كوردستان لەناو وەرچەرخانی ئەم هاوكێشە ئاڵۆزەدا
April 16, 2017
راپۆرتەکان
لەسەر ئەم بنەمایە ئیدارەی ئۆباما لەكۆتایی ساڵی 2014وە لەچوارچێوەی ستراتیژیەتی جێ پێیەكی شاراوە (Light Footprint Strategy) بۆ شەڕی دژی تیرۆریستان، پێوەندییەكانی خۆی لەگەڵ حكومەتی عێراق داڕشتۆتەوە، ئەو جێ پێیەش كە ئەمریكا لەچوارچێوەی ئەو ستراتیژە مامەڵە لەگەڵ عێراق دەكات، دەبێت دوور بێت لەوەی هەنگاو بۆ دەوڵەتێكی ئایینی هەڵبگرێت، لەسەر ئەم بنەمایە ئیدارەی ئۆباما بەسەر عێراقدا فەرزی كرد كە نابێت نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق جارێكی دیكە ببێتەوە بەسەرۆك وەزیران، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئاراستەی نوری مالیكی بۆ حوكمڕانی ئاراستەیەكی ئایینی شیعەگەرایی بووە، هەر ئەمەش هۆكاری سەرەكی بووە بۆ سەرهەڵدان و بەهێزكردنی داعش و كەوتنی موسڵ و راگەیاندنی خەلافەتی ئیسلامی.
پسپۆڕان و ستراتیژزانانی سەنتەرەكانی توێژینەوە لەسەر سیاسەتی ئەمریكا پێیانوایە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ-یش درێژە بەهەمان ستراتیژیەتی ئیدارەی ئۆباما دەدات، بەڵام بە هەندێك دەستكاری زیاترەوە، ئەمەش واتە (Light Footprint Strategy Plus). بەپێی ستراتیژەكەی كۆتایی 2014ی ئۆباما، پێویستە ئەمریكا هاوپەیمانێكی پشت پێبەستووی متمانەپێكراوی لەشەڕی دژی داعشدا هەبێت كە دوور بێت لەسیاسەتی مەزهەبگەرایی شیعە و سوننە، لەم لایەنەوە كابینەكەی حەیدەر عەبادی لەو چوارچێوەیە لەگەڵ ئەمریكا رێككەوتوون كە دووربێت لە سیاسەتی شیعەگەرایی و هەروەها رێز لە هەرێمی كوردستان بگرێت، لەبەر ئەوەی ئەمریكا لەچوارچێوەی هەمان ستراتیژ و بە جیا لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستانیش رێككەوتووە، بەڵام رایەڵەیەكی هێشتۆتەوە كە بەشێوەیەكی فەرمی كوردستان سەربەخۆ نەبێت، هەروەك چۆن لەساڵی 2015 دوای ئەوەی راوێژیان لەگەڵ سەرۆك بارزانی كرد بۆ ئەوەی كوردستان رازی بێت بەوەی چەكەكەكان بە رێگەی بەغدا بێن بۆ پێشمەرگە.
ئەم ستراتیژە لە ئیدارەی ترەمپدا درێژەی هەیە بەهەندێك دەستكاری زیاترەوە كە خۆیان (Plus)یان بۆ داناوە. پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئەو شتانەی كە ئیدارەی ترەمپ بۆ ستراتیژەكەی كۆتایی 2014ی ئۆبامای سەبارەت بە كوردستان زیادی كردوون چین؟ وەڵامی ئەم پرسیارە سەردانی ئەم دواییەی شاندنی ئەمریكا بۆلای سەرۆكی كوردستان دەیداتەوە كە سەرۆك ترەمپ، جارید كۆشنەری گەورە راویژكاری خۆی و كۆشكی سپی لەناو شاندەكە ناردبووە كوردستان و ئەمەش مانای ئەوەیە هاوپەیمانیی نێوان كوردستان و ئەمریكا چوارچێوەی شەڕی دژی داعشی بەزاندووە و ئێستا ئەمریكا وەك یەكێك لە هاوپەیمانە گرنگەكانی سەیری كوردستان دەكات و ئەم هاوپەیمانەش لەچوارچێوەی ستراتیژیەتی تازەی ترەمپدا دەبێت بەهێز و سەربەخۆ بێت و هەموو كات ئەو دەوڵەتە بێت كە توانای ئەوەی هەیە لەشەڕدا تیرۆریستان تێكبشكێنێت و لە ناخۆدا لێبوردەیی و پێكەوەژیان بۆ نەتەوەو ئایینە جیاوازەكان دابین دەكات و ئەو ژینگەیەی فیكری توندڕۆیی بەرهەم دەهێنێت لە ریشەوە هەڵیدەكێشێت و وشكی دەكات و لەهەمانكاتدا هاوپەیمانێكی پشت پێبەستوو و جێگە متمانەی ئەمریكاشە.
ئەم وشانە بۆ رازاندنەوەی دێرەكان بەكار نەهاتوون، بەڵكو یەكە بەیەكە لەناو ئەو ستراتیژە تۆماركراون كە توێژەران و بیرمەندان لە توێژینەوە و دیراسەتەكانیان دەیخەنەڕوو، هەروەها لەكۆنگرێس كۆبونەوەی لەسەر دەكرێت و وتووێژی لەسەر دەكرێت بۆ ئەوەی كاتێك ستراتیژیەتی ئەم ئیدارە تازەیە دواشێوەی خۆی وەردەگرێت، ئەمانە ببنە بەشێك لەو ستراتیژەی لانیكەم لەماوەی چوار ساڵی داهاتوودا ئیدارەی ئەمریكی جێبەجێ دەكات.
ئەوەی لەو وەرچەرخانەی ئاكامی بڕیارەكەی ترەمپ، بۆ بەرژەوەندیی كوردستان دەخوێندرێتەوە، ئەوەیە كە ئەو هێز و دەوڵەت و لایەنانەی بە ئاشكرا دژایەتی خۆیان بۆ دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان رادەگەیەنن، هەرگیز وەك بەشێك لە چارەسەركردنی كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست مامەڵەیان لەگەڵ ناكرێت و وەك سەرچاوەی هەموو كێشەكان دەستنیشان دەكرێن، هەروەها ئەوانەشی بەوەكالەت شەڕی دژی سەربەخۆیی كوردستان دەكەن، لەیەك بازنە و بەرەدا مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت كە وەك سەرچاوەی كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستنیشان دەكرێن، بۆ ئەمەش ئەگەر سەیری كاردانەوەكانی دوای بڕیارەكەی ترەمپ بكەین، دەبینین زۆر راشكاوانە هەست بەوە دەكرێت كە ئەوانەی پشتیوانی لە بڕیارەكەی ترەمپ دەكەن، لەكام بەرەن و ئەوانەشی دژی بڕیارەكەی ترەمپن لە كام بەرەن.
بەڵام ئەوەی وەرچەرخانی ریشەیی لەسەر پرسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و پرسی سەربەخۆیی كوردستان دروست دەكات، ئەوەیە ئەو بەرەیەی پشتگیری ترەمپ دەكات، بۆتە بازنەیەك هاوپەیمانانی ئەمریكا لەگەڵ دەوڵەتانی ئەندامی ناتۆ و یەكێتی ئەوروپا لە بازنەیەكدا لەگەڵ ئەمریكا هەموویان پێكەوە كۆدەكاتەوە، بەڵام ئەو بەرەیەی سەركۆنەی بڕیارەكەی ترەمپ دەكات، راستە دەیانەوێت ئەوانیش لە بازنەیەكدا لەگەڵ رووسیا و چین پێكەوە كۆببنەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە ئەوەیە كاتێك ترەمپ ئەم بڕیارەی داوە، شی جین بینگ سەرۆكی چین میوانی بووە و هەر هەمانكاتیش رووسیای لەو گورزە سەربازییە ئاگادار كردۆتەوە، ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت، هەتا ئەگەر بەرەی شیعە و ئێران لەگەڵ رووسیا لە بواری سەركۆنەكردنی بڕیارەكەی ترەمپ یەكبگرنەوە، بەڵام لە ئامانجی رووسیا و بەرەی ئێران و شیعە، ئەوان لە بازنەیەكدا پێكەوە كۆنابنەوە و بەرژەوەندیی رووسیاش لەوەدایە كە دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر بنەمای دەوڵەتی مەدەنی و عەلمانی رێكبخرێنەوە، نەك دەوڵەتی مەزهەبگەرایی ئایینی.
سەبارەت بە كوردستانیش، جیا لەوەی كوردستان وەك دەوڵەتی دیفاكتۆ و وەك ئەمری واقیع لە هەمان بەرەی هاوپەیمانەكانی ئەمریكا و ناتۆ و یەكێتی ئەوروپا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی خۆی بینیوەتەوە، لەهەمانكاتدا ئەمە یەكەمین جارە لەمێژووی كورد و كوردستاندا، بەختی كورد بەوجۆرە بێت كە لەبەرەیەكدا خۆی ببینێتەوە، زۆربەی دەوڵەتانی ئەو بەرەیە پشتگیری لەدەوڵەتی كوردستان بكەن و ئەو دەوڵەتە وەك پێویستیەك بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەیربكەن و ئەو هێز و لایەن و دەوڵەتانەشی كە دژایەتی دەوڵەتی كوردستان دەكەن بەرەو ئەوە هەنگاو هەڵبگرن كە خۆیان رووبەڕووی هەموو جیهانی ئازاد و بەرەی جیهانی دژی تیرۆر بكەنەوە.