گۆڕان بەدوای پیلانێكدا دەگەڕێت سیاسەتە هەڵەكانی پێ پەردەپۆش بكات

گۆڕان  بەدوای پیلانێكدا دەگەڕێت سیاسەتە هەڵەكانی پێ پەردەپۆش بكات
رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی كە پارتی دیموكراتی كوردستان جارێكی دیكە ناگەڕێتەوە بۆ ئەو رێككەوتنەی لەگەڵ گۆڕان ئیمزای لەسەر كردووە بۆ پێكهێنانی كابینەی هەشتەم، ئەمەش مانای ئەوەیە دەبێت بزووتنەوەی گۆڕان ئامادە بێت سەرلەنوێ لەگەڵ پارتی دەست بكاتەوە بە دیالۆگ و دانوستاندن بۆ ئەوەی لەسەر بنەمایەكی نوێ متمانە لە نێوان پارتی و گۆڕان دروست ببێتەوە و پاشانیش میكانیزمێكی نوێ دەستنیشان بكرێت بۆ ئەوەی پەیوەندییەكانی نێوان گۆڕان و پارتی رێكبخاتەوە.
كەواتە هەنگاوی یەكەمی ئاساییكردنەوەی پەیوەندیی نێوان پارتی و گۆڕان، گێڕانەوەی متمانەیە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە سیاسەتی هەڵەی بزووتنەوەی گۆڕان، پارتی گەیاندۆتە ئەو ئاستەی هیچ متمانەیەكی بە بزووتنەوەی گۆڕان نەبێت، لەمەش زیاتر پارتی گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی هەر رێككەوتنێك لەگەڵ گۆڕان دووبارە ئیمزا بكرێتەوە، دەبێت پێشتر گەرەنتی دروستبوونەوەی متمانەی نیوان گۆڕان و پارتی مسۆگەر كرابێت.
بزووتنەوەی گۆڕان ئەگەر بیەوێت لەسەر بناخەیەكی كۆنكرێتی پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ پارتی رێكبخاتەوە، ئەوا دەبێت وەڵامی پرسیارگەلێكی پارتی و خەڵكی كوردستان بداتەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەگەر پارتی وەڵامی ئەو پرسیارانەی دەست نەكەوێتەوە، ئەوا هەر رێككەوتنێكی دیكەش لە نێوانیاندا بكرێت، ئەوا گۆڕان رێز لە ئیمزای خۆی ناگرێت و هەر كاتێك بۆی بلوێت بەدژی ئەو رێككەوتنە رەفتار دەكات، لێرەدا گرنگە بزوتنەوەی گۆران وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە:
ئەگەر بزووتنەوەی گۆڕان بۆ بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان پێداگیری لەسەر ئەوە دەكات كە پێویستە یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هەموار بكرێتەوە و شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك لە هەڵبژاردنی راستەوخۆوە بگۆڕێت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا هەڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر سیستمی سیاسیی كوردستان پێچەوانەی هەڵوێستی گۆڕانە، یان پارتی داوادەكات لەسەر ئەم مەسەلەیە سازانی نیشتمانی بكرێت و پاشانیش ئەم دوو بۆچوونە جیاواز بخرێتە بەردەمی گەلی كوردستان با گەلی كوردستان یەكلایی بكاتەوە؟ پرسیاری دیكە ئەوەیە كە پارتی دیموكراتی كوردستان رێگەیەكی ئاشتییانە و شارستانییانەی بۆ چارەسەركردنی كێشە سیاسییەكان دەستنیشان كردووە، ئایا بۆچی بزووتنەوەی گۆڕان پەنای بۆ كودەتای سیاسی برد؟

بزووتنەوەی گۆڕان دەبێت وەڵامی ئەو پرسیارەی پارتی و خەڵكی كوردستان بداتەوە، ئایا كاتێك ئەم بزووتنەوەیە لەسەر رێككەوتنێك ئیمزا دەكات، رێز لە ئیمزاكەی خۆی دەگرێت؟ ئەگەر ناتوانێت رێز لە ئیمزاكەی خۆی بگرێت، بۆچی رێككەوتن ئیمزا دەكات، یان ئەگەر لایەنی بەرامبەر بەگومان بێت لەوەی گۆڕان رێزی ئێمزای خۆی ناگرێت، بۆچی رێككەوتنی لەگەڵ ئیمزا بكات؟ ئەم پرسیارە لە واقیعەوە سەرچاوەی گرتووە كە پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر متمانەی بە بەڵێنەكانی بزووتنەوەی گۆڕان كە داوای چوار ساڵ ئارامیی بۆ كوردستان دەكرد، رێككەوتنی بۆ كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵدا ئیمزا كردووە، بۆیە دەپرسین ئایا هیچ كێشەیەكی سیاسیی ئەوتۆ دروست ببوو كە گەیشتبێتە حاڵەتێكی چەقبەستووی ئەوتۆ كە بزووتنەوەی گۆڕان بە ئەنقەست ئارامیی كوردستان بشێوێنێت؟ پرسیاری دیكە ئەوەیە پارتی دیموكراتی كوردستان تا ئەو ئاستە متمانەی بە گۆڕان كردبوو هەتا ئەگەر خوانەخواستە نائارامییەكیش رووبكاتە كوردستان بە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و حزبەكانی دیكە چارەسەری بكەن، بەڵام كاتێك بزووتنەوەی گۆڕان خۆی بەدەستی ئەنقەست دەبێتە هۆكار و سەرچاوەی نائارامی لە كوردستاندا، ئایا رێككەوتنێك لەسەر بنەمای چوار ساڵ ئارامی لەگەڵ گۆڕان ئیمزا كرابێت، چ بەها و مانایەكی دەمێنێتەوە؟

بزوتنەوەی گۆڕان دەبێت وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە كە حزبە سیاسییەكانی كوردستان و نوێنەرانی دەوڵەتان و نەتەوە یەكگرتووەكان ئاراستەی دەكەن و پێی دەڵێن: ئایا كاتێك بزووتنەوەی گۆڕان رێككەوتنێك وەك رێككەوتنی شەوی 18-19ی ئابی 2015 بە ئامادەبوونی نوێنەرانی وڵاتان و نەتەوە یەكگرتووەكان لەگەڵ حزبە سیاسییەكانی كوردستان ئیمزا دەكات، ئایا رێزی حزبەكان و لایەنە ناوبژیوانەكان دەگرێت؟ ئەگەر بزووتنەوەی گۆڕان رێزی حزبە سیاسییەكانی كوردستان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكانی بگرتایە، ئەوا نەدەبوو لە رۆژی 19ی ئاب لەناو پەرلەمانی كوردستاندا ئەو رێككەوتنە ژێر پێ بنێت، ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت، پارتی دیموكراتی كوردستان چۆن دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ رێككەوتنێكی كۆن، كە بزووتنەوەی گۆڕان نەك هەر رێزی رێككەوتنەكەی نەگرتووە، بەڵكو گاڵتەتەشی بە هەموو حزبە سیاسییەكانی كوردستان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش كردووە؟!
ئەگەر بە وردی سەرنج لەو خاڵانە بدەین كە واقیعبینانە ئاماژەمان پێكردوون، بزووتنەوەی گۆڕان هەموو هەوڵی بۆ ئەوەیە خۆی لەم پرسیارانە بدزێتەوە و ئەم پرسیارانەی رووبەڕوو نەكرێتەوە، یان بەتەنیا لەگەڵ پارتی كۆنەبێتەوە بۆ ئەوەی ئەم پرسیارانەی رووبەڕوو نەكرێنەوە. لەم پێناوەشدا لە كۆتایی ساڵی 2015 تا ناوەڕاستی ساڵی 2016، رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان كوردستانی بەجێهێشت بۆ ئەوەی دەروازەیەك بۆ ئەو زۆنگاوە بدۆزێتەوە كە هەر خۆی بۆ بزووتنەوەی گۆڕانی دروستكردووە، بەڵام پاش نزیكەی 7-8 مانگ كە لە كۆتایی نیسانی 2016 گەڕایەوە، هەموو پیلانەكەی ئەوە بوو ێەكێتی و گۆڕان تێكەڵی یەكتری بكاتەوە، بۆ ئەوەی بە حیسابی خۆی هاوسەنگیی هێز لە كوردستاندا بگۆڕێت، بەڵام سەركردایەتی یەكێتی زۆر زوو لەو پیلانەی نەوشیروان مستەفا تێگەیشتن و هەستیان كرد ئەوەی نەوشیروان مستەفا لە رێككەوتنی یەكێتی و گۆڕان ئامانجیەتی، رێكخستنەوەی پرۆسەی سیاسی و قووڵكردنەوەی گیانی پێكەوەژیان و فرەیی سیاسی نییە، بەڵكو زەمینە خۆشكردنە بۆ ئەوەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بچێتە ژێر باری هەڵە سیاسییە شكستخواردووەكانی گۆڕان و دژی پارتی رابوەستێت، ئەمەش واتە كاولبوونی كوردستان نەك رێكخستنەوەی پرۆسەی سیاسی، ئەگەر ئامانجەكەشی كاولكردنی كوردستان و هەڵگیرسانی شەڕ نییە لە نێوان پارتی و یەكێتیدا، پرسیار ئەوەیە ئایا چ كێشەیەكی قورس و گرانی ئەوتۆی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان هەیە، هەتا بەدیالۆگ و ئاشتی و دانوستاندن چارەسەر نەكرێت؟ بەڵام ئەمجارەش خوا رەحمی بە كوردستان كرد و پیلانەكەی سەری نەگرت.
Top