پەكەكە و حەشدی شیعە..دوو وەكیلی كەم ئەزموون لە پەراوێزی ئامانجەكانی بەغدا و دیمەشق و تاراندا

پەكەكە و حەشدی شیعە..دوو وەكیلی كەم ئەزموون لە پەراوێزی ئامانجەكانی بەغدا و دیمەشق و تاراندا
پێش ئەوەی دەوڵەتی خەلافەتی داعش لە 2ی ئابی 2014 هێرش بكاتە سەر كوردستان، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لەسەرووی هەمووشیانەوە ئەمریكا، رێكخراوی تیرۆریستی داعش و خەلافەتەكەیان وەك دەرهاویشتەی سیاسەتەكانی بەشار ئەسەد لەدیمەشق و سیاسەتەكانی نوری مالیكی لە بەغدا كە هەردووكیشیان لە تارانەوە ئاراستەدەكران، سەیر دەكرد، بەئاشكراش رایاندەگەیاند كە دروستبوونی رێكخراوی تیرۆریستی داعش كاردانەوەی ئەو زوڵم و زۆرەیە كە دەسەڵاتدارانی شیعەی عێراق و سووریا بەرامبەر عەرەبی سوننە پیادەی دەكەن، هەر بۆیە ئەوەی داعش دەیكات، شەڕی جیهانی ئازاد نییە لەگەڵ تیرۆر، بەڵكو ئەوە شەڕی نێوان شیعە و سوننەیە و گەیشتۆتە ئاستێك كە چیتر كۆنتڕۆڵ ناكرێت.
بەڵام كە داعش لە ئابی 2014 هێرشی كردە سەر كوردستان و بەنیاز بوو هەولێری پایتەخت داگیر بكات، لەبەرامبەریشدا مسعود بارزانی بە ئیرادەی پێشمەرگانە شەڕی سەرتاسەری دژی داعش راگەیاندو پێشڕەوییەكانی داعشی راگرت، ئەمریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاتنەدەنگ و رایانگەیاند هەولێر و كوردستان هێڵی سوورن و هەر لەسەر ئەم بنەمایەش سەرەتا بە رێگەی هێزی ئاسمانی هاوكاری پێشمەرگەیان كردو پاشان ئاستی هاریكارییەكان هەڵكشا بۆ ناردنی چەك و تەقەمەنی و دوای ئەوەش ناردنی راوێژكارانی سەربازی بۆ ئەوەی مەشق و راهێنان بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بكەن، تا گەیشتە ئەوەی پێنتاگۆن رێككەوتنی راستەوخۆ لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان گرێبدات و پاشانیش راستەوخۆ ئەمریكا دەرگای ئەوەی كردەوە كە چەك بە پێشمەرگە بفرۆشرێت.

ئەم باكگراوەندە كورتە ئەوەمان بیردەخاتەوە كە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، دوای هێرشی داعش بۆ سەر كوردستان دەستی پێكردو ئامانجی سەرەكیی ئەم هاوپەیمانییەش ئەوە بوو كە هاوكاری هێزی پێشمەرگە بكرێت بۆ ئەوەی كوردستان لەمەترسی تیرۆریستانی داعش دووربخرێتەوە. لەدوای ئەمە ستراتیژیەتی ئەمریكا بۆ دژی داعش گۆڕا بۆ لە ریشەهەڵكێشانی فیكری داعش و تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش، ئەم ستراتیژیەتە كە دواتر بووە ستراتیژیەتی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعش، تەنیا ئاراستەكراو نەبوو دژی تیرۆریستانی داعش، بەڵكو ئاراستەكراوی هەردوو بەرەی شەڕەكە بوو، وەك یەكیش مامەڵەیان لەگەڵ كرابوو، بەمجۆرە:
1. لە عێراقدا پەیامی ستراتیژیەتی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بۆ لە ریشەهەڵكێشانی فیكری داعش، بە گوشار خستنە سەر شیعەی عێراق دەستی پێكرد بەوەی نابێت كە جارێكی دیكە نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق ببێتەوە سەرۆكی وەزیران . ئەمەش وەك خۆی جێبەجێ كرا.

2. ئەو كابینە تازەیەی بە سەرۆكایەتی د.حەیدەر عەبادی دوای نوری مالیكی پێكدەهێندرێت، زۆر گرنگە كە لایەنی كوردستانی بەشداری حكومەتەكە بكات، هەروەها نابێت رێگە بدرێت حكومەتی عەبادی وەك حكومەتی مالیكی هەڕەشە لە هەرێمی كوردستان بكات، یان گەمارۆ بخاتە سەر كوردستان، ئەم خاڵە ئەگەرچی وەك ئەمریكاو بەریتانیاو نەتەوە یەكگرتووەكان ئومێدیان بۆ دەخواست، د.حەیدەر عەبادی نەیتوانی لە ژێر گوشاری شیعە و ئێراندا، وەك خۆی بەرامبەر كوردستان جێبەجێی بكات، بەڵام هەرچۆنێك بێت، پەیوەندی نێوان كوردستان و عێراق لە كابینەكەی عەبادیدا لەگەڵ كابینەكەی نوری مالیكی بەراورد ناكرێت و بەكردەوە پەیوەندی نێوان كوردستان و عێراق، چۆتە قۆناخی پەیوەندی نێوان دوو وڵاتی دراوسێ، كە لە چوارچێوەی رێز و بەرژەوەندی هاوبەش مامەڵە لەگەڵ یەكتری دەكەن.

3. لە سووریا پەیامی ستراتیژیەتی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بووە دوورخستنەوەی ئەسەد لە دەسەڵات، ئەم پەیامە لەسەر ئاستی سیاسی و دیپلۆماسی بڕەوی پێدرا، بەڵام لەسەر ئاستی پراكتیكی جێبەجێ نەكرا، هۆكاری جێبەجێنەكردنیشی بەشێكی بۆ ئەوە دەگەڕایەوە كە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بەشێكیان بریتی بوون لە جەبهەی نوسرە كە لقێكی سەر بە قاعیدە بوو، ئەوانی دیكەش پەرتەوازە بوون، بۆیە لە نێوان ئەسەد و ئەو ئۆپۆزیسیۆنەی لە سووریادا هەبوو، نەدەكرا هیچ كامیان هەڵبژێرێت، بەشێكی دیكەشی بۆ ئەو هەڵانە دەگەڕایەوە كە ئیدارەی ئۆباما لە ساڵانی 2011 و 2013 كردنی و نەیتوانی وەك پێویست سیاسەتێكی راست و دروست بەرامبەر سووریا دابڕێژێت، پاشانیش كە رووسیا لە ساڵی 2015 بۆ بەرژەوەندی مانەوەی رژێمی ئەسەد دەستتێوەردانی كردو بووە بەشێك لە شەڕی سووریا، هاوكێشەكە گۆڕانكاری بەسەردا هات و لەگەڵ ئێراندا لە خاڵی پارێزگاریكردن لە ئەسەد یەكیان گرتەوە، لەگەڵ ئەوەی ئامانجی رووسیا بۆ دەستتێوەردان لە سووریا و پشتگیری بۆ مانەوەی ئەسەد، زۆر لە ئامانجەكانی ئێران جیاواز بوو، بەڵام لەو خاڵەدا یەكیان دەگرتەوە، بەمەش تەنیا بەرەی شەڕی پێشمەرگە و تیرۆریستانی داعش، وەك بەرەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش مایەوە و شەڕی داعش لە سووریا و عێراق وەك ئێستا دەیبینین، جارێكی دیكە خەریكە دەگەڕێتەوە بۆ قۆناخی شەڕی شیعە و سوننە لە ناوچەكەدا.
4. ئێستا بەرەی شیعە كە ئێران و حزبوڵا و ئەو میلیشیا شیعانەی ئێران لە ئەفغانستان و پاكستانەوە هێناونی بۆ سووریا لەگەڵ حەشدی شیعەی عێراق خۆی بەرجەستە دەكات، وەك توێژەرانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكاش پێشبینی دەكەن، ئەم بەرەیە بە ئێران و وەكیلەكانیەوە بەرەو ئەوە دەچن ببنە هاوپەیمانی رووسیاو دەیانەوێت دوای ئازادكردنەوەی موسڵ و رەققە ببنە براوەی شەڕەكە و خۆیان نەخشەی دوای شەڕەكە دابڕێژنەوە، بەڵام هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعش بە سەرۆكایەتی ئەمریكا لە نییەتی ئێران و رووسیا تێگەیشتووە، بۆیە لە ئێستاوە سەرقاڵی داڕشتنی ستراتیژیەتێكی دیكەیە بۆ قۆناخی دوای شەڕی دژی داعش و دەیەوێت ئەو بەڕەیە لە ژێر پێی رووسیا دەربهێنێت و ئێران و وەكیلەكانیشی لە ستراتیژیەتی قۆناخی دوای داعش بكاتە دەرەوە.


5. لەم چوارچێوەیەدا ئەگەر سەیری تەواوی شەڕی دژی داعش لە سووریا و عێراق و كوردستان بكەین، راشكاوانە ئەوە دەخوێنینەوە، كە بەرەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعش، لەشەڕەكەدا تەنیا لە كوردستانی باشوور براوەی شەڕەكەیە و لە بەشە عەرەبییەكەی عێراق و تەواوی سووریادا جێگە پێیەكی ئەوتۆی نییە. لە بەشە عەرەبییەكەی عێراقدا ئەمریكا هەوڵیداوە لە رێگەی حكومەتەكەی حەیدەر عەبادییەوە بەشێوەیەك سوپای عێراق رێكبخاتەوە كە لە نەفەسی شیعەگەرایی دووری بخاتەوە، هەروەها هەوڵیداوە گوشار بخاتە سەر حكومەتەكەی عەبادی بۆ ئەوەی چوارچێوەیەكی یاسایی بۆ حەشدی شیعە دروست بكات، بەڵام لەبەر ئەوەی نفوزی ئێران بە ئاستێك لەناو رای گشتی شیعە و حزب و لایەنەكانیان باڵادەستە كە حكومەتی عەبادی نەتوانێت وەك پێویست هەنگاو هەڵبگرێت، لەلایەكی دیكەش ئەگەر عەبادی لەمە زیاتر هەنگاو هەڵبگرێت، ئەوا مەترسی ئەوە هەیە بە گوشاری ئێران و لە رێگەی وەكیلەكانی لەناوخۆی عێراقدا، كودەتایەك بەسەر حكومەتەكەی عەبادیدا بكرێت، بۆیە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەگشتی و لەسەرووی هەمووشیانەوە ئەمریكا چاوی لە هەندێك شت پۆشیوە، بەڵام لە هەوڵی بەردوامیشدایە بۆ ئەوەی رۆژ لە دوای رۆژ پێگە و نفوزی خۆی لە عێراقدا زیاتر بكات بۆ ئەوەی دوای ئازادكردنەوەی موسڵ بە شێوەیەكی جددیتر مامەڵە لەگەڵ عێراقی دوای شەڕی دژی داعش بكات.

6. سەبارەت بە هەرێمی كوردستان كە ئێستا لە ستراتیژیەتی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا ئەو جوگرافیا ستراتیژییە بووە كە تێیدا بەتەواوەتی شەڕی داعشی بە سەركەوتوویی كۆتایی پێ هێناوە، ئەوا لەدیدی ئێران و وەكیلەكانیەوە، هەرێمی كوردستان ئەو جوگرافیا ئیزعاجەیە كە نەیهێشتووە بردنەوەی شەڕی داعش بكەوێتە خزمەتی ئامانجی دروستكردنی هیلالی شیعەوە، بۆیە ئێران لە هەوڵی ئەوەدایە بە رێگەی وەكیلەكانی لەناوخۆی كوردستان كە پەكەكەیە و بەشێكی حەشدی شیعە لە عێراق، جۆرێك لە ناسەقامگیری لە كوردستان دروست بكات، یان بەشێك لە كوردستان داگیر بكات بۆ ئەوەی وەك پشكی شەڕ لە قۆناخی دوای داعش مامەڵەی پێوە بكات، لەسەر ئەم بنەمایەش نەك هەر پەیوەندیەكی توندوتۆڵی لە نێوان حەشدی شیعە و پەكەكە دروستكردووە، بەڵكو ئێستا پەكەكە بە شانازییەوە رایدەگەیەنێت كە ئەوان بەشێكن لە حەشدی شیعەو لەیەك سەرچاوەشەوە مووچە و پێداویستییان بۆ دابین دەكرێت، بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە كە سیناریۆی ئێستای شەڕەكە بریتی بێت لەوەی چۆن سەركەوتنی هێزی پێشمەرگە بەسەر داعشدا دەگۆڕێت بۆ سەركەوتنی یەكجارەكی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعش لە سەرانسەری ناوچەكەدا، ئەوا ئەوانەی بەوەكالەتی ئێران دەیانەوێت سەقامگیری كوردستان تێكبدەن، بۆ ئەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی شانازی بەسەركەوتنی شەڕی دژی داعشەوە نەكات، ئەوا لەم حاڵەتەدا ئەوەی دەكەوێتە بەرەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعش وەك تیرۆریستانی داعش مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت، ئەوجا لە ژێر هەر پەردەو بیانوویەكدا ئەو كارە بكەن.
ئەم خاڵانە ئاماژەن بۆ ئەوەی كە ئاراستەی شەڕی دژ بە داعش، خەریكە جارێكی دیكە دەگەڕێتەوە بۆ شەڕی شیعە دژی سوننە و پشتگیری رووسیا لەبەرەی شیعە بۆ پیشاندانی باڵادەستیی خۆی وەك زلهێزێك لە كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەبەرامبەریشدا ئەمریكاو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی سەرقاڵی ئەوەن كە ستراتیژیەتێك دابڕێژن كە پێویستیان بە رووسیا نەبێت و بەرەی ئێران وەكیلەكانیشی كە دەبنە رێگر لەبەردەم بردنەوەی شەڕی دژی داعش، قۆناخێكی دیكەی شەڕ دەست پێبكەن.
Top