پێداگیری ئەوە بكات دەبێت لایەنی بەرامبەر بە رێككەوتنەكە پابەندبێت و لەبەرامبەریشدا ئەو هەموو بڕگەكانی ئەو رێككەوتنە پێشێل بكات، یان ئامادە نەبێت هیچ رێزێك بۆ حزبەكانی بەرامبەری دابنێت كە رێككەوتنی لەگەڵدا ئیمزا دەكەن.
پارتی دیموكراتی كوردستان لە 12ی ئۆكتۆبەری 2015 بە ئاشكرا رایگەیاندووە، رێككەوتنی ئێمە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان كۆتایی هاتووە و جارێكی دیكە پارتی پابەندی ئەو رێككەوتنە نابێت لەبەر ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان نەك هەر رێككەوتنی نێوان پارتی و گۆڕانی پێشێل كردووە، بەڵكو رێككەوتنی نێوان هەموو حزبە سیاسییەكانی كوردستانی ژێرپێ ناوە و رێزی لێ نەگرتووە، بەڵام ئەوە ماوەی نزیكەی 20 مانگە بزووتنەوەی گۆڕان پێداگری لەسەر ئەوە دەكات، دەبێت ئەو رێككەوتنەی نێوان پارتی و گۆڕان هەروەك خۆی بێت و پارتی بۆی نییە ئەو رێككەوتنە هەڵبوەشێنێتەوە، ئەمە لەكاتێكدا رێككەوتنی نێوان پارتی و گۆڕان، رێككەوتنێكی دووقۆڵییە بۆ پێكهێنانی كابینەیەكی حكومەت، ئەمەش بێجگە لە گاڵتەجاڕی بە سیاسەت هیچ مانایەكی دیكەی نییە، لەمەشدا دەكرێت ئاماژە بە رێككەوتنی لایەنی كوردستانی لەگەڵ لایەنی شیعەی عێراق بكەین بۆ پێكهێنانی كابینەكەی د.حەیدەر عەبادی، كە گەورەترین كێشە لە نێوان كوردستان و عێراقدا، چارەسەركردنی كێشەی بودجەی كوردستان بوو لە ناو بودجەی عێراقدا، لایەنی كوردستانی چووە ناو كابینەكەی د.عەبادی پاشان رێككەوتنەكە بووە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2015، لە ناو رێككەوتنەكەشدا هاتبوو هەر لایەك ئەو رێككەوتنەی جێبەجێ نەكرد، لایەنەكەی دیكەش بۆی هەیە بە رێككەوتنەكە پابەند نەبێت. هەموو لایەك بینیمان د.حەیدەر عەبادی پابەندی رێككەوتنەكە نەبوو، لەبەرامبەردا حكومەتی كوردستانیش پابەند نەبوو، هەروەها حكومەتی كوردستان داوای كرد بەوەی ئامادەیە لەسەر بنەمایەكی تازەتر دووبارە رێككەوتن بكەنەوە، بەڵام دیسان هەر رێكنەكەوتن، بەمەش نە دنیا ئاخیر بوو، نە هەولێر و بەغداش گەیاندیانە مریشكە ڕەشە و نەمانی پەیوەندی لەنێوان هەولێر و بەغدادا، بەپێچەوانەوە لەگەڵ ئەوەی ئەو رێككەوتنەش هەڵوەشایەوە، بەڵام ئێستا رێككەوتنێكی دیكەی سەربازی لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق هەیە بە میانگیری ئەمریكا، ئەمەش مانای ئەوەیە لەبەر ئەوەی هەڵوێستی حكومەتی كوردستان هەڵوێستێكی روون و ئاشكرایە و دڵنیایە لە هەڵوێستەكانی خۆی، باكی بەوە نییە بەغدا رێككەوتنەكە هەڵدەوەشێنێتەوە یان نە، لەمەش زیاتر ئامادەیە رێككەوتنی دیكەش لەگەڵ بەغدا ئیمزا بكات، هەتا گەیشتۆتە ئەوەی ئێستا شاندی پارتی و یەكێتی پێكەوە دەچنە بەغدا و لەگەڵ پەرلەمان و حكومەت و تەواوی لایەنە سیاسییەكانی شیعە باسی میكانیزمی جیابوونەوەی ئاشتییانەی نێوان عێراق و كوردستان دەكەن، بەڵام لەبەر ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر بنەمای پیلان و رێزنەگرتنی لایەنی بەرامبەر رێككەوتنەكەی بۆ بەرژەوەندی خۆی قۆستۆتەوە، ئێستا پارتی دەڵێت من رێككەوتنم لەگەڵ گۆڕان نییە، گۆڕان پێداگیری دەكات و دەڵێت نەخێر لە نێوان گۆڕان و پارتی رێككەوتن هەیە، ئامادەش نییە لەسەر رێككەوتنێكی دیكە دیالۆگ و دانوستاندن بكرێت.


ساڵی 2016 پاش هاتنەوەی نەوشیروان مستەفا لە لەندەن، رێككەوتنێكی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئیمزا كرد، سەبارەت بەم رێككەوتنە پارتی دیموكراتی كوردستان ناڕازی بوو، ئەمەش نەك لەبەر ئەوەی پارتی دژی رێككەوتنی نێوان گۆڕان و یەكێتی بوو، بەڵكو لەبەر ئەوەی رێككەوتنی نێوان یەكێتی و گۆڕان بە شێوەیەك داڕێژدرابوو كە رێككەوتنی ستراتیژیی نێوان پارتی و یەكێتی لە ریشەوە هەڵدەتەكاند، بێگومان نەمانی رێككەوتنی ستراتیژیش لە نێوان پارتی و یەكێتی، واتە نەمانی شەراكەت لە نێوان پارتی و یەكێتی لە حكومەت و هەروەها نەمانی یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كە بە درێژایی 1300 كیلۆمەتر شەڕی دژی داعش دەكات.
بۆیە لەم چوارچێوەیەدا و بۆ پاراستنی گیانی فرەیی و پێكەوەژیان لە كوردستان و یەكڕیزیی هێزی پێشمەرگە و بەڕێوەبردنی حكومەت، پارتی پرسیاری خۆی ئاراستەی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كرد، ئایا ئەم رێككەوتنەی نێوان گۆڕان و یەكێتی، كۆتایی بە رێككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەكێتی دەهێنێت، یان نە؟ دیارە سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دووربینانەتر واقیعەكەیان خوێندەوە و خۆیان لەو تەڵەیە رزگار كرد كە نەوشیروان مستەفا بۆی نابوونەوە، بۆیە راشكاوانە وەڵامی پارتیان دایەوە ئەوان پابەندن بە رێككەوتنەكە و ئامادەشن جارێكی دیكە ئەو رێككەوتنە پێداچوونەوەی پێدا بكرێت و لەگەڵ واقیعی ئێستای كوردستان بگونجێندرێت، یان ئەگەر بكرێت ئەو رێككەوتنە فراوانتریش بكرێت و لایەنی دیكەش بگرێتەوە، بەڵام ئەگەر یەكێتی نیشتمانی لە وەڵامی پارتیدا بیگوتبایە نەخێر، رێككەوتنی ستراتیژی نێوانمان كۆتایی هاتووە، ئایا پارتی دەیتوانی گوشار بخاتە سەر یەكێتی بڵێت نەخێر هەر دەبێت پابەند بیت پێوەی؟ وەڵامی ئەم پرسیارە دابەزینی یەكێتی بە لیستی جیا لە پارتی لە هەڵبژاردنەكانی 2013 دەیداتەوە، كاتێك یەكێتی بڕیاری دا بەلیستی هاوبەش لەگەڵ پارتی نەچێتە هەڵبژاردنەوە، پارتی دەیزانی ئەم بڕیارەی یەكێتی بە دابەزینی بە لیستی جیاواز، جۆرێك لە ناسەقامگیری حوكمڕانی لە كوردستان دروست دەكات، بەڵام لەبەر ئەوەی یەكێتی ئەو بڕیارەی دابوو، پارتی رێزی بڕیارەكەی یەكێتی گرت و نەیكردە پەڵپ و بیانووش بۆ ئەوەی رێككەوتنی ستراتیژی هەڵبوەشێنێتەوە.


لایەنێكی دیكەی ئەو رێككەوتنەی نێوان یەكێتی و گۆڕان كە دروستكردنی سەركردایەتییەكی هاوبەش بوو لەنێوان هەردوولایاندا و لە رێككەوتنەكەشدا هاتووە كە نابێت یەكێتی بێ رەزامەندی گۆڕان لەگەڵ هیچ لایەنێكی سیاسی رێككەوتن ئیمزا بكات، سەبارەت بەم بڕگەیە پارتی بە ئاشكرا رایگەیاند، ئێمە پێشوازی لە شاندێكی هاوبەش ناكەین كە لایەنێكیان رێككەوتنی ستراتیژیمان لەگەڵیدا هەبێت و لایەنەكەی دیكەش كە گۆڕانە رێككەوتنمان لەگەڵ هەڵوەشاندۆتەوە، بۆیە ئەگەر بزووتنەوەی گۆڕان دەگەڕێتەوە بۆ ناو یەكێتی، ئەمە مانای ئەوەیە دەبێتە بەشێك لە رێككەوتنی ستراتیژی و ئەو كاتیش شاندی یەكێتی نیشتمانی هەمووشیان سەركردەكانی پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان بن، پارتی ئامادە دەبێت پێشوازییان لێ بكات، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەو كاتە ئەوانە بەناوی یەكێتی نیشتمانی لەسەر بنەمای رێككەوتنی ستراتیژی سەردانی پارتی دەكەن و پارتیش بە خۆشحاڵییەوە پێشوازییان دەكات، بەمەش دەركەوت كە رێكخەری بزووتنەوەی گۆڕان چۆن داوی پیلانەكانی لەناو ئەو رێككەوتنەدا چنیبوو كە هەمووشی بە كارەسات و ماڵكاولی بۆ كوردستان تەواو دەبوو.

دیارە رێككەوتنی نێوان یەكێتی و گۆڕان هەردوای چەند مانگێك دەركەوت كە یەكێتی ناچێتە ژێر ئەو بارەی كە گۆڕان داوای دەكات، بۆیە رێككەوتنەكە بەجۆرێك بە هەڵپەسێراوی مایەوەو لەسەر ئەم هەڵپەساردنەش هەڵسووڕانی بزووتنەوەی گۆڕان گوشارێكی گەورەیان بۆ سەر یەكێتی دەست پێكردووەو داوادەكەن دەبێت بە زۆری زۆرداری یەكێتی ئەو رێككەوتنە جێبەجێ بكات، بەڵام لەبەر ئەوەی یەكێتی ئامادە نییە ئەوەی گۆڕان مەبەستێتی جێبەجێی بكات، وەك لە دواكۆبوونەوەی ئەم دواییەی یەكێتی و گۆڕان بینیمان، زۆر بە سارد و سڕی و بێ ئاكام كۆتایی هات، ئەمەش مانای ئەوەیە گۆڕان دەیەوێت هەموو گوشارێك بۆ سەر یەكێتی دروست بكات، بۆ ئەوەی ئەو رێككەوتنە هەر بمێنێت، لەبەرامبەردا ئەو مافە بە یەكێتی رەوا نابینێت كە وەك حزبێكی سیاسی و جەماوەری لە كوردستاندا خۆی بڕیار بدات لەگەڵ چ لایەنێكی سیاسی رێككەوتن دەكات و بە چ شێوازێك رێككەوتن دەكات.

ئەو شێوازی سیاسەتكردنەی بزووتنەوەی گۆڕان مامەڵەی لەگەڵ پارتی و یەكێتی پێدەكات، لە رەفتاری منداڵێكی لاسار و نازدار دەچێت و لەبەر ئەوەی پارتی و یەكێتی هەموو هەوڵیان بۆ ئەوەیە كە یەكڕیزی نێوماڵی كوردستان تێكنەچێت و لەم بارودۆخە ناسكەدا كە كوردستان لەشەڕێكی گەورەی جیهانیدایە لە دژی تیرۆر، ئەم شەڕە نەدۆڕێنێت، زۆر موراعاتی بزووتنەوەی گۆڕان و ریكخەرەكەیان كردووە، لەسەر ئاستی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەش، یەكێتی هەوڵیداوە زیاد لە پێویست موراعاتی گۆڕان بكات بۆ ئەوەی سەقامگیری ئەو دەڤەرە تیكنەچێت و ناچار نەبێت پەنا بۆ شێوازی دیكە بەرێت كە سنوور بۆ گۆڕان دابنێت، بەڵام بارودۆخی ئێستای كوردستان بەرەو قۆناخێكی چارەنووسساز و یەكلاكەرەوە بۆ نەتەوەكەمان هەنگاو هەڵدەگرێت، ئەگەر سنوورێك بۆ ئەو لاساری و نازدارییە دانەنرێت، لەوانەیە سەقامگیریی كوردستان بە شێوەیەكی رێژەیی رووبەڕووی ناسەقامگیری ببێتەوە.
Top