هەڵبژاردنەوەی سەرۆكایەتییەكی نوێ پەرلەمان كارا دەكاتەوە نەك عینادیی سیاسیی گۆڕان و ئامانجە شاراوەكانی
May 9, 2017
راپۆرتەکان
پەرلەمانی كوردستان بە فەرمانی راستەوخۆی نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لە 19ی ئابی 2015 پەكخرا، ئەو رۆژەی كە یوسف محەمەدی هەڵسووڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان نەیتوانی وەك سەرۆكی پەرلەمان رێز لە رێككەوتنی حزبە سیاسییەكانی كوردستان و ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی بگرێت و، ویستی بوونی شەڕی تیرۆریستانی داعش بە فرسەت وەربگرێت و تەلاری پەرلەمان لەدەزگایەكی نەتەوەیی و نیشتمانییەوە بگۆڕێت بۆ مەكۆی سەرەكیی گۆڕان و كوردستان بخاتە دووڕیانی چارەنووسێكی نادیارەوە.
رۆژی 19ی ئابی 2019، فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمانی كوردستان ئەو راستییەیان بۆ دەركەوت كە ئامانجی بزووتنەوەی گۆڕان و هەڵسووڕاوەكەیان كە سەرۆكی پەرلەمان بوو لە پێداگرتن و سووربوون لەسەر گرێدانی كۆبوونەوەی پەرلەمان و پێشێلكردنی رێككەوتنی نێوان حزبە سیاسییەكان چی لە پشتەوەیە! هەر بۆیە زۆر جوامێرانە هەڵوێستی خۆیان پیشان داو لە كۆبوونەوەی پەرلەمان هاتنەدەرەوە و رێگەیان نەدا نیسابی یاسایی بۆ دانیشتنەكەی پەرلەمان دروست بێت و كودەتاكەی رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان سەركەوتوو بێت، كە ئەنجامدانی بە یوسف محەمەد سپێردرابوو. هەر بۆیە دوای ئەوەی كۆبوونەوەی پەرلەمان گرێنەدرا، زۆر لە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنەكانی دیكەی ناو پەرلەمان لە بەردەم مایك و شاشەی تیڤییەكاندا رایانگەیاند، سەرۆكایەتی پەرلەمان بە هەرزەكارێكی سیاسی ناكرێت و نابێت چارەنووسی وڵاتێك بخرێتە بەردەستی هەرزەكارێكی سیاسی. ئەم بڕیارە هەڵەیەی رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان و جێبەجێكردنی لەلایەن یوسف محەمەدەوە، پەرلەمانی كردە لاشەیەكی بێگیان، خودی یوسف محەمەد كە لەماوەی 19ی ئاب – 12ی ئۆكتۆبەر لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەك خۆی مابووەوە، زۆر بە راشكاوانە گەیشتە ئەو حاڵەتە نەخوازراو و شەرمەزارییەی كە بڵێت: چیدیكە ناتوانرێت لە ناو تەلاری پەرلەماندا كۆبوونەوە لەسەر هیچ پرسێكی نیشتمانی بكرێت، بۆیە بە ناچاری دوای 19ی ئابی 2015، بەرنامەی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان لە قسەكردن لەسەر گۆڕینی سیستمی سیاسی و كودەتاكردن بەسەر سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، گۆڕدرا بۆ خویندنەوەی پەیڕەو و پڕۆگرامی پەرلەمان و پاشانیش موناقەشەكردنی.
فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجامنەدانی كۆبوونەوەی 19ی ئابی 2015ی وەك شكست بۆ ئامانجە شاراوەكانی بزووتنەوەی گۆڕان لەقەڵەم نەدا، بەڵكو ئومێدی خواست كە ئەمە پەندێك بێت بۆ هەموو لایەك و هەوڵبدرێت هەڵەكانی پێشتر راست بكرێنەوە و كێشە چارەنووسسازەكان بە دیالۆگ و كۆدەنگیی نیشتمانی چارەسەر بكرێت، نەك بە هەوڵدانی لابەلا بۆ ئەنجامدانی كودەتای پەرلەمانی بە رێگەی زۆرینەو كەمینەی ناو پەرلەمان.
هەروەها مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستانیش، بێڕێزیكردنی بزووتنەوەی گۆڕانی بە رێككەوتنی حزبە سیاسییەكان وەك كارتێكی گوشار دژی بزووتنەوەی گۆڕان بەكار نەهێنا، بەڵكو درێژەی بە كۆبوونەوە پێنج قۆڵییەكان دا، بۆ ئەوەی گۆڕانیش بەخۆیدا بچێتەوە و هەوڵبدات پرسە نیشتمانییەكان بە دیالۆگ و كودەنگیی نێوان حزبەكان چارەسەر بكرێت.
بەڵام لە بەرامبەردا بزووتنەوەی گۆڕان ئەم هەڵوێستەی فراكسیۆن و مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستانی بەوجۆرە لێكدایەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان لەژێر گوشارێكی گەورەیەداو هەر دەبێت كودەتاكەی بەشێوەیەكی دیكە درێژە پێبدات. هەر بۆیە لەو كاتەی كە شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ شاندی چوار لایەنەكەی دیكە لە هۆتێلی شاری جوان لە كۆبوونەوەدا بوون، بزووتنەوەی گۆڕان خەڵكی ناردە سەر شوێنی كۆبوونەوەكە بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی زۆر ناشارستانییانە و دوور لە داب و نەریتی كوردەواری و پەیوەندی نێوان حزبی سیاسی، شاندی پارتی بخاتە ژێر گوشارەوە و ناچاریان بكات، یان بە خواستە ناشەرعییەكانی گۆڕان رازی بن، یان كۆتایی بە كۆبوونەوە پێنج قۆڵییەكان بهێندرێت.
لە عورفی سیاسەت و دیپلۆماتیی نێوان لایەنەكان و تەنانەت نێوان دەوڵەتەكانیشدا، هەر كاتێك لایەنێكی سیاسی، یان دەوڵەتێك كۆتایی بە دیالۆگ و دانوستاندنی ئاشتییانە هێنا، ئەوا زانستی سیاسەت لەمێژە ئەو راستییەی ئاشكراكردووە كە ئەو لایەنە بەدوای ئامراز و هۆكاری دیكەدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی درێژە بەو سیاسەتە نەخوزارەوە بدات كە بە رێگەی دیالۆگی ئاشتییانە بۆی نایەتەدی. زانایانی زانستی سیاسەت لەسەر ئەوە كۆكن، رێگەی دووەم دوای وازهێنان لە دانوستاندن و دیالۆگی ئاشتییانە، پەنابردنە بۆ شەڕكردن، یان دروستكردنی ئاڵۆزی و ئاژاوەگێڕی، بزووتنەوەی گۆڕان هەردوای كۆتاییهاتنی دوایین كۆبوونەوەی پینج قۆڵی لە هۆتێلی شاری جوان لە سلێمانی، شەڕی خۆی دژی پارتی دیموكراتی كوردستان لەو ناوچانەی كە پێی دەكرێت، راگەیاند، هاوكاتیش تیرۆریستانی داعش هێرشی سەربازیی خۆیان بۆسەر كوردستان دەست پێكرد، بەداخەوە بزووتنەوەی گۆڕان بەوجۆرە بەراوردی لەنێوان راگەیاندنی شەڕەكەی خۆی دژی پارتی و هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر كوردستان كرد كە دەتوانێت زۆر بە باشی بە پارتی دیموكراتی كوردستان بڵێت، تۆ لەدوو بەرەوە و لەیەك كاتدا دوو شەڕی چارەنووسسازت پێ ناكرێت، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان بەپشتگیری خەڵك و هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و لە سەرووی هەمووشیانەوە هێزی پێشمەرگەی كوردستان كە زۆر جوامێرانە هەڵوێستی خۆی پیشاندا بەوەی تێكەڵی كێشە سیاسییەكانی كوردستان نابێت و ئەركی ئەو پاراستنی سنووری كوردستانە لە تیرۆریستانی داعش، ئەوا هەم هێزی پێشمەرگەی كوردستان توانی خەونەكانی تیرۆریستانی داعش پووچەڵ بكاتەوە و هەمیش سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان راشكاوانە وەڵامی بزووتنەوەی گۆڕانی دایەوە، بەوەی كاتێك ئێوە بەئاشكرا شەڕ دژی پارتی دیموكراتی كوردستان رادەگەیەنن، ئەوا پارتی بیەوێت، یان نەیەوێت ناچارە پێتان بڵێت، ئەو رێككەوتنەی بۆ پێكهێنانی كابینەی هەشتەم لەنێوانماندا هەبوو، كۆتایی هات و دەبێت بە میكانیزم و بیركردنەوەیەكی تازە لەسەر ئایندەی پەیوەندییەكان و هاوپەیمانیمان لە حكومەتێكی بنكە فراوانی نیشتمانیدا، دانوستاندن بكەینەوەو سەرلەنوێ بە نەخشەڕێگەیەكی تازە دەست پێبكەینەوە.
ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی بزووتنەوەی گۆڕان بەپێی ئەجیندایەكی تایبەتی خۆی لە كوردستان دروستی كرد، نەك هەر لای پارتی دیموكراتی كوردستان جێگەی قبووڵكردن نییە، بەڵكو تەواوی هێزە سیاسییەكانی كوردستان بەو چوار لایەنەشی لەگەڵ گۆڕان پڕۆژەی هاوبەشیان هەبووە، رەتیدەكەنەوە و رەفتارەكانی یوسف محەمەد لە رۆژی 19ی ئابی 2015 بە هەڵەیەكی زۆر خراپ هەژمار دەكەن، هەر بۆیەش دوای ئەوەی پارتی بڕیاری دا سنوورێك بۆ شەڕ و ئاژاوەگێڕییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان دابنێت، هیچ لایەنێكی سیاسی بە بزووتنەوەی گۆڕانەوە خۆیان لە پەرلەمان و حكومەت نەكێشاوەتەوە، لەبەرامبەردا بزووتنەوەی گۆڕان كە نایەوێت دان بە هەڵەكانی خۆیدا بنێت، جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە پارتی بەوە رازی بێت، بارودۆخەكە وەك رۆژانی پێش 12ی ئۆكتۆبەری 2015 لێبكاتەوە. بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە رۆژانی پێش 12ی ئۆكتۆبەری 2015، بزووتنەوەی گۆڕان پیلانی چۆنی بۆ تێكدانی كوردستان داڕشتبوو؟ ئایا بگەڕێینەوە بۆ بارەگا سووتاندن و كاولكردنی كوردستان؟ ئایا هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بەوە رازی بن، بزووتنەوەی گۆڕان هەموو پەرلەمان بكاتە چەكێك و بۆ ئامانجە سیاسییەكانی خۆی بەكاری بهێنێت؟ دیارە پێش هەمووان بزووتنەوەی گۆڕان خۆیشی وەڵامی گونجاوی بۆ ئەم پرسیارانە پێ نییە، تەنانەت جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕانیش دەزانن، هەڵەیەكی هێندە گەورەیان كردووە، بە ئاسانی بۆیان پینە ناكرێت، نوێنەری هیچ دەوڵەتێكی جیهانیش پشتگیرییان لێ ناكات، لەبەر ئەوەی رێگەنەدان بەوەی چیتر یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بێت، وەك رێگرتن لە فیتنەو ئاژاوە سەیردەكەن و هەوڵەكانی بزووتنەوەی گۆڕان وەك كودەتا و دروستكردنی ئاژاوە لە كوردستاندا لەقەڵەم دەدەن.
پارتی پەنای بۆ بژارەیەكی خراپ برد
بەڵام لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی پشتگیری لێ دەكرێت
پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە 12ی ئۆكتۆبەری 2015 بڕیاری دا، رێككەوتنی خۆی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان هەڵبوەشێنێتەوە و رێگەنەدات یوسف محەمەد بگەڕێتەوە بۆ هەولێر و پەرلەمان بكات بە سەنگەرێكی دیكەی حزبەكەی بۆ تەواوكردنی كوتادەكەی دژی ئارامی و سەقامگیریی كوردستان، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: «ئێمە ناچار بووین پەنا بۆ بژارەیەكی خراپ بەرین، بەڵام ترسی ئەوەمان هەبوو خراپتریش رووبدات.»
هەموومان ئەو رۆژەمان لەبەر چاوە كە ئامانجی بزووتنەوەی گۆڕان لە هەڵكوتانە سەر بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان چی بوو. بێگومان رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بەوجۆرە بیری كردبووەوە كە پارتی كاردانەوەی توندی بەرامبەر بارەگا و مەكۆكانی گۆڕان لە شارەكانی هەولێر و دهۆك دەبێت و ئەو چۆن بارەگاكانی پارتی دەسووتێنێت، ئەوا پارتیش لە تۆڵەی بارەگاكانی خۆی، بارەگاكانی گۆڕان دەسووتێنێت، ئەم مەزندەیەی رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر بنەمای (السن بالسن و العین بالعین) داڕێژدرابوو، بەڵام پارتی بە میتۆی مەهاتما گاندی وەڵامی دایەوە كە دەڵێت: «ئەگەر بەپێی (السن بالسن و العین بالعین) مامەڵە لەگەڵ یەكتری بكەین، ئەوا هەموو گەلەكەمان دەبێت كوێر و كەم ئەندام بێت.» هەر بۆیە پارتی بڕیاری دا كە خۆی هەموو بارەگاو مەكۆكانی گۆڕان لە تووڕەیی خەڵك بپارێزێت، ئەمەشی بە بەرچاوی هەموو لایەك ئەنجام دا. لۆژیك و ئەزموونداری پارتی لە سیاسەت و رێزگرتنی فرەلایەنی لەو ئاستە بوو كە بتوانێت كۆنتڕۆڵی تووڕەیی جەماوەرەكەی خۆی بكات و رێگە نەدات ئەوەی رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان پیلانی بۆ داڕشتووە بە ئاسانی سەربگرێت. پارتی لەوە دڵنیابوو كە خاڵی بەهێزی پیلانەكەی گۆڕان لەوەدایە كە سەرتاسەری كوردستان ببێتە پاشاگەردانی و ئاژاوە، بۆیە كە سنوورێكی بۆ پاشاگەردانی و ئاژاوەی پیلانەكەی گۆڕان دانا، هەموو شتێك گۆڕانی ریشەیی بەسەردا هات و جارێكی دیكە هاوكێشەی هێز بۆ بەرژەوەندی ئارامی و سەقامگیریی كوردستان وەرچەرخایەوە.
رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان پیلانەكەی بەوجۆرە داڕشتبوو، كە پارتی دیموكراتی كوردستان ناتوانێت بە بەرچاوی زیاتر لە 30 كونسوڵخانەی وڵاتانی جیهان و بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان و نووسینگەی مافەكانی مرۆڤ و خاچی سووری نێودەوڵەتی، ئەو بڕیارە بدات، بەڵام ئەوەی رەچاو نەكردبوو كاتێك پیلان بۆ پاشاگەردانی و ئاژاوە لە كوردستاندا دادەڕێژدرێت، ئەوا تێڕوانینی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەگۆڕێت بۆ بەراوردكردن لە نێوان سەقامگیری و ئارامی لەگەڵ پاشاگەردانی و ئاژاوەدا، بۆیە ئەو چەكەی كە دانرابوو لە پیلانەكەی گۆڕاندا بۆ دروستكردنی ئاژاوە و پاشاگەردانی لە كوردستاندا بەكار بهێنرێت، بریتی بوون لە گۆڕینی بنەما و یاساكانی دیموكراتی و پێكەوەژیان بۆ چەكێك بۆ ئەوەی لەو شەڕەدا سەركەوتوو بن، بەڵام جێگەی خۆشحاڵییە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەوە تێگەیشت كە بنەما و یاساكانی دیموكراتی چەكێك نین بۆ دروستكردنی ئاژاوەو پاشاگەردانی، بەڵكو ئامرازێكن بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و پێكەوەژیانی ئاشتییانە، ئەم هەڵوێستەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر پیلانەكەی بزووتنەوەی گۆڕان، بووە هاندەرێك بۆ ئەوەی حزبە سیاسییەكانی كوردستان بەتایبەتی ئەو چوار لایەنەی لەگەڵ گۆڕان لەسەرەتادا پڕۆژەی هاوبەشیان هەبوو، هەڵوێستی خۆیان بۆ بەرژەوەندی ئاشتی و سەقامگیریی كوردستان بگۆڕن. تەنانەت بزووتنەوەی گۆڕانیش لەگەڵ ئەوەی رێگەی پێنەدرابوو هەڵسووڕاوەكەیان بگەڕێتەوە بۆ هەولێر، بەڵام پەرلەمانتارەكانیان لەناو پەرلەماندا دەوامی ئاسایی خۆیان دەكردو ئازادانەش لە هەولێرەوە رای خۆیان بۆ هۆیەكانی راگەیاندن دەگواستەوە، بەبێ ئەوەی رووبەڕووی هیچ گوشارێك ببنەوە، ئێستاش پەرلەمانتارەكانیان لەناو پەرلەمانی كوردستاندا دەوامی خۆیان دەكەن و هەر لەسەر خەرجی پەرلەمانی كوردستانیش سەردانی وڵاتانی جیهان دەكەن و هەرچی لەتواناشیاندایە دەیخەنەگەڕ بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و واقیعی كوردستان ناشیرین بكەن و كەسیش لە گوڵ كاڵتریان پێ ناڵێت، ئەمە مانای ئەوەیە هەتا بزووتنەوەی گۆڕان بارودۆخی نەگەیاندە ئەوەی پەرلەمان و هەموو بنەماو یاساكانی دیموكراتی لە كوردستاندا نەكاتە چەكێك بۆ سووتاندنی كوردستان، هیچ بڕیارێكی وەرنەگرتووە، بەو بڕیارەشەوە كە خۆی وەك بژارەیەكی خراپ ناوی دەبات.
دیارە لەدوای 12ی ئۆكتۆبەرەوە، وێڕای ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و پەرلەمانی عێراقیش، هەرچی خراپ و نەشیاوە بەرامبەر كوردستان و هێزی پێشمەرگەو سەربەخۆیی و ریفراندۆم دەیكات و چۆتە حاڵەتێكی هیستریای واوە كە هیچ حیسابێك بۆ مێژوو و رای نەوەكانی داهاتوو دانانێت، بەڵام ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە بەشی هەرە زۆری حزبە سیاسییەكان و خەڵكی كوردستانیش لە ئامانجەكانی ئەو بزووتنەوەیە تێگەیشتوون و دەزانن بۆ چ مەبەستێك ئەو كارانە دەكات و بەتەنیا و یەك باڵ هێشتوویانەتەوە، بۆیە گۆڕان لەو بەروارە بەدواوە نەیتوانیوە ئەوەی دەیەوێت جێبەجێی بكات، لەبەرامبەریشدا سەقامگیرییەكی تەواوی ئاسایش و سەربازی و سەقامگیرییەكی رێژەیی سیاسیش لە كوردستاندا هاتۆتەئاراوە، رۆژ لەدوای رۆژیش سەردانی سەرۆك و شاندی وەزیرانی دەوڵەتانی جیهان -بە دەوڵەتانی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش-یشەوە بۆ كوردستان زیاتر دەبێت و زیاتر رێز لە كوردستان دەگیردرێت. وێڕای ئەم وەرچەرخانەش كە لەدوای بڕیارەكەی ئۆكتۆبەر هاتۆتەئاراوە، پارتی دیموكراتی كوردستان، كارانەكردنی پەرلەمان بەشێوەی ئاسایی خۆی بە كەموكورتییەكی گەورە دەزانێت و هەموو هەوڵی بۆ ئەوەیە لەوە تێبگات ئایا بزووتنەوەی گۆڕان چ كێشەیەكی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان هەیە و ناتوانرێت چارەسەر بكرێت؟ پارتی بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارەدا وێڵە، ئایا یوسف محەمەدی هەڵسووڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان، سیاسەتی حزبەكەی جێبەجێ كردووە، یان ئەو هەڵانەی كردوویەتی رەنگدانەوەی مەزاجی كەسیی خۆیەتی؟ پارتی دەیەوێت بزانێت كاتێك یوسف محەمەد ئەو رێككەوتنە ژێرپێ دەخات كە ئەندامانی جڤاتی حزبەكەی ئیمزایان لەسەر كردووە، ئایا یوسف محەمەد ئەو دەسەڵاتەی هەیە، یان نە، یان بۆچی حزبەكەی لەسەر ئەو كارەی لێپرسینەوەی لەگەڵدا ناكات؟ بە دیوێكی دیكەدا پارتی دەپرسێت: ئایا مانای رێككەوتن و هاوپەیمانی لەگەڵ حزبێك بەناوی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ چوار ساڵی ئارامی لەكوردستاندا ئەوەیە لە پاڵ هاوپەیمانی، پیلان بۆ كودەتای زۆرینەو كەمینەی پەرلەمانی دابڕێژێت و لەسەر پرسە نیشتمانییەكان پشت لە كۆدەنگیی نیشتمانی بكات؟ پارتی دەپرسێت: ئایا پەرلەمان سەكۆیەكە بۆ كۆكردنەوەی دەنگ و بۆچوونە جیاوازەكان، یان سەكۆیەكە بۆ شەڕەدەنووكی حزبایەتی و لێكترازانی نێوماڵی كورد؟ لەوەڵامی هەموو ئەم پرسیارانەدا هەتا ئێستاش پارتی چاوەڕێیە گوێی لە وەڵامێكی ئەرێنییانەی بزووتنەوەی گۆڕان بێت و پێكەوە دانوستاندنی جددی بكەن، بۆ ئەوەی ئەو چەقبەستووییە بشكێندرێت و گرێكوێرەی كێشەكان بكرێنەوە، بەڵام جێگەی داخە و هەموو كوردستان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەزانن، كە بزووتنەوەی گۆڕان هیچ وەڵامێكی ئەم پرسیارانەی نە بۆ پارتی و نە بۆ خەڵكی كوردستان پێ نییە، بۆیە بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدایە كێشەی تازە دروست بكات بۆ ئەوەی سەقامگیریی كوردستان بشێوێنێت و شكستە سیاسییەكەی خۆی پێ بشارێتەوە.
لێرەدا گرنگە هەڵوەستەیەك لەسەر ئەو بڕوبیانووانە بكەینەوە كە بزووتنەوەی گۆڕان دەیەوێت هەڵەكانی خۆی پێ پەردەپۆش بكات. بیانووی هەرە گرنگ كە بەردەوام دەیڵێتەوە ئەوەیە كە ئەوان وەك بزووتنەوەی گۆڕان كێشەی سیستمی سیاسییان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان هەیە، راشكاوانەتر دەڵێن ئێمە دەمانەوێت سیستمی وڵات پەرلەمانی بێت و پارتی دەیەوێت سەرۆكایەتی بێت. ئەم بیانووە، جیالەوەی هیچ حزبێكی سیاسی ئەو مافەی نییە جۆری سیستمی سیاسی بۆ وڵات فەرز بكات، لەبەر ئەوەی تەنیا گەلی كوردستان ئەو مافەی هەیە چ سیستمێكی سیاسی فەرز دەكات، بەڵام بەپێی ئەو رەشنووسی دەستوورەی كوردستان كە لەساڵی 2009 پەرلەمان پەسەندی كردووە و تەنیا هێندەی مابوو بخرێتە ریفراندۆمەوە، سیستمی سیاسیی كوردستان وەك سیستمێكی پەرلەمانی داڕێژدراوە، پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو دەستوورەی پەسەند كردووە و پشتگیری لێدەكات، دوای ئەمەش هەر لەسەر پێداگرتنی بزووتنەوەی گۆڕان، ئەو دەستوورە نەك هەر گەڕاندراوەتەوە بۆ پەرلەمان، بەڵكو پارتی دیموكراتی كوردستان بەوە رازی بووە دەستوورێكی تازە بۆ كوردستان بنووسرێتەوە و ئەوكات نوێنەرانی هەموو لایەنە سیاسییەكان و نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان كە ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی دەستوور دەبن، بەچ سیستمێك رازی دەبن، پارتی دیموكراتی كوردستان پێی پابەند دەبێت، لەمەش زیاتر پارتی لەمیانەی كۆبوونەوە پێنج قۆڵییەكانیشدا، بە هیچ شێوەیەك پێشنیاری گۆڕینی سیستمی رەتنەكردۆتەوە و پێشنیاری ئەوەی كردووە، لەنێوان هەردوو بۆچوونەكە كە یەكەمیان داوا دەكات سیستمەكە پەرلەمانی بێت و سەرۆك لە پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت، هەروەها دووەمیان داوا دەكات سیستمەكە هەر پەرلەمانی بێت و سەرۆك لەلایەن خەڵكەوە هەڵبژێردرێت، با رێز لەهەردوو بۆچوونەكە بگیردرێت و ئەم پرسە بخرێتە بەردەم گەلی كوردستان و ئیرادەی گەل دەنگی بۆ هەر كامیان دا، پارتی پێوەی پابەند دەبێت. پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە: ئایا چ جیاوازییەك لەنێوان بۆچوونی پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر سیستمی حوكمڕانی لە كوردستان هەیە؟ با خوێنەران بۆ خۆیان وەڵامی ئەم پرسیارە بدەنەوە.
تێكەڵكردنی پرسی ریفراندۆم و كاراكردنەوەی پەرلەمان گەمەیەكی دیكەی ترسناك و پیلانێكی تازەی بزووتنەوەی گۆڕانە
بزووتنەوەی گۆڕان ئەمجارەشیان دەیەوێت پرسی ریفراندۆمی خەڵكی كوردستان بۆ سەربەخۆیی بكاتە چەكێكی دیكە بۆ لەباربردنی ئەو خەونە و بەدیهێنانی ئامانجە سیاسییە شاراوەكانی خۆی، ئەگەر ئامانجەكە ئەمە نییە، ئایا كێ رێگرە لەوەی پەرلەمانی كوردستان كارا بكرێتەوە؟
ئەگەر بزووتنەوەی گۆڕان ئامانجی كاراكردنەوەی پەرلەمان بوایە، بۆ ئەوەی ئەم دەزگا شەرعی و نیشتمانییەی كوردستان ئەوا پشتگوێ نەخرێت و نەكرێتە قوربانیی مەرامێكی حزبی كە هیچ كەسێك نازانێت لەژێر پەردەی ئەو مەرامە حزبییەوە چ شتێكی دیكە هەیە، بەربەستی جۆراوجۆری بۆ دروست نەدەكرد.
ئەگەر پرسی پەكخستنی پەرلەمان لە رووەوە سیاسییەكەیەوە هەڵوەستەی لەسەر بكەین بەوەی ئەم پرسە پێویستی بەوەیە جارێكی دیكە بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان سەبارەت بە شێواز و چۆنیەتی كاركردنی پەرلەمان تێگەیشتنێكی هاوبەش لەنێوانیاندا دروست ببێتەوە و پاشانیش تەواوی حزبەكانی كوردستان بەشداری بكەن، بۆ ئەوەی ئەو تێگەیشتنە هاوبەشە جێبەجێ بكرێت، ئەوا دەبوو بزووتنەوەی گۆڕان دەرگای دیالۆگ و دانوستاندن دانەخات و هەموو هەوڵەكان بۆ رێككەوتنی نێوان خۆی و پارتی و تەواوی حزبە سیاسییەكانی كوردستان پەك بخات، بۆیە لەم لایەنەوە ئەگەر بزووتنەوەی گۆڕان وەك خۆی بانگەشەی بۆ دەكات كە كێشەی سیاسی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان هەیە، ئەگەر نییەتی ئەوەی هەیە ئەو كێشە سیاسییە چارەسەر بكرێت، ئەوا تەنیا رێگە دیالۆگ و دانوستاندن و لەیەكتری تێگەیشتنە، خۆ ئەگەر تێگەیشتنیان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان ئەوە بێت لایەنی بەرامبەر ئەوجا پارتی بێت یان هەر لایەنێكی دیكەی سیاسی، دەبێت ملكەچی مەرجە سەپێندراوەكانی ئەوان بن، ئەوا ئەمە كارێكە نەك هەر پارتی، بەڵكو هیچ حزبێكی سیاسی قبووڵی ناكات. لەمەش زیاتر سووربوون و عینادیكردن لەسەر ئەم جۆرە سیاسەتكردنە لە بنەڕەتدا یاریكردنە بە سۆز و هەستی خەڵكی كوردستان و تەنیا زیادكردنی ئازار و نەهامەتییەكانیانی لێدەكەوێتەوە.
ئەگەر لە رووە یاساییەكەشیەوە هەڵوەستەی لەسەر بكەین، دەبێت بزووتنەوەی گۆڕان بەوە رازی بێت كە پەرلەمان كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بكات و پاشان دەستەیەكی سەرۆكایەتی كاتی بۆخۆی دەستنیشان بكات و دواتریش بە دەنگدانی پەرلەمانتاران سەرۆكایەتییەكی نوێ بۆ پەرلەمانی كوردستان هەڵبژێردرێتەوە و بەشێوەیەكی یاسایی ئەم پرسە چارەسەر بكرێت. سەبارەت بە چارەسەركردنی سیاسی و یاسایی پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەباشی خۆی پیشانداوە، بەڵام ئەوەی رێگرە لەبەردەم كاراكردنەوەی پەرلەماندا تەنیا و تەنیا بزووتنەوەی گۆڕانە، ئەوجا هەتا ئێستا ئاشكرا نییە بۆچی بزووتنەوەی گۆڕان هەردوو چارەسەری یاسایی و سیاسی و بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە رەتدەكاتەوە.
لە ئێستادا كە هەوڵەكان بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم گەیشتۆتە ئەوەی كە كات و وادەی ئەنجامدانی ریفراندۆمەكە دەستنیشان بكرێت، جارێكی دیكە ئەم حزبە ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیەی گرێداوەتەوە بە كاراكردنەوەی پەرلەمانەوە، ئەمە لە حاڵەتێكدایە ئەگەر بزووتنەوەی گۆڕان بە راستی ئامانجی كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان بوایە، ئەوا دەرگاكان بەو شێوەیە بە رووی كاراكردنەوەی پەرلەماندا دانەخراون كە نەتوانرێت پەرلەمان كارا بكرێتەوە، بەڵام كاتێك بزووتنەوەی گۆڕان هەموو رێگەكان لەپێناوی عینادیی سیاسیی خۆی و شاردنەوەی هەڵەكانی خۆی دەگەیەنێتە بنبەست، ئەوا ئیدی مانای ئەوەیە گۆڕان مەبەستێتی پرۆسەی ریفراندۆمیش بكاتە ئەو چەكەی مەرامە سیاسییەكانی خۆی پێ تەواو بكات.
لێرەوە گرنگە لەسەر گۆڕینی پرۆسەی ریفراندۆم لەلایەن گۆڕانەوە بۆ چەكێك بەمەبەستی شەڕكردن لەگەڵ ئیرادەی خەڵكی كوردستاندا، هەڵوێست و قسەی جددی بكرێت، بۆیە پرسیاری گرنگ ئەوەیە: ئایا ئامانجی بزووتنەوەی گۆڕان لە كاراكردنەوەی پەرلەمان ئەوەیە كە پەرلەمان ببێتە هێزێك بۆ پشتگیری ریفراندۆمەكە، یان دووبارە پەرلەمان بكرێتەوە بەربەست و ئاستەنگ لەبەردەم پرۆسەی ریفراندۆمدا؟ بۆ ئەمەش تەنیا هەڵوێستێك كە خەڵك و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دڵنیا بكاتەوە، ئەوەیە كە بزووتنەوەی گۆڕان بە راشكاوانە بە خەڵكی كوردستان بڵێت، ئایا پەشێمانە لەو شێوازەی كاری پەرلەمانتاری لە كوردستاندا كە یوسف محەمەدی هەڵسووڕاوی بزووتنەوەكەی بە كوردستانی كرد؟ بێگومان ئەگەر ئەوە بە هەڵە بزانێت و رای بگەیەنێت، ئەمەیان دەرگایەكی دیكە بۆ لێكتێگەیشتن دەكاتەوە، بەڵام سووربوون لەسەر عینادی و سەپاندنی مەرج، راشكاوانە ئەوەمان بۆ دووبارە دەكاتەوە، كە ئەسڵەن پێداگرتنی بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر كاراكردنەوەی پەرلەمان بەو شێوەی ئەو داوای دەكات، ئەمەیان هەموو خەڵكی كوردستان ئاكامەكەی دەزانێت چی دەبێت، ئەویش ئاستەنگ دروستكردن دەبێت بۆ ئەنجامدانی راپرسی لەكوردستاندا.
بزووتنەوەی گۆڕان بەو هەڵوێستە سیاسییە سەیرانەی لەمیانەی پەرلەمانتار و هەڵسووڕاوەكانیەوە پیشانی خەڵكی كوردستانی دەدات، هێڵێكی جیاكراوەی لە نێوان خۆی و تەواوی حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دروستكردووە، هەر بۆ نموونە شاندی هاوبەشی كوردستان (پارتی، یەكێتی و یەكگرتوو) هەروەها شاندی هاوبەشی ( پارتی و یەكێتی) كە دەچنە بەغدا، یان لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەكانی عەرەبی شیعە و سوننە قسە دەكەن، باس لەوە دەكەن كە پێویستە پەیوەندی نێوان كوردستان و عێراق لە فیدڕاڵییەوە بگۆڕێت بۆ پەیوەندی نێوان دوو دراوسێی باش، بەڵام پەرلەمانتار و هەڵسووڕاوەكانی بزووتنەوەی گۆڕان بە ئاشكرا لەگەڵ حكومەت و پەرلەمانی عێراق و حزب و لایەنە سیاسییەكانی شیعە و سوننە باس لەوە دەكەن چۆن سلێمانی بكەنەوە بە پارێزگایەكی عێراقی، لەمەش سەیرتر دوای ئەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك بەفەرمی بڕیاری دا ئاڵای كوردستان لەو شارە هەڵبكرێت و دەبێت كەركووكیش بەشداری لە ریفراندۆمی داهاتووی كوردستان بكات، كەچی دوور لەهەموو هەست و سۆزێكی كوردانەو نیشتمانپەروارانە، بەشێك لە هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان باس لە بە هەرێمكردنی كەركووك و سلێمانی دەكەن و دژایەتی خۆیان بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان نەك هەر تەنیا لەناو هۆیەكانی راگەیاندنی كوردستان، بەڵكو لە هۆیەكانی راگەیاندنی عێراق و ناوچەكەش دەربڕیوە.
پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە: ئایا دەكرێت سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان جارێكی دیكە بسپێردرێتەوە بە هەڵسووڕاوێكی بزووتنەوەی گۆڕان كە بڕوای بە سەربەخۆیی كوردستان نییە، لەمەش زیاتر هەموو كاری ئەوە بێت، رووی كوردستان ناشیرین بكات و گومان لەسەر قارەمانییەتی هێزی پێشمەرگە دروست بكات و وەك پیاوێكی خۆفرۆش بچێتە ئەم وڵات و ئەو وڵات بۆ ئەوەی ئەو وڵاتانەی دۆستی كوردستانن و هاوكاریی پێشمەرگە دەكەن، ئەو هاوكارییانە ببڕێت و هێزی پێشمەرگەی كوردستان لاواز بێت؟!
لە خوێندنەوەی كۆی گشتی بارودۆخی ئێستای كوردستان و هەڵوێستی جیاواز و عەنتیكەی بزووتنەوەی گۆڕان لەتەواوی حزبە سیاسییەكانی كوردستان لەسەر پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی، ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت كە بزووتنەوەی گۆڕان لە قۆناخی یەكەمدا بۆ ئەوەی كارەسات بەسەر كوردستاندا بهێنێت شكستی خواردو سەركەوتوو نەبوو، بۆیە ئێستا دەیەوێت بە رێگەی بەكارهێنانی كارتی ریفراندۆم وەك چەكێكی دیكە بۆ درێژەپێدانەوەی هەمان سیاسەتی هەڵەی رابردووی، جارێكی دیكە خۆی بخاتەوە ناو پرۆسە سیاسییەكە و سەرلەنوێ ئارامی و سەقامگیریی كوردستان تێكبداتەوە.
ئەم جۆرە سیاسەتكردنەی بزووتنەوەی گۆڕان، لاساییكردنەوەیەكی سەقەتی سیاسەتی پۆپۆلیستانەی ئێستای جیهانە، لە هەموو جیهاندا پۆپۆلیستەكان ئاراستەی سیاسەتیان گەڕانەوەیە لە گلۆبالیزمەوە بۆ ناشنالیزم، ئەمەش واتە گەڕانەوە بۆ شكۆ و هەیبەتی نەتەوەیی، بەڵام بۆ نەگبەتی كوردو كوردستان پۆپۆلیستەكەی كوردستان لە پۆپۆلیستی نەتەوەكانی دیكەی جیهان ناچێت و زۆر بێ شەرمانە ئاراستەی سیاسەتیان بۆ ئەوەیە هەلێك بۆ سەربەخۆیی هاتۆتەپێشەوە، بمانگێڕنەوە بۆ كۆیلایەتی و ژێردەستەیی، ئەمەش ئەو گەمە ترسناكەیە كە مەزندەكان هەموویان بۆ ئەوە دەچن پیلانێكی داڕێژراوی ناوخۆیی و ئیقلیمی لە پشتەوە بێت، بۆ ئەوەی پرۆسەی سەربەخۆیی ئاستەنگی گەورەی لەبەردەمدا دروست بكرێت.