ریفراندۆم پرۆسەیەك بۆ بەیاساكردنی سەروەریی كوردستان
May 8, 2017
راپۆرتەکان
بۆ ئێستای كوردستان كە بەكردەیی دەوڵەتێكی سەربەخۆیە و جیهانیش وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆی ئەمری واقیع مامەڵەی لەگەڵ دەكات، پرۆسەی ریفراندوم هێندەی ئەنجامدانی رێوشوێنێكە بۆ ئەوەی جیهان وەك دیكۆمنتێك سەیری ئیرادەی خەڵكی كوردستان بكات و رێز لە ئیرادەی خەڵكی كوردستان بگرێت، هێندە مەسەلەكە گۆڕینی جوگرافیا، یان جیۆپۆلیتكی ناوچەكە، یان گۆڕینی بالانسی هێز نییە لەنێوان دەوڵەتانی ناوچەكە، یان دەوڵەتە گەورەكانی جیهاندا، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەو جوگرافیایەی دەوڵەتی كوردستانی لەسەر رادەگەیەندرێت، ئێستا بەكردەیی گەلی كوردستان حوكمڕانی دەكات و هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەیپارێزێت، هەم حوكمڕانییەكەی كوردستان هۆكارێكە بۆ پاراستنی بەهاكانی مرۆڤایەتی لە لێبوردەیی و پێكەوەژیانی نێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی جیهان، هەمیش بەرگریی هێزی پێشمەرگە، پارێزگارییە لەبەرەی پێشەوەی هەموو مرۆڤایەتی كە تیرۆر و تیرۆریستان هەڕەشەیان لێدەكات. هەربۆیە جیهان هەم رێز لە شێوازی حوكمڕانیی كوردستان دەگرێت، هەمیش رێز لە قارەمانی و ئیرادەی هێزی پێشمەرگە دەگرێت، بۆیە ریفراندۆم نەك هەر دژی هیچ هێز و دەوڵەتێك نابێت لە جیهانی ئازاد و دیموكراتیدا، بەڵكو دەبێتە پاڵپشتێك بۆ پاراستنی بەها بەرزەكانی مرۆڤایەتی كە لەدامەزراندنی دەوڵەتی كوردستاندا زیاتر بەرجەستە دەبێت و جیهان باشتر دەتوانێت مامەڵەی لەگەڵ بكات و باشتر پشتیوانی لێ بكات.
لایەنێكی دیكە كە جیهان گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی هیچ گومانێكی لە ئاكامی ریفراندۆمی كوردستان نەبێت، ئەوەیە كە ئاكامی ریفراندۆمەكە ئاشكرایە، راشكاوانەتر ئەمە ئەنجامدانی ریفراندۆم نییە لە سكۆتلەندا و كیوبیك، هەتا سندوقی دەنگدان نەكرێتەوە، نەزانرێت ئایا سكۆتلەندی، یان كیوبكییەكان دەیانەوێت لە بەریتانیا و كەنەدا جیاببنەوە، یاخود پێیان باشترە لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەدا بمێننەوە، بەپێچەوانەوە كوردستان پێش ئەوەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ئەنجام بدات، حكومەتی عێراق خۆی كوردستانی لە خۆی جیاكردۆتەوە و گەلی كوردستانی خستۆتە نێوان چەند ریانی گەمارۆی ئابووری و شەڕی داعش و برسێتی و دەیان هەڕەشەی دیكەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە گەلی كوردستان بەجیاوازیی ئایین و نەتەوەوە، بەجۆرێك لەلایەن حكومەتی عێراقەوە غەدری لێكراوە، كە زۆر زەحمەتە رێژەیەكی كەمیش هەبێت داخوازی مانەوە لەگەڵ عێراق بكات، هەر بۆیە كاتێك لەگەڵ دەوڵەتانی جیهان باسی پرسی ریفراندۆم دەكرێت، لەگەڵ ئەوەی ئەوەمان لێ ناپرسن ئێوە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی دەكەن، یان نە، بەڵام پێمان دەڵێن گەلی كوردستان هەر بڕیارێك بدات، رێزی لێ دەگرێن.
لەمەش گرنگتر دەوڵەتانی دراوسێی كوردستان بەتایبەتی ئەو دەوڵەتانەی كە بەشێكی كوردستانیان پێكەوە لكێنراوە، ئەوانیش باش دەزانن كە وەك دەوڵەت ئەو مافەیان نییە، یان ئەو سەردەمە بەسەر چووە كە بتوانن راستەوخۆ دەستتێوەردان بكەن، هەوڵەكانیان گۆڕاوە بۆ ئەوەی بە خەڵكانێك شەڕی وەكالەت دژی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان بكەن، كە بەكوردی یان بە زمانی یەكێك لەنەتەوەكانی كوردستان قسەدەكەن، هەر وەك چۆن ئێستا پەكەكە بە ئاشكرا وەك وەكیلی دەوڵەتێكی دراوسێی كوردستان دژایەتی خۆی بۆ سەربەخۆیی و ریفراندۆم نەشاردۆتەوە و رووقایمانە بێ ئەوەی ئارەقەی شەرمی نەتەوەیی بە ناوچەوانیدا بێتەخوارەوە، دەڵێت: ئێمە دژی سەربەخۆیی كوردستانین و سەردەمی دەوڵەتی سەربەخۆ بەسەرچووە! سەیری ئەم رووقایمی و بێ ئاگاییە بكەن، یەكێتی سۆڤیەت زیاتر لە 70 ساڵ هەوڵیدا، نەتەوەكان لە چوارچێوەیەكی نێونەتەوەیی كۆبكاتەوە، فەشەلی هێنا، زیاتر لە 50 ساڵە یەكێتی ئەوروپا لە هەوڵی ئەوەدایە نەتەوە دیموكراتخوازەكان لە فیدراسیۆنێكدا كۆبكاتەوە، كەچی ئێستا بەرەو هەڵوەشانەوە دەچێت و نەتەوەكان دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ ناو دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان، كەچی تازە بەتازە پەكەكە دێت و بەخەڵكی كوردستان دەڵێت سەردەمی دەوڵەتی نەتەوەیی بەسەرچووە!!
لە كوردستانی باشوور كە پرۆسەی ریفراندۆم بەرەو هەنگاوی پراكتیكی دەچێت، چاوەكان لەسەر ئەوەن لە چەند مانگی داهاتوو هەر لەساڵی 2017 ئەم پرۆسەیە ئەنجام بدرێت، سەبارەت بەم پرۆسەیە سەرۆكی كوردستان خوازیاری ئەوەیە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان پێكەوە پشتگیری سەرخستنی ئەم پرۆسەیە بكەن، بۆ ئەوەی گەلی كوردستان ئەم بڕیارە یەكلاكەرەوەی خۆی بدات، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسامی و هەندێك جار خەندەشە، ئەوەیە كە سەرۆكی یەكێك لە حزبەكانی كوردستان دەڵێت: ئەگەر ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی بێت، پشتگیری دەكەین، بەڵام ئەگەر بۆ سەربەخۆیی نەبێت، ئێمە پشتگیری ناكەین، ئەمە لەكاتێكدا وەك باسی لێوە دەكرێت، ئەو پرسیارەی لە ریفراندۆمدا لەگەڵ دەكرێت تەنیا یەك پرسیارە و دوو وەڵامی ( بەڵێ و نەخێر)ی هەیە، ئەوجا ئەگەر خەڵكی كوردستان بە (بەڵێ) بۆ سەربەخۆیی دەنگی دا، ئیدی ئەو پرسیارە سەیرە چۆن دەكرێت كە دەڵێن: ئایا ریفراندۆم بۆ سەربەخۆییە، یان نە؟!
حزبی سیاسیی دیكە هەیە لە كوردستاندا زۆر بە ئاشكرا لە هەوڵی ئەوەدایە زەمینەی ئەوە خۆش بكات كە بەشێك لە خەڵكی كوردستان بە (نەخێر) دەنگ بدەن، واتە بڵێن: نەخێر سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردستانمان ناوێت! ئەم جۆرە خەڵكە كە بۆچوونەكانیان لەسەرچاوەی رق و كینەوە سەرچاوەی گرتووە، لەگەڵ ئەوەی خۆیان باش دەزانن هەوڵەكانیان مایەپووچ و سەركەوتوو نابێت، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانن دوای سەركەوتنی پرۆسەی ریفراندۆم، یان دەبێت خۆیان سەری خۆیان هەڵبگرن و كوردستان بەجێبهێڵن، یان تا ماون لەناو دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستاندا شەرمەزار دەبن.