دەوڵەتی كوردستان ئامانجی دووەمی ستراتیژیەتی ئەمریكا دژی داعش

دەوڵەتی كوردستان ئامانجی دووەمی ستراتیژیەتی ئەمریكا دژی داعش
گۆڤاری فۆرن ئەفێرز كە ئامۆژگای پێوەندییەكانی دەرەوە لە ئەمریكا دەریدەكات، لە رۆژی 12ی نیسانی 2017 بابەتێكی بۆ پڕۆفیسۆر تۆماس كەپلان كە تۆێژەری باڵایە لە سەنتەری بەلفەر لە زانكۆی هارڤارد بۆ ئاسایشی نێودەڵەتی بە ناونیشانی (بۆ كوردەكانی عێراق، ترەمپ دەبێتە ئومێدی سەربەخۆیی - For Iraqi Kurds، Trump Brings Hope for Independence) بڵاوكردۆتەوە.
ئەم توێژەرە باڵایە كە تایبەتمەندە لەسەر ئاسایشی نێودەوڵەتی لە زانكۆیەكی بەناوبانگی وەك زانكۆی هارڤارد، هەروا لە خۆڕا ئەم بابەتەی نەنووسیوە، بەڵكو بە لەبەرچاوگرتنی چەند خاڵێكی گرنگ و پێكەوە گرێدانەوەی دروستبوونی زەمینەی سەربەخۆیی لەكوردستان و ئامانجی ئیدارەی ترەمپ بۆ بردنەوەی شەڕی دژی داعش چەند خاڵێكی گرنگی كردۆتە ژێرخانی دروستكردنی ئەم بۆچوونە، لەوانە:

1- دۆناڵد ترەمپ دامەزراوەی تەقلیدی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا پشتگوێ دەخات و سەرلەنوێ ئاراستەی سیاسەتی دەرەوە دادەڕێژێتەوە، ئەو ستاڤەی ئەم ئاراستە نوێیە دادەڕێژێتەوە، جیا لە ریكس تیلرسۆن كە ئێستا وەزیری دەرەوەیە و پێشتر سەرۆكی كۆمپانیای ئیكسۆن موبیل بووە و ئەو كۆمپانیاكەی هێناوەتە كوردستان، ئەوا هەریەك لە جیمس ماتیس وەزیری بەرگری و ماكماستەر راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا وەك دۆستی كورد لە بازنەی ستاڤی ترەمپدا لەقەڵەم دەدرێن.
2- رێككەوتنی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان و راگەیاندنی پەیامێكی هاوبەش لە 2ی نیسانی 2017 بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە نێوماڵی كوردستان بۆ هەڵگرتنی ئەم هەنگاوە چارەنووسسازە لەبارە.
3- نزیكبوونەوەی ئۆپەراسێۆنی ئازادكردنی موسڵ لە كۆتاییەكەی و بەكارهێنان و سوودوەرگرتن لە كارتێكی گرنگ لەلایەن كوردەوە بۆ بەدیهێنانی ئامانجی سەربەخۆیی.

ئەگەر سەیری ئەم سێ بنەمایە بكەین كە پڕۆفیسۆر كەپڵان بابەتەكەی لەسەر داڕشتووە، ئەوا هەست بەو راستییە دەكەین كە كۆتاییهاتنی ئۆپەراسێۆنی ئازادكردنی موسڵ لە ستراتیژیەتی سەرۆك ترەمپ-دا خاڵی یەكلاكەرەوە دەبێت بۆ دیاریكردنی ئامانج و دەستكەوتەكانی شەڕەكە، ئەمەش مانای ئەوەیە لە ستراتیژیەتی سەرۆك ترەمپ و سیاسەتی تازەی ئەمریكا بەرامبەر ناوچەكە، سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر سووریا و عێراق لێكجیاكراوەتەوەو شێوازی مامەڵەكردنی ئەمریكاش لەگەڵ شەڕی دژی داعش لە سووریا و عێراق لەیەكتری جیادەكرێتەوە. راشكاوانەتر جیاكردنەوەی شەڕی دژی داعش لە عێراق و سووریا، واتە مامەڵەكردن لەگەڵ ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ وەك كۆتاییهاتنی شەڕی دژی داعش لە سیاسەت و ستراتیژیەتی ئەمریكادا و هێشتنەوەی شەڕی داعش لە سووریا وەك سەرئێشە بۆ هەر یەك لە رژێمی ئەسەد و ئێران و حزبوڵا و رووسیا.

تۆماس فریدمان رۆژنامەنووس و ستووننووسی بەناوبانگی رۆژنامەی نیویۆرك تایمز لە رۆژی 13ی نیسانی 2017 پرسی جیاكردنەوەی شەڕی داعش لە عێراق و سووریای بەئاشكرا باسكردووە و لە ستوونەكەیدا ئەو پرسیارە دەورووژێنێت: بۆ دەبێت ترەمپ شەڕی داعش لەسووریا بكات؟ لەوەڵامی ئەم پرسیارەدا فریدمان ئاماژەی بە دوو تەحەددی كردووە كە ئەو تەحددییانە وادەكەن ئەمریكا شەڕێكی بەلاش و دۆڕاو لە سووریادا دژی داعش بكات كە بریتین لە:
ئەو داعشەی لە سووریا بوونی هەیە تەنیا داعشێكی رووكەشە و داعش لە سەرانسەری جیهان بوونی هەیە، بۆیە كاتێك ئەمریكا لەناو سووریا شەڕی دژی داعش دەكات و خەلافەتی ئیسلامی دەڕووخێنێت، ئەوا ئەم دەستكەوتە بۆ رژێمی ئەسەد و ئێران و حزبوڵا و رووسیا بەجێ دەمێنێت و داعشیش دوای رووخانی خەلافەتەكەی دڕندەتر دەبێت كاتێك كە دەبینێت دوژمنە سەرسەختەكانی لە رووخانی خەلافەتەكەی سوودمەند دەبن و ئەمریكاش لەشەڕەكەدا هیچی پێنابڕێت.
هەوڵەكانی ئەمریكا بۆ رووخانی خەلافەتی دژی داعش لەسووریا دەبێتە هۆكارێك بۆ كەمكردنەوەی گوشارەكان لەسەر رژێمی ئەسەد بۆ ئەوەی بەپشتگیری ئێران و حزبوڵا و رووسیا، رژێمی ئەسەد بتوانێت هەموو ئەو سوننە میانڕۆیانە سەركوت بكات كە لە پارێزگای ئەدلب بوونیان هەیە، هەروەك چۆن رژێمی ئەسەد لە هەفتەی رابردوو گازی ژەهراوی بەسەر منداڵان و هاووڵاتیانی سڤیلی ئەو شارەدا كرد، بۆیە دەبێت شەڕی دژی داعش لەسووریا ببێتە سەرئێشەیەكی گەورە بۆ هەریەك لە ڕژێمی ئەسەد و ئێران و حزبوڵا و رووسیا، هەروەها دەبێت بەشێوەی شەڕی ئەفغانستان لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو مامەڵە لەگەڵ شەڕی داعش لە سووریا بكرێت، بۆ ئەوەی ئەمجارەش داعش وەك موجاهیدەكانی ئەفغانستان ببێتە سەرچاوەی بڕست لێبرانی رووسیا.

بێگومان ئەم بۆچوونەی تۆماس فریدمان لە 13ی نیسانی 2017وە بۆتە جێگەی مشتومڕ و قسەو باسی ئەو پسپۆڕ و ئەكادیمی و توێژەرانەی كە كار لەسەر ستراتیژیەتی ترەمپ دژی تیرۆر دەكەن و پێدەچێت دوای سەردانە بێ ئاكامەكەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ رووسیا وەرچەرخانێكی گەورە لە هەڵوێستی ئیدارەی ترەمپ بەرامبەر رۆڵی رووسیا لە سووریا و شەڕی دژی داعش لە سووریا بێتەئاراوە و چیتر بە بەلاش ئەمریكا خزمەتی ئامانجەكانی رووسیا و ئێران و حزبوڵا و مانەوەی ئەسەد لە سووریادا نەكات.

لێرەوە ئەگەر گریمانەی ئەوە بكەین ئەم بۆچوونەی تۆماس فریدمان رەنگدانەوەی ئەو قسەو باسە نهێنییانە بن كە ستافەكەی ترەمپ لە كۆشكی سپی بۆ داڕشتنەوەی ستراتیژ و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا لەناو خۆیاندا دەیكەن، كە ئەمەش تا رادەیەكی گەورە لەگەڵ میتۆدی ( قازانج و زیان) و میتۆدی (هونەری گرێدانی سەفقەی بازرگانی) یەكدەگرێتەوە كە ترەمپ و ستافەكەی لە دروستكردنی بڕیار و داڕشتنی ستراتیژدا پشتی پێدەبەستن، ئەوا هیچ پێویست نابێت كە ئەمریكا شەڕێكی بەلاش بۆ رووسیا و ئێران و رژێمی ئەسەدو حزبوڵای لوبنانی و میلیشیا شیعەكانی سەر بە ئێران لەتەواوی ناوچەكەدا بكات.

لەسەر بنەمای ئەم دوو بۆچوونە ئەگەر بگەڕێینەوە سەر ئەو ستراتیژەی كە باراك ئۆباما سەرۆكی پێشووی ئەمریكا بۆ شەڕی دژی داعش دایڕشتووە و ئامانجی ئەم ستراتیژەی لە دوو خاڵی گرنگدا كۆكردۆتەوە كە بریتین لە: (تێكشكاندن و لە ریشە هەڵكێشانی فیكری داعش) ئەوا ئێستا كە ئۆپەراسێۆنی ئازادكردنی موسڵ بەرەو كۆتایی دەچێت، مانای وایە یەكێك لە ئامانجەكانی ستراتیژیەتی دژی داعش كە (تێكشكاندنی داعشە)، لە عێراق نزیكە لە بەدەستهاتن و لە عێراقیشدا زەمینەیەكی لەبارتر لە سووریا هەیەو ئەمریكاش كاریگەری و نفووزی زیاتری هەیە، هەروەها خودی شەڕی دژی داعشیش جوگرافیایەكی تازەی دروستكردووە كە ئەو جوگرافیا تازەیە ئاكامی سەركەوتنی شەڕی دژی داعشە لە عێراقدا و لە ریشە هەڵكێشانی فیكری داعشیش پێویستی بەوە هەیە لەسەر بنەمای ئەو جوگرافیا تازەی كە شەڕی دژی داعش وەك ئەمری واقیع دروستی كردووە، دەبێت هەنگاو بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و لە ریشەهەڵكێشانی فیكری داعش هەڵبگیرێت.
ئەوانەی سیاسەت و ستراتیژیەتی پێشنیاركراویان بۆ ئیدارەی تازەی ترەمپ ئامادە كردووە، هەموویان خاڵی دەستپێك بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق بە جیاكردنەوەی كێشەی نێوان عێراق و كوردستان لەلایەك و هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی كێشەی نێوان عەرەبی شیعە و سوننە دیاری دەكەن. ئەمەش مانای ئەوەیە كوردستان وەك قەوارەیەكی سیاسی و سەربەخۆی دیفاكتۆ، توانیویەتی جیالەوەی داعش تیكبشكێنێت، زەمینەیەكی لەباری دابینكردنی ئاسایش و پێكەوە ژیان و لێبووردەیی لەنێوان تەواوی نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان و تەنانەت لە نێوان عەرەبی شیعە و سوننەی لە كوردستاندا دروستكردووە، بۆیە ئەم قەوارە سیاسییە دەبێت تێكەڵی عێراقی عەرەبی نەكرێتەوە، كە هەموو مەزندەكان بەرەو ئەوە دەچن، ئەگەر ئەمریكا پلانێكی ستراتیژی بۆ عێراقی عەرەبی دوای داعش نەبێت، ئەوا شەڕێكی دیكەی خوێناوی لە نێوان عەرەبی شیعەو سونە دەست پێدەكاتەوە، ئەوجا بۆ ئەوەی رێگری لەم شەڕە خوێناوییە بكرێت، دەبێت عێراقی عەرەبی بە جیا بكرێتەوە بە دەوڵەتێك بۆ پێكەوە ژیانی شیعە و سوننە لەسەر بنەمای دابەشكردنی دەسەڵاتەكان و پاشان كوردستان و عێراقی عەرەبی پێكەوە وتووێژ بكەن كە پێوەندی ئایندەیان وەك دوو دەوڵەتی سەربەخۆ چۆن دەبێت.

ئەم ئاكامە كە دەرەنجامی تێكشكاندنی داعش دروستی كردووە و سەربەخۆیی كوردستانی كردۆتە ئەمری واقیع، ئەوا بردنەوەی شەڕەكە وا دەخوازێت كە سەربەخۆیی ئەمری واقیعی كوردستان بگۆڕێت بۆ سەربەخۆیی خاوەن سەروەریی، ئەم وەرچەرخانەش لە سەربەخۆیی ئەمری واقیعەوە بۆ سەربەخۆیی خاوەنی سەروەریی، پێویستی بە ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەموو گەلی كوردستان هەیە بۆ ئەوەی هەموو دەوڵەتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و لەسەرووی هەمووشیانەوە ئەمریكا، رێز لە دەنگ و ئیرادەی خەڵكی كوردستان بگرن و دەوڵەتی كوردستان وەك دەوڵەتێكی خاوەن سەروەریی لە دایك بێت.
Top