دەوڵەتی كوردستان تاجی سەركەوتن و بردنەوەی شەڕی دژی داعش

دەوڵەتی كوردستان تاجی سەركەوتن و بردنەوەی شەڕی دژی داعش
بەبێ دەوڵەتی كوردستان هاوپەیمانی نێودەوڵەتی نەك هەر شەڕی دژی داعش دەدۆڕێنێت، بەڵكو زەمینە بۆ شەڕ و كارەساتی گەورەتر لە ناوچەكەدا دەخوڵقێنێت

رێككەوتنی پارتی و یەكێتی و راگەیاندنی پەیامێكی هاوبەش لە 2ی نیسانی 2017 بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە نێوماڵی كوردستان بۆ هەڵگرتنی ئەم هەنگاوە چارەنووسسازە لەبارە

«مافی بڕیاردانی چارەنووسی گەلان، بنەمایەكی بنەڕەتییە لە یاسای نێودەوڵەتیی هاوچەرخدا، سەبارەت بە چۆنیەتی پیادەكردنی ئەم مافە لەلایەن گەلانەوە بۆ دیاریكردنی چارەنووسی خۆیان، بە چەندین شێواز باسی لێوەكراوە بەوەی چ كاتێك پێوەری یاسایی بۆ پیادەكردنی ئەم مافە فەراهەم دەبێت.
ئێستا كورد بانگەشە بۆ مافی بڕیاردانی چارەنووس دەكات و خەڵكانێك وتووێژ لەسەر ئەوە دەكەن مەرج و پێوەرە یاساییەكانی بۆ پیادەكردنی ئەم مافە دەستەبەر كردووە، ئەو مەرج و پێوەرە یاساییانەش بریتین لەوەی كوردان هەزاران ساڵە لەسەر خاكی خۆیان دەژین و كەلتوورێكی نەتەوەیی تایبەت بەخۆیان هەیە، بۆیە ئەمە مەرجێكی گرنگە كە شەرعییەتیان بۆ دابین دەكات تاوەكو خۆیان خاوەنی خاكی خۆیان بن.
لەمەش زیاتر ئێستا لە هەرێمی كوردستان لە عێراقدا، كورد زۆرێك لە ژێرخانە پێویستەكانی بۆ بونیادنانی نەتەوە و دەوڵەت دروستكردووە، بوونی پەرلەمان، بوونی سەرچاوەیەكی گرنگی داهات لە رێگەی هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوتەوە، سوپایەكی بەرگریكار كە ئەویش هێزی پێشمەرگەیە.
لە حوزەیرانی ساڵی 2014 كاتێك هێزەكانی سوپای عێراق لەبەردەم تیرۆریستانی داعش لەبەریەك هەڵوەشان و پاشان موسڵ كەوتە دەستی داعش، ئەوا سوپای پێشمەرگە لەگەڵ ئەوەی بەتەنیا مانەوە بۆ ئەوەی بەرگری لە خاكەیان بكەن، جیا لەوەی توانییان بەرگری لە خاكی خۆیان بكەن، لە هەمانكاتدا رۆڵێكی یەكلاكەرەوەیان لە شەڕی دژی داعش بینیوە . بۆیە جێگەی خۆیەتی بڵێین هێزی پێشمەرگەی كوردستان توانییان لە ئامانجی تیكشكاندنی داعش زیاتر بەدەست بهێنن و پاش ئەوەی توانییان ئاسایش و ئارامی بۆ هەولێری پایتەخت دابین بكەن، لە هەمانكاتدا رۆڵێكی گەورەیان بینی لە دوورخستنەوەی تیرۆریستانی داعش و پاراستنی ژێرخانی نەوت، هەروەها توانییان رێگەگرنگەكانی كۆمەككردنی داعش لەدەوروبەری موسڵ كۆنتڕۆڵ بكەن.

لە ئێستاشدا هێزی پێشمەرگە بەشێكی گرنگ و گەورەن لەو هاوپەیمانێتییەی ئیمزاكراوە بۆ ئازادكردنی شاری موسڵ كە دووەمین گەورەترین شاری عێراقە لە دەستی تیرۆریستانی داعش.
بەرەچاوكردنی ئەو رۆڵە گەورەیەی كورد بینویەتی لە تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش و ئازادكردنی خاكێكی زۆر لە دەستیان، ئەوا زۆر كەس گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتە و باس لەوەدەكەن كە ئێستا كوردستان سەروەریی بە دەست هێناوە.»
***
بەشێك لە راپۆرتی (دەوڵەتی كوردی ــ خەونێكی لەمێژینە) كە رۆژنامەنووس جاك ماوەنتفۆرد بۆ سایتی فلیبیستەری بەریتانی ئامادەی كردووە

دەوڵەتی كوردستان ئامانجی دووەمی ستراتیژیەتی ئەمریكا دژی داعش
گۆڤاری فۆرن ئەفێرز كە ئامۆژگای پێوەندییەكانی دەرەوە لە ئەمریكا دەریدەكات، لە رۆژی 12ی نیسانی 2017 بابەتێكی بۆ پڕۆفیسۆر تۆماس كەپلان كە تۆێژەری باڵایە لە سەنتەری بەلفەر لە زانكۆی هارڤارد بۆ ئاسایشی نێودەڵەتی بە ناونیشانی (بۆ كوردەكانی عێراق، ترەمپ دەبێتە ئومێدی سەربەخۆیی - For Iraqi Kurds، Trump Brings Hope for Independence) بڵاوكردۆتەوە.
ئەم توێژەرە باڵایە كە تایبەتمەندە لەسەر ئاسایشی نێودەوڵەتی لە زانكۆیەكی بەناوبانگی وەك زانكۆی هارڤارد، هەروا لە خۆڕا ئەم بابەتەی نەنووسیوە، بەڵكو بە لەبەرچاوگرتنی چەند خاڵێكی گرنگ و پێكەوە گرێدانەوەی دروستبوونی زەمینەی سەربەخۆیی لەكوردستان و ئامانجی ئیدارەی ترەمپ بۆ بردنەوەی شەڕی دژی داعش چەند خاڵێكی گرنگی كردۆتە ژێرخانی دروستكردنی ئەم بۆچوونە، لەوانە:

1- دۆناڵد ترەمپ دامەزراوەی تەقلیدی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا پشتگوێ دەخات و سەرلەنوێ ئاراستەی سیاسەتی دەرەوە دادەڕێژێتەوە، ئەو ستاڤەی ئەم ئاراستە نوێیە دادەڕێژێتەوە، جیا لە ریكس تیلرسۆن كە ئێستا وەزیری دەرەوەیە و پێشتر سەرۆكی كۆمپانیای ئیكسۆن موبیل بووە و ئەو كۆمپانیاكەی هێناوەتە كوردستان، ئەوا هەریەك لە جیمس ماتیس وەزیری بەرگری و ماكماستەر راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا وەك دۆستی كورد لە بازنەی ستاڤی ترەمپدا لەقەڵەم دەدرێن.
2- رێككەوتنی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان و راگەیاندنی پەیامێكی هاوبەش لە 2ی نیسانی 2017 بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە نێوماڵی كوردستان بۆ هەڵگرتنی ئەم هەنگاوە چارەنووسسازە لەبارە.
3- نزیكبوونەوەی ئۆپەراسێۆنی ئازادكردنی موسڵ لە كۆتاییەكەی و بەكارهێنان و سوودوەرگرتن لە كارتێكی گرنگ لەلایەن كوردەوە بۆ بەدیهێنانی ئامانجی سەربەخۆیی.

ئەگەر سەیری ئەم سێ بنەمایە بكەین كە پڕۆفیسۆر كەپڵان بابەتەكەی لەسەر داڕشتووە، ئەوا هەست بەو راستییە دەكەین كە كۆتاییهاتنی ئۆپەراسێۆنی ئازادكردنی موسڵ لە ستراتیژیەتی سەرۆك ترەمپ-دا خاڵی یەكلاكەرەوە دەبێت بۆ دیاریكردنی ئامانج و دەستكەوتەكانی شەڕەكە، ئەمەش مانای ئەوەیە لە ستراتیژیەتی سەرۆك ترەمپ و سیاسەتی تازەی ئەمریكا بەرامبەر ناوچەكە، سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر سووریا و عێراق لێكجیاكراوەتەوەو شێوازی مامەڵەكردنی ئەمریكاش لەگەڵ شەڕی دژی داعش لە سووریا و عێراق لەیەكتری جیادەكرێتەوە. راشكاوانەتر جیاكردنەوەی شەڕی دژی داعش لە عێراق و سووریا، واتە مامەڵەكردن لەگەڵ ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ وەك كۆتاییهاتنی شەڕی دژی داعش لە سیاسەت و ستراتیژیەتی ئەمریكادا و هێشتنەوەی شەڕی داعش لە سووریا وەك سەرئێشە بۆ هەر یەك لە رژێمی ئەسەد و ئێران و حزبوڵا و رووسیا.

تۆماس فریدمان رۆژنامەنووس و ستووننووسی بەناوبانگی رۆژنامەی نیویۆرك تایمز لە رۆژی 13ی نیسانی 2017 پرسی جیاكردنەوەی شەڕی داعش لە عێراق و سووریای بەئاشكرا باسكردووە و لە ستوونەكەیدا ئەو پرسیارە دەورووژێنێت: بۆ دەبێت ترەمپ شەڕی داعش لەسووریا بكات؟ لەوەڵامی ئەم پرسیارەدا فریدمان ئاماژەی بە دوو تەحەددی كردووە كە ئەو تەحددییانە وادەكەن ئەمریكا شەڕێكی بەلاش و دۆڕاو لە سووریادا دژی داعش بكات كە بریتین لە:
ئەو داعشەی لە سووریا بوونی هەیە تەنیا داعشێكی رووكەشە و داعش لە سەرانسەری جیهان بوونی هەیە، بۆیە كاتێك ئەمریكا لەناو سووریا شەڕی دژی داعش دەكات و خەلافەتی ئیسلامی دەڕووخێنێت، ئەوا ئەم دەستكەوتە بۆ رژێمی ئەسەد و ئێران و حزبوڵا و رووسیا بەجێ دەمێنێت و داعشیش دوای رووخانی خەلافەتەكەی دڕندەتر دەبێت كاتێك كە دەبینێت دوژمنە سەرسەختەكانی لە رووخانی خەلافەتەكەی سوودمەند دەبن و ئەمریكاش لەشەڕەكەدا هیچی پێنابڕێت.
هەوڵەكانی ئەمریكا بۆ رووخانی خەلافەتی دژی داعش لەسووریا دەبێتە هۆكارێك بۆ كەمكردنەوەی گوشارەكان لەسەر رژێمی ئەسەد بۆ ئەوەی بەپشتگیری ئێران و حزبوڵا و رووسیا، رژێمی ئەسەد بتوانێت هەموو ئەو سوننە میانڕۆیانە سەركوت بكات كە لە پارێزگای ئەدلب بوونیان هەیە، هەروەك چۆن رژێمی ئەسەد لە هەفتەی رابردوو گازی ژەهراوی بەسەر منداڵان و هاووڵاتیانی سڤیلی ئەو شارەدا كرد، بۆیە دەبێت شەڕی دژی داعش لەسووریا ببێتە سەرئێشەیەكی گەورە بۆ هەریەك لە ڕژێمی ئەسەد و ئێران و حزبوڵا و رووسیا، هەروەها دەبێت بەشێوەی شەڕی ئەفغانستان لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو مامەڵە لەگەڵ شەڕی داعش لە سووریا بكرێت، بۆ ئەوەی ئەمجارەش داعش وەك موجاهیدەكانی ئەفغانستان ببێتە سەرچاوەی بڕست لێبرانی رووسیا.

بێگومان ئەم بۆچوونەی تۆماس فریدمان لە 13ی نیسانی 2017وە بۆتە جێگەی مشتومڕ و قسەو باسی ئەو پسپۆڕ و ئەكادیمی و توێژەرانەی كە كار لەسەر ستراتیژیەتی ترەمپ دژی تیرۆر دەكەن و پێدەچێت دوای سەردانە بێ ئاكامەكەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ رووسیا وەرچەرخانێكی گەورە لە هەڵوێستی ئیدارەی ترەمپ بەرامبەر رۆڵی رووسیا لە سووریا و شەڕی دژی داعش لە سووریا بێتەئاراوە و چیتر بە بەلاش ئەمریكا خزمەتی ئامانجەكانی رووسیا و ئێران و حزبوڵا و مانەوەی ئەسەد لە سووریادا نەكات.

لێرەوە ئەگەر گریمانەی ئەوە بكەین ئەم بۆچوونەی تۆماس فریدمان رەنگدانەوەی ئەو قسەو باسە نهێنییانە بن كە ستافەكەی ترەمپ لە كۆشكی سپی بۆ داڕشتنەوەی ستراتیژ و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا لەناو خۆیاندا دەیكەن، كە ئەمەش تا رادەیەكی گەورە لەگەڵ میتۆدی ( قازانج و زیان) و میتۆدی (هونەری گرێدانی سەفقەی بازرگانی) یەكدەگرێتەوە كە ترەمپ و ستافەكەی لە دروستكردنی بڕیار و داڕشتنی ستراتیژدا پشتی پێدەبەستن، ئەوا هیچ پێویست نابێت كە ئەمریكا شەڕێكی بەلاش بۆ رووسیا و ئێران و رژێمی ئەسەدو حزبوڵای لوبنانی و میلیشیا شیعەكانی سەر بە ئێران لەتەواوی ناوچەكەدا بكات.

لەسەر بنەمای ئەم دوو بۆچوونە ئەگەر بگەڕێینەوە سەر ئەو ستراتیژەی كە باراك ئۆباما سەرۆكی پێشووی ئەمریكا بۆ شەڕی دژی داعش دایڕشتووە و ئامانجی ئەم ستراتیژەی لە دوو خاڵی گرنگدا كۆكردۆتەوە كە بریتین لە: (تێكشكاندن و لە ریشە هەڵكێشانی فیكری داعش) ئەوا ئێستا كە ئۆپەراسێۆنی ئازادكردنی موسڵ بەرەو كۆتایی دەچێت، مانای وایە یەكێك لە ئامانجەكانی ستراتیژیەتی دژی داعش كە (تێكشكاندنی داعشە)، لە عێراق نزیكە لە بەدەستهاتن و لە عێراقیشدا زەمینەیەكی لەبارتر لە سووریا هەیەو ئەمریكاش كاریگەری و نفووزی زیاتری هەیە، هەروەها خودی شەڕی دژی داعشیش جوگرافیایەكی تازەی دروستكردووە كە ئەو جوگرافیا تازەیە ئاكامی سەركەوتنی شەڕی دژی داعشە لە عێراقدا و لە ریشە هەڵكێشانی فیكری داعشیش پێویستی بەوە هەیە لەسەر بنەمای ئەو جوگرافیا تازەی كە شەڕی دژی داعش وەك ئەمری واقیع دروستی كردووە، دەبێت هەنگاو بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و لە ریشەهەڵكێشانی فیكری داعش هەڵبگیرێت.
ئەوانەی سیاسەت و ستراتیژیەتی پێشنیاركراویان بۆ ئیدارەی تازەی ترەمپ ئامادە كردووە، هەموویان خاڵی دەستپێك بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق بە جیاكردنەوەی كێشەی نێوان عێراق و كوردستان لەلایەك و هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی كێشەی نێوان عەرەبی شیعە و سوننە دیاری دەكەن. ئەمەش مانای ئەوەیە كوردستان وەك قەوارەیەكی سیاسی و سەربەخۆی دیفاكتۆ، توانیویەتی جیالەوەی داعش تیكبشكێنێت، زەمینەیەكی لەباری دابینكردنی ئاسایش و پێكەوە ژیان و لێبووردەیی لەنێوان تەواوی نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان و تەنانەت لە نێوان عەرەبی شیعە و سوننەی لە كوردستاندا دروستكردووە، بۆیە ئەم قەوارە سیاسییە دەبێت تێكەڵی عێراقی عەرەبی نەكرێتەوە، كە هەموو مەزندەكان بەرەو ئەوە دەچن، ئەگەر ئەمریكا پلانێكی ستراتیژی بۆ عێراقی عەرەبی دوای داعش نەبێت، ئەوا شەڕێكی دیكەی خوێناوی لە نێوان عەرەبی شیعەو سونە دەست پێدەكاتەوە، ئەوجا بۆ ئەوەی رێگری لەم شەڕە خوێناوییە بكرێت، دەبێت عێراقی عەرەبی بە جیا بكرێتەوە بە دەوڵەتێك بۆ پێكەوە ژیانی شیعە و سوننە لەسەر بنەمای دابەشكردنی دەسەڵاتەكان و پاشان كوردستان و عێراقی عەرەبی پێكەوە وتووێژ بكەن كە پێوەندی ئایندەیان وەك دوو دەوڵەتی سەربەخۆ چۆن دەبێت.

ئەم ئاكامە كە دەرەنجامی تێكشكاندنی داعش دروستی كردووە و سەربەخۆیی كوردستانی كردۆتە ئەمری واقیع، ئەوا بردنەوەی شەڕەكە وا دەخوازێت كە سەربەخۆیی ئەمری واقیعی كوردستان بگۆڕێت بۆ سەربەخۆیی خاوەن سەروەریی، ئەم وەرچەرخانەش لە سەربەخۆیی ئەمری واقیعەوە بۆ سەربەخۆیی خاوەنی سەروەریی، پێویستی بە ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەموو گەلی كوردستان هەیە بۆ ئەوەی هەموو دەوڵەتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و لەسەرووی هەمووشیانەوە ئەمریكا، رێز لە دەنگ و ئیرادەی خەڵكی كوردستان بگرن و دەوڵەتی كوردستان وەك دەوڵەتێكی خاوەن سەروەریی لە دایك بێت.

بڕیاری بوێرانەی ترەمپ و دوو جەمسەری تازەی نێوان ئەمریكا و رووسیا

پڕۆفیسۆر ستیفن بیدڵ راوێژكاری پێشووی سوپای ئەمریكا لە عێراق و ئەفغانستان سەبارەت بە بڕیارە بوێرانەكەی ترەمپ بە لێدانی 59 رۆكێتی تۆماهۆك لە بنكەی ئاسمانی شوعەیراتی رژێمی ئەسەد، لەوتارێكدا نووسیویەتی: «هێرشی رۆكێتی بۆ سەر سووریا: ئیشتیهای ترەمپ بۆ بڕیاری بوێرانەی دیكە دەكاتەوە.» پڕۆفیسۆر بیدڵ كە تایبەتمەندە لە سیاسەتی ئاسایش و بەرگریی ئەمریكا، لەهەمانكاتدا لە نزیكەوەش لەگەڵ پێنتاگۆن و ئیدارەكانی ئەمریكا بۆ چۆنیەتی دروستكردنی بریاری شەڕ كاریكردووە، بۆیە ئەم بڕیارەی ترەمپ بەبریارێكی لە رادەبەدەر بوێرانە وەسف دەكات و تەنانەت دەیگەیەنێتە ئەو ئاستەی كە ترەمپ لەشەوی پێنج شەمە 6-7ی نیسانی 2017 قوماری كردووە و قومارەكەشی سەركەوتووە، بۆیە چۆن ژەنراڵ ماكئارسەر لە ساڵی 1950 بڕیاری بڵاوە پێكردنی هێزێكی دەریایی زەمینی لەشەڕی ئەنچن لە كۆریا دا و پاشان بڕیاری شەڕی یالۆی بەدوا هات، هەروەها چۆن جۆرج دەبلیو بوش بڕیاری شەڕی ئەفغانستانی داو پاش دووساڵ بڕیاری شەڕی عێراقی دا، لەوان زیاتر حەزی لە بڕیاری بوێرانە و موجازەفەی ترسناكە و ترەمپ لەكاری بازرگانیدا شەش جار لە ئاكامی بڕیاری بوێرانە و موجازەفەكردندا ئیفلاسی كردووە و پاشان بۆتەوە بەسەرۆكی كۆمپانیا و ملیاردێر، بۆیە داوا لە ستافەكەی ترەمپ دەكات لە كۆشكی سپی بەوەی هەنگاوی هەستیار هەڵبگرن و هەوڵبدەن هەندێك لە موجازەفەكانی ترەمپ كەم بكەنەوە.

ئەم خوێندنەوەی ستیفن بیدڵ بۆ سایكۆلۆژیەت و شێوازی بڕیاردانی ترەمپ وەك سەرۆكی ئەمریكا ئەوەمان پێدەڵێت، ئەگەر لە شەوی 6-7ی نیسانی 2017 موجازەفەی ترەمپ بەرامبەر دیمەشق بووبێت، ئەوا لە ئێستا بەدواوە دەبێت چاوەڕێی بڕیاری بوێرانەی ترەمپ بین بەرامبەر بە مۆسكۆ، بەتایبەتی دوای ئەوەی ریكس تیلێرسۆن بەدەستی بەتاڵ لە مۆسكۆ گەڕایەوە، سەبارەت بەم ئاكامە نەرێنییەی ئەم سەردانە، فلیپ گۆردن یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەسەردەمی هیلاری كلینتۆن و یاریدەدەری سەرۆكی ئەمریكا لە ساڵانی 2013- 2015، وتارێكی لە رۆژی 11ی نیسانی 2017 لە رۆژنامەی واشنتۆن پۆست بە ناونیشانی: «بۆ رزگاربوون لە بەشار ئەسەد- هەرگیز پشت بە رووسیا مەبەستن» بڵاوكردۆتەوە و تیایدا جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە هەوڵدان لەگەڵ رووسیا بۆ ئەوەی ببێتە هاوبەشێكی ئەرێنی لەشەڕی دژی داعش و چارەسەركردنی كێشەی سووریا، ئاسنی سارد كوتانە و دەبێت سەرۆك ترەمپ لەسەر چارەسەركردنی پرسی سووریا بەبێ رووسیا هەوڵبدات چارەسەرێك بۆ كێشەی سووریا بدۆزیتەوەو بە بڕیاری بوێرانە هاوشێوەی بڕیاری لێدانی مووشەكەكان مامەڵە لەگەڵ رژێمی سەد بكات. ئەمەش لەو روانگەیەوە دەخاتەڕوو، كە فلادیمێر پۆتین زۆر دژی گۆڕینی رژێمە، ئەمەش نەك هەر لە سووریا، بەڵكو لە عێراق و لیبیا و هەر شوێنێكی ئەم جیهانە بێت، پۆتین بەوجۆرە سەیری ئەم پرسە دەكات، ئەگەر گەلێك لە حكومەتەكەی خۆی هەڵبگەڕێتەوە و هەوڵبدات بەچەك بیڕووخێنێت، ئەوا ئەمە دەرگا دەكاتەوە بۆ ئەوەی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی بەدەنگ ئەو گەلەوە بێن و رزگاریان بكەن، پاشانیش لەشوێنی ئەو رژێمە حكومەتێكی سەقامگیر بۆ رۆژئاوا دروست دەبێت كە دەبێتە مەترسی لەسەر جێۆپۆلیتیكی رووسیا، لەمەش زیاتر پۆتین وای دەبینێت گۆڕینی رژێمەكان بە زەبری چەك دەبێتە پێشینەیەك بۆ خەڵكی رووسیا و هیچ دوور نییە رۆژێك لە رۆژان خەڵكی رووسیا هەوڵبدەن ئەم رژێمەی ئێستای مۆسكۆ بە چەك بگۆڕن، بەبۆچوونی گۆڕدۆن هۆكاری دەستتێوەردانی پۆتین لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكا لە 2016 بۆ ئەوە بوو هیلاری كلینتۆن بدۆڕێت لەبەر ئەوەی هیلاری زۆر جەختی لەسەر گۆڕینی رژێمە نادیموكراتی و دیكتاتۆرەكان دەكردەوە.

لێرەوە ئەگەر هەڵوەستەیەكی ورد لەسەر بۆچوونەكانی فلیپ گۆردن بكەین، ئەو راستییە دەردەكەوێت كە عینادیی رووسیا لەسەر مانەوەی بەشار ئەسەد، چارەسەركردنی هەموو كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تووشی حاڵەتێكی چەقبەستوویی كردووە كە هیچ دەروازەیەكی بۆ هەوڵە هاوبەشە نێودەوڵەتییەكان نەهێشتۆتەوە، بۆیە ئەم بارودۆخە پێویستی بەوەیە ئەو حاڵەتی چەقبەستووییە بشكێندرێت و سەرۆك ترەمپ بڕیاری بوێرانەی لەبارەوە بدات.
دیارە لەدوای بڕیارەكەی ترەمپ بە لێدانی رۆكێتەكان لە رژێمی ئەسەد، هەموو ئەوانەی خۆیان بە دژ و لایەنگیری ترەمپ دەزانن، لەسەر ئەوە كۆكن بڕیارەكەی ترەمپ بەرەو پێشەوەچوونێكی تازەی لە سیاسەتی ئەمریكا دروستكردووەو دەبێت ئەم بەرەو پێشەوەچوونەش زیاتر ببێت، بەڵام لەلایەكی دیكەوە زۆر لە چاودێران و ستراتیژزانان مەرجی بەرەوپێشەوەچوونی زیاتر لە سیاسەتی ئەمریكادا گرێدەدەنەوە بەوەی كە نابێت دۆناڵد ترەمپ هەمان هەڵەكانی هەردوو ئیدارەی جۆرج دەبلیو بوش و باراك ئۆباما دووبارە بكاتەوە، ئەمەش بەو مانایەی ئامانجی سەرەكی نابێت تەنیا بۆ سەركەوتنی شەڕەكان بێت، بەڵكو دەبێت بۆ پاراستنی دەستكەوتەكان و بردنەوەی تەواوی شەڕەكە بێت.

كەواتە ئەم ئاراستەیە پێمان دەڵێت: ئەگەر ترەمپ بیەوێت شەڕی دژی داعش بەتەواوەتی بباتەوە و سەركەوتنی سەربازی بگۆڕێت بۆ سەركەوتنی سیاسی، ئەوا دەبێت پێش ئەوەی جەخت لەسەر تێكشكاندنی داعش لە سووریا بكاتەوە، دەبێت هەوڵبدات سەركەوتنە سەربازییەكەی دژی داعش لە عێراقدا بگۆڕێت بۆ سەركەوتنی سیاسی و بردنەوەی تەواوی شەڕەكە، نەك وەك ساڵی 2003 سەرۆك بوش توانی جەنگی كۆتاییهێنان بە رژێمی سەدام حوسێن لەماوەی كەمتر لە سێ هەفتە بباتەوە، بەڵام شەڕەكەی دۆڕاند و نەیتوانی عێراق دووبارە بونیاد بنێتەوە و پاشانیش باراك ئۆباما لە چوارچێوەی ستراتیژیەتی خۆتێوەنەگلاندن لە كێشەكان بارودۆخەكەی هێندەی دیكە خراپتر كرد، نەك هەر بەتەواوی بووە هۆكاری ئەوەی ئەمریكا لە عێراقدا بكشێتەوە، بەڵكو بووە هۆكاری ئەوەی ئەمریكا لە كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە ئاستێك دەستەوەستان بێت كە بگاتە ئەوەی بڵێن سەردەمی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كۆتایی هات.

ئەم باكگراوەندە مێژووییەی سیاسەتی ئەمریكا لەماوەی كەمتر لە دوو دەیەدا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەوەمان پێدەڵێت كە سەرەتای دروستبوونی شۆڕشێك لە كاروباری سەربازیی ئەمریكا لەشەڕی ئازادكردنی عێراقەوە لەدەستی سەدام حوسێن دەستی پێكرد و كارەساتی گەورەش كە بەسەر سیاسەتی ئەمریكادا هات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەوەوە دەستی پێكرد كە ئەمریكا لەبونیادنانەوەی عێراقدا سەركەوتوو نەبوو، بۆیە ئەگەر ئیدارەی ترەمپ بیەوێت دەرگایەكی تازە بۆ رۆڵ و پێگە و نفوزی ئەمریكا دووبارە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست بكاتەوە، ئەوا هەردەبێت لە عێراقەوە و بە پشتگیریكردن لە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان دەست پێبكات، ئەمەش لەبەر ئەوەیە كلیكی چارەسەركردنی كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و سووریا و عێراق بەتایبەتی لە دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی ناوچەكە و رازیبوون لەسەر دروستبوونی دەوڵەتی نوێ دەست پێدەكات.

لەبەرامبەر ئەم ئاراستەی كە دەبێتە كلیلی چارەسەركردنی كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دیارە هەڵوێستی نەگۆڕی رووسیا ئەوەیە كە ئەو چارەسەرەی لە عێراقدا دەگیرێتەبەر، نەپەڕێتەوە بۆ سووریا و لە سووریاشەوە نەپەڕێتەوە بۆ شوێنی دیكە، بۆیە لەم حاڵەتەدا چاوەڕوانی ئیدارەی ترەمپ بۆ ئەوەی بە هاوبەشی لەگەڵ رووسیا هەنگاو بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بنرێت، ئەوا ئەم حاڵەتی چەقبەستووییە زیاتر دەبێت و زیاتریش پێگەو نفوزی ئەمریكا لە ناوچەكەدا پاشەكشە دەكات.

لە ئێستادا دروستبوونەوەی حاڵەتی دووجەمسەری لە نێوان ئەمریكا و رووسیا لە رۆژهەڵاتی نیوەگۆی زەوی دەستی پێكردۆتەوەو، وەك جیمیس جیفری باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا لە عێراق ئاماژەی پێكردووە، ئێستا رووسیا وەك سەدەی نۆزدەهەم رەفتاردەكات و دەیەوێت بە زەبری هێز سنووری خۆی فراوان بكات و نابێت ئەمەشی لێ قبوڵ بكرێت، مەرجیش نییە ئەم قبوڵنەكردنەش بە رووبەڕووبوونەوەی سەربازی بێت، بەڵكو ئەمریكا ئامراز و كارتی زۆری لەبەر دەستە بۆ ئەوەی بتوانێت لەم شەڕەدا بەكاریان بهێنێت.

ئەو پسپۆڕ و توێژەرانەی كار لەسەر ئاراستەی ستراتیژیەتی ئیدارەی ترەمپ دەكەن، ئەوەیان راگەیاندووە كە ستراتیژیەتی ئەمریكا بۆ سەركردایەتیكردنی جیهان لە ئیدارەی ترەمپدا گۆڕانكاری بەسەردا هاتووەو، ئامانجی سەرەكیی ترەمپ ئەوەیە ئەمریكا لە رۆژئاوای نیوەی گۆی زەوی (Western hemisphere) سەركردایەتی بكات و لە رۆژهەڵاتی نیوە گۆی زەویش یاریزانی ژمارە یەك بێت، بۆیە لەم حاڵەتەدا كە ئەمە ستراتیژیەتی ئیدارەی ترەمپ بێت بۆ سەركردایەتی جیهان، ئەوا جارێكی دیكە رووسیا ئەو توانایەی نابێت كە هەموو گۆی زەوی لەگەڵدا بەش بكات، بەڵكو هەوڵدەدات كە هەژموونی خۆی لە رۆژهەڵاتی نیوەی گۆی زەوی هاوشانی ئەمریكا بكات، بەڵام پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە ئایا رووسیا ئەمەی بۆ دەكرێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارە ئەو بڕیارانە دەیداتەوە كە دۆناڵد ترەمپ لە رۆژانی داهاتوو بۆ ئایندەی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەریدەگرێت.

دەوڵەتی كوردستان گۆڕینی سەركەوتنی سەربازی بۆ دەستكەوتی سیاسیی هاوپەیمانان

لەساڵی 1918 كاتێك شەڕی یەكەمی جیهانی كۆتایی هات، وۆردرۆ ویلسن 14 خاڵی وەك پرەنسیپ بۆ ئاشتیی نێوان نەتەوەكانی جیهان راگەیاند، ئاشتیی نێوان نەتەوەكانیشی گرێدایەوە بە شێوازی بڕیاردانی نەتەوەكان لەسەر چارەنووسی خۆیان، ئەمەش وەك ئەمانوئێل كانت لە كتێبی (پرۆژەی ئاشتیی هەمیشەیی نێوان نەتەوەكان) ئاماژەی پێكردووە، نەتەوە ئازادەكان لەگەڵ یەكتری شەڕ ناكەن، بۆیە ئەگەر جیهان بیەوێت ئاشتی هەمیشەیی بێتەئاراوە، ئەوا دەبێت ئەو مافە بەنەتەوەكان بدات كە لەچوارچێوەی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیاندا بە ئازادی بژین. بەڵام ئەگەر نكۆڵی ئەم مافە لەنەتەوەكان بكرێت، ئەوا هەر هەوڵێك بۆ ئاشتی بدرێت، بێجگە لە ئاگربەستێكی كاتی و خۆئامادەكردن بۆ شەڕێكی دیكە و بەردەوامیدان لەشەڕو ئاژاوە هیچ ئاكامێكی دیكەی نابێت.

بێگومان دوای شەڕی یەكەمی جیهانی نەتوانرا كۆمەڵەی نەتەوەكان ببێتە نوێنەری هەموو نەتەوەكانی جیهان، بۆیە دوای كەمتر لە دوو دەیە شەڕی دووەمی جیهانی دەستی پێكرد، ئەم شەڕە وەك وینستۆن چەرچیل لە یادەوەرییەكانی خۆی ئاماژەی پێكردووە، بەرەنجامی ئەوە بوو كە هاوپەیمانان نەیانتوانی مامەڵەیەكی دروست لەگەڵ كۆتایی شەڕی یەكەمی جیهانی بكەن، بۆیە شەڕێكی دیكەی خوێناوی كە شەڕی دووەمی جیهانی بوو، هاتەئاراوەو سەرەنجامیش بە كردەیی بووە شەڕی نێوان گەلان و نەتەوەكان و گەورەترین كارەساتیش بەسەر مرۆڤایەتیدا هات.

دوای كۆتاییهاتنی شەڕی دووەمی جیهانیش، كە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دامەزرا، هەوڵدرا هەڵەكانی كۆتایی شەڕی یەكەمی جیهانی دووبارە نەكەنەوە و ئەمجارە باشتر لەگەڵ بوار رەخساندن بۆ سەربەخۆیی نەتەوەكان مامەڵە بكەن و هەروەها هاوكاری ئەو نەتەوانە بكرێت كە تووشی كارەساتی شەڕبوون، بۆ ئەوەی دووبارە خۆیان بونیاد بنێنەوە، بەڵام لەبری ئەوەی شەڕ كۆتایی بێت، شەڕێكی ساردی درێژخایەن لەنێوان سۆڤیەت و ئەمریكا دەستی پێكرد، كە ماوەی زیاتر لە 4 دەیە ئاگربەستێكی دیكەی دروستكرد، هەر بۆیە لەگەڵ رووخانی یەكێتی سۆڤیەت شەڕێكی دیكەی خۆێناوی ئەوروپا و دەوڵەتانی پێشووی یەكێتی سۆڤیەتی گرتەوە كە سەرەنجام ناچار بوون بە پەنابردن بۆ چارەسەری دەوڵەتی نەتەوەیی شەڕەكە كۆتایی پێبهێنن.

ئەو چارەسەرەی كێشەی بۆسنیا و هیرزۆگۆڤینیا و یوگسلافیای پێشووی و دەوڵەتانی یەكێتی سۆڤیەتی پێ چارەسەر كرا، ئەوكات نەگەیشتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هۆكارەكەشی ئەوە بوو كە ئەو كات بارودۆخەكە بەو ئاستە نەتەقیبۆوە كە پەنا بۆ چارەسەرێكی ریشەیی بەرن، تەنیا رووداوێك كە سەرنجی جیهانی راكێشا لەو سەردەمە، كۆڕەوی كورد بوو لە دژی گەڕانەوەی دەسەڵاتی سەدام حوسێن بۆ كوردستان، ئەمەشیان بە دروستكردنی ناوچەی دژە فڕین و نەوای ئارام لەسەرووی هێڵی 36 لە عێراق چارەسەركرد، كە ئێستا ئەو ناوچە ئارامە بۆتە دەوڵەتێكی سەربەخۆی دیفاكتۆ و پێشەنگ لە تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش و پێگەیەكی گرنگی هاوپەیمانیی نیودەوڵەتی بۆ بردنەوەی شەڕی دژی داعش بە یەكجاری.
دیارە ئاكامی هەر شەڕێك ئەو هاوپەیمانانە بڕیاریان لەسەرداوە كە لە پێناوی سەركەوتنی شەڕەكە هاوپەیمانییان گرێداوە و ئامانجیشیانە كە چۆن جەنگەكەیان بەشێوەی سەربازی بردۆتەوە، شەڕەكەش بەشێوەیەكی سیاسییانە ببەنەوە.
شەڕی دژی داعش راستییەكی بۆ جیهان ئاشكرا كرد، كە ئەم شەڕە بەرەنجام و كاردانەوەی رێكخراوێكی توندڕۆی ئیسلامی نییە بەرامبەر بە سیستمی دیموكراتیی رۆژئاوا، بەڵكو ئەم رێكخراوە تیرۆریستییە بۆتە نوێنەری ئەو ستەم و زوڵمەی كە عەرەبی شوێنكەوتووانی مەزهەبی شیعە دژی عەرەبی شوێنكەوتووانی مەزهەبی سوننە دەیكەن، بەدیوێكی دیكە واتە هەتا ئەگەر رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە بنەچەوە بەشێك بووبێت لە رێكخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدە، ئەوا ئەو بارودۆخە ئاڵۆزەی بەهۆی شەڕ و ئاژاوەی نێوان سوننە و شیعەوە لەناوچەكە هاتەئاراوە، بۆتە هۆكاری سەرەكی كە عەرەبی سوننە لەدەوری داعش كۆببێتەوە و لە رێگەی كارە تیرۆریستییەكانی داعشەوە بیانەوێت تۆڵەی خۆیان لە دەسەڵاتی شیعە لەناوچەكەدا بكەنەوە.

لەناو ئەم ژینگە ئاڵۆز و خوێناوییەی شەڕی نێوان داعش و دەسەڵاتی شیعە لەناوچەكەدا، كوردستان هێرشی كرایە سەر و هەوڵدرا داگیر بكرێت، بەڵام هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئاراستەی شەڕەكەی گۆڕی و داعشی تێكشكاند، ئەم بەرگرییەی هێزی پێشمەرگە دەرگایەكی كردەوە بۆ ئەوەی ئەمریكا و رۆژئاوا بتوانن بڕیاربدەن و بۆ تیكشاندنی داعش و لە پێناوی گێڕانەوەی ئاشتی و سەقامگیری، هاوپەیمانییەك دابمەزرێنن، ئێستا لە تەواوی ئەو ناوچانەی داعش شەڕیان تێدا دەكات، تەنیا لەبەرەی كوردستانەوە شەڕی دژی داعش بە سەركەوتنی سەربازی و سیاسییەوە كۆتایی هاتووە، لە شوێنەكانی دیكە تەنانەت لەبەشە عەرەبیەكەی عێراق هەتا ئەگەر لە هەندێك شوێن سەركەوتنی سەربازیش بەدەست هاتبێت، ئەوا هیچ ئاماژە و گەشبینیەك بەدی ناكرێت بۆ ئەوەی سەركەوتنی سیاسی بەدەست بێت و شەڕەكە بەتەواوەتی بۆ بەرژەوەندی هاوپەیمانان و ئاشتی و سەقامگیری ناوچەكە كۆتایی پێ بێت.
بۆیە تەنیا شوێنێك كە پێویستە پارێزگاری لێ بكرێت و بكرێتە پێگەیەك بۆ ئەوەی وەرچەرخانێك لە سەركەوتنی سەربازییەوە دروست بێت بەرەو سەركەوتنی سیاسی و ئارامی و سەقامگیری ناوچەكە، تەنیا كوردستان و ئەو جوگرافیایەیە كە هێزی پێشمەرگە تیایدا باڵادەستە، ئەوجا بۆ ئەوەی پێگەیە بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش و ئەمریكا ببێتە دەروازەیەك بۆ بردنەوەی تەواوی شەڕی دژی داعش و رۆژئاوا رۆڵی خۆی تێدا بگێڕێت، ئەوا هیچ رێگەیەكی دیكە لەبەردەم هاوپەیمانیی نیودەوڵەتیدا نامێنێتەوە، تەنیا ئەوە نەبێت كە خۆیان پشتگیری خەڵكی كوردستان بكەن بۆ ئەوەی دەوڵەتی ئەمری واقیعی كوردستان وەرچەرخێت بۆ دەوڵەتێكی خاوەن سەروەریی، بەبێ دەوڵەتی كوردستان هاوپەیمانی نێودەوڵەتی نەك هەر شەڕی دژی داعش دەدۆڕێنێت، بەڵكو زەمینە بۆ شەڕ و كارەساتی گەورەتر لە ناوچەكەدا دەخولقێنێت.







كورد سەربەخۆیی دەوێت و
نابێت گوشاریان لێ بكرێت ببنەوە بەبەشێك لە عێراق

نووسینی:
پۆل سالم،رەند سەلیم
ئەمریكا گەمەكارێكی سەرەكی بووە بۆ هاوكاریكردنی عێراق بۆ تێكشكاندنی داعش، بەڵام ئەو تێكشكاندنە ناتەواو دەبێت، یاخود درێژە ناكێشێت، ئەگەر هاوكاری عێراق نەكات بۆ ئەوەی بینا لەسەر دەستكەوتە ئەمنییەكانی بكات و ئایندەیەكی سیاسیی درێژخایەن و سەركەوتوو بخوڵقێنێت. دەبێت كار لەگەڵ حكومەتی عێراقدا بكەین بۆ چەسپاندنی سەركەوتنەكانی لە دژی داعش و بۆ تەرخانكردنی سەرچاوەكان بۆ چارەسەركردنی پێداویستییە بەپەلەكانی پەیوەست بە هاوكارییە مرۆیییەكان و هەوڵەكانی سەقامگیركردنەوە، بەڵام لە هەمان كاتدا دەبێت لەگەڵ سەرجەم لایەنەكاندا كاربكەین بۆ خستنەوەگەڕی دیالۆگێكی سیاسی بە ئاڕاستەی گەیشتن بە تێگەیشتنێكی هاوبەش بۆ هەنگاوهەڵگرتن بەرەو ئایندە.
نابێت ئێمە گوشار لەسەر كورد دروست بكەینەوە بۆ ئەوەی لە عێراقدا بمێننەوە ئەگەر هاتوو خۆیان پابەندبوون بە بەجێهێشتنیەوە. بۆ ماوەیەكی درێژە، خۆپارێزیی بەردەوامیی ئەوان زیانی بە خۆیان و پێوەندییەكانیان لەگەڵ بەغدا گەیاندووە. ئەگەر ئەوان خۆیان یەكلاكردبێتەوە بۆ سەربەخۆیی، ئەوا نابێت ئەو پرۆسەیە تاكلایەنە بێت، بەڵكو دەبێت بە شێوەیەكی رێكخراو و لە رێی گفتوگۆوە بێت لەگەڵ بەغدا، ئەگەر خوازیاری مانەوەش بن، ئەوا دەبێت بەغدا و هەولێر لەسەر تەرتیباتێكی دادپەروەرانە رێككەون كە قابیلی جێبەجێكردن بێت. پێویستە ئەمریكا گفتوگۆیەكی سێقوڵی (واشنتۆن-بەغدا-هەولێر) بخاتەگەڕ بۆ داڕشتن و رێككەوتن لەسەر نەخشەیەكی رێگا بۆ چارەسەركردنی پرسی ناكۆكی لەسەرەكان لە نێوان بەغدا و هەولێر- و لەسەر مەرجەكانی (جیابوونەوەیەكی ئاشتییانە)، ئەگەر هاتوو ئەمە خواستی لایەنەكان بێت.
سەرچاوە: The United States Will Need a “Diplomatic Surge” in Iraq





ئێستا كاتێكی لەبارە بۆ دامەزراندنی
دەوڵەتی كوردستان بەشێوەیەكی ئاشتییانە

نووسینی:
ستیڤن كوك

گرتنەبەری رێگای گفتوگۆ بۆ سەربەخۆیی كوردستان، بە چەشنی رابردوو بە نامومكین دەرناكەوێت. لە نێو دەستەی حوكمڕانیی عێراقدا گوێبیستی ئەو دەنگانە دەبین كە ئاماژە بەوە دەكەن كە رێگە بە كورد بدەن بۆ ئەوەی رێگەی خۆیان بگرنەبەر، كە ئەمەش بوار بە بەغدا دەدات بۆ ئەوەی لە سەدا 17ی بودجەكە هەڵبگرنەوە بۆ خۆیان كە دەبوو رەوانەی هەولێری بكەن، (ئەگەرچی هەرێمی كوردستان هیچ كاتێك تەواوی ئەو رێژەیەی بەدەست نەگەیشتووە.) ئەمە هەڵوێستی رەسمی حكومەتی عێراق نییە، بەڵام هەرچۆنێك بێت، ئەوا رێگاچارەیەكی نوێ و رەنگە بەرهەمدار بێت بۆ چارەسەركردنی خواستی درێژخایەنی كورد بۆ سەربەخۆیی. خۆ ئەگەر بێتو ئەمە ببێتە سیاسەتی عێراق، ئەوا سەربەخۆیی كورد هێندە مایەی ناسەقامگیری نابێت وەك ئەوەی زۆرجار گوزارشت لەم مەترسییە دەكرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، گفتوگۆكان قورس و زەحمەت دەبن، ئەویش بەلەبەرچاوگرتنی پێداگیری كورد لەسەر كەركووك و ناوچە كێشەلەسەرەكانی دیكە كە لە دوای هاوینی ساڵی 2014وە كەوتوونەتە ژێر دەستی كوردەوە، واتە ئەو كاتەی كە هێزە ئەمنییەكانی عێراق لە بەرامبەر چەكدارانی داعشدا داڕووخان.
ئەگەر بێتو هەولێر و بەغدا رێككەون لەسەر ئەوەی لە رێی ئەنجامدانی گفتوگۆوە لەیەك جیاببنەوە، ئەوا بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا روون دەبن. دارێژەرانی سیاسەتی ئەمریكا بەرهەڵستی سەربەخۆیی كوردیان كردووە لەسەر ئەو بنەمایەی كە پارچەپارچەبوونی عێراق دەبێتەهۆی رشتنی زیاتری خوێنی عێراقییەكان و لاوازكردنی ئاسایشی توركیا و ورووژاندنی ناكۆكی لەگەڵ ئێراندا. زۆرێك لە شیكەرەوەكان مشتومڕی ئەوەیان كردووە كە دەوڵەتی كوردی لە رووی ئابوورییەوە كارێكی واقیعبینانە نابێت. ئەگەرچی ئەمە خۆی لە خۆیدا بەربەست و ئاستەنگ نییە لەبەردەم دەوڵەتدا. راستە مەترسیی راستەقینە هەن، بەڵام ئەگەر هەرێمی كوردستان لە رێی گفتوگۆوە لە عێراق جیا ببێتەوە، ئەوا دەستی واشنتۆن واڵا دەبێت بۆ ئەوەی پەرە بە پێوەندییەكانی بدات بە كوردستانەوە بە بێ ئەوەی ئەمە ببێتەهۆی ورووژاندنی تووڕەیی بەغدا. كوردستانی سەربەخۆ پێویستی بە یارمەتییەكی سەربازیی گەورەتری ئەمریكا دەبێت، زیاتر لەو راهێنان و كەلوپەلانەی لە ئێستادا بۆی دابین دەكرێت. هەروەها پێویستی بە هاوكاری ئابووری دەبێت، ئەویش بە رەچاوكردنی ئەو بارگرانییەی كە ژمارەیەكی زۆری ئاوارە سوورییەكان دروستیان كردووە و لەبەر ئەوەی لە ژێر رەحمەتی هەڵبەز و دابەزی بازاڕی وزەدایە. هەرچۆنێك بێت، بە بێ هەڕەشەی كاردانەوەی عێراق ئەوا پێداویستیی كوردستان بەم هاوكارییانە بە راددەیەكی گەورە كەمتر دەبێتەوە، لەگەڵ رەچاوكردنی بوونی پێوەندییەكی ئابووری پڕ لە هاوكاری لە نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقدا. لەوەش زیاتر، ئەمریكا شەریكێك بەدەست دەهێنێت كە دەتوانێت هاوكار بێت لە پاراستنی بەرژەوەندییە ئەمنییەكانی ئەمریكادا لە ناوچەیەكی ناسەقامگیردا.
سەرچاوە:?Are Conditions Ripening for Iraqi Kurdish State
Top