عێراقی عەرەبی بنەمای دەوڵەتی لەدەستداوە دژایەتی دەوڵەتی كوردستانیش دەكات
May 7, 2017
راپۆرتەکان
بەپێچەوانەوە، دەسەڵاتدارنی شیعە بەگشتی و بەتایبەتی نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق، كە بە ناوبژیوانیی كوردستان و بەهەوڵی سیاسیی كوردستان گەیشتنە لوتكەی دەسەڵات، پاداشتی ناجوامێرانەیان بۆ هەوڵەكانی كوردستان بە مەبەستی ئەوەی عێراق دەوڵەتێكی فیدڕاڵی و پەرلەمانی فرەیی بێت، ئەوە بوو كە هەرەشەی داگیركردنی كوردستانیان كردو پاشانیش لە ساڵی 2014 بودجە و مووچەی كوردستانیان بڕی بۆ ئەوەی كوردستان بوونی نەبێت، كە داعشیش هێرشی كردە سەر كوردستان بە ئاشكرا ئەوەیان خستەڕوو كە پێیان باشترە كوردستان بكەوێتە دەستی داعش، نەك حكومەتی عێراق چەك و تەقەمەنی بنێرێت بۆ پێشمەرگە بۆ ئەوەی بەرگری لە كوردستان بكات، لەسەرووی ئەمانەشەوە، حكومەتی عێراق هەموو هەوڵی خۆی خستەگەڕ بۆ ئەوەی ئاستەنگ بۆ دەوڵەتانی هاوپەیمانی دژی داعش دروست بكات و چەكی و تەقەمەنی نەگاتە كوردستان.
بەڵام لۆژیكی بارزانی و ئیرادەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان، چۆن خەونی سەدام حوسێنیان بە كشانەوەی دامودەزگا ئیدارییەكان لەساڵی 1991 بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دامەزراندنی پەرلەمان و حكومەتی كوردستان دایەوە، ئەمجارەشیان وەڵامی خەونی مالیكی و دەسەڵاتدارانی شیعەیان بە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان دایەوە، ئێستا بە شاهیدی هەموو جیهان، هەموو مەرجەكانی دەوڵەتێكی هاوچەرخ لە كوردستاندا بوونی هەیە، بەڵام هەموو جیهان بە نیگەرانییەوە وەك دەوڵەتێكی شكستخواردوو سەیری ئەو بەشەی عێراقی عەرەبی دەكەن كە شیعە ئیدعای حوكمڕانیكردنی دەكات.
لێرەوە ئەگەر ئەو پرسیارە بەو ئاراستەیە بكەین، ئەگەر گەلی كوردستان بە دروستكردنی دەوڵەت وەڵامی مالیكی و دەسەڵاتدارانی شیعەی دابێتەوە، كەواتە دیالۆگی شاندی كوردستان و بەغدای بۆ چییە؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ نەخشەڕێگەی پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان كە دەستی پێكردووە، پرۆسەی ئەنجامدانی دیالۆگ و ناردنی شاندنی كوردستان، تەنیا بۆ بەغدا نییە، بەڵكو لە نەخشەڕێگەكەدا هاتووە (لە بەغداوە دەست پێدەكەین)، دوای بەغداش لەگەڵ پایتەختی دەوڵەتانی دیكەی ناوچەكە پێش هەمووان تاران و ئەنقەرەو ئەوجا لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی جیهانیش گفتوگۆ دەكەین، ئەمەش مانای ئەوەیە نەخشەڕێگەی پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان، پرۆسەیەكی هەمەلایەنە، بەڵام بۆیە عێراق پێش وڵاتانی دیكە خراوە، لەبەر ئەوەی نزیكترین دراوسێی ئێمە عێراق دەبێت و زۆرترین پەیوەندی سیاسی و ئابووری و بارزگانی و كۆمەڵایەتیشمان لەگەڵ عێراق هەیە، هەروەها كوردستان لەگەڵ عێراقی عەرەبی كێشەی خاك و سنووری هەیە و لەگەڵ وڵاتانی دیكە ئەو كێشانەی نییە، یان كەمترە. ئەمەش مانای ئەوەیە كاتێك شاندی كوردستان دەچێت لەگەڵ عێراق باسی پەیوەندییەكانی ئایندەی نێوان هەردوو دەوڵەتی كوردستان و عێراق دەكات، راشكاوانە پێیان دەڵێت: ئێوە نەتانویست ئێمە لە نیشتمانێكی هاوبەشدا بە ئارەزوومەندانە پێكەوە بژین و هەموو هەوڵتان بۆ ئەوەبوو كوردستان نەمێنێت، بەڵام ئێستا كوردستان دەوڵەتە و دەیەوێت وەك دوو دراوسێی باش پێكەوە بژین، ئەمەش كە بەعێراق دەگوترێت، شاندی كوردستان بە هەموو دەوڵەتانی دراوسێی و جیهانیشی رادەگەیەنێت.
پرسیاری دیكە لێرەدا ئەوەیە، ئایا تاكەی كوردستان چاوەڕێی ئەوە دەكات دەسەڵاتدارانی عەرەبی عێراق لەم پەیامە ئاشتیخوازانەیەی كوردستان تێبگەن؟ لەوەڵامی ئەم پرسیارەشدا دەڵێین، هێشتا دەسەڵاتدارانی شیعەی عێراق وادەزانن هەتا ئێستاش كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە پێناسە تەقلیدییەكەی سەروەریی دەوڵەت مامەڵە لەگەڵ دەوڵەتە شكستخواردوو و فاشیلەكان دەكات، ئەمە لە كاتێكدا جیهان بەگشتی و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش باش لەو راستییە تێگەیشتوون كە مامەڵەكردن لەگەڵ دەوڵەتی شكستخواردوو لە چوارچێوەی پێناسە تەقلیدییەكەی سەروەریی دەوڵەت، بێجگە لەبەرهەمهێنانی توندڕۆیی و تیرۆر شتێكی دیكە بەرهەم نایەت، بۆیە قەناعەتی جیهان ئێستا گەیشتۆتە ئەوەی، ئەگەر ئامانجی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری بێت، ئەوا دەبێت چاو بخشێندرێتەوە بە سەروەریی تەقلیدی دەوڵەت هەروەك چۆن لەساڵی 1990 جۆرج بوشی باوك عێراقی خستە ژێر بەندی حەوتەمی پاكتی نەتەوەیەكگرتووەكان و كوەیتی ئازادكردەوە.
لەم چوار چێوەیەدا جێگەی خۆیەتی ئەوە بڵێین كە سەركردایەتی سیاسیی كوردستان كاتێك شاند دەنرێت بۆ بەغدا بۆ ئەوەی دیالۆگ لەسەر پرسی سەربەخۆیی كوردستان بكات، لە راستیدا شاندی كوردستان باسی پەیوەندی نێوان دوو دراوسێی باش دەكات، بۆیە بەغدا هەڵوێستی ئەرێنی بێت و پێشوازی لە سەربەخۆیی كوردستان بكات، یان هەڵوێستی نەرێنی بێت و خۆی ناڕەحەت بكات و هەڕەشە بكات، هیچ شتێك لە پرۆسەی سەربەخۆیی ناگۆڕێت و ئەو پرۆسەیە بەردەوام دەبێت و دەكرێت كوردستان چەند ساڵێك سەربەخۆ بێت و پەیوەندییەكانی لەگەڵ عێراق ئاسایی نەبێت، بەڵام عێراق نە دەتوانیت هێرش بكاتە سەر كوردستان لەبەر ئەوەی لە رووی سەربازییەوە ئەو توانایەی نییە و چارەنووسی داعش تاقی دەكاتەوە كە هێرشی كردە سەر كوردستان، هەروەها عێراق نە كارتی گوشاری ئابووریشی لەبەر دەستدا ماوە، هەتا هەڕەشەی گەمارۆی ئابووری لە كوردستان بكات، بەپێچەوانەوە زوو ئەو كارتەی تاقیكردەوە و بەڵام ئیرادەی خەڵكی كوردستان بەسەربەخۆیی وەڵامی دایەوە.