بوونی ترەمپ دەبێتە دەرفەتێك بۆ سەربەخۆیی كوردستان ..... نووسینی مۆرگان كەپلان

بوونی ترەمپ دەبێتە دەرفەتێك بۆ  سەربەخۆیی كوردستان ..... نووسینی مۆرگان كەپلان
ئەمە یەكەمجار نییە، كورد خواست و ویستی خۆی بۆ سەربەخۆیی كوردستان رابگەیەنێت، بەڵام ئەمجارەیان دۆخەكە جیاوازەو ئەو جیاوازییەش بوونی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكایە، ئەمەش مایەی ئومێدێكی زیاترە بۆ ئەوەی كوردی عێراق پتر گەشبین بن بۆ ئەوەی لە كۆتاییدا گرتنەبەری رێگای سەربەخۆیی سەركەوتوو بێت.
لە گەشتێكی ئەم دواییەمدا بۆ كوردستانی عێراق، قسەم لەگەڵ ژمارەیەكی زۆری سیاسەتمەداران، بەرپرسان و بزنسمانەكاندا كردووەو باوەڕیان وابوو سەرۆكایەتی ترەمپ دەرفەتگەلێكی نوێی بۆ سەربەخۆیی كورد رەخساندووە. لەوەش زیاتر، رای گشتیی كورد، بە شێوەیەكی گشتی گەشبینە لەدوای هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەرۆكی ئەمریكا.



لە 2ی نیساندا، دوو پارتە سیاسییە سەرەكییەكەی كوردستانی عێراق- پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان- راگەیەندراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە سەبارەت بە ئەنجامدانی ریفراندۆم لەبارەی سەربەخۆبوونی كورد و پابەندبوونی خۆیان لەو بوراەدا راگەیاند. بە زۆری ئەو دوو پارتە بۆچوونی جیاوازیان هەیە لەگەڵ یەكدا، بەڵام پێدەچێت لەگەڵ نزیكبوونەوەی شەڕی موسڵ لە كۆتاییە سەختەكەی و، دوای نزیكەی سێ ساڵ لە شەڕی بەردەوام لە دژی دەوڵەتی ئیسلامی (كە بە داعش ناسراوە)، ئەوا كوردی عێراق باوەڕی وایە كە كاتی ئەوە هاتووە ئەو كارتە سیاسییەی بە زەحمەتی بەدەستیان هێناوە، بەكاری بهێنن.

سەركردەكانی كوردستان دەزانن سەربەخۆیی بە ئاسانی بەدەست نایەت. بەتایبەتی، توركیا و ئێران پابەندن بەوەی رێگری لە هەر هەوڵێكی لەم چەشنە بكەن، ئەویش بەلەبەرچاوگرتنی نیگەرانییەكانیان لەبەرامبەر خەونی دانیشتووانی كوردی وڵاتەكەیان. لە هەمان كاتدا، ئەمەریكاش لە رووی مێژووییەوە، بیرۆكەی پارچەپارچەبوونی عێراقی رەتكردۆتەوە، چونكە ترسی هەبووە لەوەی ئەمە ببێتە پێشینەیەك بۆ جیابوونەوە لە سەرتاسەری ناوچەكەدا. تەنانەت ناكۆكی نێوان كورد لەبارەی كات و پرۆسەی جیابوونەوە بۆتە هۆی سنوورداركردنی خەونی سەربەخۆیی كورد. بەو پێیە، سەركردە كوردەكان ئەوەیان خستۆتەڕوو كە ریفراندۆم راگەیەندنی خواست و ویستەو سەربەخۆیی راستەقینە ماوەیەكی دواتر دێتەئاراوە.
هەروەها ئەمە یەكەمجار نییە، كە ئەم خواست و ویستە رابگەیەنرێت. بەڵام ئەمجارەیان دۆخەكە جیاوازە و مایەی ئومێدێكی زیاترە بۆ ئەوەی كوردی عێراق پتر گەشبین بن لەبارەی ئەوەی لە كۆتاییدا گرتنەبەری رێگای سەربەخۆیی سەركەوتوو بێت. ئەو جیاوازییەش بریتیە لە بوونی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا.

لە گەشتێكی ئەم دواییەدا بۆ كوردستانی عێراق، من قسەم لەگەڵ ژمارەیەكی زۆری سیاسەتمەداران، بەرپرسان و بزنسمانەكاندا كرد كە باوەڕیان وابوو سەرۆكایەتی ترەمپ دەرفەتگەلێكی نوێی بۆ سەربەخۆیی كورد رەخساندووە. لەوەش زیاتر، رای گشتیی كورد، بە شێوەیەكی گشتی گەشبینە لەبارەی ترەمپەوە لە دوای هەڵبژاردنەوە. ئەگەرچی زۆرێك لە لایەنەكانی سەرۆكایەتی ترەمپ كە بوونەتە هۆی ورووژاندنی حەماس و پەرۆشی كوردی عێراق، هەمان ئەو لایەنانەن كە شارەزایانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا نیگەران بوون لەبارەیانەوە.

دووبارە داڕشتنەوەی رەوتی سیاسەتی دەرەوە

یەكەم، ترەمپ دامەزراوەی تەقلیدی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا پشتگوێ دەخات. لە مانگی كانوونی دووەمەوە، كۆشكی سپی چالاكانە كاری كردووە بۆ كەمكردنەوەی كاریگەری كەسایەتییە بە ئەزموونەكانی بواری سیاسەتی دەرەوە لە رێی كەمنرخكردنی پیشەی بەرپرسەكانی وەزارەتی دەرەوە و فەرامۆشكردنی شارەزا ناسراوەكانی پارتی كۆماری. حاڵی حازر وەزارەتی دەرەوە گوڕ و تینی لەدەستداوە و بۆ ماوەی چەند مانگێكە بە بێ بەرپرسە باڵاكان بەڕێوەدەچێت. ئەم بۆشاییەش مایەی مەترسییە بۆ شارەزایانی نێو هەردوو پارتی كۆماری و دیموكراتی، لەبەر ئەوەی وەزارەتی دەرەوە لە رووی مێژوییەوە بناغە و بنچینەی بەردەوامبوونی مامەڵەكردنی ئەمەریكا بووە لەگەڵ جیهاندا. بە كورتی، هێشتنەوەی ئەم دامەزراوەیە بۆتەهۆی ئەوەی مەعریفەی دامەزراوەیی لەبارەی دەوڵەت، ناوچە، سەركردە و پێوەندییەكانەوە- كە بۆ چەندین دەیە دەچێت كۆدەكرێنەوە، پەرەیان پێبدەدرێت و رێكدەخرێن- لەدەست نەچێت لە دوای ئەوەی ئیدارەی نوێ دەست بەكار بوو.

لەگەڵ ئەوەشدا، لە روانگەی مێژووییەوە، بەلای كەمەوە تاوەكو راپەڕینی كورد لە ساڵی 1991 و تاوەكو داگیركردنی عێراق لەلایەن ئەمەریكاوە لە ساڵی 2003، دامەزراوەی دیپلۆماسی بە شێوەیەكی تایبەت مامەڵەیەكی باشی لەگەڵ كورددا نەكردووە.
ئەگەرچی لە ئێستادا ئەمەریكییەكان راهاتوون لەگەڵ بینینی دیمەنی تەوقەكردنی بەرپرسەكانی ئەمەریكا و كورد و چاوپێكەوتنیان بە شێوەیەكی ئاشكرا، ئەو دیپلۆماتكارە كوردانەی –ماوەیەكی زۆریان لەم پیشەیەدا بەسەر بردووە- خێرا بوون لە ئاماژەكردن بۆ ئەوەی كە ئەمە دیاردەیەكی نوێیە كە دوای 60 ساڵ لە بەرهەڵستیكردن و ئێش و ئازار دێت. ئەگەرچی چەندین تاكەكەسی هاوسۆز هەبوون، بەڵام وەزارەتی دەرەوە، دامەزراوەیەك بووە بە زۆری سەلماندی كە رێگایەكی داخراوەیە لەبەردەم دیپلۆماسییەتی كوردیدا لە سەدەی بیستدا، ئەویش بەهۆی ئەو سیاسەتانەی كە قووڵ رۆچووبوونە ئەم دامەزراوەیەوە كە پشتیوانی یەكپارچەیی خاكی وڵاتانیان دەكرد و دانیان بە بوونی كاراكتەرە غەیرە دەوڵەتییەكاندا نەدەنا. دەرئەنجامی ئەم سیاسەتانەش ئەوەیە كە گرنگ نییە كوردی عێراق چەند سوودبەخش بووە بۆ سیاسەتی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ساڵی 1970وە، هەروەها گرنگ نییە چۆن پێوەندییە نزیكەكان گەشەیان كردووە لە دوای شەڕی كەنداوەوە، بەڵام لە رووی دامەزراوەییەوە بەربەستێك سەپێندراوە بەسەر پشتیوانیكردن لە سەربەخۆیی كوردستاندا. لەگەڵ ئەوەشدا، ترەمپ، ئەو راستییەی خستۆتەڕوو كە ئەو هەست ناكات گرێدراوی سیاسەت و پێوەندییە پیادەكراوەكانە، هەروەك ئەوەی لە كانوونی یەكەمی 2016دا ئەوەی خستەڕوو كە ئەمەریكا پابەند نییە بە سیاسەتی «چینی یەكپارچەوە»، بەڵام چەند مانگێك دواتر هەڵوێستی خۆی گۆڕی. ئەگەرچی رەنگە ئەم روانگەیە مایەی نیگەرانی بێت بۆ ئەوانەی كە سوودمەندن لە نۆرمە پیادەكراوەكان، بەڵام زۆر كەس ئومێدی ئەوەیان هەیە ترەمپ رێگای نوێ بكاتەوە بۆ دانپێدانان بە دەوڵەتی نوێدا. لەوەش زیاتر، دەستنیشانكردنی كەسێك – لە دەرەوەی دامەزراوەكەوە- بۆ سەرۆكایەتیكردنی وەزارەتی لاوازكراوی دەرەوە- رێكس تیلێرسۆنی بەڕێوبەری جێبەجێكاری پێشووی كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیل- سوودی دەگمەنی خۆی هەیە. رەنگە تیلێرسۆن دیپلۆماتكارێكی بەئەزموون نەبێت، بەڵام رۆخسارێكی دۆستە بۆ كورد، لەبەر ئەوەی سەرپەرشتی بەرفراوانكردنی كاری ئیكسۆن مۆبیلی بۆ كوردستان كرد لە ساڵی 2011دا. ئەزموونی تیلێرسۆن وەك كەسێك لە بواری نەوتدا، بە نیگەرانی و ستایشەوە- تێكەڵێكی تەندروست- پێشوازی لێكرا لە واشنتۆن، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی بە ئیجابی لێی دەڕوانرێت لە هەرێمی كوردستانی عێراقی دەوڵەمەند بە نەوتدا.

دووەم، رەنگە شارەزایانی ئاسایشی نەتەوەیی حەسرەت هەڵكێشن بۆ پەرۆشی ترەمپ بۆ كۆكردنەوەی كارمەند و ژەنەراڵە سەربازییە خانەنشینكراوەكان لە دەوری خۆی، لەسەر ئەو بنەمایەی كە ئەمە بۆی هەیە پێوەندی نێوان دەسەڵاتی سەربازی و دەسەڵاتی مەدەنی هەڵگێڕێتەوە، بەڵام كوردی عێراق ئەمە بە رێگایەكی نوێ دەزانێت بۆ باشتركردنی دۆخی خۆیان. لەگەڵ بوونی ژەنەراڵ جەیمس ماتیس وەك وەزیری بەرگری، ئەدمیراڵ مایكڵ رۆجەرز وەك بەڕێوەبەری ئاژانسی ئاسایشی نیشتمانی، ژەنەراڵ جۆن كێلی وەك بەڕێوبەری ئاسایشی ناوخۆیی و، مایك پۆمپیو وەك بەڕێوەبەری ئاژانسی ناوەندی هەواڵگری، ئەوا رەنگە بەرپرسە مەدەنییەكان لە دوای بەرپرسە سەربازییەكانەوە بێن بۆ داڕشتنی سیاسەتی ئاسایشی ئەمەریكا. بەڵام بۆ كورد، ئەمە شتێكی ئیجابییە.

پنتاگۆن گەرم و گوڕتر بووە لە مامەڵەكردنیدا لەگەڵ كورد بە بەراورد بە وەزارەتی دەرەوە، ئەویش بەهۆی هەبوونی هاوكاری سەربازی نزیكەوە كە بۆ چەندین دەیە پێش ئێستا دەگەڕێتەوە و لە ئێستاشدا بەتایبەتی هاوكاریگەلێكی بەهێزن. لە عێراقی دوای ساڵی 2003وە، پنتاگۆن و دەزگای هەواڵگری لە نزیكەوە كاریان لەگەڵ كورددا كرد، لە نێویاندا كار و كۆششە بەردەوامەكان بۆ تێكشكاندنی دەوڵەتی ئیسلامی لە هاوینی ساڵی 2014وە. لە رێی ئەم ئەزموونە سەربازییانەوە، كارمەندانی ئەمەریكا و پێشمەرگەی كورد رایەڵێكی پتەویان بۆ متمانە و دۆستایەتییان پێكهێناوە. لە كاتێكدا كە ژمارەیەكی زیاتری كارمەندی سەربازی –ئەوانەی تێڕوانینێكی ئیجابییان هەیە لەبەرامبەر كوردی عێراقدا دەچنە نێو بازنەی ناوخۆیی ترەمپەوە، ئەوا ئەگەری زیاترە كورد پێگەی باشتر بێت لە واشنتۆندا. بۆنموونە، ماتیس و ماكماستەر، ئەزموونی باشیان هەیە لە گۆڕەپانی عێراقدا. كاتێك ماتیس لە مانگی نیساندا چاوی كەوت بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مسعود بارزانی، كەناڵی رووداو گواستیەوە كە ماتیس دووپاتی لە پشتیوانیكردنی ئەمەریكاوە كردەوە بەوەی باسی لەوە كرد كە ئەو «ئاشنایە بە كێشەی كورد، كوردستان و ئەمەریكاش شان بە شانی یەكتر قوربانییان داوە.» كورد ئومێد دەكات كە ئەم رێزگرتنە بگۆڕێت بۆ هاوكاری سیاسی و ئابووری و سنوورە سەربازییەكە تێپەڕێنێت.

* مۆرگان كەپلان توێژەری باڵای پڕۆگرامەكانی ئاسایشی نێودەوڵەتییە لەسەنتەری بەلفەر لە زانكۆی هارڤارد. ئەم وتارەی لە گۆڤاری فۆرن ئەفێرز لە 12ی نیسانی 2017 بڵاوكردۆتەوە.
Top